Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
دەسەلاتەکانی  پەرلەمان و ئەرکی پەرلەمانتاران لە سسیستمی پەرلەمانییدا

دەسەلاتەکانی پەرلەمان و ئەرکی پەرلەمانتاران لە سسیستمی پەرلەمانییدا

Closed
by October 7, 2013 گشتی

 

 

 

پێشەکی

 

لەم بەشەی پرۆژەی دەستوورنامەدا دەسەلاتەکانی پەرلەمان وەک لە سسیتمی پەرلەمانییدا باوە، تۆمار دەکەم.

لای ئێمە وا باوە کە پەرلەمان تەنیا دوو دەسەلاتی سەرەکی هەیە: یاسا دانان و چاودێریی حکومەت. دیارە لەو دووانەشدا لە یەکەمدا تا رادددەیەک و لە دووەمدا بە تەواوەتی فەشەلی ‌هێناوە. راستی بەو شێوەیەی تائێستا هەیەو هەڵبژێردراوە پەرلەمان خۆشی وەک هەموو شتێکی تر دەزگایەکی حیزبەکانە بۆ شەرعییەتدان بە سیستمی حیزبایەتی گەندەڵ بە گشتیی و بۆ پەیداکردنی مووچەو خانەنشینی مفت بۆ پەرلەمانتاران و بودجەو دەسەلاتی دزیی وداگیرکاریی ىێ سنوورو بێ حیساب و موحاسەبەکردن بۆ سەرکردەحیزبییە هەلنەبژێردراوەکان، کار دەکات.

 

 بابەتی چۆنێتی رێفۆرمکردنی پەرلەمان – م لە نووسینێکی تردا روونکردۆتەوە. بە تایبەتی بە گۆرێنی سیستمی دەنگدان بۆ نوێنەرایەتی بازنەیی ناوچەیی واتە ئەندام پەرلەمان لە لایەن بازنەی ئینتیخابی ناوچەو خەلکی خۆیەوە دیاری بکرێت و دەنگی بۆ بدڕێت بۆ نوێنەرایەتی کردنی ئەوان و بەرژەوەندییەکانیان وتەنیا بەرامبەر ئەوان و یاسا بەرپرسیار بێت: نەک حیزب دروستی بکاو پروپاگەندەو تەزویری بۆ بکاو کە هەلیشبژێردرا  ببێتە  مووچەخۆرو خانەنشین و داردەستی حیزب و خەلکی لە بیر بچێتەوە

وەک لەم تۆمارنامەیەدا دەبینن دەسەلاتی پەرلەمان لە سیستمی پەرلەمانییدا فراوان و کاریگەرو یەکلاییکەرەوەیە.

 

لێرەدا پێنج جێگر بۆ سەرۆکی پەرلەمان پێشنیاز کراوە: ئەمەش دیسان بە پلەی یەکەم بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی سسیتمی حیزبیی و حیزبایەتی یە لە ناو پەرلەماندا. سێ جێگر بۆ پارێزگاکان پێشنیازکراون  کە هەر یەکەیان لە لایەن هەموو  پەرلەمانتارانی پارێزگای پێوەنددارەوە هەلدەبژێردرێن. مەبەستی ئەم هەنگاوەش ئەوەیە کە ئەو جیگرە وەک نوێنەری  پارێزگا بتوانێت بۆ بەرژەوەندی کارەکانی پارێزگاکەی هەموو پەرلەمانتاران لە حیزبەکانی جیاواز کۆ بکاتەوە. هەروەها جێگرێکی تایبەتی بۆ پرس وکاروباری ژنان هەر لە لایەن ژنانی پەرلەمانتاری هەموو حیزبەکان هەلدەبژێردرێت تا بتوانێت جەخت بخاتە سەر پرسەکانی ژن دوور لە ناکۆکی و شەڕی حیزبایەتییەوەو جێگرێکیش بۆ کۆمەلگا  نەتەوەییەکان واتە تورکمان و ئاشووریی وکلدانی، پێویستە بۆ زامنکردنی هاوسەنگیی و یەکسانی هاولاتییان.

 

لایەنیكی تر کە لەم دەستوورنامەدا بۆ بەهێزکردنی بەشداری دیمۆکراتییانەی هاولاتییان و کۆمەلگای مەدەنی لە بریاری سیاسیدا، ئەوە چەسپ کراوە کە بە دەستپیشخەری هاولاتیان وکۆمەلگای مەدەنیش پرۆژەی یاسایی بە کۆکردنەوەی ١٠،٠٠٠ ئیمزا پێشکەش پەرلەمان بکرێت بۆ بریاردانی. ئەمە ئێستا لە زۆر دەولەتی دیمۆکراتیدا چەسپاوە.

 

++++++++++++++++++++++++

 

بەشی شەشەم: پێکهاتەو پرۆسەو دەسەلاتەکانی پەرلەمان

 

بەندی ٤٥: [ئەنجومەنی نیشتمانیی (پەرلەمانی) کوردستان)]

 

١. ئەنجومەنی نیشتمانیی  (پەرلەمانی کوردستان) دەزگای یاسادانانی هەرێمی باشووری کوردستانەو هەرچوار ساڵ جارێک راستەوخۆ لە لایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت

 

بەندی  ٤٦ [پێکهاتەی پەرلەمان]   

 

پەرلەمان ١١١ ئەندامی دەبێت بە شێوازی دەنگدانی نهێنی راستەوخۆ بۆ لیستی کراوە هەڵدەبژێردرێت. کورسییەکانی پەرلەمان لە نێوان پارتەکان و هاوپەیمانییەکان و کاندیدی  سەربەخۆو لیستی دەستپێشخەریی هاو-ولاتاندا، بە پێی رێژەی ئەو دەنگانەی هێناویانە لە هەڵبژاردنەکاندا، دابەشدەکرێن.

 

٢. لە کۆی ژمارەی ١١١ دا رێژەی ١١ کورسی بۆ نوینەرانی ئەو کۆمەلگا نەتەوەییانە زامن دەکرێت کە لە باشووردا زۆرینە نین

 

دەسەڵاتەکانی پەرلەمان]] بەندی ٤٧ 

 

پەرلەمانی کوردستان ئەم دەسەلاتانەی هەیە

 

١.یاسا و بریارو یاسانامەی گشتی دەرەدکات.

٢. بە رێژەی دوو لە سەر سێی ئەندامانی دەتوانێت دەستوور هەموار بکات (ئەمە ئەو ١١ ئەندامەی تەرخانیش دەگرێتەوە.).

٣. بە پێی یاسا رێفراندۆم لە سەر هەر پرسێكی پێویست رادەگەیەنێت.

٤. ریکەوتن و پەیمانی نێونەتەوەیی پەسند دەکات

٥. بودجەی هەرێم دەپشکنێ و پەسندی دەکات

٦. سەرۆکی پەرلەمان  و جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت و لادەبات

٧. سەرۆکی هەرێم هەڵدەبژێرێت و لادەبات.

٨. حکومەت دەستنیشان دەکات و متمانەی پێ دەدات  یان متمانەی لێ وەردەگرێتەوە.

٩.چاودێریی کارەکانی حکومەت و دەزگاو دامەزراوەکانی دیکەی حکومەت دەکات و داوای راپۆرتیان لێدەکات بە پێی دەستوورو یاساکان

١٠. پێشنیازی دادوەران بۆ دادگای دەستووریی دەکات.

١١. چاودێریی سیاسەتەکانی ئاسایشی نەتەوەیی و پێوەندی دەرەوە دەکات.

١٢. پەسندی جاڕی باری نائاسایی لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە دەکات.

١٣. بڕیار لە هەر پرسێکی بەرژەوەندی گشتیی بە پێی یاسا دەدات.

١٤نوێنەرایەتی خەلکی هەموو دەڤەرەکان دەکاو بەردەوام دیفاع لە دەرفەتی یەکسان و ماف وئازادی و بەرژەوەندییەکانیانی هاو-ولاتان  دەکات

١٥پاسەوانی دەستوورەو لە کاتی هەر لادانێک لە دەستوور لە رێگای  دادگای دەستووریی یەوە هەنگاوی راستکردنەوە هەلدەگرێت..

 

بەندی ٤٧ [ ماوەی پەرلەمان]    

 

١. پەرلەمانی باشووری کوردستان بۆ ماوەی ٤ ساڵ  لە کاردا دەبێت لە رۆژی یەکەم دانیشتنی دەستووریی خۆیەوە کە دەبێت لە ماوەی ٣٠ رۆژ دوای راگەیاندنی فەرمیی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، ئەنجام بدرێت.

٢. هەلبژارنی نوێ بۆ پەرلەمان دەبێت لە ماوەی ٣٠ رۆژدا دوای تەواوبوونی ماوەی کاری چوارساڵەی ئەنجام  بدرێت. کاتێک پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە، هەلبژاردنی پەرلەمانی نوێ نابێت لە ماوەی ٤٥ رۆژ زیاتر تێپەڕ بکات.

٣. سەرۆکی هەرێمی باشووری کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی دەستووریی پەرلەمان رێک دەخات. گەر سەرۆکی هەرێم نەتوانێت بەشداری بکات کۆبوونەوەی  یەکەمی پەرلەمان بێ بەشداری ئەو لە لایەن بە تەمەنترین ئەندامی پەرلەمانەوە رێکدەخرێت و سەرپەرشتی دەکرێت.

٤. لە کاتی رەوشی نائاسایی دا دەکرێ ماوەی دەسەلاتی پەرلەمان  بۆ ماوەی سێ مانگ درێژبکرێتەوە.

٥ هەلومەرجەکان و   بازنەکان و پرۆسەکانی هەڵبژاردن بە یاسا دیار دەکرێن.

 

بەندی ٤٨: هەڵبژاردنی سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان

١. پەرلەمانی باشووری کوردستان سەرۆکی پەرلەمان و پێنج جێگری لە نێو نوێنەرانی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت: سێ جێگر بۆ  دەڤەرەکان، جێگرێک بۆ کاروباری ژنان و جێگرێک بۆ کاروباری کۆمەڵگا نەتەوەییەکان

.

٢. کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان لە لایەن گەورەترین گروپی پەرلەمانەوە پێشنیازدەکرێت و بە زۆربەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.

 

  ٣سێ جێگرەکەی پارێزگاکان هەر یەکە بە زۆربەی دەنگی پەرلەمانتارانی ئەو پارێزگایەی نوێنەرایەتی دەکات  کاندید دەکرێن 

 

٤. چیگرێکی ژن  لەلایەن دەنگی  ئەندامە ژنەکانی پەرلەمان بە هاورایی یان زۆربەی دەنگ کاندید دەکرێت.

٥. جێگرێکی کۆمەلگا نەتەوەییەکان بە دەنگی ١١ ئەندامی تەرخان هەڵدەبژێردرێت 

 

 

٧. سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی دەکرێ بە دەنگی دوو لە سەر سێی ئەندامانی پەرلەمان لاببرێن 

بەندی ٤٩: [سەرۆکایەتی پەرلەمان] 

 

١.سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی ‘سەرۆکایەتی پەرلەمان’ پێکدێنن. سەرۆکایەتی پەرلەمان بەرپرسە لە بەریوەبردنی کۆبوونەوەو کارەکانی پەرلەمان بەو شێوەیەی لە [رێکاری ناوخۆیی پەرلەمان] دا هاتووە

 

: سەرۆکی پەرلەمان

١. نوێنەرایەتی پەرلەمان دەکات.

٢. ئەجندای کۆبوونەوەکان ئامادەدەکات، کۆبوونەوەکان رێک دەخات و سەرۆکایەتییان دەکات.

٣. واژۆی ئەو  بریارو یاسانامانە دەکات کە پەرلەمان دەریان دەکات.

٤. ئەرکی تر بە پێێ دەستورو رێکاری پەرلەمان جێبەجێ دەکات

 

٣. کاتێک سەرۆکی پەرلەمان ئامادە نەبوو یان نەیتوانی ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، یەکێک لە چێگرەکانی وەک سەرۆکی کارای پەرلەمان دەستبەکار دەبێت.

 

 

بەندی ٥٠: [دانێشتنەکانی پەرلەمان]

 

١.کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان کراوەو گشتیین و لە رێگای کەناڵی تەلەفزیۆنی پەرلەمان یان کەنالی تەلەفزیۆنی نیشتمانییەوە یەوە پەخش دەکرێن.

٢. دەشێت پەرلەمان کۆبوونەوەی داخراو ببەستێت لەم حالانەدا: لە سەر داواکاری سەرۆکی هەرێم، داواکاری سەرۆکی حکومەت یان داواکاری سێیەکی ئەندامانی پەرلەمان. دەنگدان لە سەر داوکارییەکەش بە شێوەیەکی روونکارو کراوە دەبێت  بە دەنگی دوو لە سەر سێی ئەندامانی ئامادەی کۆبوونەوەکە  داواکە پەسند دەکرێت.

 

بەندی ٥١:  [بەرنامەی کۆبوونەوەکان و نیساب]

١.پەرلەمانی کوردستان کاری سالانەی لە دوو وەرزدا ئەنجام دەدات.

٢. کارنامەی وەرزی بەهار لە سێیەم دوو شەممەی مانگی کانوونی دووەم دەست پیدەکات و وەرزی زستانەش لە دووەم دووشەممەی مانگی ئەیلوول دەست پێەدکات.

٣. بە ئامادەبوونیی زیاتر لە نیوەی ئەندامان لە هەر کۆبوونەوەیەکدا نیسابی یاسایی بەدی دێت.

٤.پەرلەمانی کوردستان دەشێ کۆبوونەوەی نائاسایی لەم حالەتانەدا بکات: لە سەر داوکاری سەرۆکی هەرێم، داواکری سەرۆکی حکموەت، یان سێیەکی نوێنەران.

 

بەندی ٥٢:   [دەسەلاتی ئەندامانی پەرلەمان ]

 

١.ئەندامی پەرلەمان نوێنەری هەلنژێردراوی خەلکەو پەیمانی هەلبژاردنی لەگەڵ ئەوان هەیەو بەرامبەر ئەوان لێپرسراوە، نەک حیزب، و ژێر فەرمانی هیچ دەسەلاتیکی ناچارکردن نییە ودەتوانێ بە پێی ویژدان و تێگەیشتنی خۆی دەنگ بدات یان نەدات و مەرج نییە خۆی بە هەموو سیاسەتەکانی حیزبەکەیەوە ببەستێتەوە

٢. دەسەلاتی پەرلەمانی ئەندامی هەلبژێردراو لە رۆژی پشتراستکردنەوەی ئەنجامەکانی هەلنبژرادن و دەستبەکاربوونی پەرلەمان دەست پێدەکات

٣پەرلەمانتار پەیمانی کۆمەلایەتی ئەخلاقی و سیاسیی لەگەل ئەو دەنگدەرانەدا هەیە کە ئەویان ناردۆتە پەرلەمان و بە شێوەیەکی شەرەفمەندانە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانیان و بەرژەوەندی گشتیی دەکات و دیفاعکردن لە مافو ئازادییەکانی مرۆڤی ولاتەکەی بە یەکەم ئەرکی ویژدانیی و ئەخلاقی و نیشتمانیی  خۆی دەزانێت.

٤. ئەندامێتیی پەرلەمانتار کۆتایی دێت یان هەڵدەوەشێتەوە لەم حالەتانەدا

 

١. گەر سوێندی یاسایی نەخوات

٢.گەر دەست لە کار بکێشێتەوە

٣. گەر پۆستێکی حکومەتیی  وەربگرێت

٤. کاتێ ماوەی پەرلەمان کۆتایی دێت

٥. کاتێ بۆ بەردەوام بۆ ماوەی سێ مانگ لە پەرلەمان ئامادە نابێت.

٦. کاتێ لە بەر تاوانێک دادگایی دەکرێت و بۆ ماوەی ساڵیک یان زیاتر حوکمی زیندانیی بۆ دەردەچێت.

٧.لە کاتی مردنیدا

 

بۆشاییەکانی پەرلەمان دەستبەجێ بە پێی دەستوور و ڕێکارە یاساییەکان پڕ دەکڕێنەوە.٨

 

بەندی ٥٣: [لێهاتوویی بۆ ئەندامێتی و یەکسانیی رەگەزیی]

 

١.هەموو هاو-ولاتانی هەرێمی باشووری کوردستان کە تەمەنیان ١٨ ساڵ یان زیاتر بێت دەشێ ببنە کاندیدی پەرلەمان

  ٢. رێژەی ئافرەت لە پەرلەماندا نابێت لە %٣٠ کەمتر بێت گەر ئەمە بە دی نەهات بە کۆتا زامن دەکرێت.

 

 

بەندی ٥٤:  [ناسازیی] 

 

ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی باشووری کوردستان نابێ هیچ وەزیفەیەکی تری حکومەتیی یان هی کۆمپانیاکانی هەبێت و نابی هیچ مووچەیەکی تر وەربگرێت.

 

بەندی ٥٥: [شیاونەبوون]

ئەم کەسانەی خوارەوە بۆیان نییە ببنە ئەندامی پەرلەمان تا واز لە کارەکانیان نەهێنن::

١.دادوەران و داواکارانی گشتیی

٢. ئەندامانی هێزی پێشمەرگە وپۆلیسی کوردستان.

٣. کارمەندانی گومرک و باج

٤.کارمەندانی ئاسایش و زانیاریی

٥. ئەوانەی بە پێی دادگا مافی یاساییان لێسەندراوەتەوە.

٦. پارێزگاران و ئەندامانی ئەنجومەنی پایزگاکان و شاروانییەکان.

بەندی ٥٦:  [ئەرک بە جێگەیاندن]

ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان بە باشترین شێوە ئەرکەکانیان لە خزمەتی باشترین بەرژەوەندی هەرێمی باشوووری کوردستان بە پێی دەستوورو ریکارەکانی ناوخۆیی  پەرلەمان بە جێ دەگەیەنن

) پەرلەمانیی بەندی (٥٧)   پاسایی (= پاراستنی یاسایی = حەصانە

١.ئەندامانی پەرلەمان پاسایی – یان  هەیە بەرامبەر  دژەکاری یاسایی و شکاتی مەدەنیی و دەرکردن بە هۆی کارو چلاکی و بریارێکەوە کە لە چوراچێوەی بەرپرسیارێتی و ئەرکە پەرلەمناتەرییەکانیاندا بێت. پاسایی پەرلەمانی ئەو کارانە ناگرێتەوە کە لە دەرەوەی پەرلەمان و ئەرک و بەرپرسیارێتی پەرلەمانیدا دکرێن

٢.ئەندامی پەرلەمان نابێ دەسبەسەر بکرێت، بگیرێت  یان زیندانی بکرێت لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیدا وەک ئەندامی پەرلەمان بە بێ رازیبوونی زۆربەی ئەندامانی پەرلەمان

بەندی ٥٨  [رێکارو پێرەوی ناوخۆی پەرلەمان]

ڕێکاری ناوخۆیی پەرلەمان بە دەنگی ٢/٣ ی هەموو ئەندامان بریار دەدرێت و شێوازی رێکخستن و کارکردنی پەرلەمان دیاری دەکات.

 

بەندی  ٥  [کۆمیتەکانی پەرلەمان] 

 

١. پەرلەمانی کوردستان کۆمیتەی هەمیشەیی و کۆمیتەی کار و کۆمیتەی کاتیی پێکدێنێت و پێکهێنانی ئەو کۆمیتانە بە پێی پێکهاتەی رێژەیی کورسییەکانی هێزەکانی ناو پەرلەمان دەبێت.

 

٢. بە داواکاری سییەکی ئەندامانی، پەرلەمان کۆمیتە بۆ هەر کارێکی پیویست و تایبەتی لە وانە بۆ لێکۆلێنەوە بە دواداچوونی هەر پرسێکی پێویست، پێکدێنیت.

 

٣. لە دانانی سەرۆک و جیگری سەرۆکی کۆمیتەکاندا رێژەی ژنان و کۆمەلگا نەتەوەییەکان رەچاو دەکرێت.

٤. چەشنی کۆمیتەکان و ئەرکەکانیان لە رێکاریی ناوخۆیی پەرلەماندا دیاری دەکرێن.

 

بەندی [٥٠] [ پێشنیازکردنی یاسا]

ئەمانەی خوارەوە دەتوانن پێشنیازی یاسا بکەن یان پرۆژەی یاسایی بۆ بریاردان پێشکەشی پەرلەمان بکەن:

١.سەرۆکی هەرێم

٢. سەرۆکی حکومەت و  کابینە 

٣. هەر ئەندامێکی پەرلەمان

٤. هاو-ولاتان و کۆمەڵگای مەدەنی بە کۆکردنەوەی بە لای کەمەوە ١٠،٠٠٠ ئیمزا بۆ پێشکەشکردنی پرۆژەیەک بە پەرلەمان

٥. هەموو پرۆژە یاسایەک کە پێشکەش دەکرێ دەبێ دەرفەتی یەکسانی بە پێی دەستوورو رێکاری پەرلەمان بدرێتێ.

 

بەندی (٥١) [ قبوڵکردنی یاساکان]  

 

١.یاساکان و بریارەکانی پەرلەمان بە دەنگی زۆربەی سادەی پەرلەمانتارانی ئامادە تێدەپەڕێندڕێن ئەوانە نەبێت کە دەستوور دەستنیشانی کردوون.

٢. یاسایەک کە پەرلەمان بریاریدا، لە لایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە لە ماوەی هەشت رۆژدا  واژۆ دەکرێ و لە [ یاسانامەی هەریمی باشووری کوردستان ] دا بلاو دەکڕیتەوە.

٣. گەر سەرۆکی هەریم یاسایەکی گەڕاندەوە پێویستە هۆکاری گەراندنەوەی روون بکاتەوە. تەنیا یەک جار مافی ئەوەی هەیە یاسای پەرلەمان بگەرێنیتەوە.

٤. پەرلەمان بە زۆربەی دەنگی ئەندامانی پرۆژەی یاسایەک کە سەرۆکی هەرێم گەراندوویەتیەوە بریار دەدات و دوایی دەبێت بە یاسا،

٥.گەر سەرۆکی هەرێم لە ماوەی ١٤ رۆژدا پرۆژە یاساکەی نەگەراندەوە، ئەوا پرۆژەکە بە ئۆتۆماتیکی حالەتی یاسایی وەردەگرێت و لە [یاسانامەی هەرێمی باشووری کوردستان] دا بلاودەکرێتەوە. 

 

بەندی (٥٢) [هەڵوەشانەوەی پەرلەمان] 

 

لەم رەوشانەی خوارەوەدا پەرلەمان دەشێ هەڵبوەشێتەوە:

 

١.گەر نەتوانرا حکومەت لە ماوەی ٦٠ رۆژدا لە و رۆژەوە کە سەرۆکی هەرێم  سەرۆک وەزیران دیاری دەکرێت. پێکبهێنرێت.

٢. گەر دوو لە سەر سێی ئەندامان دەنگیان  بۆ هەڵوەشاندنەوەی دا، پەرلەمان بە بڕیارێکی سەرۆکی هەرێم هەڵدەوەشێتەوە.

٣. گەر سەرۆکی هەرێم لە ماوەی ٦٠ رۆژ  دوای تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتی هەریم هەڵنەبژێردرا.

٤. گەر پەرلەمان بە سەرکەوتوویی دەنگی بۆ سەندنەوەی متمانە لە حکومەت دا.

 

 

 

د. کەمال میراودەلی

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.