Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
راگەیاندنى سەنتەرى بەرگرى لە مافەكانى منالان سەبارەت بە:

راگەیاندنى سەنتەرى بەرگرى لە مافەكانى منالان سەبارەت بە:

Closed
by May 30, 2008 گشتی

 كارەساتى كوشتنى (مەستان) لە شارى رانیە!!
 
 خەڵكى ئینسان دۆست و ئازادى خواز
 ڕِِێكخراوەكانى مناڵان و كۆمەڵگاى مەدەنى

 
 لە كاتێكدا كە ئێمە خۆمان بۆ پێشوازی لە ڕۆژی جیهانی منداڵان ئامادە دەكەین، كە هەوڵ وخەباتمان پێكەوە گرێ بدەین و بزوتنەوەی دژی توندووتیژی لەدژی منداڵان بۆ بەرگرتن لە هەموو نەهامەتییەكانی دژ بە منداڵان لە كۆمەڵگادا بە ڕێبكەین، ئا لەم سەروبەندەو ساتەوەختی ئەم یادەدا، ئیوارەى ئەمرۆ 28-05-2008  لە شارى رانیە هەواڵ و تاوانێكی دڵتەزین هەموومانی ڕاچڵەكاند، ئەویش تاوانی وەحشیانەو دڕندانەی كوشتنى مەستانى تەمەن  11 ساڵان بوو بە دەستی باوكی.
 ئەم رووداوە سەرجەم خەلكى رانیەى تاساند وبۆ هەمووان جێگەی تێڕامانێكی قوڵە كە ئەمە چ جۆرە باوكێكە؟ منداڵێكی وەك مەستان كە تەمەنی تەنها11 بەهارە دەبێت چ تاوانێكی كردبێ تا بەم شێوە نامرۆڤانەیە لە لایەن باوكیەوە بكوژرێت! ئەم باوكە دەبێت چ جۆرە ئینسانێك بێت كە وا بە ئاسانى دەستی دەچیًَتە مندالەكەى خۆى و گیانى لى دەسەنیتەوە؟ بە ڕاستی ئەمە چ كولتورو فەرهەنگێكە لەم  كۆمەلگایەدا كە ئینسانى وا تاوانكار و درندە پەروەردە دەكات و تاوانى ئاوا دل تەزین ئەخولقینى؟.
 ماوەیەكە ئێمە شاهیدی ڕووداوى جەرگ بڕو دڕِندانەی لەم جۆرەین كەدژ بەمنداڵان لێرەولەوێ  لە شارەكانی كوردستان و عێراق ئەنجام ئەدرێن، نموونەكانی (لاڤە جمالى 4 ساڵان لە سلیمانى)،(محمدى 5 ساڵان لە دەربەندیخان)،(ساراى11ساڵان لە خانەقین)، (ڕەیانى8 ساڵان لە مەخمور) ،(ئەیوبى9 ساڵان لە هەولێر)، ئەمانەو دەیانی تر تەنها مشتێكن لە خەروارێك لەمجۆرە تاوانانە كە لە بەرامبەر منداڵاندا وبە دڕندانە ترین شێوە گیانیان لىَ سەنرایەوە. لیستی ناوى قوربانیەكان زۆر دوور و درێژە و لە ژماردن نایەن .
 ئەم ڕووداو و كارەساتانە ژیانى ئیمەو نەوەكانى ئیستامانى كردۆتە یەخسیرى كۆنەپەرستى. دابو نەریتى عەشائیرىو ئایینىو نەتەوەیى كە مندالان وەك ئینسان سەرنج نادەن، خەریكە كۆمەلگاكەمان دەكەنە پێگەیاندنى نەوەیەكى پاسیفو كۆیلەو بىَ دەسەلاتو نەخویندەوار و دوورو بێبەش لە ئالوگۆرە زانستیەكانى سەردەم. بەڕاستى ئەو دنیاو دەورانەى بەم جۆرە ڕەفتار لەگەڵ منداڵدا دەكات، تەنها شایستەى ئەوەیە تف و نەفرەتى لێ بكرێت.
 ئازادیخوازان … ئینسان دۆستان… لایەنگرانى مافەكانى مناڵان
 ئەم مەرگەساتانەی ڕووبەڕووی منداڵان دەبێتەوە ،ویژدانى هەموومانى هەژاندووە، جێگەی نەفرەت و ناڕەزایەتی قوڵی ئێمەیە. بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نیە و بێ پشتیوانی ئێوە ناتوانىَ بەربە هیچ تاوانێك بگرێت لە داهاتوودا ، پێویستمان بە هاوكاری هەموو ئینسان دۆستان هەیە بۆ ئەوەی ئەم بێدەنگیە بشكێنین و بێینە مەیدان، با چیتر ڕیگە نەدەین بە بەرچاوى ئێمەوە مناڵەكانمان و كۆرپەكانمان ئاوایان بە سەربهێنریت و ئەم بەربەریەتە، تاوانى دڕندانەى زیاتر بخوڵقێنآ.
 بۆبەرگرتن بەتووندوتیژى لەدژی منداڵان وكۆتاییهێنان بەمجۆرە تاوانە وەحشیگەریانە، پێویستە بزوتنەوەیەك لە دژی توندوتیژی بەڕێبكەین و بەڕیزێكی فراوان بۆ چەسپاندنى ئەم خواستانە بێینەمەیدان:
 1- قەدەغە كردنى هەموو جۆرە لێدان و تووند و تیژی وسوكایەتی كردنێك بەرامبەر بە منداڵان، لە ناوخێزان و قوتابخانەو دامەزراوەو بوارەكانى ترى ژیانى كۆمەڵایەتیدا.
 2-  هەر كەسێك كە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی تاوان یان هەر شێوازێكی تری توندو تیژی لە دژی منداڵان، دەبێت دادگای بكرێت وسزاى تاوانەكەی وەربگرێتەوە. لەوانەش بكوژانى مەستان و لەرىَ وئەیوب و ساراو دوعا و لاڤە ورەییان و…تاد.
 3- ئەركى حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە بەرپرسیارێتی تەواو لە هەموو بواریكدا بەرامبەر بە مندالان لە ئەستۆ بگریت .
 4- جاڕنامەى گشتی مافەكانى مناڵان كە لەلایەن سەنتەرى مناڵان و كۆمەڵێك ڕێكخراوى تر لە وولاتى سوید لە كۆنفرانسی (یەكەم مناڵان) دا پەسەند كراوەو ئێمە بۆ چەسپاندنی خەبات دەكەین، بە ڕەسمی بناسرێت ودەسەڵات و حكومەت هەنگاوى پێویست لە ڕاستاى جێبەجى كردنیدا بهاوێت .
 بەرو بەڕێز بیت یادى مەستان و هەموو ئەو منداڵە ئازیزانەی كە بەو شێوە دڕندایە ژیانیان لێسەندرایەوە.
 بژى مافەكانى مندالان
 
 سەنتەرى بەرگرى لە مافەكانى منالان
 
www.santarimnalan.com
 28-05-2008
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.