Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
د.بورهان غەلیۆن لەنێوان من و ستران عەبدوڵڵاو عەدالەت عەبدوڵڵا

د.بورهان غەلیۆن لەنێوان من و ستران عەبدوڵڵاو عەدالەت عەبدوڵڵا

Closed
by May 3, 2012 گشتی

 

ئەو كاتەی پۆلیس و هێزە سەربازییەكانی حكومەتی سوریا، لەدەرەنجامی دروستبوونی كێشەیەك لەناو یاریگای وەرزشی قامشلو خوێنی دەیان رۆڵەی كوردی ئەو شارەیان رشت و قامچی و دارو بەردیش داركاری بەشی هەرە زۆری هاندەرانی ئەو یارییەی كرد كە هەموویان كورد بوون، كەناڵی ئاسمانی رۆژ تیڤی لەسەر ئەو رووداوە بەرنامەیەكی سازكردو لەرێگای تەلەفۆنیشەوە مێوانداری نووسەری ناوداری عەرەب (بورهان غەلیۆن) یان كرد بۆگوێ گرتن لە قسەكانی ئەو نووسەرە، من هەموو ئەندامەكانی جەستەم كردبووە گوێ، چونكە چاوەڕوانی ئەوەم لەو دەكرد كەلەسەر بنەمایەكی عەقڵانی و دیموكراسی و تێگەیشتن لەنرخ و بەهاكانی مرۆڤ قسە بكات، ناهەقیش نەبووم، چونكە (بورهان غەلیۆن) نووسەرو رۆشنبیرێكی گەورەی نێو كایە مەعریفییەكانەو لەرێگای نووسین و توێژینەوە و كتێب و نامیلكەكانی ئاوەدانییەكی گەورەی بەكتێبخانەو رۆشنبیریی عەرەب و بگرە جیهانیش بەخشیووە.
تەنانەت بەشێكی زۆری نووسینەكانیشی لەلایەن نووسەرانی كوردەوە بۆ سەر زمانی كوردی وەرگێردراون، بەڵام دوای ئەوەی كە بورهان غەلیۆن دەستی بەقسەكان كرد هەر لەیەكەمین دەربڕیندا دووچاری حەپەسان و نیگەرانییەكی گەورەی كردم، چونكە لەیەكەمین رستەی دەربڕینەكانیدا گوتی:  (داوا لە كوردەكانی سوریا دەكەم كە وەكو براكانیان لە عێراق نەبنە دار دەستی وڵاتە زلهێزەكانی دنیاو بگەڕێنەوە بۆ عەقڵ و مەنتیق)!
رۆژێكیان لەسلێمانی ئەو نیگەرانییەی خۆم لەسەر (بورهان غەلیۆن) بۆ كاك (كاوە محەمەد) ی سەرنووسەری كوردستانی نوێ باسكرد، ئەویش گوتی بۆ لەم بارەیەوە بابەتێك بۆ كوردستانی نوێ نانوسی، منیش لەماوەیەكی كەمدا وتارێكی درێژم ئامادەكرد دوو رۆژ دوای ئەوە لەو رۆژنامەیەدا بڵاوكرایەوە، هەفتەیەك دوای ئەوە كاك (عەدالەت عەبدوڵڵا)ی برادەرو هاوپیشەم بینی وگلەیی ئەوەی لێكردم، كە نەدەبا بەو شێوەیە لەسەر (بورهان غەلیۆن) بنوسم!، چونكە ئەو ئەوەنییە كەتۆ نووسیوتە، هیوادارم وردتر لەنووسین و بابەت و هەڵوێستەكانی ئەو نووسەرە ئاگادار بیت.
لەچەند رۆژی رابردوودا بورهان غەلیۆن لەسەر هەمان كەلتوری بەعسیزم و شۆفینیزمی نەتەوەیی لەسەر دۆزو مەسەلەی گەلی كورد لەسوریا لێدوانیداو بەئاشكرا نكۆڵی لەهەبوونی گەلی كورد لەسوریا كرد وەكو گەلێكی خاوەن خاك و مافی نەتەوایەتی، تەنانەت ئۆتۆنۆمیش. دوای ئەوە كاك ستران عەبدوڵڵا سەرنووسەری كوردستانی نوێ، ئەم قسانەی (بورهان غەلیۆن) ی وەكو دوا دیداری خۆی لەگەڵ كورد لەقەڵەمدا، وەكو بڵێ ئەو نووسەرە عەرەبە لەرابردوودا ئەوەندە داكۆكیكارو خاوەن هەڵوێستی جوامێرانەو راستگۆییانە بووبێت لەسەر گەلی كورد، من هیچ جۆرە گومانێك لەدڵسۆزیی كاكە ستران عەبدوڵڵا و عەدالەت عەبدوڵڵا ناكەم و هەردوو كیشیان دوو قەڵەمی وردو بەبڕیشتی نێو كایە رۆشنبیرییەكانی كوردستانن، بەڵام بمانەوێت و نەمانەوێت لەبەر ئەو رۆڵە و پێگە گرنگەی ئەوان لەپانتایی رۆژنامەوانی و مەعریفەدا هەیانە بەهەردوو ئاراستەی سلبیی و ئیجابی كاریگەرییان بەسەر هۆشیاریی كۆمەڵگا بەگشتی و نەتەوەیی بەتایبەت هەیە، بەتایبەتیش لەپێناسە كردن و دەست نیشانكردنی دۆست و دوژمنی گەلی كورد، بۆیەش رووی دەمم دەكەمە ئەو دوو بەرێزەو پێیان دەڵێم (بورهان غەلیۆن) لەكایەی سیاسی و هەڵوێستی لەبەرامبەر گەلی كورد ئەوەیە كەدەیڵێت، نەك وەكو ئەوەی كاك عەدالەت پێی وابێت من بەوردی شارەزاییم لەسەر ئەو نووسەرە نییەو كاك ستران عەبدوڵڵاش پێی وابێت هەڵوێستی ئەم دواییەی غەلیۆن دوا دیدارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا منیش جیاوازیی دەكەم لەنێوان ئەو بورهان غەلیۆنەی كەنووسەرێكی گەورەیە لەگەڵ ئەو بورهان غەلیۆنەی بۆتە لەیستۆكی دەستی توركیاو ئیخوان موسلمین.

زیرەک کەمال

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.