Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
رۆژێك ژیان لە پایتەختی كوردستان… تامان شاكر

رۆژێك ژیان لە پایتەختی كوردستان… تامان شاكر

Closed
by January 19, 2008 گشتی

  پایتەخت ئەو شوێنەیە كە كۆمەڵێك تایبەتمەندی هەیە لە شارەكانی تر جیایی دەكاتەوە.
 وەك زۆری ژمارەی دانیشتوان، كارگە، هۆڵی سینەمای گەورە، پاك و خاوێنی شەقام و بازار
 پەرلەمان و حكومەت و واتە سیمایی حكومەت لە پایتەختەوە دەبینرێت ، بۆیە بۆ هەموو ئەوانەی لە پایتەخت دەژین ، ژیان شێوازێكی تر بە خۆیەوە دەگرێت ، منیش دەمەوێ باسی رۆژێك ژیان لە پایتەختی كوردستان بكەم، بۆ كەسانی ئاسایی، نەك بۆ خوا و دەسەڵات پێداوەكان، ئەوە هەر لە كاتژمێر 5 سەرلە بەیانییەوە ئەگەر مسوڵمان بیت یان نا، بەدەنگی 13 مەلای گەڕەك كە هەریەكەیان لە ئاوازێك دەخوێنێت خەبەرت دەبێتەوە، بانگ لە پایتەخت ماوەكەی درێژترە لە بانگی هەموو مسوڵمانانی دونیا چونكە مەلاكان بەیەكەوە بانگ نادەن بەڵكو یەكێك دەستپێدەكات ئەوانی تر بەدوایی ئەو دەستپێدەكەن و بانگەكە دەبێتە زنجیرە.
 دوای ئەوە سەموون گێر، نەك مەی گێر  بەم بەیانیە زووە هەراسانت دەكات، ئەوەندە هاوار دەكات سەمونی گەرم( رێزم هەیە بۆ ئەوانەی نان بە ماندووبوونی خۆیان پەیدا دەكەن)، بەڵام ئەوەی نانی بوێت دەتوانێ بروات بیكرێت، یان كاتی گەرانی نانەكە دەزانێت ، پێویست ناكات گەرەكێك خەبەری بێتەوە.بۆ ئەوەی چەند كەسێك نان بكرێت، دوای ئەوە دەستگێرە بەدبەختەكان بۆ كرینی كۆنە شت بڵاودەبنەوە بە گەرەكەكانی پایتەختدا و دەبێتە گرمە گرم لە كۆڵانەكان.نان ئەمرۆ لە كوردستان لە قورگی شێردایەو بەر هەموو كەسێك ناكەوێت.
 ئێستاش كە وەرزی زستانە، ئەگەر بەرمیلێك نەوتت نەكریبێت بە 170000هەزاردینار و  تەباخی نەوتیت نەبێت،  لەشەوەوە ئاوت گەرم نەكردبێت ، دەبێ بیر لە خۆشوشتنی بەیانی نەكەیتەوە، چونكە كارەبا نەبووە چاوەرێشی مەبە نایە ، تا ئاوی گیزەرەكەت گەرم بووبێ. دوای ئەوە چوونە سەركار كێشەیەكی ترە، ئەگەر ئۆتۆمبێلت نەبێت لەم قەرەباڵغییەی سەرشەقام و ناو ریمەكان بە حاڵ جێگەت دەبێتەوە، كەچی دەڵین خەڵك كارناكەن زۆرینە موچەخۆری بن دیوارن، دوای ئەوە دەگەیتە سەر كار و ئەوجا دەبێت خەم لە كێشە و سكاڵای خەڵكی بخۆی و هیچیشت لەدەست نایە بۆیان بكەی ، بێجگە لەو چیرۆكە خەیاڵیانەی  لە دەمی خەڵكەوە گوێبیستی دەبیت، لە چیرۆكی دەفتەری دۆلارەوە بگرە تا پارچە زەوی مكافەئەو بەخشینەوەی ماڵی خەڵك ،كێ چەندی وەرگرت و  كێ چی بۆكراوەو كێ چی بۆ نەكراوەو فلان كۆنە جاش وكۆنە بەعسی، هەر وەك جاران دەسەڵاتی هەیە،فڵان كەس دۆستی فلانە كەسەو ، كێ دوێنێ شەو لەگەڵ كێ رایبواردووەو ، چەند ژن كوژراوەو، چەند ژن سوتێنراوەو ، پەرلەمان چ بریارێكی داوەو مادەی 140 دواخراوەو بایەعەكان كەی نەوت و گاز دابەش دەكەن، هەرەشەكانی تركیاو ئێران  زۆر شتی تریش كە زەرەیەك دڵی  هیچ كەس خۆش ناكەن،ئەمانە باس و بابەتی رۆژن، لەم كاتەدا  هەست بە داڕزانی رۆح و پچڕانی شیرازەی كۆمەڵگە  دەكەی، بەم جۆرە كاری رۆژێك تەواو دەبێت ، بیر لە گەرانەوە بۆ ماڵەوە دەكەیتەوە ، دەچێتەوە ماڵێكی ساردو سر ، كارەبا نییە رۆژ زوو ئاوا دەبێت،سەرمایە ،دڵەكان تەنگ دەبن، چاوەكان دەق بە تاریكییەوە دەگرن، دەچیت بۆ كوێ؟ بازار گرانییەكە وێنەی نییە مریشكی كوردی لە مریشكی ئەڵمانی گرانترە، رۆژیك بە دوكاندارێكم وت ئەو مریشكە بۆ ئەوە ئەوەندەگرانە ، لە ئەڵمانیا هەرزانترە وتی بڕۆ لەوێ بیكڕە،بێەوەی هۆكارەكەیم پێبڵێت،ئەوە لە لایەك لە لایەكی تر ناتوانی بە ئاسوودەیی بازار بكەیت سەر شۆستەكان لە جیاتی خەڵكی پێدا بروات، شتی دوكاندارەكانی لێدانراوە و ناچاری بە ناو شەقامەكانی پێتەخت حورمەتی ئۆتۆمبیل بشكێنیت و شۆفێرەكانیش بە هۆرن جنێوت پێدەدن، شوێنی پەرینە وەش دەگمەنە لە پایتەخت،بەو حیسابە ئێوارە لە ماڵەوەیت .
 كاتژمێر 5 ئێوارە ، كارەبای موەلیدە پێدەبێت، ئەویش وەك ترافیك وایە  بۆیە  كارێكی تر پەیدا دەبێت دەبیتە دار بەدەست زوو دەبێت بچیتە سەری كۆڵان و سركێتەكە هەڵبكەیتەوە، جاران زۆركەس كە شتی مەمنوعیان بە دیوارەكانەوە هەڵدەواسی ببوونە پێشمەرگەی تاریكی ، ئێستا خەڵك بە خۆی و دارەكەی دەستیەوە بووە بە پێشمەرگەی كارەبا، ئەوەش جۆرێكە لە چەوساندنەوەی رۆح و ئازاری دەروون ، جۆرێكی تری چەوسانەوە دەنگی مولیدەی دراوسێكانە كە لە ناوەراستی كۆڵان دایاناوەو بۆ مێشك لە مەكینەدانی هاوسێكان ، بێئەوەی بیر لە بێزاری كەسانی تر بكەنەوە.جا نازانم خەڵك چۆن دەتوانن بخەون
 لە ناو ئەو هەموو دەنگە دەنگ و هەرایە، سەیر نییە ئەمرۆ لە كوردستان رێژەیەكی زۆر لە خەڵكی نەخۆشن بە منداڵانیشەوە.      
 جۆرێكی تری چەوسانەوە لە پایتەخت كە پیاوانی دراوسێ دەیكەن ، هیچیان كلیلی ماڵەكانی خۆیان پێنیە، یان ئەوەندە تەمەڵن ناتوانن دەرگاكەی خۆیان بكەنەوە، لە نیوە شەودا دەست دەكەن بە هۆرن لێدان تا دەرگایان بۆ بكەنەوە، بێئەوەی رەچاوی ئەوە بكەن كە خەڵكێك نەخۆشە، منداڵێك خەوتووە، ئەوەش مانای ئەوەیە كە دراوسێ هیچ رێزو حورمەتێكی نەماوە،  هەندێ كەس  شەوانە لەبەر دەرگا ئۆتۆمبیلەكانیان دەشۆن و دەنگی گۆرانی، پیاو ببورن ژن كاس دەكات.  ئەوانەی كارمەندن و بە رۆژ لە دەرەوە كار دەكەن،  كارەكانیان  بۆ شەو هەڵدەگرن، وەك جل شۆردن و ئووتو كردن، كەچی كارەبای رەئیسی یان وەك عەرەب دەڵین وەتەنی بێئومیدت دەكات نازانی بەیانی چۆن بچی بۆ سەركار 
 ئەگەر وابێت دەبێت ئەو جۆرە جل و بەرگانە بكڕین كە ئوتووی پێویست نییە ئەگینا دەكەوینە بەر توانجی خەڵكی .كەواتە رۆژەكانی تەمەن لە پایتەخت پراو پرە لە چەوسانەوەو  هەموومان لە دوای راپەرینەوە باس لە ماف و ئازادی دەكەین و باس لە دیموكراتییەت دەكەین كەچی كەسمان رێز لە مافی ئەوی تر ناگرێت.
 خەڵكانێك كە ساڵانێكە دراوسێمانن هاوڵاتی یەك نیشتمانین بێ ئەوەی ئاگامان لە خۆمان بێت دەیانچەوسێنینەوە.ئەوەیە ژیانی رۆژانەی پایتەختی كوردستان كە دەیەوێت ببێتە دەستە خوشكی دوبەی  بۆیە گەنجەكانیشمان بۆنی پیربوونیان لێدێت و هەموو شتێك روو لە دارمانە ، بوجەش هەمیشە نییە و ناگات ، ژیانێكی ئاسوودە بۆ هاوڵاتیان دابین بكات ، ئێمەش بڵێن لە پایتەخت دەژین   
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.