Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
رووخساری لە خوێن خڵتاوی کەمالی سەید قادر دیمەنێک نییە، دیاردەیە

رووخساری لە خوێن خڵتاوی کەمالی سەید قادر دیمەنێک نییە، دیاردەیە

Closed
by July 22, 2013 گشتی

 

 

 

بڵاوبوونەوەی رووخساری خوێناویی “سەرۆکی ئاییندە” مان لە فەیسبووک و سایتەکاندا، ئەوەندەی دیمەنێکی ناوەکیی دڕدۆنگ و شەڕەنگێزی سیاسیی و جڤاکیی کوردستان نیشاندەدا، هێندەش دیمەنی ئەو ریکلامیی کاڵاییە نیشاندەدا کە دۆخی ئۆپۆزیسیونی دیگیتالیی، فەیسبووکیی ئاراستەی دەکا، تا ژیانمان بکات بە تشت و مەکێکی بزۆکانەی وەک خۆیەوە و حکوممان بکا. 

هەر بۆیە ئێمەی کورد، جا لەوێ بین یان لێرە، دەبێ هەمیشە لە راکردنێکی هانکە هانکدا بە دوای ئەو رووداوە عەنتیکەکانە، حیکایەتە تژی لە توند و تیژیی و کۆمیدیی/تراژیدییانەی کە وەک ریکلامی کاڵایەکان لە جڤاکی کوردستاندا پێشدێن. هەر لەو چەند حەفتەیەدا کە هێشتا حیکایەتی درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکایەتیی، دەبە راوەشاندن، فیکەی ناو لەفەی ئۆپۆزیسیۆن، رەخنە و رەخنەگرتن لە شل و خاوی ئۆپۆزیسیۆن، شین و واوەیلای سەفسەتێنراوی سووپایەک لە شاعیر و موفەکیر لەسەر کتێب سووتاندن، جوانەمەرگبوونی کیژێکی لاو لە شارەزوور بە ژەهری دووپشک و … تاد، لە راگەیاندنی بینراو و بیستراو و  ئۆپۆزیسیۆنە دیگیتالییەکانەوە هەڵاویان لێهەڵدەستا، کەچی دوێنێ کتوپڕ فەیسبووک و سایتە بەناو ئەهلیی و ئۆپۆزیسیۆنەکاندا بە نیشاندانی رووخسار و لەشی لە خوێن خڵتاو و شلەژاوی کەمالی سەید قادر، کە هەر دەتگوت لە بەرەی جەنگی رزگارکردنی کەرکوک لە دەست مادەی ١٤٠ بە برینداری گەڕاوتەوە و لە پارکی هەولێری پایتەختی کوردستاندا خەڵک پیشوازییان لێکردووە، وەک هەمیشەش هەروەک پێشهاتێکی سەیر بێ، دۆشداماویی کردین.

ئەوها ئێمەی شەحنکراو بە ریکلامی دیگیتالیی لە دۆخی دەستەڵاتی ئاڵوودە بە دەستەڵات کۆمەڵگەی مرڤکوژ و ئۆپۆزیسیۆنی بە وشە چەکداری گیڤارایی فەیسبووکییەوە، بووین بە وشەگەلێکی ریکلامیی و هەر رۆژە و بە گوێرەی رووداوەکان، وەک ریکلامی کاڵای کۆمپانیایەکان، ئەو وشانە لەسەر پێشهات و حیکایەتی دووبارەی کۆمپانیایە توند و تیژ بەرهەمهێنەکانی دەستەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، دووپاتەیان دەکەینەوە. 

لەم رۆژگارەی ئەمڕۆدا کە لە هەمبەر دەستەڵات و حەشاماتی کورد زارقەڵەباڵغییەکی زۆر لەسەر مافی مرۆڤ، ئازادیی، قانوون، دینۆکراسیی، دیمۆکراسیی و … تاد دەکرێت، هەقە  هەر مرۆڤێک کە کەمێک خەسڵەتی مرۆڤانەی تێدا مابێت، وێڕای ئەوەی کە ئێمە چۆن کەمالی سەید قادر دەبینین و دەناسین، بەو سووکایەتیکردن و هەتکردنەی رازی نەبین، تا دەست بە سۆزی مرۆڤانەمانەوە بگرین. چونکە ئەو دیاردەی هەتکردنەی مرۆڤ لە کوردستاندا هەر تەنێ دیمەنێکی دەگمەن و کردەیەکی تێپەڕیوو نییە کە بە رێککەوت بە دژی کەمال سەید قادر دا کرا بیت، بەڵکو دەبێ ئەو دیاردەی هەتکردن، داپڵۆسین، گەلەکۆمەکێیەی کە لە لایەن ئەو گاڕانە لە مرۆڤەی کوردستان ئەنجامیان دا، جا ئەوانە هاووڵاتی ئاسایی بن یان سەر بە پارتی بن یانیش سەر بە هەر لایەنێک بن کە بەرانبەر بە کەمالی سەید قادر یان کەسە بێکەسەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، وەک لتوور و ئەخلاقێکی باڵادەستی دزێو و کرمیی لە هەناوی دەستەڵات و مرۆڤی جڤاکی کوردستان فامی بکەین. 

ئەوە تەنێ پەنجا کەسی خوێنسارد و ترسنۆک نین کە لە هەولێردا کەمالی سەید قادرییان هەتکردووە و راگەیاندنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و فەسیبووک و سایتەکانیش بۆ بازاڕ بە هەڕمێنکردنی خۆیان نیشانیبدەن، بەڵکو ئەو گەلەکۆمەکییە رووحێکی باڵادەستە و لە جڤاکی کوردستاندا لە هەڵکشاندایە. ئەو هێزەی کە ئەو ئەخلاقە داڕزیوە دەجۆشێنێ، ئەو دۆخە سیاسییە تووند و تیژ بەرهەمهێن، هەوەسە سێکس ئاساییەی ئابووریی و ریکلامییەیە کە جڤاکی کوردستان ئارستە دەکەن.

من خۆم لەو جۆرە کەسانە نیم کە بە هۆی مەیلی دەستەڵات یان هاوسۆزیم لەگەڵ هێزێکی داهێزراو کە ناوی ئۆپۆزیسۆنە، سۆزی خۆم بۆ ئەو دیمەنە دڵهەژێنەی کەمال سەید قادر نیشانبدەم. نەخێر، لە کن گەرەکە ئەو جۆرە مرۆڤە وەک ژیانێکی پلورال، فرەرەنگیی و دەنگیی ببینرێت. چونکە دیمۆکراتی هەر دەستەواژەیەک نییە کە ئێمە چۆنمان بوێ بە دژی ئەو کەسانە بەکاری بهێنین کە بە دڵی دەستەڵاتدارەکەی ئێمە نییە، بەڵکو دیمۆکراتی مانای  کۆی دەنگە جیاوەزەکانی خەڵکە.  دیمۆکراتی ئەوکاتە زینووە کە مرۆڤە پلیشاوەکان، هەژارەکان، “شێت” و نەزان و نەدارەکان و … تاد، وەک مافێک، رووبەڕووی ئەو دەستەڵاتدار و نووسەرە تەڵەکەبازانە ببنەوە کە درۆیان لەگەڵییان کردووە و بێئومێدییان کردوون.  

جێگەی سەرنجە ئەو پۆپۆلیستییە سیاسییەی کە لەلایەن سیاسیی و نووسەرە سیاسییەکاندا هەیە، ئاکارێکی جیهانیی سیاسییە، کە ئەمەش مۆرالی نیولیبرالیزمی باڵادەستە بەسەر دۆخی سیاسەتی جیهاندا.  مەیلی من لە خوێنتاڵکردنی ئەو دۆخە سیاسییە نیولیبرالیزمە، بازاڕخوازە گشتگری نییە، بەڵکو جەغتکردنەوەیە لە قەبووڵکردنی فرەڕەنگیی و دەنگییە  کە کرۆکی دەستەواژەی دیمۆکراتی هەلگرییەتی؛ واتا گەرەکە دەنگی راستینەی خەڵک ئامادەیی هەبێت.  هێ لە قەبووڵکردنی فرەدەنگیی و ررەنگیی، دیمۆکراتیی دەبێ بە چەمکێکی ساختە.  نەبوونی دەنگی جیاواز و هێزی بەرهەڵستکاریی، مانای نەبوونی بەهای خەڵکە کە دیموکراتی هەناسەی ژیانی خۆی لێیوە هەڵدەمژێ. کاتێک دیمۆکراتی لە لایەن سیاسەتکار و نووسەری مەیل دەستەڵاتخواز دیمۆکراسی لە زارقەڵەباڵغی کورتدەکاتەوە، ئەوکاتە رێک دیمۆکراتی چەواشە دەکرێ.  سازان، هاریکاریی، ئاڵۆگۆڕی رای جیاواز، وێڕای ئەوەی ئەو رایانە بە دژی خواستەکانی ئێمەش بن، گەوهەری دەیمۆکراتییە. ئێتکی دیمۆکراتی جۆرێکە لە بەخشندەیی، بوونی توانای لێبووردەیی و رەخنە قەبووڵکردن و را گۆڕینەوەیە، رێگەدانە بەویتری کە خەونەکانی بە کردە بکا.  هەروەک دیمۆکراتی مانای ئەوە نییە دەستەڵاتدار یان سیاسییەک بە ناوی دەنگی شەقام و خەڵکەوە قسە بکا، بەڵکو مانای دیمۆکراتی ئەوەیە کە کە خەڵک خۆیی لە شەقام، پارکی هەولێر و سەرای ئازادیی و گۆرەپانەکان بە دڵی خۆیان نوێنەرایەتی خۆیان بکەن.

 

بۆیە گاڵتەجاڕییەکە ئەوەیە، کە پێڕێک لە نوێنەری دەستەڵاتدار و قسەنووس دەخوازن بەوە کەمال سەید قادر بچووک بکەنەوە، کە گوایە حەزی لە خۆ دەرخستن و دەستەڵاتە یان شێتە و دەبێ رێگەی پێنەدرێت قسە بکا. بەڵام ئەگەر دیاردەی نەخۆشی بە دەستهێنانی پاشگر و پاشگری “دکتۆر”، “دختۆر”، “مامۆستا”، “نووسەر و شاعیر و رۆماننووس و هونەرمەندی گەورەی گەلەکەمان”، ” دەستەڵات”، “دەوڵەمەند”، “دەرکەوتن”، پەرلەمانتاریی  و … تاد ، وەک هەوەسێکی سێکیسیی ئاڵوودە، هەناوی پێڕک لە سیاستکاری دەستەڵاتدار، نووسەر، هونەرمەند، دووکانداری مەندەنیی و … تاد جڵەو کرد بێت، کەواتە بۆ مەیلی دکتۆر کەمالی سەید قادریش بۆ مەیلی دەستەڵات و دەرکەوتن و ناوداریی بە رەوا نەبینرێن؟ نەخۆشیی و شێتی کەمال سەید قادر بۆ دەرکەوتن و دەستەڵاتداریی  هەر تەنێ نەخۆشییەکی دەراوێتە، نائاسایی کەمالی سەید قادر نییە، بەڵکو نەخۆشییەکی بکوژە و  کۆی نووسەر و سیاسیی و تشتدارەکانی کوردستانی خەوزڕاو کردووە. 

مرۆڤ لە دەستەڵاتێک یان خەڵکانێکی سەر بە پارتە دەستەڵاتەکان تێدا دەمێنێ کە هێندە بە زۆرینەی جەماوەر و دەستەڵاتداریی خۆیانەوە دەنازن،  کە چۆن شەرم ناکەن قسە و رەفتارەکانی کەسێکی وەک کەمالی سەید قادری بێکەس یان، بە قەولی خۆیان شێت و سەرخۆش، هەراسانی کردوون!

پۆلیس چۆن شەرم لەوە  ناکا تاوانی سەرخۆشیی و کفرکردن بداتە پاڵ کەسێک کە خڵتانی خوێن کراوە!  دەستەڵاتێکی هەرێمیی کە خۆی بە خاوەن قانوون و ئازاد و بەهاریی دەزانێ، چۆن دەکرێ بەرپرسی پۆلیسەکەی بێ پشکنین و بەڵگە، رێگە بە خۆی بدا بە گۆترە نابەرپرسیارانە بە گوێرەی قسەی خەڵک ئەو تۆمەتە بخاتە پاڵ کەسێک کە گوایە دەبێتە سەرۆکی داهاتووی کوردستان!

ئەوەی کە وا دەکا  کەمالی سەید قادرم لە کن رووح سووک بێت سیاسەتزانیی و ئازایەتی ئەو نییە، بەڵکو ئەو سروشتە خۆڕسکە یان ، کە بە هەر هۆیەک بێت، ئەو تەرزە خەسڵەتە لە ئەنارشییەتە، یان سەرکێشییە دەشتەکییە دڵسافییەی ئەوە. مرۆڤ هەقە، وەک دیاردەیەکی خۆش و نەوازە، لەناو ئەو هەموو ئەتێکێتە ساختەیەی لە کن دکتۆر و دۆختۆر و سیاسیی و نووسەرە بۆینباغ لە ملەکانی جڤاکی ئێمەدا هەن، بە بوونی دیاردەی ئەوها خەنی خۆش بێت، تا لەو دۆخە داهێزراو و دەغەزارە نەریتگرەی کوردستاندا، کەمێک هەناسە بدا. سەرنجڕاکێشی  کەمالی سەید قادر لەوەدەیە، حەز دەکا سنوورەکانی ترس و ئازار تاقی بکاتەوە، بەمەش خۆی وەک فریادڕەسێکی دیمۆکراسی و ئازادیی نیشاندەدا. بوونی ئەو تەرزە رەفتارە لە جڤاکی کوردستاندا، ریشەیەکی سیاسیی، جڤاکیی و کولتووری هەیە. ئەمڕۆ لەو دۆخە ئاڵۆزکاوەی کوردستاندا کە باڵادەستی هەوەسی پەیوەندییەکانی نێوان ئابووریی و دەستەڵات کۆی بەهایەکانی ئاواکردووە، وایانکردووە ئەو تەرزە مرۆڤانە وەک کردەیەک لە  ئازایەتیی ببینرێن.   

ماوەتەوە بێژم، خۆشی لەوەیە، ئاپۆڕەیەک لە ئۆپۆزیسیۆنی فەیسبووکی هەن، کە رۆژانە بە حەماسێکی حەمامییەوە داوا لە خەڵکی کوردستان و بە تایبەتی هەولێریش دەکەن، بێنە سەر شەقام و گولۆپی بەر دەرگەی دەستەڵاتی حکومەتی پارتی بشکێنن، کەچی خۆشیان کە دەچنەوە کوردستان نەک هەر ناوێرن سەردانی هەولێر بکەن و  پیاسەیەکی خێرا بە بەر دەگەی دەستەڵاتدا بکەن، تاکوو هەرنا کەمێک حەماسی حەمامییان کپ بێتەوە، بەڵکو لە شارەکانی دوور لە هەولێریش ناوێرن لای هەموو کەس باسی دەستەلاتی پارتی بکەن، نەوەک پارتی بیانگرێت. بەڕاست، نووسەر و چاڵاکی مەدەنیی و ئەکادیمیی و ئۆپۆزیسیۆنی فەیسبووکیی ئەوها زارقەڵەباڵغی عەنتیکە و عەجایب لە ناو کورددا نەبێ، لە هیچ شوێنێکی ئەو جیهانەدا هەیە؟!

 

هەندرێن/ ٢٠١٣.٧٢٠:

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.