Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
رۆشنبیریی مـنداڵان ـــ  رەزا شوان

رۆشنبیریی مـنداڵان ـــ رەزا شوان

Closed

 

 

                                           

وشەی ( رۆشنبیری ) لە زمانی شیرینی کوردیماندا ، هاومانای وشەی ( کولتوور )ه لە زمانەکانی ئەوروپادا .
شارەزایانی بواری زمان دەڵێن : ” رۆشنبیری ، بریتییە لە زەینتیژی و ، زیرەکی و ، بلیمەتی و ، زۆرزانی و ، دانەمان ” .
وەکو زاراوەش ، رۆشنبیری بریتییە لە شارەزایی گشتی لە زانست و زانیاری و ، لە هونەر و ، لە کەلەپوور و ، لە شێوازی باوی ژیان و ، لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و ، لە چاکسازی و لە گۆڕانکارییەکانی سەردەم .
رۆشنبیری ، بەرهەمی ساڵێک و دوو ساڵ نییە ، بەڵکو بەرهەمی کۆشس و چالاکییە هەميشەییە لێکدانەبڕاوەکانی مرۆڤە ، کە بە درێژایی قۆناغەکانی مێژوو .. نەوە لە دوای نەوە بۆ یەکتریان گواستۆتەوە .. هەر نەوەیەکیش کومەڵێک دەستکاریان کردووە و کۆمەڵێک شتیان لە رۆشنبیریی نەوەی پێش خۆیان لابردووە و ، کۆمەڵێک بابەتی تازەی پەسەند و پێویستی تریان خستۆتە سەری و .. بەرگێکی نوێیان لەبەرکردووە .
بنیاتنانی رۆشنبیری لە بنیاتنی قەڵایەکی بەرز دەچێت ، کە هەر بەردێکی بۆ زیاد بکرێ قەڵاکە بەرزتر دەبێ و ، هەر بەردێکیش لەو بەردانە ، شوێنێکی گرنگیان لە قەڵاکەدا هەیە .. هەر بەم شێوەیەش قەڵای رۆشنبیری ، بە چین لەسەر چینی رۆشنبیری ، بەرز بۆتەوە ، تا زانست و زانیاریی زیاتری بخەینە سەر بەرزتر و بەرزتر دەبێتەوە .. قەڵای رۆشنبیری ، قەڵایەکی بەردین نییە ، قەڵایەکی بنیاتنراوە لە زانست و زانیاری و ،  لە هونەر و ، لە رۆشنبییریی گشتی ، کە زادەی بیر و ئەندێشەی رۆشنبیرانە .
هەردەميش رێز لەو راستییە دەگرین ، کە ئەمڕۆمان لەسەر پەرگەمای دوێنێمان چنراوە .. سبەینێشمان درێژەدەری ئەمڕۆمان دەبێت .. بەڵام نە ئەمڕۆمان وەکو دوێنێمانە و .. نە سبەینێشمان وەکو ئەمڕۆمان دەبێت .. چونکە مرۆڤ هەردەم چاوی بڕیوەتە بەرهەم و وەدەستهێنانی  زیاتر و باشتر و تازەتر و مۆدێرتر .. گەر وا نەبوایە ژیان دەچەقی و گۆڕانکاری و داهێنان نە دەهاتنە کایەوە .. چەقین و وەستانیش مردن و کۆتاییە .
هەر رۆشنبیرییە ، مرۆڤی لە ئاژەڵەکانی تر جیاکردۆتەوە .. ئاژەڵەکان لە بوونیانەوە لەسەر زەوی و لە ناو ئاودا ، تا ئەمڕۆ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە ژیان و گوزەرانیاندا روویان نەداوە ، کە شایەنی باسکردن بن .. بەڵام مرۆڤ بە بیرکردنەوە و بە هەوڵ و کۆششی لە شۆڕشێکی پێشکەوتن و داهێنانی هەميشەییدایە .. بۆ باشکردنی ژیانی و ، خۆشترکردنی گوزەرانی ، بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی و ئاسانکاری لە شیواز و رێبازی ژیانیدا .. بۆیە مرۆڤ بە ( گیانەوەرێکی رۆشنبیر ) ناودەبرێت .
هەر کۆمەڵگەیەکیش ، خاوەنی رۆشنبیریی خۆیەتی و ، جیاوازە لەگەڵ رۆشنبیریی کۆمەڵگەیەکی تر . ئەم جیاوازییەش بۆ جیاوازی لە نێوان توخم و رەچەڵەکی نێوان مرۆڤەکانی کۆمەڵگەکە ناگەڕێتەوە ، بەڵکو بۆ زیادی و کەمی لە چەند و لە چۆنییەتی رۆشنبیری دەگەڕێتەوە .. بۆ شێواز و گواستنەوەی رۆشنبیری لە هەر کۆمەڵگەیەکدا  بۆ نەوەی دوای خۆی دەگەڕێتەوە .. بەڵام سەرەڕای ئەم جیاوازییانەش ، لە ئەمڕۆدا بە هۆی جیهانگیری و ، پەیوەندی و لە یەک نزیک بوونە .. کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش و لە یەکچوونی رۆشنبیری لە نێو گەلاندا هەن .. جیاوازییەکانیش تا دێت کەمتر دەبنەوە .
رۆشنبیری بە گشتی ، بریتییە لە فێربوون و ، لە وەدەستهێنانی زانست و زانیاریی هەمەچەشنە و ، شارەزایی مرۆڤ لە بارەی شێوەی ژیان و ، لە بیر و باوەڕ و ، لە هەست و نەست و ، لە ئاراستە و ئایدۆلۆژیی مرۆڤ ، لە وەرگرتن و لە بەخشین .
کە دەڵێین : فڵانە کەس رۆشنبیرێکی شارەزا و بە توانا و باڵادەستە . واتا شارەزای بواری زانست و زانیاری و ئەدەب و هونەر و لایەنەکانی تری ژیانە .. ئاگای لە گۆڕان و تازەگەری و پێشکەوتن و داهێنان هەیە .. دەتوانێت بە جوانی و دروستی گوزارشت لە را و بۆچوونەکانی خۆی بکات و ، تاوتۆیی بارودۆخەکان بکات و ، تا رادەیەکیش توانای بۆچوون و پێشبینی کردنی لە گۆڕان و رووداوەکانی داهاتوودا هەبێت .. ئەمانە و کۆمەڵێک پێوەری رۆشنبیریی تر هەن،  بۆ دانان بە ڕۆشنبیریی هەر کەسێکدا .  
بابەتی رۆشنبیری گشتی ، بابەتێکی فراوان و بەربڵاوە .. باسکردن و شیکردنەوەی ، بە قووڵی و تەسەلی ، کاری شارەزا و تۆژێنەر و پسپۆرانی ئەم بوارەیە .
من لە رێی ئەم کورتە پێشەکییەی سەرەوە .. ویستم بێمە سەر باسی رۆشنبیریی منداڵان .. کە بە کورتی و چڕی سەرنجی خۆم لەم بارەیەوە دەخەمەڕوو .

لەم روانگەیەوە کە ، ( منـداڵان بەشێکن لە ئەمـڕۆ و .. هەمـوو ئایـندەشن .. )
قۆناغی منداڵی ، گرنگترین و ، ناسکترین و ، هەستیارترین قۆناغە ، لە دروستکردنی کەسایەتی منداڵدا .. زۆربەی تۆژێنەران و دەروونناسانی منداڵان ، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە ، کە پێنج ساڵی یەکەمی تەمەنی ژیانی منداڵ ، بە پیترین و گرنگترین قۆناغی منداڵییە .. هەر لەم قۆناغەدا سیماکانی کەسایەتی منداڵ دەردەکەون و ، پێشبینی چۆن کەسایەتییەکی داهاتووی لێدەکرێت .
شایانی باسیشە ، لە ئەمڕۆدا پەروەردە بریتی نییە ، لە تەنها فێرکردنی زانست و زانیاری .. بەڵکو ئەم سنوورەی تێپەڕاندووە و ، هەموو ئەو لایەنانە دەگرێتەوە ، کە پەیوەندیان بە ژیانی منداڵەوە هەیە .. بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بەرز بێتەدی کە پەروەردە خوازیارێتی .. لەم رووەوە ، جۆن دێوی دەڵێ : ” منداڵ ئەو خۆرەیە ، کە هەموو دامودەزگا پەروەردەییەکان ، بە دەوریدا دەسووڕێنەوە .. ” ، هەروەها سیمۆنز دەڵێ : ” پەروەردەکردنی منداڵ ، بیست ساڵ بەر لە دایکبوونی دەست پێدەکات .. ” مەبەستی سیمۆنز ، لە پەروەردەکردنی دایک و باوکی منداڵە ، کاتێ کە ئەوان منداڵ بوون و پەروەردە  کران ، ئێستاش نۆرەی ئەوانە کە منداڵەکانیان پەروەردە بکەن .

بەداخەوە  ، بە رادەی ئەو گرنگییەی قۆناغی منداڵی ، وەکو پێویست ئاوڕێکی تەواو لە منداڵان نەدراوەتەوە .. تا ئەمڕۆش لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا ، بەشێکی زۆری منداڵان لە مافەکانیان بێبەشن و پێداویستییەکانی گەشەکردن و پێشکەوتن و ژیانێکی ئاساییان بۆ دابین نەکردوون .. بە هەژاری و کوێرەوەری و هەناسەساردی دەژین .

رۆشنبیریی منداڵان ، بەشێکی گرنگە لە رۆشنبیری گشتی .. بەڵام رۆشنبیریی منداڵان تایبەتمەندی خۆی هەیە ، چونکە منداڵان لە رووی جەستەیی و بیر و هۆشەوە ، توانا و ئاستێکی دیاریکراویان هەیە .. منداڵان خاوەنی فەرهەنگی زمانی ساکاری خۆیانن .. شێوازێکی تایبەتیی خۆیان هەیە لە گوزارشتکردن و دەربڕینی هەست و سۆزیان .. رێگای خۆیان هەیە بۆ وەدەستهێنانی پێداویستیەکانیان .. بە کورتی ئەوان خاوەنی جیهانی تایبەتیی خۆیانن ، کە لەگەڵ جیهانی گەورەکاندا جیاوازی هەیە.

رۆشنبیریی منداڵان ، بریتییە لە تێکەڵەیەک لەو شتانەی کە لە دایک و باوک و لە خێزانەکانیانەوە  ، یا لە باخچەی ساوایان و قوتابخانەکانیانەوە  وەری دەگرن ، لەو داب و نەریتەی پێیان دەگا و چاوی لێدەکەن ، لەو زانست و زانیارییانەی وەری دەگرن ، لە کارتێکردنی هونەر ، لەو شتانەی کە باوەڕیان پێی هەیە ، لە سەرنج و تێڕوانین و ، لە تاقیکردنەوەکانی ژیانی خۆێان .
رۆشنبیریی منداڵان ، گرنگترین شیواز و کۆڵەکەی پەروەردەییە ، بۆ گەشەکردن و پێشخستنی بیر و ئەندێشەی منداڵان ، بۆ ورووژاندنی تواناکانی ناخی دەروونیان .
بەپێی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵی ، رۆشنبیریی منداڵان ، لقی لێدەبێتەوە و ، بێگومان ئاستی رۆشنبیریی منداڵێکی تەمەن پێنج و شەش ساڵان ، وەکو ئاستی رۆشنبیریی منداڵێکی تەمەن نۆ و دە ساڵان نییە .. چونکە جیاوازییان لە تەمەن و جەستە و لە بیر ئەندێشە و ، لە زماندا هەیە .. جیاوازیان لە توانای فێربوون و وەرگرتن و بەخشیندا هەیە .. جیاوازیان لە دەربڕین و گوزارشتکردندا هەیە .. کەواتە ئاستی رۆشنبیریشیان لەگەڵ تەمەنەکانیادا دەگونجێت .
ئەمڕۆ گەلە پێشکەوتووەکان و تازەگەشەکردووەکان ، بایەخێکی زۆر بە رۆشنبیریی منداڵان دەدەن ، چونکە لەو راستییە دڵنیان ، کە هیوا و ئامانج و خواستەکانیان و ، دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی شیاوتر ، لە سایەی پەروەردەکردن و رۆشنبیریکردنی دروستی منداڵانی ئەمڕۆدا دێنە دی .. منداڵانی ئەمڕۆن دەبنە بەڕێوەبەری دەهاتوو .
بۆ دەستەبەرکردنی ئینتیمای منداڵان ، بۆ بەهێزکردنی گیانی بەرپرسێتیان ، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی دروست و باش لەگەڵ ئەم سەردەمە جەنجاڵەدا ، هەڵبکەن و دەربەرن ، بۆ ئەوەی بۆ ئایندەیەکی گەشتر و باشتر ئامادەبکرێن .. پێویستە پێداویستییەکانی گەشەکردن و پێشکەوتنی توانا و بەهرە و ئارەزووەکانیان بۆ دابین بکەین .. بە چاوێکی پڕ لە رێزەوە لە هەوڵ و چالاکییەکانیان بڕوانین .. هەمیشە پاڵپشت وهاندەریان بین و ،خۆشەویستیی خۆمانیان پێ ببەخشین .
دەبێ ئەوەش لەبەرچاوبگرین ، کە منداڵانی ئەمڕۆ ، منداڵانی سەدەی بیستەمی رابردوو نین .. منداڵانی ئەمڕۆ لە سایەی پێشکەوتن و داهێنانی سەیر و سەمەرەی تەکنۆلۆژیای تازەوە .. بە هۆی زۆربوونی میدیا و کتێبی رەنگاوڕەنگەوە .. بە هۆی ئینتەرنێتەوە .. رۆشنبیرتر ، زۆرزانتر ، چاوکراوەتر بوونە .. ئاسۆی بیر و ئەندێشەیان رووناکتر و فراوانتر بووە .. فەرهەنگی وشە و زمانیان دەوڵەمەنتر بووە .. پێداویستییەکانیان زیاتر بوونە .. خەون و هیواکانیان گەورەتر بوونە .. بۆیە پێویستە گۆڕانکاری لە شێواز و لە رێباز و لە هۆکانی پەروەردەکردن و رۆشنبیریکردنی منداڵان بکرێن .. منداڵان تا رۆشنبیرتربن ، زانیاری و زانستی زیاتر وەردەگرن و ، باشتر گوزارشت لە هزر و لە ناخی خۆیان دەکەن و ، زیاتریشمان پێ دەبەخشن .

ئەگەرچی چاودێریکردن و بایەخدان و هاندان و رۆشنبیریکردنی منداڵان ، ئەرکێکی گشتییە و ، لە ئەستۆی هەموو لایەنەکاندایە .. بەڵام چوارلایەن هەن کە گەورەترین لایەنی بەرپرسن و ، زیاتر کاریگەرییان لە پەروەردەکردن و ، لە رۆشنبیریکردنی  منداڵاندا هەیە .. ئەم چوار لایەنەش : خێزان ، قوتابخانە ، میدیا و راگەیاندن ، ژینگەی کۆمەڵایەتی  .. چونکە منداڵان ، قۆناغی منداڵییان لە سایەی ئەم لایەنانە بەسەردەبەن .. بۆیە هەریەکەش لەم لایەنانە شوێن پەنجەیان لە پەروەردەکردن و رۆشنبیریکردنی منداڵاندا دیارە و .. رەنگدانەوەی راستەوخۆیان لە رەوشت و رەفتار و هەڵسوکەوت و ، لە بیرو بۆچوون و ، لە ڕێڕەوی ژیانی ئەمڕۆ و ، لە داهاتووی منداڵاندا هەیە .

وڵاتە پێشکەوتووەکان ، بەر لە منداڵ بوون ، زۆر بایەخ بە رۆشنبیریکردنی دایکان و باوکان دەدەن ، تا بتوانن منداڵی رۆشنبیر و تەندروست پێبگەیەنن .. ئەلبێرت هۆبارد دەڵێ : ” ئەگەر دەتەوێ منداڵی ژیر و زرنگت هەبێت ، زانا و رۆشنبیربە .. ”

                     گرنگترین کۆڵەکەکانی رۆشنبیریی منداڵان

یەکەم : خێزان ، خێزان بناغەی پێکهێنانی کۆمەڵە .. خێزان ، بە یەکەمین و گرنگترین کۆڵەکەی رۆشنبیریی منداڵان دادەنرێ .. خێزان بەرپرسیارێتییەکی گەورە و گرنگی لە ئەستۆدایە ، ئەویش گۆشکردن و ، بە دروستی پەروەردەکردن و ، رێنماییکردن و ، ئاراستەکردنی راستی منداڵانە .. ئەرکیانە کە بایەخ بە گەشەکردنی بەهرە و تواناکانی منداڵەکانیان بدەن ، فێریان بکەن بۆ وەرگرتنی زانست و زانیاری .. مندااڵان بە زۆری لە خێزانەکانیانەوە فێری خوو و رەوشتی باش و بەرز دەبن .. بۆیە دەبێ دایکان و باوکان ، ببن بە پێشەنگ و بە نموونەی باش بۆ منداڵەکانیان .
دووەم : کتێب کتێبخانە ، خوێندنەوە  بووە بە یەکێک ، لە هەرە پێویستییەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمە .. کە لە دوای هەڵمژینی هەوای پاک و خواردن و خواردنە و نووستن و یاری کردن ، ریزبەندی دێتە سەر خوێندنەوە .. پێویستە هەر لە منداڵییەوە ، منداڵەکانمان بۆ خوێندنەوەی کتێب و گۆڤاری هەمەجۆرە هان بدەین .. تا رابێن و خوو بە خوێندووەوە بگرن .. چونکە خوێندنەوە گرنگترین هۆی فێربوون و وەرگرتنە ، یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی رۆشنبیریی منداڵان .. ئەمڕۆ لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ، لە هەر شار و شارۆچکە و گوندێکدا ، لە هەر گەڕەکێکدا ، لە هەر ماڵێکدا ، کتێبخانە هەیە و ، پڕن لە کتێب و گۆڤاری هەمەڕەنگە بۆ منداڵان .. بەڵکو لە ژووری نووستنی منداڵەکانیشیاندا کتێبخانەی قنج هەیە و ، ئەو کتێبانەیان تێدایە کە بۆ قۆناغەکانی منداڵی دەشێن .. لەم رۆژانەدا ( چنوور )ی کچم ، کە لە وڵاتی نەرویجە ، کچێکی هەیە کە ناوی( مریەم ) ە ، تازە تەمەنی بووە بە ( دە مانگ ) .. بۆ کونترۆڵکردنی تەندروستیی  ئاسایی ، بردبووی بۆلای پزیشکی منداڵانی تایبەتی خۆی ، پزیشکەکە پێی وتبوو ، پێویستە لە ئەمڕۆوە ، کۆمەڵێک کتێبی وێنەداری ئاژەڵ و گیانەوەری تری بۆ بکڕیت .. وێنەکانی پێشان بدە و ، ناوی ئاژەڵەکانی پێ بڵێ و ، لاسایی دەنگی ئەو ئاژەڵانەی بۆ بکەوە .. رۆژانە بۆی دووبارە بکەرەوە .. تا دەیناسێ و ناویان فێردەبێ .
سێیەم : میدیا و راگەیاندن ، بە تایبەتش ( میدیای بینراو ) وەکو تەلەفزیۆن و سینەمای منداڵان ، میدیاکان رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە دەوڵەمەندکردنی رۆشنبیریی منداڵاندا ، بە مەرجێک ئەو بەرنامە و فیلمانەی پێشکەشیان دەکرێن ، سوودبەخشبن و ، لەژێر چاودێریی و بەڕێوەبردنی کەسانێکی شارەزا و پسپۆری بۆاری پەروەردە و رۆشنبیری و ئەدەبی منداڵاندا بن .

لە کۆتاییدا ، داوە لە هەردوو وەزارەتی رۆشنبیری و ، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی باشووری کوردستان دەکەم ، کە ئاوڕێکی جدی لە رۆشنبیریی منداڵانی کوردستان بدەنەوە ، پێویستە کتێبخانە گشتییەکان و ، کتێبخانەکانی قوتابخانەکان ، بە کتێب و بە گۆڤاری هەمەچەشنە ی منداڵان دەوڵەمند بکەن ، ماوەی بەرنامەکانی منداڵان لە تەلەفزیۆنەکانی کوردستاندا ، بە کەسانی شارەزای بۆاری رۆشنبیریی و دەروونناسی منداڵان بسپێرن .. ئەمەش ئەرکێکی پێویستی نیشتمانییە. 
 
 
 
ـ نەرویج

    

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.