Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
دەقو خوێندنەوە

دەقو خوێندنەوە

Closed

 ئەفسانەی كافكا
 چیرۆكى: عەتا محەمەد
 حیكایەتێكی چینیی ناسراو هەیە، كە بە عەرەبی خوێندوومەتەوە، ئەگەرچی ناوی وەرگێڕە عەرەبیەكەیم بیرچۆتەوە، باس لە قەڵەمێكی سیحری دەكات كە هەر وێنەیەكی پێبكێشرایە، دەبوو بە راستیو كاغەزەكەی بەجێدەهێشتو دەچووە ژیانەوە. هەرچەندە من نازانم چەند باڵندەو ئاژەڵو وەچەی مرۆڤ، ئێستا لە ژیاندانو بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر یەكێك لە وێنەكانی ئەو قەڵەمە سیحرییە، هەرچۆن حیكایەتەكە باس لە قەبارەی وێنە زیندوكراوەكانیش ناكاتو پێمانناڵێت بۆ دروستكردنی ئاسمانێكی تر، یاخود زەوییەكی تر، تەنانەت پەڵە هەورێكو بوونەوەرێك، تەنها ئەوەندە بەس بووە كە وێنەیەكی بكێشین لەسەر پارچە كاغەزێك، یاخود دەبێت هێندەی وێنە ئەسڵیەكە بێت. پاشان چۆن وێنەی ئەو شتانە بكێشینەوە، كە وێنەیان نیەو تەنها دەتوانین وێنایان بكەین، وەك خواو یادەوەریو رقو خۆشەویستیو زۆر شتی تر.
 بەهەرحاڵ باسكردنی ئەو قەڵەمە سیحریە، لەبەر ئەو خەیاڵە فراوانە نیە كە لەپشت چیرۆكەكەیەوە وەستاوە، چونكە هەموومان رۆژێك خەونمان بە قەڵەمێكی واوە بینیوە، یاخود خەیاڵێكی وامان هەبووە كە بتوانین زۆر باڵندەی سەیر بخوڵقێنین، یاخود هەندێك رێگای پێدروست بكەین كە بمانباتەوە سەر ئەو شارو بازاڕە سەیرو نەزانراوانەی، خەون بە كوچەو حەوزو روبارەكانیانەوە دەبینین. بەڵكو باسكردنی ئەو قەڵەمە سیحریە، بۆئەوەیە تا جیاواز لە زۆری تر، بڵێم كە ئەو حیكایەتە، بەسەرهاتی قەڵەمێك دەگێڕێتەوە كە حەقیقی بووەو بوونی هەبووە، نەوەك ئەندێشەكراو بووبێت، رۆژانێك لە دەستی وێنەكێشێكی چینیدا بووە، كە سەرئەنجام لەترساندا قەڵەمەكە وندەكات، چونكە ئەو شتانەی لە نووكی ئەو قەڵەمەوە دەنەخشێنرانو دەبوونە راستی، زۆر لە وێنە راستەقینەكان سامناكترو جوانتربوونو ئەو وێنەكێشە، هەرگیز شمشێرێكی نەدیبوو، وەك شمشێرە بەرجەستەبووەكان لە نوكی ئەو قەڵەمەوە، تیژو پڕ نەخشو سامناك بووبنو سوپایەكیشی بەو بێشوماریە نەدیبوو وەك سوپای چینیەكان، كە قەڵەمەكە دروستی كردبوون، هەرچۆن ئافرەتەكانیش وابوون.
 دوای ئەوەی وێنەكێشە چینیەكە، لە كێشانی وێنەی پاسەوانە بێشومارەكانی چینو شورا سەرسوڕهێنەرەكەی دەبێتەوە، قەڵەمە سیحرییەكە دەیترسێنێت، بەوەی دڵنیادەبێت كە ئەو قەڵەمە دەتوانێت یاساو رژێمی شتەكانیشی پێ تێكبدرێت، بەڵام نایەوێت بەیەكجاری قەڵەمەكە بفەوتێنێت، وەك ئەوەی بزانێت كە لەداهاتوودا من ئەم چیرۆكە لەبارەیەوە دەنووسم، بەڵكو قەڵەمەكە ون دەكاتو پاش ساڵانێكی زۆر، لەوانەیە چەندین سەدەش بێت، بە رێگای سەیرو نادیاردا، دەگاتە دەست كوڕێكی گەنجی چیكی، كە خولیای رۆماننووسینی هەیە.
 زۆرجار وا بیردەكەمەوە كە ئەگەر ئەو قەڵەمە بكەوتایەتە دەست من، ئەوا دوو كارم پێدەكرد كە یەكەمیان: دروستكردنەوەی دەوڵەتی ماد دەبوو بەهەموو وردەكارییەكیەوە، ئەویش نەك لەبەر گێڕانەوەی شكۆیەكی لەدەستچوو، بەڵكو تا خۆم دەوڵەتێكی (ماد)ێكی راستەقینەی جیاواز لە هی كتێبە مێژووییەكانم بخوڵقاندایە. دووهەمیشیان: رێگایەكم پێ دروستدەكرد كە هەرگیز تەواونەبێت، تا تێربوومایە لە تامی سەفەر. ئەو رێگایە بە شوێنی هێندە سەرسوڕهێندا بڕۆشتایە، كە دووبارە بوونەوەی تیانەبوایە.
 ئەگەرچی دڵنیانەبووم لەوەی كە ئەو دەوڵەتە فراوانەی ماد، چۆن جارێكی تر لەسەر ئەم زەویەی ئێستامان جێی دەبوەوە، یاخود بۆ جێكردنەوەی سەرزەمینی مادەكان لە نەخشەو سەرزەمینی ئێستادا، دەبوو سەرلەنوێ جیهان بنەخشێنمەوەو ئەو رێگا بێكۆتاییەشی پێدابڕوات، كە هەمیشە لە ئەندێشەمدایە. دڵنیانەبووم.. بەڵام پێدەچێت بۆ بەرجەستەكردنی ئەو ئەندێشانەم، دەبێ چەندین جیهانی تر بنەخشێنم.
 بەڵام خەونی من وەك ئەوەی گەنجە چیكییەكە نەهاتەدی، كە بە ماكس برۆد ناسراوە.
 ماكس برۆد، كە دواتر بە هاوڕێكەی كافكا دەناسرێت، لە رێگای ئەو قەڵەمە سیحرییەوە، یەكێك لە سەیرترین ئەفسانەكانی سەدەی بیست دروستدەكات، كە دواتر بە ئەفسانەی كافكا دەناسرێت. ئەفسانەی ئەو نووسەرە پڕ گومانو رەشبینو دۆزەخیەی، كۆتایی رۆمانەكانی دەمانترسێنێ.
 بەپێی ئەفسانەكەی ماكس برۆد، كافكای جولەكەی چیكیی، زمان ئەڵمانیی، لە سێی تەمووزی 1883 لەدایك بووەو لەهەمان رۆژی ساڵی 1924دا، واتا لە سێی تەمووزی 1924دا، بەنەخۆشی سیل مردووە. دەشێ هەڵبژاردنی یەك بەروار بۆ لەدایك بوونو مردنی كافكا، كە لەوانەیە تەنها كافكا بەروارێكی وای هەبووبێت، بەلای ماكس برۆدیشەوە جێگای سەرسامی بووبێتو نەیزانیبێت بۆچی یەك رۆژی هەڵبژاردووە بۆ لەدایك بوونو مردنەكەی.
 بەهەرحاڵ نامەوێت بەوردی ژیانی كافكا بنووسمەوەو لەبارەی نەخۆشی سەرئێشەو بێخەوییو گۆشەگیریو تەنیاییە سامناكەكەیەوە بدوێم، كە لەزۆر كتێبدا نووسراونەتەوە. تەنانەت باس لەو سێ ئافرەتەش ناكەم كە لە ئەفسانەكەی كافكادا هەیەو هەریەكێكیان لەپشت كتێبێكییەوە وەستاوە. هەروەها ناگەڕێمەوە سەر ئەو نامەیەشی كە بۆ باوكی دەینووسێتو هەرگیز ناگاتە دەست باوكی، چونكە ماكس برۆد زۆر بەوردی چیرۆكی ئەو ژیانە پڕ لە ئازارەی نووسیوەتەوەو وادەكات كافكا زوو بمرێتو وەسێتەكەشی نەیەتەدی، كە سوتاندنی دەستنوسەكانیەتی، تا ماكس برۆد چیرۆكەكەی تەواوبكات.
 بەپێی گێڕانەوەكەی ماكس برۆد، كافكایەك هەیە، كە بە دڵڕەقیو گۆشەگیریە سەختەكەی، یەكێكە لە كەسایەتییە سەرسامكەرەكان، كە پێدەچێت تاریكترین كەسایەتی بێت تا ئێستا ناسیبێتمان، كە هەرگیز گۆشەیەك نادۆزێتەوە بۆ ئارامی. دەبێت كافكای پاڵەوانی چیرۆكەكەی ماكس برۆد، بەو عەزابەوە تا مردن بژیو كتێبە سەیرەكانی بنووسێت، كە تەنها كتێبن ئینسان هەست بە نسرمی دەكات لەكاتی خوێندنەوەیاندا، دیارە مەبەستم لە (ساردێتی) نیە، بەڵكو مەبەستم لەوەیە كە لەكاتی خوێندنەوەی كتێبەكانیدا، هەستبكەیت بە راڕەوێكی تاریكو شێداردا رێدەكەیت، رارەوێك كە هەرگیز تەواونەبێت. بەمانایەكی تر دەمەوێت بڵێم كە ماكس برۆد هەوڵی نەدا مرۆڤێك بەو قەڵەمە سیحریە بخوڵقێنێتو ببێتە بەرجەستەكەری ئازار، ئەوەندەی ویستی راڕەوێكی زیندو بخوڵقێنێت، راڕەوێكی لول پێچو بێكۆتا كە ئەویش كافكا خۆی بوو.
 وەك لە چیرۆكەكەی ماكس برۆددا هاتووە، كافكا زوو دەمرێتو چەندین دەستنووس بەجێدەهێڵێت، كە دواتر ماكس برۆد خۆی تەواویان دەكاتو بڵاویان دەكاتەوە. دیارە پێچەوانەی زۆر چیرۆكو بەسەرهاتی تر، چیرۆكەكەی ماكس برۆد سێ خاڵی لاواز لەخۆ دەگرێت، كە راستی ئەو بۆچوونە بەدەردەخات، كە پێی وایە كافكا هیچ نەبووە جگە لە چیرۆكێكی ماكس برۆدو ئەم چیرۆكەش هەوڵی ئاشكراكردنی، نەبوونی كافكایەكی راستەقینە دەدات.
 یەكێك لەو خاڵە لاوازانەی لە چیرۆكەكەی ماكس برۆددایە، نەگەشتنی نامەكەی كافكایە بەدەستی باوكی، كە دیارە ئەگەر كافكایەك هەبووبێت لە دەرەوەی چیرۆكەكەی ماكس برۆد، ئەوا زیاد لە رێگایەكی لەبەردەمدا دەبوو بۆ گەیاندنی ئەو نامەیە، هەرچۆن نەسوتاندنی دەستنووسەكانی لەلایەن خۆیەوەو داواكردنی لە ماكس برۆد، كە دوای مردنی بەو كارە هەستێت، دووەمین خاڵە بۆ سەلماندنی نەبوونی كافكا، كە ئەگەر هەبووبێت، ئەوا دەیتوانی وەك گۆگۆل چۆن چەند رۆژێك پێش مردنی، لە 12ی شوباتی 1852 هەڵدەستێت بە سوتاندنی بەشی دووهەمی رۆمانی (گیانە مردووەكان)، پاشئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ دونیای رۆحانیەتو نوێژو رۆژوگرتن، كە دوای گەڕانەوە بێئومێدانەكەی لە فەلەستین، بە هەست كردنێكی قوڵ بە غوربەتو ئازارو گۆشەگیری، پەنادەباتە بەر راهیبێك لە مۆسكۆ. ئەویش باسی تەماحە پیسو بەدەكانی ئەدەبی بۆ دەكاتو بۆی روون دەكاتەوە كە خەونی ناوبانگو نەمری، خەونێكی پڕوپووچو بێ بەهایە. ئیتر گۆگۆل روودەكاتە ئیمانێكی سۆفیانەو دەستنووسی رۆمانەكەی دەسوتێنێت. بەڵام كافكا دەستنووسەكانی نەسوتاند.
 پاشان لە دەستنووسی رۆمانی (قەڵا)دا، كافكا وادەكات كە پاڵەوانی رۆمانەكەی رێگای چوونە ژورەوەی قەڵاكە بدۆزێتەوە، كەچی لە نوسخە بڵاوكراوەكەدا، هەرگیز رێگای چونە ژورەوەی قەڵاكە نادۆزێتەوە، كە دیارە دوا نوسخەی رۆمانەكە، ماكس برۆد نووسیویەتیەوەو پاكنووسی كردووە، نەوەك كافكای چیرۆكەكەی.
 ئەگەرچی ماكس برۆد ویستی لە كافكادا وێنەیەكی ئەفسانەیی ئازار بەرجەستە بكاتو لە رێگای ئەویشەوە چیرۆكەكانی خۆی بنووسێتەوە، بەڵام نەیدەزانی ئەو وێنەیەی كافكا، كە قەڵەمە سیحریەكەی خۆی دەیكێشێت، بەسەر وێنەی خۆیدا زاڵدەبێتو خۆی تووشی فەرامۆشی دەكات. وەك ئەوەی وێنەكان حەقیقەت بن نەوەك مرۆڤ.
 پێدەچێت ئێستا لە نهێنی نەفەوتاندنی ئەو قەڵەمە تێبگەم بۆ هەتا هەتایە، لەلایەن كابرا چینیەكەوە، بەوەی ویستی نەمری، لە وێنەدا بەرجەستە بكات.
 ***     ***  *** 
 
 ئەفسانەى مرۆڤ ، یان نەمركردنى وێنە
 لە چیرۆكى (ئەفسانەى كافكا)ى عەتا محەمەد
 ئارام سدیق
 
 سەرەتا
 نووسین یەكەم هەوڵى مرۆڤە بۆ دەستەمۆكردنى نەمرى بۆ نەمركردنى خود، هەروەها دنیاى نووسین دنیایەكى بێسنوورە بۆ بیركردنەوەو ئەزموونكردنى ژیانى ترو سەفەركردن بە دنیاى تردا. دەشێت لە رێى نووسینەوە ئێمە بگەڕێنەوە بۆ سەردەمى بابانەكانو لەگەلأ "سلێمان پاشا"دا "چا"یەكى گەرم بخۆینەوە، یان هاوسەفەرى "سوقرات" بكەینو وانەیەك لاى ئەو فەیلەسوفە گوێلێبگرین. نووسین واتە بەخشین بە "ئەویتر" بێگومان نووسەرى وشیار هەمیشە شتى نوآ بە ئەویتر دەبەخشێت. لە نوسیندا مرۆڤ دەتوانآ بە ئازادى بیر بكاتەوەو لۆژیكى باو تێكبشكێنێتو لۆژیكى نوآ بخوڵقێنێتو ئەفسانە بكاتە واقیعو واقیعیش بكاتە ئەفسانە. گومان داوەتى ماڵى یەقین بكاتو بەپێچەوانەشەوە. ئەم گەمانە دەكرێت بەشێوەى ناشیانە بكرێتو خوێنەر تووشى بێزارى بكاتو دەكرێت بەشێوەى ئیستاتیكیش بكرێتو چێژى خوێندنەوەو هاوسەفەربوون لەگەلأ دەقدا بخوڵقێنێت.
 نووسەر، دەق، خوێنەر ئەمانە سآ جیهانى جیاوازو هیچكامیشیان مافى زیاترى لەوانیتر نییە، چونكە هەریەكەیان بە جۆرىَ خاوەنى سەربەخۆیى خۆیانن. ئەمەش بەماناى ئەوەى لەو كاتەدا دەق مەیدانى پێكگەیشتنى نووسەرو خوێنەرە لەهەمانكاتیشدا شوێنى جیابوونەوەیانە. بەكورتییەكەى لەكاتى نووسیندا خوێنەر ئامادە نییەو لەكاتى خوێندنەوەشدا نووسەر مردووە. ئەم روانینە بارتییە روانینێكە پەیوەندى سێینەى (نووسەر، دەقو خوێنەر)مان بۆ رووندەكاتەوە.
 عەتا محەمەد لەو چیرۆكنووسانەیە كە بەردەوام لە هەوڵى دروستكردنى پەیوەندى نوێدایە لەگەلأ خوێنەرو سێینەى (نووسەر،دەقو خوێنەر) لەهەر چیرۆكەو بەشێوەیەك تەوزیف دەكرێتو لەهەندێك لە چیرۆكەكاندا نووسەر غائیب دەبێت، یان گێڕەرەوە لەنێو دێڕەكاندا ون دەبێت. بێگومان ئەو گەمانە، گەمەى چێژبەخشنو دەكرێت عەتا تەنها بۆ دروستكردنى "چێژى خوێندنەوە" بیانكات. ئەوەى عەتا لە چیرۆكنووسەكانى تر جیا دەكاتەوە، تەنها ئەو گەمە سەیرو سەرسوڕهێنەرانە نییە كە بەردەوام سەرقاڵیەتى، بەڵكو كۆى روانینى ئەم نووسەرەیە بۆ هەموو شتەكان بە كولتوورى كوردیشەوە. ئەگەر بە وردى سەیرى كۆى بەرهەمەكانى عەتا بكەین، خاڵێكى هاوبەش لە نێوانیاندا دەدۆزینەوە كە ئەویش روانینى ناباوە بۆ شتەكانو لێكدانەوەى نوێیە بۆ دیاردەكان. عەتا نایەوێت تەفسیرى دنیا لە روانگەیەكى باوەوە بكات. لاى عەتا ژیان لەو مانا سادەیەدا خۆى قەتیس نەكردووە، كە هەموومان دەیزانین. زۆرجار دەكرێت ژیان هاوماناى مردن بێت، یان مردن ژیانێكى تربێت. واتە كۆى روانینى عەتا، روانینێكە كۆمەڵگەى ئێمە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. هەر ئەم خاڵەشە خوڵقێنەرى چێژى خوێندنەوەی چیرۆكو رۆمانەكانى عەتان.
 ئێمە لەم نووسینەدا دەمانەوێت لە چیرۆكێكى عەتا بدوێین بەناوى (ئەفسانەى كافكا)وە، كە ئەو چیرۆكە یەكێكە لە سەرنجڕاكێشترین چیرۆكەكانى ئەو نووسەرە. كۆى چیرۆكەكەش پێچەوانەى هەموو ئەو بیرۆكانەیە ئێمە سەبارەت بە "مرۆڤو نەمرى"و "ژیانو مردن"و "وێنەو حەقیقەت" هەمانە. ئەم چیرۆكە لەو چیرۆكە فرە رەهەندانەیە كە دەكرێت خوێندنەوەى ترو بەشێوەى تر لێكبدرێتەوە، ئەم نوسینەش تەنها خستنەڕووى لایەنێكى ئەو چیرۆكەیە كە بە ئەفسانەكردنى مرۆڤو نەمركردنى وێنەیە. بیركردنەوەى چیرۆكنووس لەم چیرۆكەدا تەواو بیركردنەوەیەكى ناباوەو هەم وەك بیركردنەوەى باوى نێو كۆمەڵگەى كوردى، هەم وەك ئەوەشى كە پێشتر خستمانەڕوو، كە نووسین نەمرى بەرجەستە دەكات، لێرەدا وێنە نەمرى بەرجەستە دەكات.
 
 دروستكردنەوەى مێژوو
 ئەگەر ئێمە بە وردى سەرنجى ئیشى چیرۆكو رۆمان بدەین، دەبینین گێڕانەوەى مێژوو یەكێكە لە پێكهێنەرە سەرەكییەكانى هەموو چیرۆكو رۆمانێك. واتە بەشێكى زۆرى  چیرۆك و رۆمان رووداوێك دەگێڕێتەوە كە لەرابردوودا رووى داوەو بۆتە مێژوو. لێرەوە دەتوانین بڵێین مێژوو وەك كەرەستەیەكى چیرۆك، ئامادەییەكى تەواوى هەیە لەنێو چیرۆكو رۆماندا، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە كە چیرۆكنووسو رۆمانووس چۆن مێژوو دەگێڕنەوە؟ نووسینەوەى مێژوو لەتێكستێكى ئەدەبیدا كە تواناى ئەوەى هەبێت خەیاڵو فەنتازیا كارى تێدابكات، جیاوازە لەو مێژووەى مێژوونووسێك دەینووسێتەوە. بۆیە هەمیشە مێژووى نێو چیرۆكو رۆمانەكان نەمرترن لە مێژووخۆی، لەنێو لاپەڕەكانى كتێبى مێژووییدا.
 لێرەدا دەكرێت بپرسین ئایا عەتا محەمەد لەنێو چیرۆكو رۆمانەكانیدا چ مێژوویەك دەنوسێتەوە؟ ئایا مێژوو لاى عەتا بۆ ئامادەیىو بەردەوامى هەیە؟
 ئەوەندەى من سەرنجى چیرۆكو رۆمانەكانى عەتام داوە، ئەو دەیەوێت مێژوو وەك ئەوەى دەیەوێت، بینوسێتەوەو مێژوویەك كە پێدەچێت لاى عەتا لە حەقیقەتەوە نزیك بێت، بنوسێتەوە. یان عەتا دەخوازێت مێژوو بەو شێوەیە بوایە كە ئەو لەچیرۆكو رۆمانەكانیدا تەوزیفى دەكات. گەڕانەوەى عەتا بۆ نووسینەوەى مێژوو لە زۆرێك لە نوسینەكانیدا، پێدەچێت بۆ ئەو خولیا سەیرەى نووسەر بچێت لە چێژ وەرگرتن لە گۆڕینى شتەكانو دەستكاریكردنى شتە وردەكان، كە عەتا لە كتێبو كەسایەتییەكانەوە دەستى پێكردووەو دەیەوێت شكڵى ترو كارى تریان پێبسپێرێت، تا دەگاتە ئەوەى تەواوى سیمایان بگۆڕێت، یان فۆرمى تر بە شتەكان بدات، وەك لە چیرۆكى (وێنەو ئاوێنە-3-)دا هەیە، لە كۆمەڵە چیرۆكی (تیناو چیرۆكە ئەندێشەكراوەكان)دا، كە سآ گۆشە دەبێتە بازنەو بازنەش دەبێتە سآ گۆشە. بۆیە گۆڕینى فۆرم لەم حاڵەتەى باسمانكرد، پێدەچێت جۆرێك بێت لە دووبارە دروستكردنەوەو نووسینەوەى مێژوو.
 عەتا لە چیرۆكى (ئەفسانەى كافكا)دا، لەرێى قەڵەمێكەوە دەگەڕێتەوە لای ماكس برۆدى برادەرى كافكاى نووسەر. ئەو ئاماژە بەوە دەدات كە: ئەگەر قەڵەمەكە بەردەستى ئەو (واتا عەتا) بكەوتایە، دوو كاری پێدەكرد، كە یەكەمیان دروستكردنەوەی دەوڵەتی ماد دەبوو، بەهەموو وردەكارییەكیەوە، ئەویش نەك لەبەر گێڕانەوەی شكۆیەكی لەدەستچوو، بەڵكو (وەك عەتا دەنوسێت): تا خۆم دەوڵەتێكی (ماد)ێكی راستەقینەی جیاواز لە هی كتێبە مێژووییەكان بخوڵقێنم. دووهەمیشیان رێگایەكی پێدروست دەكرد، كە هەرگیز تەواونەبێت، تا تێربوایە لە تامی سەفەر. ئەو رێگایە بە شوێنی هێندە سەرسوڕهێندا بڕۆشتایە، كە دووبارە بوونەوەی تیانەبوایە.
 عەتا كە باس لە دروستكردنەوەى دەوڵەتى ماد دەكات، باس لەوە دەكات كە ئەو دەوڵەتەى ئەو دەیەوێت، جیاوازە لەوەى پێشتر هەبووەو لە كتێبە مێژووییەكاندا باسى كراوە. پێدەچێت ئەم حاڵەتە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە وەك پێشتریش ئاماژەمان پێدا، دەیەوێت جیهانێكى تر دروستبكات كە لەو جیهانە ناشیرینە نەچێت كە ئێمە هەمانە. بێگومان ئەمەش لەوێوە سەرچاوەى گرتووە كە كۆى روانینى ئەو بۆ كۆمەڵگەى كوردىو ئەو مێژووەى هەیەتى، جیاوازەو ئەو دەیەوێت مێژوویەكى جیاوازتر لەوەى هەیە بخوڵقێنێت. عەتا ئەوەشى خستۆتەڕوو كە ئەوە لەبەر گێڕانەوەی شكۆیەكی لەدەستچوو نییە، ئەوەندەى بۆ ئەوەیە كە "تا خۆم دەوڵەتێكی (ماد)ێكی راستەقینەی جیاواز لە هی كتێبە مێژووییەكان بخوڵقێنم".
 لێرەدا دەكرێت كەمێك لە وشەى (بخوڵقێنم) رابمێنین. بەوپێیەى ئیشى نووسەر بەتایبەتیش چیرۆكنووسو رۆمانووس كارى "خوڵقاندن"ە، هەر لە دروستكردنى چیرۆكو كەسایەتییەوە تا تەكنیكو دۆزینەوەو خوڵقاندنى زمانێكى تایبەت، بۆیە عەتا دەیەوێت لەپالأ ئەوەى لەچیرۆكو رۆمانەكانیدا دنیاى جیاوازو روانینو بیركردنەوەو تەكنیكى جیاوازى خوڵقاندووە، مێژووى جیاوازیش بخوڵقێنێت. چونكە كردەى نوسین كردەی خەلقكردنەو نووسەر خالقە. واتە عەتا پاش بڕینى هەموو ئەو قۆناغانەى كە هەموو نووسەرێكى جیدىو داهێنەر دەبێت بیبڕێت، ئەو دێتو لە"خوڵقاندن" بەردەوامەو دنیاى نوآو مێژووى نوآ دەخوڵقێنێت. وەك ئەوەى دەیەوێت دەوڵەتى ماد سەرلەنوآ دروست بكاتەوە.
 عەتا لەو نووسەرانەیە كە بەردەوام لەسەركێشیدایەو ئەو نووسەرێكە دەكرێت وەك دروستكەرى مێژووش ناوى بەرین، چونكە گەمە سەیرو پڕ لە ئەفسوونەكانى لەتەك مێژوودا، گەمەیەكە شایەنى لەسەر وەستانو قسە لەسەركردنە.
 لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە سەرنجێكى "كاترین لۆر" بدەم كە لە وتارێكدا بەناوى "رۆمان چییە؟" نووسیویەتىو باس لە جۆرە خوێنەرێك دەكات كە مێژووو رۆمان تێكەڵ دەكەنو لەیەكترى جیاى ناكەنەوە. كاترین نموونەی خوێنەرێك دەهێنێتەوە كە رۆمانى (كیتى فۆیل)ى (كریستۆفەر مۆرلى) خوێندۆتەوەو باسى لە شەقامى (گریستكام) دەكات، كە بنەماڵەیەكى تێدایە بەناوى (فۆیل). خوێنەرەكە هێندە دەكەوێتـە ژێر كاریگەرى ئەو رۆمانەوە، پێى وایە نووسەر مێژووى ئەو شەقامەى نووسیوەتەوە، بەڵام هەڵەیەكى كردووە كە باسى بنەماڵەیەكى كردووە كە لەو شەقامەدا نییە. خوێنەرەكە لە وتارێكدا بۆ رۆژنامەى (فلادلفیا) دەنوسێت: هەموو ژیانم لە شەقامى (گریستكام) بردۆتە سەر، بەڵام هیچ كات بنەماڵەیەك بەناوى (فۆیل)م لەو شەقامەدا نەدیوە. كاترین پاشان ئاماژە بەوەدەكات، كە خوێنەرى زیرەك دەزانآ كەسایەتى رۆمان لە كەسەكانى نێو واقیع ناچن، كە لە جیهانى واقیعدا هەبن. كاترین پێى وایە كەسایەتییەكان لە خەیاڵى نووسەرەوە لە دایك دەبن. عەتاش بەشێكى زۆر لە كاراكتەرەكانى نێو چیرۆكو رۆمانەكانى "وەك ناو" لەنێو واقیعدا بوونیان هەیەو بەڵام عەتا بەرگى ئەفسانەیى پێبەخشیون. یان دەتوانین بڵێن ئەو بەرگانەى پێبەخشیون كە خۆى مەبەستییەتى. ئەمەش گەمەكردنێكى چیرۆكنووسە لەتەك واقیعدا، كە هەرگیز كۆپیكردنى واقیع نییە، بەڵكو دروستكردنەوەى مێژوویەكى ترە لە فۆرمێكى تردا.
 
 ئەفسانەى مرۆڤ، یان لەیەقینەوە بۆ گومان
 رەنگە سەیرترین شتێك كە لەم چیرۆكەدا هەبێت، دروستكردنى ئەو رووبەرى گومانە بێت، كە عەتا بەرامبەر بە بوونى كافكا وەك مرۆڤ دەیخاتە ڕوو و ئەو پێیوایە كافكا، وەك ئەوەى ئێمە وەك نووسەر دەیناسین، رەنگە بوونى نەبێت، بەڵكو ئەو لە ئەفسانەیەك زیاتر نییەو ئەو ئەفسانەیەش ماكس برۆدى هاوڕێى دروستى كردووە. بە ئەفسانەبوونى كافكاى نووسەر، واتە بە ئەفسانەبوونى مرۆڤو دروستكردنى رووبەرى گومانو فراوانكردنى ئەو رووبەرە بۆ گەیشتن بە یەقینێكى تر. لێرەدا دەكرێت وەك ئەوەش تەوزیفى بكەین كە عەتا لێرەشدا دەیەوێت لەرێى گومانكردنەوە لە واقیع، سەرزەمینێكى تر بخوڵقێنێت كە پێدەچێت یەقین بێت.
 عەتا لە زۆرێك لە چیرۆكەكانیدا ئەو گەمانە دەكاتو وێنە لە نێو وێنەدا دەدۆزێتەوە، یان وێنە لە ئاوێنەدا دەدۆزێتەوە، یان لە كتێبى (تیناو چیرۆكە ئەندێشەكراوەكان)دا، كە دە چیرۆكى لە خۆگرتووەو هەر دە چیرۆكەكە هەمووى ناوى (وێنەو ئاوێنە)ى لە خۆگرتووەو تەنها دەتوانین بە ژمارە جیایان بكەینەوە، لە وێنەو ئاوێنەكاندا عەتا بە دواى وێنەدا دەگەڕێت لە ئاوێنەكاندا، یان بە پێچەوانەوە. تەواوى ئەو دە چیرۆكە، گەمەكردنە لەتەك وێنەو ئاوێنەداو دۆزینەوەى یەكەم لە دووەمدا یان دۆزینەوەى وێنە لە وێنەدا یان وێنەى نێو ئاوێنە لە ئاوێنەى تردا.
 لە (وێنەو ئاوێنەى-1-)دا، ئاوێنە هێمای بێكۆتاییە، شكانی ئاوێنە، نەمانی وێنە ناگەیەنێت، بەئەندازەی ئەوەی مانای تێكشكانی وێنە دەگەیەنێت. چونكە وێنەى خالق لە ئاوێنەكاندا، وێنەیەكى بێكۆتاییەو بەشكاندنیش كۆتایى نایەت. لە (وێنەو ئاوێنەى-2-)دا وێنەی زاڵ خەیاڵە، بەڵام وێنەی سەرەكی لەبیرچوونەوەیە. مرۆڤ بۆ ئەوە دەژی تا شتەكان لەبیر بكات، لەبیركردن شێوازێكە بۆ بەردەوامی، یان شێوازێكە بۆ هەڵهاتن، هەر خوودی فریانەكەوتنیش كە چیرۆكنووس ئاماژەی بۆ دەكات، شێوەیەكە لە هەڵهاتن. وێنە لێرەدا خەیاڵكردنە لە خۆكوژىو ئاوێنەش رووداوەكانە.
 گەڕانەوەى ئێمە بۆ قسەكردن لەسەر وێنەو ئاوێنەكانى نێو كتێبى  (تیناو چیرۆكە ئەندێشەكراوەكان)، بۆ ئەوە بوو كە لە چیرۆكى "ئەفسانەى كافكا"شدا، گەمەكە بەردەوامى هەیەو عەتا لەپالأ وێنەى راستەقینەى كافكادا، هەوڵى خوڵقاندنى وێنەیەكى خەیاڵیشى دەدات لە زەینى خوێنەردا. بۆیە خوێنەر كە چیرۆكەكە تەواو دەكات، وێنەى راستەقینەى كافكاى لا دەشێوێتو وێنەیەكى ئەفسانەیى، كە دەستكردى ماكس برۆدە، لە خەیاڵیدا دەمێنێتەوە.
 قەڵەمە چینییە سیحراوییەكەى نێو چیرۆكى "ئەفسانەى كافكا"، عەتا بەرەو خوڵقاندنى دنیاى تر دەبات، چونكە ئەو قەڵەمە تواناى خوڵقاندنى زۆرشتى هەیە. عەتا لەسەرەتاى چیرۆكەكەدا دەنوسێت:
 (هەرچەندە من نازانم چەند باڵندەو ئاژەڵو وەچەی مرۆڤ، ئێستا لە ژیاندانو بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەر یەكێك لە وێنەكانی ئەو قەڵەمە، هەروەها حیكایەتەكە باس لە قەبارەی وێنە زیندووكراوەكانیش ناكاتو پێمانناڵێت بۆ دروستكردنی ئاسمانێكی تر، یاخود زەوییەكی تر، تەنانەت پەڵە هەورێكو بوونەوەرێك، تەنها ئەوەندە بەس بووە كە وێنەیەكی بكێشین لەسەر پارچە كاغەزێك، یاخود دەبێت هێندەی وێنە ئەسڵیەكە بێت. پاشان چۆن وێنەی ئەو شتانە بكێشینەوە، كە وێنەیان نیەو تەنها دەتوانین وێنایان بكەین، وەك خواو یادەوەریو رقو خۆشەویستیو زۆر شتیتر).
 قەڵەمە سیحریەكە دەتوانآ وێنەى ئەفسانەیى هەموو شتێك بكێشێتو كاتێكیش دەكەوێتە دەست "ماكس برۆد"، وێنەى كافكاى پێدەكێشێتو بەهۆى كێشانى ئەو وێنەیەوە، كافكا وێنەیەكى ئەفسانەیى بۆ دروست دەبێتو وێنە راستەقینەكەى لە خوێنەرەكانى ون دەبێت. ونبوونى وێنەكان لە ئاوێنەكاندا یان لە كۆپیكردنو لەبەرگرتنەوەى لەلایەن كەسەكانى ترەوە، لاى عەتا گەمەیەكە نەك لە كتێبى (تیناو چیرۆكە ئەندێشەكراوەكان)، بەڵكو لەم چیرۆكەشدا دووبارە دەبێـتەوە، بێگومان بە فۆرمو بە بەكاربردنێكی جیاواز، كە دەكرێت بڵێین وێنەیەكە لە رووبەرى گومانەوە پەڕیوەتەوە بۆ رووبەرى یەقین، یان بە پێچەوانەوە لە وێنەیەكى راستەقینەوە بۆتە وێنەیەكى ئەفسانەیى.
 كێشانى وێنەى شتە بەرجەستەبووەكان، كارێكى گران نییەو عەتاش پێیوایە هەموان دەتوانین وێنەى شتە بەرجەستەبووەكان بكێشین، بەڵام ئەوەى ئەستەمە، ئەوەیە كە چۆن بتوانین وێنەى ئەو شتانە بكێشین كە بەرجەستەنین، وەك عەتا لە چیرۆكەكەدا ئاماژەى پێدەكات: (چۆن وێنەى خواو یادەوەریو رقو خۆشەویستیو زۆر شتی تر) بكێشین، كە ئەوانە وێنەیان ناكێشرێت، بەڵكو وێنا دەكرێن، كە ئەم حاڵەتە لاى هەموو مرۆڤێك دەشێت هەبێت، بەڵام لاى هەر مرۆڤێك، وێنەیەك دروست دەبێت كە لەوێنەى هیچ مرۆڤێكى تر ناچێت. بۆیە وێناكردنى شتە بەرجەستە نەبووەكان، وێنەى نوآو تایبەتو ئەفسانەییمان بۆ دروست دەكەنو تا دەگاتە ئەوەى مرۆڤ ببێتە ئەفسانە.
 
 ونبوونى وێنەى راستەقینە
 گەڕانو سۆراغكردنى وێنەى راستەقینەى هەموو شتەكان خەمى سەرەكى مرۆڤە، بەڵام گەڕان بەدواى وێنەى نەبینراوى شتەكان ئەركى چیرۆكنووسە. ئێمە كافكا وەك نووسەر دەناسینو رەنگە هەرگیز بیرمان لەوەش نەكردبێتەوە كە وێنەیەكى ترى ئەو نووسەرە لە خەیاڵماندا بەرجەستە بكەینو هەوڵى وێناكردنى وێنەیەكى تر بدەین بۆى. عەتا لەم چیرۆكەدا دەیەوێت بەدواى وێنەیەكى نەبینراوى كافكادا بگەڕێت. وێنەیەك كە ئێمە پێشتر نەمانبینیوەو لە خەیاڵیشماندا وێنامان نەكردووە. عەتا دەنوسێت:
 (ماكس برۆد ویستى مرۆڤێك بەو قەڵەمە سیحریە بخوڵقێنێتو ببێتە بەرجەستەكەری ئازار…)  ئەوەندەی ویستی (راڕەوێكی زیندوو بخوڵقێنێت، راڕەوێكی لول پێچو بێكۆتا كە ئەویش كافكا خۆی بوو).
 عەتا ئەوە دەخاتەڕوو كە ئەگەرچى ماكس برۆد ویستى وێنەیەكى ئەفسانەیی كافكا دروستبكاتو بیخاتەڕوو، بەڵام سەرئەنجام كافكایەكی راستەقینە دەخوڵقێنێت. یان وەك عەتا دەڵێت، كافكا چیرۆكێك بوو لە چیرۆكەكانی ماكس برۆد. عەتا پێیوایە:
 (چیرۆكەكەى ماكس برۆد، سێ خاڵی لاواز لەخۆ دەگرێت، كە راستی ئەو بۆچوونە بەدەردەخات، كە ئەم چیرۆكەش هەوڵی ئاشكراكردنی نەبوونی كافكایەكی راستەقینە دەدات).
 یەكێك لەو خاڵە لاوازانەی لە ئەفسانەی كافكادایە كە ماكس برۆد نووسیویەتی لە چیرۆكەكەداو نا راستەقینەیی كافكا دەسەلمێنێت، وەك (عەتا لە چیرۆكەكەدا دەیخاتەڕوو)، نەگەشتنی نامەكەی كافكایە بەدەستی باوكی، كە دیارە ئەگەر كافكایەك هەبووبێت لە دەرەوەی چیرۆكەكەی ماكس برۆد، ئەوا زیاد لە رێگایەكی لەبەردەمدا دەبوو بۆ گەیاندنی ئەو نامەیە، هەرچۆن نەسوتاندنی دەستنووسەكانی لەلایەن خۆیەوەو داواكردنی لە ماكس برۆد، كە دوای مردنی بەو كارە هەستێت، دووەمین خاڵە بۆ سەلماندنی نەبوونی كافكا (ئەگەر هەبووبێت).
 گومانكردن لەم پەرەگرافەى سەرەوەدا، رووبەرەكەى گەورەدەبێت تا دەگاتە ئەو خاڵەى كۆى چیرۆكەكەى لەسەر بینابكرێت، بەڵام عەتا لە رێى فێڵە زۆرەكانییەوە لە خوێنەرەكانى، نایەوێت دەستبەجآ كەشفى كۆى چیرۆكەكە بكاتو ئەو هەر لەسەرەتاوە كارى لەسەر ئەوە كردووە كە لە خاڵێكەوە رووبەرێك بۆ گومان بونیادبنێت، تا دەگاتە ئەوەى بنوسێت:
 "ئەگەر كافكایەك هەبووبێت"، كە ئەم خاڵە فراوانبوونى تەواوى رووبەرەكەیە، یان دەتوانین بڵێین گەیشتنە بە ترۆپكى گومان. ئەم خاڵە ناكرێت هەروا بەئاسانى بەسەرماندا تێپەڕێت، چونكە لێرەدا گومانكردن دەگاتە ئەوەى مرۆڤ بكەوێتە بەر ئەوەى كە كافكا واقیعی نەبێتو وەهمی بێت. یان كافكا تەنها وەك ئەفسانەیەك دەمێنێـتەوە. كە پێموایە قوڵبوونەوەى لەم بە ئەفسانەكردنى مرۆڤە، دەكرێت زۆرى لەسەر بوترێت، كە ئێمە لێرەدا دەرفەتى ئەوەمان نییە، چونكە پێدەچێت عەتا مەبەستى بە ئەفسانەبوونو خۆبەئەفسانە زانینى مرۆڤى كوردى، یان مرۆڤى رۆژهەڵاتى بێت، كە كۆى ئەمانە ناڕوونن لە چیرۆكەكەى عەتادا، بۆیە دەكرێت چەندین تەفسیرى تر بۆ ئەم چیرۆكە بكەینو لە خاڵى تریشەوە دەرفەتى ئەوە هەیە لێیبدوێین.
 ونبوونى وێنەى راستەقینەى كافكا بە دەستى ماكس برۆد، تەنها ئاماژە نییە بۆ خستنەڕووى كافكا وەك هەبوویەكى مێژوویى، بەڵكو ئاماژەیە بۆ ئەوەى لە دنیاى كوردیشدا، پاش مردنى مرۆڤەكان (بەتایبەت ئەگەر نووسەر بێت) وێنەیەكى ئەفسانەیى دەبەخشرێتە ئەو كەسەو دنیای ئێمە پڕ دەكرێت لە داهێنەر. واتە ناكرێت خوێنەر تەنها خەیاڵى لاى وێنەكانى كافكا بێت، بەڵكو ئەوە وێنە ناشیریینەكانى دنیاى كوردییە، كە عەتا لەم چیرۆكەدا خستویەتییە ڕوو، بەڵام لەبەرگى كافكادا. بۆیە ئەگەر لە كۆى دنیاى كوردى وردبینەوە، ئەوا دروستكردنى دەیان وێنەى ئەفسانەیى دەبینین بۆ مرۆڤەكان، كە لە هیچ كامیاندا وێنەى راستەقینەى ئەو كەسانە نادۆزینەوەو لەلایەن "ماكس برۆدەكان"ى دنیاى كوردییەوە بە ئەفسانەكراون.
 
 نەمركردنى وێنە
 ئایا وێنە نەمرە، یان مرۆڤە راستەقینەكان؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە كە دەكرێت بیكەینە دەستپێكى ئەم بەشە. ئێمە پێشتر ئاماژەیەكمان بە وێنەى ئەفسانەیى كافكادا، كە لە چیرۆكەكەى عەتادا دەبێتە وێنەى راستەقینە. هاوكات ئاماژەیەكى كورتیشماندا بە ئەفسانەبوونى وێنەكانى مرۆڤ لە لەلایەن "ماكس برۆدەكان"ى دنیاى كوردییەوە. نەمركردنى وێنە، لەدنیاى كوردیدا، تەنها بەوە نییە كە (وەك پێشتر ئاماژەمان پێدا) ژمارەی داهێنەر زۆر بكرێت، بەڵكو لەو خاڵەوە دەستپێدەكات كە بۆ نەمرهێشتنەوەى ئەو وێنانە، بەردەوامى بەو گەمەیە دەدرێت كە دەبێتە هۆى بە ئەفسانەكردنیان. عەتا لە كۆتایى چیرۆكەكەدا دەنوسێت:
 (هەمیشە وێنە دروستكراوەكان، بەسەر وێنەی حەقیقی مرۆڤدا زاڵ دەبن، وەك ئەوەی وێنەكان حەقیقەت بن نەوەك مرۆڤ).
 ئەگەرچى عەتا ئەم رستەیە پاش بە ئەفسانەبوونى كافكا دەنوسێت لەنێو چیرۆكەكەدا، بەڵام ئەوە هەناوى كۆمەڵگەى كوردییە كە پڕە لە وێنەى دروستكراوى شاعیرو نووسەرو رۆژنامەنووس، كە لە راستیدا بوونیان نییە، بۆیە لاى عەتا وێنە نەمرە نەك مرۆڤ، یان راستر بڵێین وێنەى ئەفسانیى مرۆڤەكان، نەمرترن لە وێنەى حەقیقى مرۆڤەكان.
 بەرجەستەبوونو بەكارهێنانى (بە ئەفسانەبووەكان) لەم چیرۆكەى عەتادا، بۆ نیشاندانی وێنە حەقیقییەكانى ژیانو كۆى كۆمەڵگەى كوردییە. بە ئەفسانەبوونى وێنەى راستەقینە، راكردن نییە لە حەقیقەتی ژیان، بەڵكو نیشاندانێكی تری ژیانە لە روویەكى ترەوە، كە چیرۆكنووس ئەفراندوویەتى. نەمركردنى وێنەكان لەم چیرۆكەدا، دەربڕینێكی راستەقینەی ئەم ژیانەیە كە نرخى گران بۆ شتە بآ نرخەكان دادەنرێتو شتە بە نرخەكانیش بآ نرخ دەكرێن. بۆیە لە چیرۆكەكەدا، كە وێنەى راستەقینەى مرۆڤ دەمرآ، وێنە ئەفسانەییەكەى جێى دەگرێتەوە، كە زۆرجار وێنەیەكە هیچ شتێك لەگەلأ وێنە راستەقینەكەیدا كۆى ناكاتەوە.
 كاتێك وێنە دەبێـە سەنتەر لەم چیرۆكەدا، هیچ پاڵەوانێك بەدى ناكەین، یان دەتوانین بڵێین پاڵەوان لەم چیرۆكەدا قورسایى لەسەرشان نییە، یان دەكرێت بڵێین ئەوەندەى كار لەسەر بە وێنەكردنى وێنەى راستەقینەى مرۆڤە، ئیتر كافكا بێت یان هەر مرۆڤێكى تر، ئەوا كار لەسەر ئەوە نییە پاڵەوان چى بكاتو وەزیفەى چییە؟
 لاى عەتا قورسایى چیرۆكەكان لەسەر پاڵەوانەكان نەوەستاون، بۆیە زۆر بەكەمى سیمایان دەبینینو دەبینە خاوەنى وێنەیەك بۆ ئەو پاڵەوانانە، لاى عەتا گەمەكە زۆرجار پێچەوانەیەو قورسایى چیرۆك لەسەر وشەیەكە، یان لەسەر رستەیەكە، كە چیرۆكنووس دەیەوێت بیڵێت. عەتا لە چیرۆكى "سفرى ئەفسانەیی"دا، كە باس لە بوونو نەبوونى سفر دەكاتو سفر دەبێـتە خاڵى گومان لەنێوان بوونو نەبوونداو "نالى" شاعیر دەبینرێتو بەشێك لە ئەركى دۆزینەوەى سفرى دەخرێتە سەرشان، بەڵام وەك كەسایەتی، هیچ قورساییەكى لەسەر شان نییەو ئەگەر نالیش نەبێت، ئەوا دەتوانرێت دنیابینێكی گەورەی وەك مەحویش، ئەو ئەركەى پێبسپێردرێت. بۆیە لەو چیرۆكەشدا ئەوەى گرنگە بوونو رۆڵى پاڵەوان نییە، ئەوەى گرنگە دۆزینەوەى نهێنى سفرە، كە دواجار (لە چیرۆكەكەدا) هەر بە پەنهانى دەمێنێتەوە.
 قورسایى خاڵى هەردوو چیرۆكى سفرى ئەفسانەیىو ئەفسانەى كافكا، لەسەر بیناكردنو دروستكردنى خاڵى گومان وەستاوە، بۆیە بوونى ماكس برۆدیش ناتوانین وەك پاڵەوان مامەڵەى لەگەڵدا بكەین. بەڵام دەكرێت قەڵەمە چینییەكە، كە وێنە نەمرەكەى كافكاى پێدەكێشرێت، وەك رەگەزێكى سەرەكى چیرۆكەكە سەیر بكرێت، كە دواجار ئەویش لە بەئەفسانەبوویەك زیاتر، هیچى تر نییە.
 ماریۆ بارگاس یۆسا لە كتێبى 12 نامە بۆ رۆمانوسێكى لاودا دەنوسێت:
 (ئەفسانە، راڤەكردنى واقیعێكى دەستلێدراوە لەرێى هەندێك قەناعەتى ئایینىو فەلسەفییەوە، لەبەر ئەوەى لەهەموو ئەفسانەیەكدا، شانبەشانى رەگەزى خەیاڵكردنو فەنتازیا، رێڕەوێكى مێژوویى بابەتیانەى تێدایەو چۆتە نێو كەسێتى دەستەجەمعییەوە، كە هەوڵدەدات (زۆرجار سەركەوتوو دەبێت) لە سەپاندنى ئەو واقیعیەتەدا، هەروەك چۆن لە چیرۆكەكانى بۆرخیسدا بەدى دەكەین).
 ئەو پێناسەیەى "ماریۆ بارگاس یۆسا"، دەكرێت تەوزیفى بكەین بۆ چیرۆك لاى عەتا محەمەد، چونكە چیرۆك لاى عەتا، راڤەكردنى واقیعێكى دەستلێدراوە لە رێى هەندێك قەناعەتى ئایینىو فەلسەفییەوە بە گەڕانەوەى بۆ مێژوو و سەفەركردن بە نێو مێژووى مرۆڤایەتیدا، وەك لەم چیرۆكەدا بینیمان نووسەر سەفەر بە ژیانى كافكادا دەكات. هەروەها چیرۆكەكانى عەتا رەگەزى خەیاڵكردو فەنتازیاو رێڕەوێكى مێژوویى بابەتیانەى تێدایە، لەگەلأ بەستنەوەى بە ئێستاوە. واتە ئەو لەو نووسەرانەیە كە بەگەڕانەوە بۆ رابردوو، وێنە، یان دەتوانین بڵێین نەخشەى ئێستا دەكێشێت.
   
 بەر لەكۆتایى 
 چیرۆك هەمیشە رووبەرێكى فراوانە بۆ وێناكردنى شتەكان لە فۆرمى ترو دۆزینەوەیان لە وێنەى تردا. بەڵام ئەوەى زیندووێتى دەداتە چیرۆك، ئەوەیە كە ئەو وێنانە لە واقیعدا بوونیان هەبێـت، یان بەشێوەیەك لەشێوەكان لە ژیانى مرۆڤدا جێگەیەكیان داگیركردبێت.
 عەتا محەمەد لەو چیرۆكنووسانەیە كە هەمیشە ئەو وێنانەى، كە لە چیرۆكەكانیدا دەیانخاتەڕوو، چەندە ئەفسانەیى بن، ئەوەندەش واقیعین. چەندە دروستكراوى خەیاڵى خۆى بن، دواجار لەنێو هەناوى مرۆڤدا شوێنیان داگیركردووە. ئەو گەمانەى لەنێو وێنەكاندا كردوویەتى لە چیرۆكى ئەفسانەى كافكادا، وێنەگەلێكن كە چەندە ئیشى خەیاڵن، ئەوەندەش لە واقیعى كوردیدا بەرجەستەنو من رۆژانە هەستیان پێدەكەمو دەیانبینم. ئەم چیرۆكە وێنەیەكى نەبینراوو هەستپێنەكراوى كۆمەڵگەى كوردىو دنیاى رۆشنبیرى كوردى بۆ گواستووینەتەوە، وێنەیەك كە بینینى ئازاردەرە، بەڵام خستنەڕووى هەموو ئەو وێنە بە ئەفسانەبوانەمان بیردەخاتەوە كە لەنێوەندى رۆشنبیرى كوردیدا بوونیان هەیە.
 ***  ***  ***  ***
 
 
 
 ئەو سەرچاوانەى سودیان لێوەرگیراوە:
 
 *عەتا محەمەد، ئەفسانەى كافكا-چیرۆك، رۆژنامەى هاوڵاتى ژمارە (417) رۆژى (27/4/2008).
 *سەڵاح حەسەن پاڵەوان، تەلیسمى نێو ئاوێنەكان، لێكۆڵینەوە لەسەر كتێبى تیناو چیرۆكە ئەندێشەكراوەكان، گۆڤارى رامان ژمارە (134) رۆژى 5/7/2008.
 *كاترین لۆر، رۆمان چییە؟ وەرگێڕانى: مستەفا زاهیدى- حیكایەتى سەردەم، پاشكۆى گۆڤارى سەردەم، ژمارە 7ى ئابى 2007.
 * ماریۆ بارگاس یۆسا، 12 نامە بۆ رۆمانوسێكى لاو، وەرگێڕانى: شیرین.ك، لە بڵاوكراوەكانى پاشكۆى رەخنەى چاودێر، ژمارە 6ساڵى 2008.
 *عەتا محەمەد، سفرى ئەفسانەیى-چیرۆك، گۆڤارى رامان ژمارە (131) رۆژى 5/4/2008.
 * عەتا محەمەد، تیناو چیرۆكە ئەندێشەكراوەكان، چیرۆك، لەبڵاوكراوەكانى چاپخانەى رەنج، سلێمانى، ساڵى 2007.
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.