Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
دەزگا كوشندەكان

دەزگا كوشندەكان

Closed
by September 20, 2008 گشتی

  "مللانێى نێوان رۆشنبیرو سیاسى، یان لەنێوان قەشەو حاكم،..بەتەنیا مللانىَ نییە لەنێوان (مەعریفە)و (دەسەڵات)دا، بەڵكو ململانێیە لەسەر رەوایى، واتە لەسەر مۆنۆپۆلكردنى هەق بۆ دركاندنى راستییەكان." عەلى حەرب

 دەزگا كوشندەكان
 بەرهەمهێنانى جەهل.. پیشەسازییەكى راستەقینە
 ئاسۆ جەبار

 جەلادەكانى جەهل كە شەڕى ناوخۆ بەرپادەكەنو هەزاران مرۆڤ خەڵتانى خوێن دەكەن، بەڵگەیەكى ئیدارىو یاسایى بۆ دەدۆزنەوە، گەندەڵەكانو تاڵانخۆرەكان كە كۆمەڵگە تاڵاندەكەنو قەپاڵ لەژیانى هاوڵاتیان دەگرن، شەوانە بە چاكەتو بۆینباخى ملەوەنەوە دێنە سەر تەلەفیزیۆنو باس لەنەزاهەتو راستگۆیىو سواڵكەرى خۆیان دەكەن، جەلادەكانى حیزب كاتێك رۆژنامەنوسێك دەكوژن یان دەفڕێنن یان فەلاقەى دەكەنو گوىَ لە چاودێرەكانى مافى مرۆڤو رێكخراوە جیهانییەكان ناگرن، دەمودەست خۆیان دەكەن بە فریشتە، حكومەتە گەندەڵو بازرگانەكانى جەهلیش كاتێك تیرۆرى ئازادى رادەربڕینو رەخنەكان دەكەن، بەڵگەیەكى ئیدارىو یاسایى بۆ دەدۆزنەوە.  
 جەهل پیشەسازییەكى راستەقینەیە بۆ بەرهەمهێنانى روانینو دنیابینى كوشندە، جەهل تەنها بریتى نیە لە نەزانینو بىَ مەعریفەتىو بىَ عەقڵىو بێباكى، بەڵكە زۆرجار جەهل كارخانەیەكى گەورەیە بۆ بەرهەمهێنانى عەقڵى هەژارو بێبەرهەمو بىَ شارستانىو بەرهەمهێنانى دنیابینىو روانینى كوشندەو داگیركردنى سەرلەبەرى ئەو پانتاییە زیندوانەى كە پەیوەندییەكى راستەوخۆیان هەیە بە دنیاى مۆدێرنو گۆڕانكارىو ئاستى شارستانىو فەرهەنگى كۆمەڵگەو تاكەكەسەوە. جەهل ناكەوێتە كۆتبەندى پۆلێنكارییەكى سنوردارو داخراوەوە، بەڵكە بێئەندازە دابەشدەبێت بەسەر زیاد لەپانتاییەكو بىَ شومار شوناسو ناسنامەى جیاوازدا.
 بەواتایەك چۆن جەهلى رۆشنبیرىو فەرهەنگىو شارستانى دەبنە هێزگەلێكى راستەقینەو وەهمى بۆ كوشتنى كرانەوەى شارستانىو وەرچەرخانى كولتورىو فەرهەنگى، هاوكات جەهلى سیاسىو مەعریفىو هونەرىو ئەدەبىو دامودەزگایى جەهلگەلێكى كوشندەن بۆ بەرهەمهێنانى كارائەكتەرو ئۆستادى گەورەى جەهلو دەبنە میراتگرى ئەو پیشەسازییە راستەقینەیە.    
 تەنها جەلادەكان نین دەبنە خاوەنى ئەو میراتە گەورەیەى كوشندەیىو كوشندەگەرایى، هاوكات چۆن ستەمكارو دیكتاتۆرو دەرەبەگە مۆدێرنەكان هێزگەلێكى كوشندەن بۆ بەخیۆكردنى جەهلو بەرهەمهێنانو خولقاندنى دنیابینییە كوشندەو وێرانەكان، بە ئەندازەیەك كەمتر یان زیاتر هەر مرۆڤێك دەتوانێت ببێتە خاوەنى كوشندەترین روانینو خوێناویترین دنیابینى.
 تەنها تیرۆریستەكان نیین كە خاوەنى تاقانەترینو كوشندەترین دنیابینىو خوێناویترین بیركردنەوەن، هەموو هێزێك لەدنیادا لەوپەڕى دیكتاتۆریەتەوە تا قوڵایى ستەمكارى، لەوپەڕى چەپەوە تائەوپەڕى راستەڕەوى، لەوپەڕى جەهلو سەلەفیەتەوە تا ناوجەرگى دیموكراسى، پێكڕا هێزگەلێكى ئامادەباشن بۆ بەرهەمهێنانو سازكردنى دنیابینى كوشندە.
 ئەمجۆرە لەدنیابینى، تەنها بریتى نییە لەكوشتنو جینۆسایدو تەعزیبخانەو بەندیخانەو تیرۆر، لەسێدارەدانو سەركوتكردنى نەیارو ئۆپۆزسیۆنو دوژمنەكان، وەكچۆن هاوماناكانى ئەمجۆرە لەروانین تەنها ئەو ریزبەندە كڵێشەسازییە نییە كە لەجەنگەوە دەستپێدەكات تاقوڵایى دوژمن، كە لەمەرگەوە دەستپێدەكات تا كەنارەكانى قەدەغەو حەرامو گوناهبارى.     
 چەند گرینگە بزانین تازەگەرىو نوێخوازىو چەمكە هەرە زیندووەكان چ ماناو كاریگەریىو پەیوەندییەكان هەیە بە مرۆڤى هاوچەرخەوە، دە ئەوەندەش گرینگە رەهەندو ستراكچەرەكانى كۆنخوازىو كۆنەپەرستى بناسینەوە، هاوكات بێئەندازە روانینو هزرفراوانییە ئەگەر مرۆڤ خاوەنى عەقڵیەتێكى شیكارىو راڤەكارى بێت بۆ تێگەیشتن لەدنیاى شارستانىو كەڵچەرى خۆىو تەبایىو پەیوەندى لەتەك بونەوەرە زیندووەكانى ترو شارستانییەكانى دیكەدا، هەروەها بێئەندازەش جێى بایەخێكى شارستانىو مەعریفییە ئەگەر هەمان ئەو مرۆڤە روانینو دنیابینییەكى رەخنەگرانەى هەبێت بۆ شیكردنەوەو لەبەریەكهەڵوەشاندنەوەى دنیاى كۆنكرێتىو وەستاوى داخرانى شارستانىو كۆمەڵایەتىو كولتورى، هاوكات تواناى رەخنەگرتنو فشاردروستكردنى هەبێت دەرهەق بە كولتورى دەرەبگخوازیى ترادسیۆنىو عەنتەریاتخۆریى دەستەو تاقمە مافیاگەرەكانى حیزبو بەرماوەخۆرەكانى حكومەتو دەسەڵاتو دامەزراوە كوشندەكانو رەخنەگرتن لەهەژموونى بێقەیدوشەرتى حیزبسالارىو گەندەڵسالارىو مەسئولسالارىو حیكایەتسالارى.

 دەزگا كوشندەكان

 لیرَەدا كە باس لەدەزگا یان دامودەزگا دەكەین، مەبەستمان ئەو ستراكچەرە بینراوە نییە كە لەسەر بونیادێكى دیاریكراو و سنوردار بینادەكرێت، هاوكات باس لەو هەیكەلە كارگێڕىو راژەسازییە ناكەین كە كۆى كارێكى دیاریكراو لە سیستامێكى بەرجەستەدا وێنادەكات. نەخێر دەزگا كوشندەكان سەرلەبەرى ئەو دەزگایانە دەگرێتەوە كە بەرهەمهێنەر جەهل یان زەبروزەنگى كولتورى یان فەرهەنگى یان نەتەوەیى یان حیزبى یان ئاینیین.
 دەزگا كوشندەكان تەنها بریتى نیین لەكۆى ئەو دامەزراوە سیاسىو عەسكەریىو ئەمنییانەى كە دەبنە هێزگەلێكى كوشندەو كاریگەر بۆ داگیركردنو كۆنترۆڵكردنو سازكردنى جەبەروتێكى گەورەى زەبروزەنگو كاولكاریى شارستانىو كۆمەڵایەتىو ئینسانى، نەخێر دەزگا كوشندەكان ئەو دەزگایەنەش دەگرێتەوە كە دەبنە زمانحاڵى فەرمى رۆشنبیرىو هونەرىو بەڵام دەزگاگەلێكن بۆ سوككردنو بێبایەخكردنى رۆشنبیرىو فەرهەنگى زیندوو، هێزگەلێكشن بۆ بچوككردنەوەى روانینو بەرهەمهێنانىو جەهلو دژایەتیكردنى جیاوازىو هەمەڕەنگىو سەربەخۆیى. دەرەنجام دەزگاگەلێكن بۆ گەندەڵكردنو بێبایەخكرنى فەرهەنگو رۆشنبیریى.
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.