دەستوورێکی بێ دەست و زمان و زامن!
سەرنجێکی رەخنەیی لە رەشکراوەکەی بە ناو دەستووری هەرێمی کوردستان
بەشی یەکەم: زمان و یاساسازیی
زمانی یاسا پێویستیی بە بەرزترین ئاستی روونیی و وردەکاریی و دروستیی داڕشتن هەیە. دەستوورنامەش وەک باڵاترین و بنچینەییترین یاسانەمەی نەتەوەیی گەلێک، دەبێ زمانسازییەکەی لە لوتکەی تەواویی و ڕێکماناییدا بێت، پتەو وەک ئەو پایە بناغەییانەی نەک خانوویەک بەلکو ولاتێکی لە سەر بنیات دەنێین.
جگە لەمەش وەک پەیامنامەو پەیماننامەی دامەزراندنی سەروەریی نەتەوەیی و سیستمی خۆبەرێوەبردنمان، دەبێ تەنێ پرۆسەو پرۆژەی ئەم پەیامە مێژووییە، دەمارەکانمان پڕ کات لە خرۆشی خۆشیی و شەپۆلی شانازیی، کە وامان لێبکات زایەڵەی زمانەکەمان بخەینە جۆش و ئەو دەستوورنامەیە بکەینە نموونەی کلاسیکیی رایەڵەی لۆجیک و ئیستاتیک، ئاسۆی ئێستاو ئاییندە، ژووانی هیواو بەدیهاتن، سەرەتای جیاوازییە رەنگاورەنگەکانمان و کۆتایی چەپکەگوڵی یەکێتییمان لە جیاوازییدا.
ئەوەی لە رەشنووسی دەستووری هەرێمدا دەیبینین ىێبەریبوونە لە هەستی کوردبوون و خواستیی کوردایەتیی، لە زمان و زانین، لە لێپرسراویی و لێزانیی، لە باک و پاکدەستیی.
ئەم لەحزە دەستوورییە ٢٠ سال درەنگوەختە، لەو پرسیارو پەرۆشە ساتەوەختە میژووییەوە سەریهەڵنەداوە : ئێمە گەلێکین لە توونێڵی ئەنفال و جینۆسایدەوە سەرمان دەرهێناوە، پێویستیمان بە چ دەرمانێکی یاسایی یە برینە قووڵەکانمان سارێژ بکات، یەکمان خات و سەرمان خات، بمانکاتە خاوەن خاک و نیشمان، ئایندەی ئازادیی و ژیانی یەکسان. گەر وا بووایە دەبوو لە ١٩٩٢ دا ببووینایە بە خاوەنی دەستوور و دەولەت. موخابین، ئەم رەشکراوەش: تەنێ و تەنێ وەرگرتن و وەرگێڕانە، بەردەوامیی پرۆسەی پاشکۆیی و فرۆشتنی مرۆڤ و نیشتمانە، دۆکیومینتیكی داوەشاوو وێرانە.
٢. زمانسازیی رەشنووسیی دەستوور
زمان و رێزمان و رستەسازییەکی ناکوردیی، بنچینە عەرەبیی، تێکەڵ و پێکەڵ و سەقەت و شێواو لاپەرەکان رەشدەکاتەوە.
ناروونیی و ناکۆکیی لە زۆربەی مەبەستەکان و هەڵەی وشە بەکارهێنان و رستەسازیی لە زۆربەی رستەکاندا هەیە. تەنیا مشتێ لە خەروارێ.
نموونە (١)
بروانە ئەم رستە:
[[ههرێمی كوردستان, به پێی برِگهی پێنجهم) له ماددهی (121) ی دهستووری فیدرالی, هێزێكی پێشمهرگهی بهرگریكاری ههیه بۆ پارێزگاریكردن له ههرێم, كه پێكهاتهو ئهركهكانی بە یاسایهك رێكدهخرێن و نابی مێلیشیای چهكدار له دهرهوهی چوارچێوهی یاسا پێكبهێنرێن.]]
ئەوە یانی چی:
یانی میلیشیای چەکدار دەشێ لە ناوەوەی چوارجێوەی یاسادا پێکبهێنرێن؟
ئایا ئەوە مەبەستە؟ ئایا دەیانەوێت میلیشیای چەکدار بە یاسا بهێڵنەوە هی تریش دروست بکەن؟
ئەو وەختە پێویستە پێناسەی یاسایی میلیشیا بکریێت؟ ئایا هێزی چەکداری تاکە کەس و بنەمالەو خێڵ و حیزبە یان هێزێکی نیزامیی خەلک؟ چۆن بەرێوە دەبردرێت؟
باشتر بوو بنووسرێت : [[لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی سووپای یەکگرتووی پێشمەرگەی هەرێم، دروستکردن و هەبوونی هەر هیزێكی میلیشیایی چەکدار یان بێچەک قەدەغەیە.]]
وەک زمانیش، هەم وەک وشەبەکارهێنان و رستەسازیی ، هەم وەک ماناسازیی، بڕگەکە شلۆقە. [هێزێکی پێشمەرگەی بەرگریکاریی هەیە بۆ پارێزگاریکردن لە هەرێم]]
١.بۆ ‘هێز”؟ هێز دەشی هەزار چەکدار بێت یان سەدهەزار؟
دیسان تۆ بەنیازی دەولەتی و دەستوور رێگاتە بۆ ئەمە، بۆ نانووسی سوپایەکی پێشمەرگە، لەشکرێکی پێشمەرگە؟
دوایی بۆ بۆ رەواییدان بە هێزێکی مێژوویی خۆت، دەگەڕێیتەوە بۆ چاوگەدەسەڵاتیی (مەرجەعییەتی) دەستووری عێراق؟
ئەمە دۆکیومێنتێک نییە نە بۆ لێکدانەوەی دەستووریی عێراق، نە بۆ دانوستاندن و سات و سەوداکردن. تۆ دەستوور بۆ گەل و ولاتی خۆت و بە ئیرادەی خۆت دەنووسیت.
٢. وشەی ‘بەرگریکاری” پێویست نییە، مادام دوایی نووسراوە بۆ پارێزگاریکردن: بەرگریکارییی پارێزگاریکردنە.
نموونە (٢)
سەرنجی ئەم بڕگەیە بدەن کە بۆ مەبەستێکی یاسایی گرنگی تاوان و سزادانە:
ههشتهم: نابێ سزایهكی توندتر لهوهی له كاتی ئهنجامدانی تاوانهكهدا كاری پێكراوه لهسهر كەس بسهپێندرێ.
ئەمە یانی چی؟
دیارە لە شوێنێک وەرگیرا وەو تەرجەمەکراوە بێ تیگەیشتنی کۆئاخنە یاساییەکەی. خوینەر دەتوانێ تەنیا لیکدانەوەی خۆی بەکاربێنێت بەلام کەسێک لە زمان و زمانی یاسایی و یاسا شارەزایی نەبێت لای ئەستەم دەبێت بزانێت مەبەستی ئەم بڕگەیە چییە؟ کام سزا؟ کام کەس؟ توندتر لە چی؟ چۆن؟
سەقەتی وشەو رستەسازیی و ماناکان:
سزایەکی… کاری پێکراوە: سزا چۆن کاری پیدەکرێ. دەلێین:سزا دەدرێ، یان سزادان بەکاردەهێنێ. بەلام جۆن سزا کاری پێدەکرێ؟ سزا خۆی کارە، کاری سزادانە. چۆن کار کاری پێدەکرێتەوە؟ رەنگە مەبەستی: [یاسای سزادان] بێت، ئەوساش دەبێ بنووسیت [نابێ ماددەی سزادانیکی توندتر لەوەی لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکە لەکاردابووە، بەرامبەر هیچ کەسێکی تۆمەتبارکراو بەکاربێت.]
دیسان لە کوردییدا نالێین: لە سەر کەس بسەپێندرێ. دەلێین: بەسەریدا سەپاند، نەک لە سەری سەپاند! واتە دەبێ بنووسرێت: نابێ ….بە سەر کەسدا بسەپێنرێ.
دیارە مەبەست لێرەدا تەنیا وەرگێرانێکی ىێباکانە وجاهیلانەو سەقەتی دەقە عەرەبییەکە بووە : جا زمانی کوردیی دەشیوێنێت، مانای یاسایی فشەساز دەکات: ئەوە بچوکترین هەستی بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و پیشەیی و نەتەوەیی لەم کارەدا نییە.
نموونە (٣)
سەرنجی ئەم بڕگە بدەن کە ماناکەی روونە:
[[سێیهم: تۆمهتبار بێ تاوانه تا ئهو كاتهی له دادگاییكردنێكی یاسایی و دادپهروهانهدا تۆمهتهكهی لهسهر ساغ دهبێتهوه، تۆمهتبار پاش ئازادكردنی, جارێكی دیكه ههر بهو تۆمهته دادگایی ناكرێتهوه، مهگهر بهڵگهی نوێی لهسهر دهركهوتبن.]]
ئەم مەبەستە یاساییە هەر چەند برگە دواتر بە پێچەوانەوە دووبارەکراوەتەوە:
[[نۆیهم: نابێ كهس لهسهر تاوانێك دادگایی بكرێ, یان سزا بدرێ كه پێشتر تێیدا, به پێی یاسا، بێ تاوان دهرچووه, یان لهسهری حوكم دراوه.]]
دیارە ئەمە بە رەهایی دادگاییکردنەوەی دووبارەی تاوانبار رەت دەکاتەوە لە کاتێکدا هەمان مەرجی برگەی سییەم بۆ ئێرەش گونجاوە واتە: ‘، مهگهر بهڵگهی نوێی لهسهر دهركهوتبن. بەلام کام بڕگەیان کاریان پێ دەکرێت؟ ئایا ئەمەی دوایی ئەوەی پێشوو رەتدەکاتەوە؟
گەرچی مانای ئەم رستەیە دیارە، بەلام داڕشتنی رستەکە کوردییترو ماناکەی روونتر و وردتر دەبوو گەر بنووسرایە: نابێ کەس لە سەر هەمان تاوان، کە پێشتر لە کەیسەکەی لە دادگا دا بێ تاوان دەرچووە یان لە سەری حوکم دراوە، دادگایی بکرێتەوە [نەک بکرێ چونکەکراوە]، یان سزا بدرێتەوە.
نموونە ( ٤ )
ئەمە بڕگەیەکی یاسایی ترە دەربارەی پێناسەی تاوان، تکایە چەند جار بیخوێننەوەو بە وردیی بیری لێ بکەنەوە بزانن چی لێ تێدەگەن:
پێنجهم: به بێ دهقێكی یاسایی, نهتاوان ههیه و نه سزا وناكرێ هیچ كهس
به كردن یان به نهكردنی كارێك كه له كاتی ئهنجامدانیدا تاوان نهبووه سزا بدرێ.”
ئایا بیرتان لە یەکبەیەکی مانای وشەکان ئەوسا رستەکان ئەوسا هەموو بڕگەکە بە یەکەوە کردەوە؟
با بۆ ئاسانکاریی تێگەیشتن بۆ دوو بەش شیی بکەینەوە:
١. بە بێ دهقێكی یاسایی, نهتاوان ههیه و نه سزا
٢. ناكرێ هیچ كهس به كردن یان به نهكردنی كارێك كه له كاتی ئهنجامدانیدا تاوان نهبووه سزا بدرێ
بەر لەوەی مانای بەشی یەکەم لێکدەمەوە، ئایا بەراست وشەکان دەتوانن مانایەکی دیار بە دەستەوە بدەن؟ با زیاتر رستەکە شیی بکەینەوە:
١.١[[بە بێ دەقێکی یاسایی]]: دەقێکی یاسایی دەربارەی چی؟ لە کوێدا؟ کام یاساو کام دەقی یاسایی؟
١.٢ نە تاوان هەیە نە سزا.
کام تاوان، کام سزا، بۆ نین؟
مانای بەشی رستەی یەکەم گەر ئەمە کوردیی بێت و من کوردیی بزانم ئەوەیە:
بوونی دەقی یاسایی بۆ پێناسەی تاوانێک، تاوانەکە دروست دەکات یان بوونی تاوانەکە لە کاتی کردنیدا دەسەلمێنێت. گەر دەقی یاسایی نەبێت ، ئەوە نە تاوان هەیە نە سزا.
٢. ناکرێ هیچ کەس بە کردنی یان نەکردنی کارێک لە کاتی ئەنجامدانییدا تاوان نەبووە سزا بدرێ
شیکاریی ئەمە سێ هەنگاوی مانایی دەدا بەدەستەوەوە:
٢.١.کەس
٢.٢کردنی کارێک (یان نەکردنی) لە لایەن ئەو کەسەوە.
٢.٣ ئەو کارە دەشێت تاوان بێت و شایانی سزا بێت.
٢.٤ بەلام لە کاتی ئەنجامدانی ئەم کارە [دەشێ تاوانە] دا ، [تاوانەکە] تاوان نەبووە
٢.٥ چونکە دەقێکی یاسایی نەبوە ئەوسا وەک تاوان بیناسێنێ
٢.٦ کەوایە نەبوونی دەقی یاسایی بۆ پێناسەی تاوان = نەبوونی تاوان [ئەگەر تاوانیش بێت و ئێستا یاسایەکیش هەبێت بە ئەم جۆرە کارانە بە تاوان دابنێت] = نەبوونی سزا = کۆمەلگای مەدەنیی بێ تاوان وسزا!
ئایا ئەمە مانای وایە کە دنیا بەهەشتێکی بێ تاوانە.، یان دنیا بەهەشتی تاونکارانە کە مادام یاسایەک نیە تاوانەکە بناسینێت ئیدی ئەوی دەیکەن تاوان نییەو سزاش ناىی ناوی بهێنرێت.
نازانم ئەم برگەیان لە کوێوە هێناوە، بەلام پاکانەی بوونی بڕگەیەکی ئاوا تەنیا ئەوەیە لە شوێنێک وەرگیراوەو جاهیلانە وەرگێڕدراوەو بێ بیرکردنەوە ترنجێندراوەتەوە ناو ئەم نادەستوورەوە؟
یان پسپۆرو پرۆفیسۆری دەسەلات بەراستی زانیویانە چ دەلێن و مەبەستیان ئەوەیە مادام هەرێمی کوردستان دەستوورو یاسایەکی نییە و هیج دەقێکی یاسای کارپێکراو لە هەرێمدا نییە تاوانەکانی دزیی و داگیرکاریی حیزبیی و داوێنپێسیی و قۆرخکاریی و گەندەلیی و واسیتەو، خزمێنەیی ، بنەماڵەجێتیی و چاسووسی بۆ بێگانەو بە فێرۆدان و بە تالاندانی سامانی ولات بە نایاسایی و بازرگانیکردن بە نەوتی قاچاغ و لەشفرۆشیی و دەرمانی ببێهۆشکەرو تریاک و دەرمان و خۆراکی بەسەرچوو، و دەیان بەدکاریی تر وەک تاوان پێناسە بکات ئەوا ئەم تاوانانە تەنیا وەک [کار] دەژمیێردڕێن ئەگەر لە دوارۆژدا یاسانامەیەکیش ئەم کارانە وەک تاوان بناسێنێت ئەوە تازە بۆی دەرچوون و بە کاری بێ سزا بۆیان دەژمێردرێت!.
نموونە ٥:
یان سەرنجی ئەم ماددەیە بدەن کە گوایە گرنگترین بنەمای ولات کە سیستمی ئابووریی هەرێمە پێناسە دەکات بزانن بە چ زمانێک نووسراوەو چی لێ تێدەگەن:
ماددهی (15)
ههرێمی كوردستان پشت به سیستمی ئابووری و بازاری
كێبركێی رهوا دهبهستی لهگهڵ هاندان و گرتنهبهری پهرهپێدانی ئابووری
لهسهر بنهمای نوی و وهبهرهێنان, بهههر دوو رِووی گشتی و تایبهتیهكهیهوه،
قۆرخكردنیش -احتكار -بە یاسا نهبی رێگهی پی نادری
١. سسیتمی ئابووریی چییە و کامەیە کە هەرێم پشتی پێدەبەستێ؟ پێناسە نەکراوە.
٢. گرتنەبەری پەڕەپێدانی ئابووریی: چییە؟ چۆن [پەرەپێدان گرتنەبەر ] دەکرێت؟ ئەمە چ زمانێکە؟ کام بنەمای نوێ؟ ئایا مەبەست بنەمای نوێی وەبەرهێنانە یان [بنەمای نوێ و وەبەرهێنان] وەک دوو شتی جیاواز؟ دوو رووی گشتیی و تایبەتیی چین؟ بۆ وشەی ‘کیبرکێ’ بەکاربێت لە کاتێکدا ‘مونافەسە’ وشەیەکی تواوەیە لە زمانەکەماندا و کوردییکراوە بەکار نەیەت؟ ئایا بەمە کوردییبوونیی زمانە سەقەتەکە دەسەلمێنن؟
٢. پشت بەستن یانی چی؟ چۆن لە دەستووردا نەتوانی حەقیقەت و رەوشی سیستمی ئابوورییت راستەوخۆ روون کەیتەوە؟ سیستم لە سەر بنەماو پرینسیپ و بناغەی پتەو دادەمەزرێت نەک پشتی پێببەستێت؟ کێبركێی رەوا چییە؟ کەی و چۆن و لەچ کەیسێکدا رەوا دەبێت؟ چۆن (رەوابوونیی) ساغدەکرێتەوەو چاوەدێریی دەکرێت؟
٢. ئەو رستەیەی دوای [سیستمی ئابووریی] دەبێ پێناسەی سیستمەکە بێت لەبەر ئەوە نابێت [و] دابنرێت کە بۆ زیادکردنی مەبەستێکی تر بەکار دێت، بەلکو دەبی [کە] دابنرێت و بنووسرێت:
[هەرێمی کوردستان پشت بە سسیتمێکی ئابووریی دەبەستێت کە بریتییە لە کێبركیی رەوا لەگەڵ هاندان و پەرەپێدانی ئابووریی … هتد]
دیسانەوە بۆ دەستوور ئەمەش ئالۆزو نادیارەو پێویستی بەروونکردنەوەی پرینسیپی سیستمەکە، ئەوسا پرۆسەو رەوشەکە هەیە، بەلام لەم دەستوورەدا پرینسیپ و پرۆسەو رەوش تیکەل کراون و زمانێكی وەرگیراوو وەرگێڕدراوی شێواو و ئاڵۆز تەنیا بۆ ریزکردنی بەندو برگە، بێ ئامانجی دامەزراندنی دەستووریی و روونکردنەوەی یاسایی، بە کارهێنراوە.
دیارە ئەوەی تەرجەمەی کردووە هەم لە زمان و هەم لە یاساداو هەم لە تێگەیشتنی زمانی عەرەبیشدا کۆڵ و کڵۆڵە. رستەیەکی ئاوا وشە بە وشە تەرجەمە ناکرێت. دەبێ وەرگێر یاسازان و زمانزان بێت. مەبەست و ناوەرۆکی یاسایی برگەگە تێبگات و بە کوردییەکی سادەو ساغ و روون دایبڕێژێتەوە. بەم شێوەیەی ئێستا، هیچ کوردێک کە شارەزای یاسایی زۆری نەبێت و ئاگاداری سیستمی ئابووریی جیاواز نەبێت، ناتوانێ هیچ لەم رستە سەقەت و داوەشاوە هەڵبکڕێنێت گەرچی مەبەستی دەستووریی گرنگی تیدا شاردراوەتەوە.
وەک ئەم رستەناسازییە هەمووی بەس نەبیت سەیری ئەم مەبەستە سیاسییە زەقەش بکەن:
[[قۆرخكردنیش -احتكار -بە یاسا نهبی رێگهی پی نادرێ]]
جارێ قۆرخکردن پێناسە نەکراوەو تەق لیرەدا راست بۆتەوە. لەگەل ئەو هەموو قۆرخکارییە تاوانکارییەی بنەمالەو مافیای حیزبیی لە کوردستان سەرنج بدەن چۆن بە رستەیەک باسی قۆرخکاریی، ئیحتیکارو کارتێلکاریی دەسەلاتی بەربەریی کراوەو پەردەپۆش کراوەو تەنانەت ریگەی یاساییشی بۆ دانراوە.
[[قۆرخكردنیش -احتكار -بە یاسا نهبی رێگهی پی نادرێ]]
واتە بە یاسا رێی پێدەدرێ، هەر وەک چۆن میلیشیای چەکداریش لە دەرەوەی یاسا، بە یاسا رێی پێدەدرێت.
کام قۆرخکاریی بە یاسا رێی پێدەدرێت؟ هی سەرانی مافیا؟ هی بنەمالە؟ هی داگیرکاران و دزی حیزبیی؟ هی کۆمپانیا بێگانەکان و دەزگا جاسووسییەکان؟
هیج لەمانە روون نەکراونەوە.
ئەم برگە سەقەتە پێناسەی پرینسیپ و پرۆسەو رەوشی سسیستمی ئابووریی هەرێم دەکات بە بێ ئەوەی بە زمانە ناکوردییەکەی روونی بکاتەوە چ دەلێت.
زمانسازیی دەستوور نابێ وەک حیکایەت بێت، رستە سواری رستە بێت و لە مەبەستێکەوە بازبدەیت بۆ مەبەستێکی تری جیاواز، وشە ریز بکەیت بەبێ ئەوەی پێناسەیان بکەیت.
هەموو برگەیەکی دەستوور بڕیارێکی دەستوریی بالایەو هەموو رستەیەکی حوکمێکی یاسایی سەرچاوەیی یە. بۆیە پێویستە هەر برگەیەک تەنیا یەک بابەت و مەبەست بەخۆبگرێت و روونی بکاتەوە. بۆیە تا برگەکان زیاتر جیا بکرێنەوەو بە روونی رابگەیەندرێن، دەستوورنامەکە روونترو بەهێزتر و گشتگرتر دەبێت.
گەر لەم بۆچوونەوە مەبەستی هەموو برگەکەی سەرەوە بە زمانیکی سادە شی بکەینەوە دەبی ئەمانە بگریتە خۆی:
١.هەرێم سیاسەتی ئابووری خۆی هەیە
٢. هەرێم سیاسەتی ئابووریی تێکەڵ بەکاردێنێت کە گرنگی بەهەردوو کەرتی گشتیی (کەرتی حکومەتیی) و کەرتی تایبەتیی (کاسبیی تاکەکەسان و چالاکی ئابووریی و بازرگانی و وەبەرهێنانی سەرمایەدارو کۆمپانیا ناوخۆیی و دەرەوەیییەکان] دەدات.
٣. ئەم چالاکییە ئابوورییە تایبەتییە پشت بە پرینسیپی مونافەسەی ئازادو بازاری ئازاد دەبەستێت. بەلام ئەم مونافەسەیە دەبی رەوا بێت و یاسایی بێت و نەبێتە هۆی قۆرخکاریی و خراپسوودلێوەرگرتن و گەندەڵیی
٤. بۆ ئەم مەبەستەش یاسا قۆرخکاریی قەدەغەدەکات لەو کەیسانەدا نەبێت کە لە بەرژوەندی گشتیی یان پەرەسەندنی ئابووریی ستراتیجی هەرێمدا بن ئەمەش بە یاسا رێگەی پیدەدرێت.
نموونە ( ٦ )
ماددەی یەک:
كوردستان-عیراق ههرێمێكه له نێو دهوڵهتی عیراقی فیدراڵیدا,
سیستهمه سیاسیهكهی پهرلهمانی, كۆماری و دیموكراتیهو پشت به فرهلایهنیی سیاسی و بنەمای لێكجیاكردنهوهی دهسهلاَتهكان و دهستاودهستكردنی ئاشتیخوازانهی دهسهلاَت له رِێگای ههڵبژاردنی گشتیی رِاستهوخۆی نهێنی و دهوریهوه دهبهستێ
لە رووی داڕشتنی دەستوورییەوە دەبوو بوترێت: باشووری کوردستان هەرێمێکی فیدرالییە لە ناو دەوڵەتی عێراق.
١. دیارە نارەزایی لە سەر ئەمە لە سەر ناوی جوگرافی-مێژوویی باشووریی کوردستان دەبێت. بەلام دەستوور بەلگەنامەیەک نییە بۆ دانوستاندن و موساوەمەکردن، بەلکو دەربڕینی ئیرادەی ئازادی گەل و چەسپاندنی راستییە مێژوویی و جوگرافییەکانی خۆتە . مەرچ نییە حکومەتی عێراق یان هیچ دەولەتێکی تر بە دڵێ بێت. کۆسۆڤۆ بە پێی دەستوورەکەی سەربەخۆیی یەک-لایەنێشی راگەیاند لەگەڵ دوژمنایەتی و ناحەزیی سربیاش بۆ ئەم هەنگاوە. دەستوور بۆە ئەوەیە نیشانی بدات تۆ چییت لە خۆت و بۆخۆت دەوێت نەک خەلک چی لە تۆ دەوێت یان تۆ چییت لە خەڵک دەویت.
٢. دەربارەی بەکارهێنانی وشەی فیدرالی دیارە بەلای عەقڵی دەسەلاتەوە ئەوە گرنگترە خۆی بچوک کاتەوە وەک هەریمێكی بێ پێناسەو عێراق وەک دەوڵەتی فیدرالیی ناو ببات لە کاتێکدا تا ئێستا هێج لە هێزەکانی عێراق ئاوەلناویی فیدرالیی بۆ عێراق بەکار نابەن. وەک دەسکەوتێکی یاسایی دەستووریی ئەوە گرنگترە کە جەخت لە شوێناسیی (ستاتووی) ی دەستووریی کوردستان بکەین وەک هەرێمیكی فیدرالیی لەوەی هەرێم بچوکبکەینەوەو ئەو پێناسە بۆ دەوڵەتی عێراق بەکاربێنین.
٣. وشەی [سیستەم] لە کوێوە هاتووە؟ گەر لە ئینگلیزییەکەی وەرگیرا بێت دەبێ بنووسین [سیستم] ئەو – ە یەی دوای ت – زیادەو هەڵەیە. کوردییەکەشی کۆبەندە. [سیستەم دەبێتە سیی ستەم! ]
٤ لە رووی زمانەوە سەر لەبەری رستەکە هەڵەنووسکراوە بە بەکارنەهێنانی دوو [یی] ئاوەڵناوی ئیزافە . داڕشتنەوەی دروستیی بڕگەکە ئاوای لێدەکات:
باشووری کوردستان هەرێمێکی فیدرالییە لە باکوورو لە ناو دەوڵەتی فیدرالیی عێراق.
سیستمه سیاسییهكهی پهرلهمانیی, كۆماریی و دیمۆكراتییهو پشت به بنەماکانی فرهلایهنی سیاسی و لێكجیاكردنهوهی دهسهلاَتهكان و دهستاودهستكردنی ئاشتییخوازانهی دهسهلاَت له رِێگای ههڵبژاردنی گشتیی راستهوخۆی نهێنیی و دهورییهوه دهبهستێ.
نموونە ( ٧ )
ماددهی (3)
یهكهم: گهل سهرچاوهی دهسهلاَتهو بناغهی رهوایهتی, كه له رێگای دامو دهزگا دهستووریهكانیهوه پیادهی دهكات و دهستوورو یاساكانی ههرێمی كوردستان سهروهریو بالاَدهستیان بهسهر ههموو ئهو یاسایانهدا ههیه كه لهلایهن حكوومهتی عیراقهوه دهردهچن وبهدهرن له دهسهلاَته تایبهتیهكانی (حێری) دام و دهزگا فیدراڵیهكان كه له ماددهی (110) ی دهستووری كۆماری عێراقی فیدراڵیدا هاتوون.
دووهم: یاسای فیدراڵی لهسهروهری و بالاَ دهستیی دهستووری ههرێمی كوردستان و یاساكانی و ئهو دهسهلاَتانهی كهم ناكاتهوه كه له ماددهی (115) و برگهی دووهمی مادهی (121) ی دهستووری فیدراڵیدا هاتوون, ئهگهر كاروبارێكی له خۆ گرت كه دهكهوتنه چوارچێوهی ئهو دهسهلاَته تایبهتیانهی له ماددهی (110) ی دهستووری فیدراڵیدا به دام و دهزگا فیدرِاڵیهكان دراوون و كاروبارێكی دیكهشی له خۆگرت كه بهدهربوون لهو چوارچێوهیه.
ئایا ئەمە دەستوور-نووسییە بۆ کوردستان، یان باسێکی دەستوورناسییە دەربارەی دەستووری عێراق؟
[گەل سەرچاوەی دەسەلاتەو بناغەی رەوایەتی] یانی چی؟ وشەسازیی چ زمانێکە؟
بناغەی رەوا: واتە بناغەکە رەوایە، چونکە رەوا دەبێتە ئاوەلناو (سیفەت) بۆ ناوەکە کە بناغەیە.
بەلام دیارە مەبەستی وەرگێری جاهیل [بناغەی رەوایی]] ە کە دەبێ ئاوا بە دوو [یی] بنووسرێ، بەلام ئەمەش بۆ دەربڕینی مانای رستەکە ، کە زۆر گرنگ و سەرەتایی یە، تەواو نییە. دروستترە بنووسرێ:
گەل سەرچاوە و بناغەی رەوایی دەسەلاتە.
بەڵام ئەمەش لە رووی سازگاریی داڕشتنەوە تەواو نییە.
مادام وشەی سەرچاوە وتراوە ، بناغە پێویست ناکات، چونکە هەردوو یەک مانای [سەرەتاییبوون و بنچینەیی بوون ] دەبەخشن. گەل دەبێ بە سەرچاوە بەلام بناغەی رەوا یان رەوایی، زمانەکەو وێنەکە ناساز دەکات، دەبێ جیا بکرێنەوە:
سەرچاوەی دەسەڵات گەلە،
بناغەی رەواییەکە ئەو یاسانامەو سیستمەیە گەل وەک سەرچاوەی دەسەلات و بۆ بەرجەستەکردنی دایدەمەزرێنێت.
کەوایە باشترە رستەکە ئاوا بنووسرێت:
گەل سەرچاوەی دەسەلات و رەواکردنێتی کە لە رێگای دامودەزگا دەستوورییەکانەوە، وەک لەم دەستوورنامەیەدا هاتوون، بەرجەستەی دەکات. [ئیدی پێویست ناکات بیبەستێتەوە بە دەستووری عێراقەوە].
بڕوا ناکەم لە هیچ زمانێکی دنیادا دەستوورنامەیەک هەبێت بە زمانیكی ئاوا سەقەت و سەپاو، ئاوا ناسازو ناکۆک، ئاوا ئاڵۆزو بێزەوق، ئاوا ئەحمەقانە و بێباکانە نووسرابێتەوە.
گەر نموونەی زیاتر لە سەر زمان و دارشتن و ناکۆکی لۆجیکی و مانایی بێنمەوە دەبێ سەرلەبەری دەستوورنامەکە هەڵبوەشێنمەوە.
٤. پێشەکیی دەستوورەکە:
دەستوور تەنیا بۆ ئەمڕۆ نانووسرێت، نامەیەکە بۆ نەوەکانی داهاتووش؛ تەنیا بۆ خۆت نانووسرێت، پەیامی تۆیە بۆ پایتەختەکانی دنیاش.
بە تایبەتی پێشەکی دەستوورنامە: سلاونامەی تۆیە لە گەلەکەت و دنیا، گەیاندنی هەوالی گەیشتنی تۆیە بە دەروازەی ئازادیی و خۆیی بوون، سەلماندنی یاسایی بوون و شارستانیبوونی خۆتە، وشەکانی دەبێ سادەو کاریگەر بن، رستەکانی دەبێ کورت و پوخت و سازگارو مانابەخش بن.
خۆ گەر داوەشاویی زمانی گشتیی دەقەکە لەبەر هۆکاری وەرگێران لە عەرەبییەوە بێت ئەوە پێشەکییەکەی خۆ دەبێ لە سرۆشی خۆیی نووسەرەوە هەڵقولابێت و پڕ بێت لە ئیستاتیکی زمان و کاریگەریی دەربڕین. بەلام نا.
ئەوەی دەیبینین و بە زەحمەت دەتوانین بیخوێنینەوە، پێشەکییەکی رابردوویی، فرەوشەو، درێژدادڕو، بەسەریەکدا ترشاوو، ناپێویستە.
سەیری ئەم رستە درێژە هەناسەسوارە سەرکێش و بێوەستانە بکە کە دەرگای دەستوورمان بۆ دەکاتەوە:
[[ ئێمه, گهلی كوردستان_عیراق، له ههستكردنمانهوه به دژواریی سیاسهتهكانی
حكومهته یهك لهدوای یهكهكان له ئهنجامدانی زوڵم و زۆرو ستهمی لهرِادهبهدهر,
وبێبهشكردنمان لهو مافه ئازادی و یهكسانی و دادپهروهریهی خوا به ئادهمیزادی
بهخشیوون وچهندین تاوانی دژه مرۆڤـ و ههڵمهتی جینۆسایدو پاكتاوی
نهتهوهییان له دژمان ئهنجامدا, كه مێژوو به دهگمهن وێنهیانی بینیوه, وخۆیان بینیهوه له خاپووركردنی سهرلهبهری پتر له چوارههزارو پێنج سهد گوند وگۆرِانكاری له دیمۆگرافیای بهشێكی فراوان له كوردستان-عیراق له رێگهی بهزۆر-كۆچپێكردنی دانیشتوانی, یان ناچاركردنیان
بۆ گۆرِینی نهتهوهیان وبهكارهێنانی چهكی كیمیاویو چهكه قهدهغهكراوهكانی تری
نێونهتهوهیی له دژ دانیشتوانی سڤیلی شاری ههلهبجهی شههیدو بالیسان وگهرمیان و
بادینان وچهندین ناوچهی فراوانی ترو به ههزاران لاوی كوردی فهیلی له نێو گێلگهكانی
تاقیكردنهوهی كیمیاوی وگۆرِی بهكۆمهلڕ بهرهو مهرگ رِاپێچكردن, ئهوهی مانهوهش
خیزانهكانیان ناچاركران كۆچبكهن بۆ دهرهوهی عێراق و وڵاتنامهی عیراقیان لێ سهندنهوه و
بهدوایهوه چهندین ههڵمهتی به كۆمهلڕ-قرِكردنیان ئهنجامدا كه پتر
له ههشت ههزار بارزانی گرتهوهو پرِۆسهكانی لهناوبردنی بهدواداهێنا,
که به ئهنفال ناونران و قوربانی پتر له ههشتاو دوو ههزار مرۆڤی لێكهوتهوه.. ]]
ئایا کەسێک هەیە بتوانێت ئەم رستە تا دوایی ىی وەستان و هاناسەسواریی بخوێنێتەوە؟
دەلێن دەیان دەستورونامەیان خوێندۆتەوەو دەیان شارەزا بەم وشانەدا چوونەوە. ئایا جاهیلێک نەبوو هەست بکا پێشەکی دەستوور وا نانووسرێت و رابردوو وا باس ناکرێت؟ پرۆفیسۆرێکی زماننەناس نەبوو هەست بکات ئەمە زمان و ستایلی دەستوورنووسیی مۆدێرن نییە؟ ئەمە رستەسازیی کوردیی نییە؟ دنیا نەدیدەیەک نەبوو بپرسێ گەر ئەم دەقە تەرجەمە بکرێت بۆ زمانان و خەلکی دنیای دەرەوە چی لێ تێدەگەن و چ پەیامێکیان بۆ ئایندەمان پێ دەگەیەنین؟ نەخوێندەوارێک نەبوو بەراستیی خۆی هیلاک و هەناسەسوار بکاو بتوانێ بێ قوڕگپچڕان، بگاتە ئاخری رستەکەو هەست بکات رستەی و ا درێژو گێژ، بۆ دەستپێکی رۆمانیش دەست نادات جا چ جا سەرەتانامەی دەستوورێک؟
ئەگەر بەس هەڵە زماسازییەکانی ئەم بەشە لە رووی بەکارهێنانی وشە، رستەسازیی، رێزمان، ستایل و لۆجیکی سادەی ماناسازییەوە روونبکەمەوە دەبی چەندین لاپەڕە رەش بکەمەوە. بەلام نەک هەر لە پێشەکییەکەدا لە هەموو بەشەکانی رەشکراوەکەدا هەڵەوپەڵەی زمان بێ ئامانن: لە رووی وشەکاریی، رێنووس، رستەسازیی، ماناسازیی و رێکخستنەوە. جارێ لە هەموو رەشنووسەکەدا لە هەندی شوێندا نەبێت دوو [یی] هەر بەکار نەهاتووە کە ئەمەش هەڵەیەکی جەوهەرییە و ئاژاوە لە ماناو وشەناسییدا دروست دەکات.
دەستوور بۆ ئایندە و بنیاتنانی ئایندە دەنووسرێ، مێژوو نانووسێتەوەو تەفسیری ئێستا ناکاو سکالاو بەرەنگاربوونەوەیەکی یاسایی نییە لەگەڵ هیچ کەس. ئیرادەی ئازادی خۆتە وەک گەلێکی سەروەر، نەک پاشکۆی مێژوویی و سیاسیی کەسانی تر، بەرنامەی ژیان و ئازادیی و سەربەرزیی و گەسەسەندنی گەلەکەت دادەنێی، نەک خۆهەڵپەساردن بە دامینی سەروەرەکانتەوە.
د. کەمال میروادەلیی