دەریا خەریکی زکری ژنێکە …. هاوڕێ ڕەش
Closed
-١-
ئەو کاتەی
پەنجەکانی با
ئەمرن
ژنێک ئێسکەکانی کۆئەکاتەوە
-٢-
من هەموو سنورەکانم بڕی
نەگەیشتمە
قاپی
چاوەکانی ژنێ
-٣-
ئەڵێن ئاسمان
پێنج دەرگای
هەیە
گومان ئەکەم کە ژنێ
دوو چاوی هەبن
-٤-
ببورە باران
کە تۆ کتێبی ئەشق تەرئەکەی
بەهاری ژنێ
ئەبێتە خوناو
-٥-
خودایە بمکە بە چۆلەکەیەکی
چکۆلە
ئەمشەو لەناو قژی
ژنێکدا
لانەیەک بکەم
-٦-
ئەمشەو
ژنێ
دەسماڵی جوانی ڕائەخا
بۆ ئاسمان
-٧-
لەندەن
شارێکی چکۆلەیە
لە چاوی ژنێکدا
-٨-
لەناو کۆڵانەکانی لەندەن
ژنێک شەربەتی بەهەشتی
دابەش ئەکرد
-٩-
ئەگەر ژیان
دوو وشە بوایە
ژن دەیکرد بە
سێ
-١٠-
سەر بەرز ناکەم
نەوەک لە سواندەی
ژنێکی بدەم
” هاوڕێ ڕەش “