Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
راكردنی ئەمجارە نادادپەروەرییە یان هەژاری و شەڕ….سەنگەر زراری

راكردنی ئەمجارە نادادپەروەرییە یان هەژاری و شەڕ….سەنگەر زراری

Closed
by November 24, 2008 گشتی

 راكردنی ئەمجارە نادادپەروەرییە یان هەژاری و شەڕ
 ئەو كاتەی شیعری ماغوت دەبێتە پەندی كوردی
 سەنگەر زراری

 sangarzrary@gmail.com

 برادەرێك هاتە دوكانێك، خاوەنی دوكانەكە لێی پرسی ئەرێ بۆ خانوو و ژنهێنانەكە چیت كردەوە؟ لەوەڵامدا گوتی: وەڵا هیچ.. خەریكم خۆم كۆدەكەمەوە و دەگەڕێمەوە ئەوروپا، پێی گوت بۆچی؟ گوتی: راستە من بۆ ئەوە هاتمەوە ژن بێنم و ماڵێك بۆخۆم پێكەوە بنێم و ئیتر نەگەڕێمەوە، بەڵام ئەو ماوەیەی لێرە بووم تێگەیشتم بارودۆخەكە هیچ نەگۆڕاوە. هەر وەكو جارانە، ئەوەی لە تەلەفزیۆن دەمانبینی و پێی هەڵخەڵەتاین. وانەبوو، تەحەموولكردن لێرە زەحمەتە.
 كەناڵە كوردییە ئاسمانییەكان بەجۆرێك وێنای كوردستانت بۆ دەكەن كە پێت وایە ئەم وڵاتە هیچ گرفتێكی ئەوتۆی نییە و هەمیشە ئەو میلەتەی ئێمە لەناو ئەو باخچانە رۆژەكانی خۆی بەسەر دەبات كە لەم كەناڵانەوە نیشان دەدرێن.
 "وێنەیەك بەرامبەر هەزار وشەیە" ئەمە وتەیەكی باوی ناو راگەیاندنە، پێم وایە لە بنەڕەتدا وتەی چینییەكانە، بەڵام ئەم وێنەیە ئەگەر لەجیاتی هەزاران وشەش بێت، هێشتا هەموو شتەكانت پێناڵێ، بەتایبەتی وێنەی تەلەفزیۆن و ئەوانەی تەحەكوم بە وێنەكانی تەلەفزیۆن دەكەن، وێنەیەكت پیشان دەدەن و هەزارانت لێ دەشارنەوە.
 چەندانی وەكو ئەو گەنجە، بەهۆی فێڵەكانی تەلەفزیۆن لە دەرەوە گەڕاونەتەوە كوردستان، بە نیازی ئەوەی لەو بەهەشتە نیشتەجێ بن كە لە شاشە بینیویانە، كەچی دوای ماوەیەك، بەپەلە بارگەیان تێكدەنێن و رادەكەنەوە دەرەوە، جگە لەمە سەرەڕای ئەو بانگەشانەی دەڵێن كوردستان خۆشبووە، كۆچكردن بەرەو دەرەوەی وڵات دەستیپێكردۆتەوە. خەڵك تەواو بێئومێد بووە لەو بارودۆخەی ئێرە، حكومەت دەبێ لەخۆی بپرسێ كە بۆچی خەڵكی ئەم وڵاتە مردنیان پێ باشترە لەوەی لێرە بژین؟ بۆچی تەنها لەمانگێكدا (27) گەنجی كورد ئامادەن لە دەریای ئیجە بخنكێن و ببنە قوربانی نەوەك لە وڵاتەكەی خۆیان بژین؟!(1)، تەنانەت ئێستا خەڵكە بەتەمەنەكانیش هاواریانە كە ژیان لەو وڵاتە نەماوە.
 دڵنیام لەوەی ئەوروپا و هەر شوێنێكی دیكەی ئەم دنیایە بەهەشت نییە، بەڵام بۆچی زۆرێك لەوانەی تەنانەت هەموو شارەكانی كوردستانیشیان نەدیوە، پێیان وایە ئەگەر لێرە دەرباز بن دەگەنە ژیان و دەگەنە بەهەشت، لەدوای بڕیاری چەند وڵاتێك كە دەیانەوێت بە زۆر پەنابەران بنێرنەوە بۆ كوردستان، ئەوەش راست دەرنەچوو كە دەیانگوت: ئەوەی بچێتە دەرەوەی وڵات، ناتوانێ لەوێ بژی، چونكە غوربەت ناخۆشە و مرۆڤ تەحەموولی ناكات، لە ئێستادا دەیان پەنابەری كورد لەبەریتانیا لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتە دەسگیركراون، لەبەرئەوەی نایانەوێ بگەڕێنەوە بۆ كوردستان و مانیان گرتووە، حكومەتی بەریتانیاش دەیەوێ بەزۆر بیانێرێتەوە.(2)
 لە هۆڵەنداش حكومەتی هۆڵەندا و حكومەتی عێراقی رێككەوتنیان لەسەر ئەوە مۆركردووە كە بەزۆر پەنابەرە كوردەكان بنێرنەوە كوردستان، كەچی كوردەكانی ئەوێ بەمە رازی نین، نایانەوێ بێنەوە.(3) ئەگەر غوربەت ناخۆشە بۆچی نەك بەخۆشی خۆیان و بەپارەی خۆیان، بەڵكو بەزۆریش نایانەوێ بگەڕێنەوە بۆ كوردستان. چ شتێكە وادەكات كە خەڵكی ئەم وڵاتە لە وڵاتەكەی خۆی، خۆی بەغەریب بزانێ و هەوڵبدات لێرە رزگار بێت، ئەگەر غوربەت ئینتیما بۆ وڵات بەهێز دەكاتەوە، ئەی ئەوە چییە كە وادەكات زۆرێك لە غەریبەكانی ئێمە گاڵتەیان بە ئینتیما بۆ وڵاتەكەیان بێت.
 برادەرێك كە ئێستا لە هیندستان دەخوێنێ، پێی گوتم: یەكێك لەو قوتابییە كوردانەی لەوێ دەخوێنن، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەیەكی ئەوێ گوتبووی "ئەسڵی ئێمەی كورد فارسە"، ئەمە تەنها بۆئەوەی دڵی برادەرە فارسەكانی رازی بكات، ئەوەشی گوت كە ئەم قسەیە بە مانشێتێكی گەورە لە رۆژنامەكە بڵاوبووەوە.
 لە ئەڵمانیا هەر نەتەوەەیەك بەزمانی خۆیان و بەزمانی ئەڵمانی تابلۆی سەر دوكان و بازاڕ و شوێنەكانی كاركردنیان دەنووسن، كەچی كوردەكانی هەر پارچەیەكی كوردستان لەو وڵاتە، بە زمانی نەتەوەی سەردەستیان تابلۆكانیان دەنووسن، كوردەكانی باكوور بە توركی و ئەوانەی باشوور و رۆژهەڵات بەعەرەبی و ئەوانەی رۆژئاوا بە فارسی تابلۆی سەر بازارگا و شوێنەكانیان دەنووسن، ئەمە لەكاتێكدا كە لە ئەڵمانیا هیچ سانسۆر و زۆرلێكردنێك نییە بۆ نووسین و قسەكردن بە هەر زمانێك و هەندێكیشیان لەو گەڕەكانەن كە زۆرینەی كوردە(4)، كەچی هیچ سۆزێكیان بۆ وڵاتەكەیان نییە.
 ئەگەر جاران هەژاری حكومەتی كوردستان یەكێك بووبێ لە فاكتەرەكانی كۆچكردن لە كوردستان، ئەوا ئێستا وانییە، چونكە حكومەتی كوردستان بەهۆی ئەو بودجە گەورەیەی هەیەتی، یەكێكە لە حكومەتە دەوڵەمەندەكانی ناوچەكە، ئەگەر بڵێن بەهۆی ناسەقامگیری ئاسایشە، دیسان وانییە، چونكە ئێستا لە كوردستان ئاسایش بەرقەرارە و شەڕ لەگۆڕیدا نییە، كەواتە جگە لە نادادپەرەوەری لە دابەشكردنی ئەو سامانە و بەهەرەمەند نەبوونی خەڵك بەیەكسانی لەو سەقامگیرییەی كە هەیە و یەكسان نەبوون لەبەرامبەر یاسا و رێساكان، چ شتێكی دیكەیە وادەكات ئەم نیوەدیڕە شیعرەی شاعیری گەورەی سووری "محەمەد ماغوت" كە دەڵێت "هیچ شتێك بەم وڵاتەم نابەستێتەوە جگە لە پێڵاو" لای گەنجانی ئەم وڵاتە ببێتە پەند و هێندە لەسەر زاریان بێت كە وابزانن پەندی پێشینانی كوردییە؟!
 
 پەراوێز:
 1- رۆژنامەی بارزان، ژمارە (89) 26/10/2008، ل1.
 2- رۆژنامەی هاوڵاتی، ژمارە (468) 26/10/2008، ل1.
 3- رۆژنامەی چاودێر، ژمارە (200) 27/10/2008، ل1.
 4- رۆژنامەی رووداو، ژمارە (29) 27/10/2008، ل11.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.