Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
روحى هۆشەنگ و هۆشەنگى روح

روحى هۆشەنگ و هۆشەنگى روح

Closed
by November 6, 2008 ئەدەب

 روحى هۆشەنگ و هۆشەنگى روح
 26/10/2009
 هەولێر
 
 
 چ وێرانە دڵ چ خەراباتە مێشك
 دێت و دەچىَ لە نێوان شك و ناشك
 
 لە نێوانى من و تۆدا ئەى خودى ختمى گومان
 لە كوێم بوو تواناى مان و هێزى نەمان
 
 ئاگرە روح، روحى ئاگریش وا لە دڵدا
 ئومێدى من، بىَ ئومێد بوو ئومێد ، لە مندا
 
 
 تۆ نازانى چەند خۆشبەختیت كە ئەمڕۆكەش بە لاتدا تێدەپەڕم و دەڵێم سڵاو
 كە ئەمڕۆكەش دەشىَ پێت بڵێم رەزا گران چەندم خۆشدەوێى؟
 تۆ نازانى دەشىَ هەر رۆژێك لەم رۆژانەدا بىَ خاتر خواستن بەتەلەفۆنیش گوێت لە دەنگم نەبێتەوە
 هەر بىَ پێشبینى جارێكى تر 4451635
 زەنگت بۆ لێنەدا و، ئیدى بڵێت: ئەو ژمارەى داوات كردووە بۆ ئەبەد داخراوە
 
 رەنگە بەخەیاڵت نەیىَ پیاسەیەكى بەردەركەتان و چا خواردنەوەیەك لەگەڵ مندا بىَ وادە و ژوان كۆتایى بێت
 رەنگە خەیاڵ نەكەى چەند سانایە بەیانى بۆ ئەبەد نەمبینییەوە و جارێكى دى لە سایتێكى ئەو دنیایەدا نەمخوێنییەوە.
 رەنگە باوەڕ نەكەى بىَ شەوباشێك نەمبینییەوە
 بىَ ماچێك جارێكى دى بە رێكەوتیش نەمدۆزییەوە
 
 ئێستا تۆ خەیاڵ ناكەیت 22/2 ساڵى دابێت نەتوانى پیرۆزباییم لێبكەیت و بە گاڵتەوە پێمبڵیێت سۆفى پیر بوویت؟! تۆ پیر بوویت و جحێڵ نابیتەوە
 
 رەنگە ئێستا بە مێشكتدا نەیىَ ئەشىَ ئەم شعرە دوا نووسینم بێت و لەگەڵ دەستنووسەكانى دیكەم لە نێو كاخەزەكانى نیچە و شۆپنهاوەر و سوهرەوەردییەوە بزر بن و پێڕانەگەیت بڵیێت ئاى لەگەڵ ئەم شعرەت چەند گریام و چەند بێتاقەت بووم
 
 رەنگە فریا نەكەویت بڵیێت دوا شعرت گەڕانەوەیەك بوو بۆ غەزەل و كاریگەرى غەزەلنوسەكەى بەختیار عەلى بەسەرەوە بوو
 
 كەستان پێڕاناگەن راڤەیەكى بێئاگایى بدەنە مردنم
 رەنگە تۆ سەر با بدەیت و بڵێى فانتازیاكان دادیان نەدا
 رەنگە تریفە بڵىَ خوێندنەوە شێتى كرد
 رەنگە هەندۆ بڵىَ ئازاد نەبوو
 راوێژۆكە بەناو پێچ و پلوچى ئەنتەرنێتەوە وەربێت و بزانێت چ ئیمیلێك منى كوشت
 زیاد بڵىَ ژن غەدرى لێكرد
 سامۆ بڵىَ هەقیقەت كوشتى
 ئازۆ بڵىَ خەفەتى كوریكەیەك ، بەهارێك ، جۆگەیەك و كێشكەیەك لەناوى برد
 
 ئیدى چى دەڵێن بیڵێن، كەستان درۆ ناكات و كەسیشتان راستى لا نیە
 
 كە من وا لە نێوانى ئێوە و خۆمدا بىَ رامانى جوانییەك وشەیەك دەمهێنێت و دەمبا
 كە من لە نێوان وەرزەكاندا بىَ پەلك و چرا دڵم دەبىَ بە خەڵوز حەرفێك دەمكا بە دەهبا
 هەرچى هەمە یارێك دەیخاتە دەریاو یارێك دەیخاتە دەفتەرێكەوە و یارێك دەیدا بە با
 من بە با وەردەبم و روحى باش دەرژێتە خوێنمەوە وەكئەوەى دەبوایە هەر لە سەرەتاوە لەوێبا
 
 ئیدى هێشتا تۆ خەیاڵ ناكەیت باى ئەو بەیانییە جەرگ و هەناوى من بێت
 بیرت لەوە نەكردۆتەوە روحى ئەو سپێدەیە تژى بێت لە بۆنى من
 بیر ناكەیتەوە غڕوبى ئەو ئێوارەیە پڕ بێت لە رەنگى من
 ناتوانى پێشبینى بكەیت گیانى ئەو شەوە پارچەیەك بێت لە بێدەنگى من
 
 كە من هەم و دەڵێم هەرگیز لە بەر برین هەڵنەستى
 ئەم بوون و ئەم مانە هەم زمان دەكاتەوە و هەم دەیبەستى
 تاوىَ بە دڵ ، تاوىَ بەسەر، تاوىَ بەرۆح، تاوىَ بە چاو
 تا مردنیش یەقین نابم عەشق درۆیە یانیش راستى
 
 تۆ نازانیت بەیانى ئیمیلەكەت دەكەیتەوە و سۆزىَ نیە دەستت بگرىَ و لە روحى عەشقدا بگەڕێیت و نامەیەكم بۆ بنووسیت.
 تۆ و ئەوانى دیش بیریان دێتەوە، دەبوایە دوێنىَ ئێوارە كە لەسە كار دەگەڕانەوە یەكێك مەسجێكى بۆ ناردبام و گووتباى:
 لەدەردى دڵى تۆ دەپرسم كە دڵت روحى دەردە
 لە دوورى تۆ دەپێچمەوە كە دووریت گیانى بەردە
 لەچاوت رادەمێنم،
 كە چاوت ئاوێنەى قوڵایى زمان و گیان و ئومێدە
 
 دەبوایە یەكێك دواى نووسینى شعرێكى زەنگێكى لێدابا و بىَ سڵاو گووتباى
 خۆم دەدەمە بەر هەتاو و دەزانم تۆ روحى رووناكى یەزدانى
 خۆم تەڕ دەكەم و دەزانم تۆ روحى بارانى
 خۆم فڕێدەدەمە ناو هەورەكان و دەزانم تۆ گیانى رەوانى
 وا دێمەوە و پێكەوە تا سەر مانگ پیاسە دەكەین و
 دەزانم تۆ روحى تریفە و روحى جوانى
 
 دەبوایە یەكێك دواى تەلەفۆنى خۆشەویستەكەى ئاگادراى كردبامەوە
 من لە نێو باخچەى عەشق و سینەم پڕە لە بۆنى ماچ
 خۆشەیستم، روحى رەها و رەهاى روحە
 بۆیە گیانە باكم نیە ، دەچمە سەر خاچ
 
 دەبوایە یەكێك دواى چا خواردنەوەى ئێواران بیرى هاتبایەوە خراپ نیە ئەگەر هەر بۆ هەوەس بڵێم چۆنى؟ دوا نووسینەكەت لەسەر رەشبینى گەیشتە كوىَ؟ دەزانم تۆ ناخۆیتەوە بەڵام دەڵێى چى بچین سەر و بیرەیىَ لە رێى سپیگرەوە بخۆینەوە؟
 
 دەزانم هەر یەكە و لە لاى خۆیەوە شتێك دەڵىَ
 مەراقێك دەخاتە دڵییەوە كە بۆچى لە دواۆژى تەمەنى مندا كاتى نەبوو سەرێكم لێدا
 بۆچى كاتى نەبوو هەر چ نەبێت زەنگێك و نامەیەك و ماچێكى لە دوورەوە بۆ ناردبام
 تف دەكەنە كاتەكان و گلەیى لە رۆژگار دەكەن
 هەروەكو من و ئێستا
 هەروەك من و دوێنىَ
 هەروەك من و پێرىَ و رۆژانى پێشووتر
 وەك هەفتەكانى رابردوو و مانگى رۆیشتوو و ساڵى پار و ساڵەكانى دوورتر
 تا دواتر تێدەگەن و بیرتان دەكەوێتەوە ئەوە ئێمەبووین ماناكانمان بە ژیان دەبەخشى
 ئەوە ئێمەبووین روحى ژیان و ژیانیش جگە لە روحى ئێمەوە شتێك نەبوو
 سڵاو ئەزیزانم سڵاو لە ئەقڵ و روحتان ، لە ساتەكانى كۆتایى ئەزیزێكتان
 
 
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.