Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
رۆشنبیرو ئایین* …. تاهیر رەحیم

رۆشنبیرو ئایین* …. تاهیر رەحیم

Closed
by April 20, 2013 گشتی

 

 

 

 

یەکێک لە کێشە هەرەگەورەکانی کۆمەڵگای ئێمە، بەکارهێنایی ئایینە  لەبەرژەوەندی پیاوانی سیاسی یان بەشێک لە پیاوانی ئایینی . بەسیاسیکردنی ئایین بەواتایی بەکارهێنانی ئایین لەپێناوی حزبێکدا وەیان بەسیاسیکردنی ئایین لەلایەن پیاوانی ئایینەوە. مەترسیدارترینیان هەوڵدانە بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئایینی. ئەم تێکەڵاوکردنە دەبێتە هۆی ناشیرنکردنی ئایین لەلایەک و جەواشەکردنی سیاسەت لەلایەکی تر .

 تێکەڵاونەکردنی ئاین لەگەل دەسەڵات، رێگە لەبوونی ئیسلامی سیاسی ناگرێت لەبەشداریکردن لە ئاڵوگۆڕی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی.. بە پێچەوانە  دەتوانێت لەووڵاتێکی سکۆلاردا  لە دەسەڵات بەشدار بێت. هەروەکو حزبی ئیسلامی دادوگەشەپێدان لە تورکیا یان  پارتی یەکێتی دیموکراتی مەسیحی لە ئەڵمانیا، کە لە لوتکەی دەسەڵاتن. بەمەرجێک دەستکاری مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی ژن و پیاو بنەما سەرکیەکانی دیموکراتی نەکات. لە رابردوودا لە کۆمەڵگای  ئێمە، پێش ئەوەی ئایین بۆ مەرامی سیاسی بەکارهێنرابێت . پیاوانی ئایینی شاعیر بوون. زۆربەی شیعری شاعیرانیان لەبەربوو . لە دوای نوێژو خواپەرستی لە مزگەوت  کۆڕیان دەبەست وشیعرکانی ناڵی و مەولەوی و حاجی قادرو پیرەمێردو شێخ رەزا وعومەر خیام….. یان دەخوێندەوە، وەکو ئەم هۆنراوەیەیی حاجی قادر کە دەڵێ: {هەر منم ئێستە وارسی عیسا…. بێ کوڕو ماڵ و بێ ژن و مەئوا}. بێئەوەی  هیچ ئیماندرێک بڵێت ئەمە کوفرە!. چونکە مەلاکان لەرابردوودا، تەنها پەرتووکی ئایینیان نەدەخوێندەوە ، بەڵکو لە هەمانکاتدا بەزانیاری وهۆنراوە سەرقاڵ بوون. هەرلەبەر ئەمە ئەم توندوتیژییەی ئایین ئێستا لەناوکۆمەڵگاکەماندا هەیە لەڕابردوودا بەم جۆرە نەبوو. رێزگرتن لە رای بەرامبەرو جیاوز زیاتر بوو. ئێستا نەک پیاوانی ئایینی بەڵکو ئەندامانی حزبە ئیسلامیەکان پاڵەپەستۆیەکی کۆمەڵایەتی و دەروونی دەخەنە سەر تاکەکانی ناو کۆمەڵگا بۆ ئەوەی خواپەرستی بسەپێنن، نەک لە پێناوی ئایین بەڵکو لە پێناوی حزبەکەیاندا. بانگخوازی ئیسلامی ئەویش پیشەیەکی نوێێە  لەکودستان، لەپێناوی دەسکەوتی مادەی پانتایی بیری سەربەست و دیالۆگیان  تەسککردووەتەوە.

کێشە لە ئایین نییە، بەڵکو کێشە لە چۆنێتی بەکارهێنانی ئایینە . ئایین دەتوانرێت لە خزمەتی خەڵکی هەژار یارمەتی لێقەوماوان بدات. لە کاتی کاراساتی سروستی وەکو لافاو و بومەلەرزە یان کارەساتی مرۆیی وەکو جەنگ، سوودی لێوەرگیرێ. تەنانەت دەتوانرێت بۆ ژینگەپارێزی بەکار بهێنرێت وەکو سوورەتی ئەعراف ئایەتی٣١ { لا تسرفوا انە اللە لایحب المسرفین }بەواتای زیادەڕەوی لە خواردنەوە وە خواردن مەکەن، خوائەوکەسانەی خۆشناوێت زیادەڕەوی دەکات. یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە بەرماوەی خواردنە فڕیدەراوەکانە  . پیاوانی ئایینی  بۆ ئەم ئامانجە دەوانن سوودی لێوەرگرن.

ئەرکی رۆشنبیر قسەکردنە لەرێکخستنەوەی ئەم پەیوەندییە بۆ ئەوەی هەردووکیان  سیاسەت و ئایین لە جێگای خۆیدا دابنێت. لەو جێگاییەی کە پێویستە رۆڵی تێدا ببینێت. رۆشنبیر دەنگی ئەو خەڵکەیە کە ببێدەنگن لەم  تێکەڵاوییە و چەواشەکاریەکان   بەئاسای بەسەریاندا تێدەپەڕێت . رۆشنبیر ئەرکی تەنها ئەوە نییە رەخنە بگرێ بەڵکو پێویستە هەر شتێکی نوێ هەیە لە دونیای مۆدێرندا بیخاتە بەردەست. گەورترین کێشەی رۆشنبیرانی ئێمە ئەوەیە، لە جیاکردنەوەی ئایین لەدەسەڵات  یەکریزنین،. ئەمە تەنها ئەرکی رۆشنبیری کۆمۆنیست و رۆشنبیری سەربەخۆ نییە، ئەم داواییە بکات. بەڵکو دەبێت رۆشنبیرانی ئیماندار بەشداربن گەردەیانەوێت ئایینەکەیان نەکەوێتە ژێررەخنەو پرسیار، گەر دەیانەوێت پیرۆزی ئایین راگرن. پێویستە بێنە ئەم ریزەوە بەم داوایە رازیبن.

هەروەها ئەو رۆشنبیرانەی لە ناو حزبە ناسیۆنالیستەکاندا کار دەکەن، بێنە ناو ئەم هەڵمەتەوە. نەک لەوکاتەی پیاوێکی ئایینی لە وتاری هەینیدا، رەخنە یان سوکایەتی لە حزبەکەی دەگرێ دژایەتیبکات بەڵام کاتێک سوکایەتی  بەژن وبەهاکانی نەتەوەدەکات، بێدەنگی هەڵبژێرێت! رۆشنبیر بۆی هەیە سیاسەت بکات بەڵام رۆشنبیر نابێت ببێتە پیاوی حزبەکەی ، حزبەکەی چۆنی ویست، چۆن لەبەرژەوەندی حزب بێت بەوشێوەیە ئاراستەی بکات. 

ئەمرۆ  رۆشنبیر ئەرکێکی نەتەوەیی و ئەرکێکی  ئینسانی کەوتوەتە سەر کە بەشدار بێت لە هەڵمەتی داواکردنی جیاکردنەوەی ئایین لە دەسەڵات . رۆژانە لە مینبەری مزگەوتەکانەوە بەناوی ئایینەوە سوکایەتی بەمافی مرۆڤ دەکرێ، سوکایەتی بەژن دەکرێ ، بەرنامە لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن رادەگرن ، چونکە ویستویەتی وەکو کەناڵەکانی هەر کۆمەڵگایەکی مۆدێرن  ئەو پرسیارانە بورژێنێت کە تاوەکو ئێستا قەدەغەبووەو وەڵامنەدراوەتە . دراماکان دەوستێنن لەبەر ئەوەی تەنها پیاوێکی ئایینی لەو درامایە وەکو ساختەچی دەرەکەوتووە. 

کوردستان هەروەکو سەردەمی رێننساز، رۆشنبیری ئازو بوێری دەوێت لەلایەک دژ بە ئەفسانەی ئایین بێت، لەلایەکی ترەوە بەراشکاوی داوی جیاکردنەوەی ئایین لە دەسەڵات بکات. پێوستە ئەم داواکارییە ببێتە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی هەروەکو هەربزووتنەوەیەکی تر  کەدەیەوێت ئاڵوگۆڕ لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بکات . هەموو ئەو ئامرازانە وەکو  خۆپێشاندان و مانگرتن، کۆر، کۆکردنەوەی واژوو  بۆ بەدیهێنانی  ئەو ئامانجە بەکاربهێنێت. لەسەر مەترسی تێکەڵاکردنی ئایین لەگەل دەسەڵات سیمنارولێکۆڵینەوە بکات.

لە زۆر وڵاتدا جیاکردنەوەی ئایین لە دەسەڵات بەدیهاتووە، ئایینەکان لەوانە ئیسلام  بە ئازادی رێوڕەسمی ئایینی خۆی پیادەدەکات. لەهەندێک لەووڵاتانە بوەتە مۆڵگەی ئیسلامی سیاسی، لە کاتێکدا لە وڵاتە ئیسلامیەکان ئازدیان نییە ،لە کوردستان  هەندێک هەنگاوی فکری نراوە  بەڵام هێشتا لەسەرەتایە  …

 

 لە هاوڵاتی و ماڵپەڕی هاوڵاتی 20/4/2013 بڵاوبوەتەوە* 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.