زوڵم وتاوانه مه‌زنه‌كانی عوسمانییه‌كان
زوڵم وتاوانه مه‌زنه‌كانی عوسمانییه‌كان.
له رۆمانی( پرده‌كه‌ی سه‌ر ڕووباری درینا) دا.
یاسین برایم
ستایش كردنی داگیركه‌ر، وه‌ك ئه‌وه وایه شانازی به‌و كه‌له‌پچه‌یه‌وه بكه‌یت كه به ناحه‌ق كراوه‌ته ده‌ستت ! (د. قاسملو)
مێژووی عوسمانیه‌كان مێژووێكی ده‌وله‌مه‌نده له چه‌ندین سه‌ده له‌خوێن ڕشتن و شه‌ر و وێرانكاری وڵاتان ، به خوێن ئیمپراتۆرێكی گه‌وره‌یان دروستكرد ؛كۆشك و قه‌ڵای پته‌ویان له سه‌ر لاشه‌ی مرۆڤه بێگوناهه‌كان بنیات نا .تا نه‌مانی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان ئه‌و مێژووه‌یان قیزوه‌نتر و خوێناویتر و ڕه‌شتر ده‌بوو. ئه‌وان ده‌ستهه‌ڵاتدارو برا گه‌وره ، نه‌ته‌وه‌كانی تری ژێر ده‌سته‌و كۆیله‌و چه‌وساوه ، مێژووش ناتوانێ ئاوڕله‌و هه‌موو زوڵم و سته‌مانه‌ی ئه‌وان بداته‌وه و تۆمار بكات .تاوان و كرده‌وه‌كانیان ئه‌وه‌نده گه‌وره‌ن مێژوو له ئاستیدا شه‌رمه‌زارده‌بێت.ئێمه‌ش له‌م روانگه‌یه‌وه روو ده‌كه‌ینه رۆمانێك ، كه ده‌رگایه‌كی بچووك له دونیا به‌رفراوانه‌كه‌ی عوسمانیه‌كان و ئایدیا و كرده‌وه‌و یاسا و فه‌رمانه نه‌زۆك و په‌ڕچۆیه‌كانی ئه‌وان ده‌كه‌ینه‌وه.دونیای رۆمان خۆی دونیایه‌كی ئاڵۆز‌و پڕكێشمه‌وقوڵ وبه‌ڕفره‌یه. جا رۆمانێك به‌و قه‌باره گه‌وره‌یه باس له گه‌وره‌یی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانیه‌كان و تاوان و كرده‌وه بێژوماره‌كانی ئه‌وان ده‌كات ، بۆ ئێمه‌ش ئاسان نییه به رێگایه‌كی بچووك روو بكه‌ینه ئه‌م رۆمانه‌و لاپه‌ڕه‌كانی هه‌ڵده‌ینه‌وه ، ئه‌وه‌نده‌ش ده‌توانیین ڕاستگۆیانه به سه‌ر قه‌ڵه‌مێك تیشك بخه‌ینه چه‌ند لاینه‌كی ئه‌م رۆمانه‌و، چه‌ند رووداو‌و كاره‌سات و چیرۆِكی تراژیدیای ئاماژه‌پێدراو ، بۆ خوێنه‌ر بگوازینه‌وه ، ئه‌مه‌ش به‌سه بۆتێگه‌یشتنمان له كاكڵی رۆمانه‌كه‌و زوڵمی عوسمانیه‌كان ، وه‌ك كورد ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ش مشتێكه له خه‌روارێ!.
رۆمانی (پرده‌كه‌ی سه‌ر ڕووباری درینا)ی له نووسینی( ئیڤۆ ئاندریچ*)ه ، به یه‌كێك له شاكاره مه‌زنه‌كانی نێو بواری ئه‌ده‌ب داده‌ندرێت .كه باس له دروستكردنی پردێك ده‌كات.له شاری (فیشیگراد)كه بۆسیناو سیبریا به یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه ، كه ئه‌وكات دوو هه‌ڕێمی گه‌وره بوون له ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی عوسمانیه‌كان . باس له پردێكی جوان ده‌كات له ساڵی 1571 ده‌ستكرا به دروستكردنی ، چه‌ندین رووداوه‌ی جۆراوجۆرله مێژووی ئه‌م پرده‌مان بۆ ده‌گێرێته‌وه : شه‌ره‌كان و داگیركاری و ده‌ردو نه‌خۆشی و لافاو وپیاسه‌و جێی ژوانی عاشقان و منداڵان و كوشتنی خه‌ڵك له سه‌ر پرده‌كه‌و هێنانی هێلی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و بایه‌خ و گه‌وره‌یی و پرده‌كه له رۆژگاره جیاوازه‌كان ، چه‌ندین چیرۆك و ئه‌فسانه‌و رووداوی سه‌یرتا هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌م له مێژووی پرده‌كه به‌رچاوده‌كه‌ون ، به‌مێژوویكی گه‌وره‌مان ئاشناده‌كات.ئێمه‌ش ئاوڕێك له سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان ده‌ده‌ینه‌وه ، كه چۆن هه‌ڵسوكه‌وتیان كردووه.ده‌بینین چۆن عوسمانییه‌كان منداڵانی نه‌ته‌وه‌كانی ژێرده‌سته‌یان به زۆره‌ملێ بردووه‌و بۆ ئه‌سته‌مبۆل. ناویان ده‌گۆری وبێ ویستی ئه‌وان ده‌یان كردنه مسوڵمان و سه‌رباز له له‌شكری عوسمانی وله سۆز‌و خۆشه‌ویستی خێزان و دایك و باوك و نیشتمان دووریان ده‌كردنه‌وه و ده‌یان چه‌وساندنه‌وه .عوسمانییه‌كان به ناوی( باجی خوێن) چۆن مامه‌ڵه‌و ڕه‌فتاریان به‌رامبه‌ر به‌م خه‌ڵكه ره‌ش و رووته ده‌كردو چه‌وساندنه‌وه‌ی منداڵ و گۆرینی ره‌گه‌زو ئاین و دوورخستنه‌وه‌یان له زێدی خۆیان ، ناشیرین‌ترین تاوانی عوسمانییه‌كان بووه، كه له ژێر په‌رده‌ی ئاین و ده‌سه‌ڵات ، له‌ماف و ئازادی و ژیانیان بێبه‌ش كردوون به تایبه‌تی منداڵی نێرینه. “شه‌ش ساڵ به سه‌ر دوایه‌مین جاری كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و باجه‌ی (خوێن) دا تێپه‌ڕیبوو. بۆیه هه‌ڵبژاردنی ئه‌م جاره‌یان ئاسان و به پیت بوو .ئه‌وه بوو بێ ده‌رده سه‌ری ژماره‌ی پێویستی منداڵی نێرینه‌ی ساغ و سه‌لامه‌ت و ژیر‌و به‌هێزیان ده‌ست كه‌وت، ئه‌وانه‌ی له ته‌مه‌نی ده تا پازده ساڵیدا بوون، ئه‌گه‌ر چی ژماره‌یه‌كی زۆر له باوكان منداڵه‌كانی خۆیان له دارستانه‌كاندا شاردبووه‌وه‌و فێریان كردبوون گێل و گه‌وج خۆ ده‌ربخه‌ن و بشه‌لن و ، جلی دڕاویان له به‌ركردبوون و ، به پیس و ناشیرینی به جێیان هێشتبوون ، بۆ هیچ نا ، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی ئاغا ده‌ستنیشانیان نه‌كات و نه‌یانبات . بگره هه‌ندێك له باوكه‌كان دیمه‌ن و ڕوخساری منداڵه‌كانی خۆیان شێواندبوو ، بۆ نموونه ، یه‌كێك له په‌نجه‌كانی ده‌ستیان بڕیبوون.1”.
له ترسی بردنی منداڵه‌كانیان ، خێزانه‌كان ، جگه‌رگۆشه‌كانیان به كه‌مئه‌ندام و شێت له قه‌ڵه‌میان دادان.یاخود له ماڵ و كون و قوژبن و دارستان و شوێنه سه‌خته‌كان ده‌یانشاردنه‌وه، تاكو نه‌كه‌ونه ده‌ست ئه‌و ئاغا‌و نۆكه‌رو سه‌ربازه توندره‌وه‌كانی عوسمانی كه به زۆره ملێَ ده‌یان بردن بۆ خزمه‌ت سه‌ربازی و ده‌وڵه‌تی عوسمانی .كاروانی بێژوماری ئه‌و منداڵانه تاوانێكی گه‌وره بوو نه‌ك هه‌ر به‌رامبه‌ر به منداڵه‌كه به‌ڵكو دایك‌و باوكیان .كه خۆشه‌ویستانیان لێ زه‌وت ده‌كردن و ئیدی بۆ هه‌تا هه‌تایه دوور ده‌خرانه‌وه‌و كاروانی ئه‌سپه‌كان دوور‌و درێژ، ملی رێگایان بری بوو ، هه‌ر ئه‌سپێك دوو سه‌به‌ته‌ی به پشته‌وه‌یه‌و هه‌ر سه‌به‌تێكیش منداڵێكی تیدا داندرابوو ، له گه‌ڵ بوخچه‌یه‌ك و چه‌ند پارچه نانێك ، كه دوا شیرینی ماڵه باوكیان بوون له گه‌ڵ خۆیان ده‌بردن.منداڵه‌كان رووخسار شێواو كز‌و چاو تۆقیوو پڕ فرمێسك ، گریان وهاواری ئه‌م منداڵانه ده‌گه‌یشته ئاسمان و له‌ولایه‌ش گریانی و پارانه‌وه‌ی دایك و خوشكه‌كان و له دوای ئه‌م كاروانه دونیای خراپ ده‌كردو له رۆژی حه‌شر ده‌چوو. “به چه‌ند شه‌قاوێكیش له دوای ئه‌سپه‌كانه‌وه ، چه‌ند دایك و باوك و كه‌س و كارێكت ده‌بینی ، په‌رت و بلاًو به هه‌سكه هه‌سك ، ئه‌و منداڵانه‌یان به‌ڕێ ده‌كرد كه برابوون و چی دیكه نه‌ده‌گه‌ڕانه‌وه‌و ،له چاره‌یان نووسرابوو له وڵاتێكی بیانی‌دا ژیان بگوزه‌رێنن و ، ببنه موسڵمان و سونه‌ت بكرێن و ئایین و وڵات و نه‌ژادی خۆیان ژ بیر بكه‌ن و، ژیانیان له سواره‌ی پاسه‌وانانی سوڵتان یان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی باڵای كارگێڕییه‌كانی ئه‌مپراتۆریه‌تی عوسمانی‌دا بگوزه‌رێنن2….
سه‌ربازه قامچی به‌ده‌سته‌كان ، ده‌ستیان كردبه شاپ و تێهه‌ڵدان و جنێو سوكایه‌تیپێكردنی دایك و خوشكی منداڵه دوورخراوه‌كان ئه‌وانه‌ی ده‌گریان و ده‌یانقیژاند و قژی خۆیان ده‌رووچاندنه‌وه‌وله خۆیان ده‌دا.ئه‌م دیمه‌نه خه‌مناك و ویژدان هه‌ژێنه به‌رده‌وام ده‌بوو ، به‌ڵام له كۆتایی نه‌یانده‌توانی به‌رده‌وام بن له دوا سه‌فه‌ری منداڵه كانیان .بێهیوا وبێچاره ده‌مان و ئه‌وه‌نده‌ی بگریێن ماندوو ده‌بوون و هێزیان تیدا نه‌ده‌ماو هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یان له ده‌ست ده‌هات ، دوا نیگا ببڕنه منداڵه‌كانیان تا له چاویان وون ده‌بوون.وه‌ك ده‌ڵێن چه‌كی ئافره‌ت فرمێسكه ، ئیدی به‌م جۆره ڕه‌شپۆش ده‌بوون و بۆهه‌تا هه‌تایه خه‌ونیان به گه‌ڕانه‌وه‌ی منداڵه‌كانیان ده‌بینی.
رۆژگارێك ، یه‌كێك له‌و منداڵانه‌ی نێو ئه‌م سه‌به‌تانه ، تا مردنی له خزمه‌ت ده‌وڵه‌تی عوسمانی دابووه‌و تا له دوایی ده‌بێته گه‌وره وه‌زیری (سه‌رۆك وه‌زیران)ئه‌ویش (محه‌مه‌د پاشا سۆكۆلۆڤیچ)ه. بۆ پاداشتی گونده‌كه‌یان بریار به دروستكردنی پردی سه‌ر رووباری درینا ده‌دات كه درێژیه‌كه‌ی 250 گه‌زو پانیه‌كه‌ی 10 گه‌زبوو، كه چه‌ند ساڵێك ژمارێكی زۆر كرێكار كاریان تیدا كردووه‌و تا ته‌واو ده‌بێت. ده‌بینین له ده‌سپێكی بنیاتنانی پرده‌كه‌دا ، ترس و تۆقان و چه‌وساندنه‌وه‌و كار به زۆره‌ملێ و ده‌ست پێده‌كات ،(عابدئاغا) كه سه‌رپه‌رشتیاری دروستكردنی پرده‌كه‌ی له ئه‌ستۆیه ، له یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌یدا به‌رامبه‌ر به كرێكاره‌كان، كه‌ڵه‌ره‌قی و رق و توره‌یی و بێویژدانی خۆی ده‌رده‌برێ : (من داوا له هه‌موو كه‌سێك ده‌كه‌م كار بكات و گوێڕایه‌ڵ بێت . هه‌ر كه‌سێكیش وه‌ك پێویست كار نه‌كات وتاك چاوانه‌و بێ هیچ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك به گوێم نه‌كات و نه‌جوڵێته‌وه فه‌لاقه‌ی ده‌كه‌م و ده‌یكوژم ، من له وشه‌ی (ناكرێت) و (نییه) تێناگه‌م و ، له به‌ر هه‌ر وشه‌یه‌ك بێت و به هۆی وشه‌یه‌كه‌وه سه‌ری ده‌په‌ڕێنم و له سه‌ر ده‌ده‌م ، واته به كورتی ، من كابرایه‌كی شه‌ڕانگێزم ، حه‌زم له خوێنڕشتنه….3). ئه‌مه‌ش وایكرد كرێكاره‌كان ، هیچ هیواو خه‌ونێكیان نه‌مینێ و ترس و دڵه‌ڕاوكێ ژیانی ئه‌وانی گرته‌وه و ئاینده‌ی گه‌شیان له‌م پرده به‌دێ نه‌ده‌كرد و ره‌شبینبوون به‌م كاره‌ی عوسمانیه‌كان ئه‌نجامیان ده‌دا .ئه‌وان ناچار بوون ده‌بێ ڕۆژانه كار بكه‌ن و به بێوه‌ستان، وه‌ك كۆیله‌و خزمه‌تكار ده‌بوایه له خزمه‌ت دروستكردن و بنیاتنانی پرده‌كه بووان.قسه‌ی خراپ و جنێو‌و سوكایه‌تی پێكردنیش پیشه‌ی ڕۆژانه‌یان بوو، كه‌س نه‌ده‌وێرا ده‌نگ هه‌ڵبرێت.له‌هه‌مووی خراپتر‌و ئازاربه‌خشتر زۆربه‌ی ئه‌م كارانه‌ش به سوخره‌و زۆره‌ملێ ده‌كرا ، شتێك نه‌بوو ناوی پاداشت و كڕێی ڕۆژانه.ئه‌مه‌ش زیانی هه‌م به كرێكاران و هه‌م به خێزانی كرێكاران ده‌گه‌یاندو ژیان و گوزه‌رانیان ڕۆژ به ڕۆژ سه‌ختترده‌بوو.به ناچاری به زگی برسی و كاری به‌رده‌وام ، ڕۆژانیان ده‌گوزه‌راند.خۆ ئه‌گه‌ر كرێكارێك كه‌مته‌رخه‌می نواندبوایه وپێی به خواری دابنابایه ، ئه‌وا عابد ئاغا‌و داروده‌سته‌كه‌ی چ به‌زمێكیان پێده‌كرد….( كه دیتبای كاتی خۆی به فیڕۆ ده‌دات یان وه‌ك پێویست كار ناكات، پاسه‌وانه‌كان ده‌ست به جێ ده‌ستگیریان ده‌كرد و له شوێنی خۆیدا ده‌ستیان به فه‌لاقه‌كردنی ده‌كرد تا له خۆی ده‌چوو ، خوێن فیشقه‌ی ده‌كرد و به‌سه‌رو پۆته‌ڵاكیدا چۆڕاوگه‌ی ده‌به‌ست.ئه‌وكات هه‌ڵیان ده‌گرت و له ئاویان هه‌ڵده‌كێشاو پاشان ده‌یانهێنایه‌وه سه‌ر ئیش كردن….4).
دروستكردنی پردێكی درێژ ، له سه‌ر رووبارێكی گه‌وره ، ئاسان نه‌بوو.نه‌خاسمه بۆ دانیشتوان و كرێكارانی ناوچه‌كه. به‌رده‌وام كاركردنی قورس له وه‌رزه‌كانی ساڵ بووه خه‌مێكی هه‌میشه‌یی و چه‌وساندنه‌وه و گوێ پێنه‌دان و بێبه‌هاكردنی كه‌سایه‌تییان ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌سانێك به‌م ملكه‌چیه‌و شه‌رشۆرییه رازی نه‌بن و هه‌ڵوێست وه‌ربگرن . ترسی كاركردنی به زۆره‌ملێ له پرده‌كه ، وایكرد خه‌ڵكانی ده‌وروبه‌ر به هیچ شێوه‌یه‌ك نزیك پرده‌كه نه‌كه‌ون ، چونكه ده‌یانزانی ده‌ربازبوون له سه‌ربازه‌كانی عابد ئاغا ئاسان نییه. زۆر جار ئه‌م سه‌ربازه دڵره‌ق و بێویژدانانه به سه‌ر گونده‌كانی ناوچه‌كه‌یان داده‌داو جوتیارو كرێكاریان بۆ كاركردن ده‌هێنا. هه‌ندێكی تریش ، ملی چیا‌و ده‌شت و دارستانه‌كانیان ده‌گرت و خۆیان حه‌شارده‌دا. كریستانه هه‌بووه‌كانی شاریش ، له بڕی كاركردن ئاماده‌بوون به دۆلكه مه‌ی به سه‌ربازه‌كان بده‌ن وچاوپۆشیان لێبكه‌ن. له ساڵی سێیه‌می دروستكردنی پرده‌كه له به‌ر هه‌ڵاتن و خۆشاردنه‌وه پیاوو لاوه‌كان ، ژنان باجه‌كه‌یان ده‌ده‌ن ، ئه‌وان ده‌بنه بارمته.(لاوی ده‌شته‌كانیش هه‌وڵیان ده‌دا ، به‌ره‌و دارستانه‌كان هه‌ڵێن، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی پێنه‌چوو یاساوڵه‌كان هه‌ندێك له ئه‌ندامانی تیره‌كانیان به بارمته ده‌گرت ، به تایبه‌تی ئافره‌تانیان هه‌ڵده‌بژارد ، بۆ ئه‌وه‌ی له جیاتی هه‌ڵاتوه‌كان كار بكه‌ن.5).
دڵره‌قی و خراپی و ڕه‌فتار پیسی عابد ئاغا ئه‌وه‌نده قیزوه‌نه ، باس ناكرێت. سوكایه‌تی پێكردن به‌خه‌ڵك و كرێكار‌و جوتیارو ته‌نانه‌ت شاگرد‌و قوندراتچیه‌كانی به‌رده‌ستیشی ، كه به‌رده‌وام خه‌ریكی كاركردن بوون. سه‌رای ئه‌و هه‌موو كاره‌ش ، كاری پرده‌كه سیست و لاوازه ، وه‌ك پێویست به‌ڕێوه ناچێت. ده‌بینین ئه‌و هه‌موو زوڵم و سته‌می ئه‌م عابد ئاغایه له خه‌ڵكه‌كه ده‌كات .كه‌چی خۆشی گه‌نده‌ڵكارێكی بێوێنه‌یه‌و تابڵێ ده‌ستپیسه ، ئه‌مه‌ش واده‌كات له كار لابدرێت و ڕیسوایه‌كی گه‌وره‌ی بۆ بمینێته‌وه.
دروستكردنی پرد ، مانگ و وه‌رزو ساڵ درێژه ده‌كێشێت. چه‌وساندنه‌وه‌و كاركردنی به زۆره ملێ و لێدان و سوكایه‌تی و خه‌م و خه‌فه‌ت و ده‌نگۆو به‌سه‌رهاتی تراژیدیا به‌رده‌وام له زیادبوون دا ده‌بێت. له‌وكاته‌ی (ڕادیسۆن) دێته مه‌یدان و یاخی ده‌بێ له به‌رامبه‌ر عوسمانییه‌كان، ئازایانه دێته ده‌نگ و تۆی شۆرش و یاخیبوون بڵاو ده‌كاته‌وه له نێو خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌وله رێگریكردن له دروستكردنی پرده‌كه، به‌ڵام چاره‌نوسی مه‌رگ ده‌بێت و به دڕنده‌ترین شێوه سزا ده‌درێت. له به‌ر چاوی خه‌ڵك به قازووخ له ناوی ده‌به‌ن و له دیمه‌نێكی وا پڕ ترس و تۆقێنه‌ر بینین و باسكردنی ئاسان نییه ، وه‌ك چۆن كاوڕ له سیغ ده‌دڕێت.ئه‌مه‌ش مێژوێكی ناشیرینه‌و ڕۆژێكی ڕه‌ش و خوێناویه كه له مێژووی پرده‌كه تۆمار ده‌كرێتو ده‌بێته بنێشه خۆشه‌ی سه‌ر زاری خه‌ڵك.به‌شی زۆری ئه‌و چیرۆك و رووداو‌و ، كاره‌سات و زوڵم و سته‌می عوسمانییه‌كان له‌م رۆمانه خراووته روو، مێژووێكی قیزووه‌نه‌و مرۆڤ له خوێندنه‌وه‌و زانینی ئه‌م مێژووه ، مووچڕكێكی تۆقێنه‌رو سامناك به له‌شی دادێت.كرده‌وه‌و رووداو و تاوانه‌كانی نێو ئه‌و رۆمانه ، به‌ڵگه‌نامه‌و گه‌نجینه‌ومێژوویه‌كی ره‌شی عوسمانییه‌كانمان بۆ ده‌گێرێته‌وه .به‌ده‌یان لایه‌نی تری شاراوه‌و له نێو رۆمانه‌كه دا هه‌یه كه ئاسان نییه په‌نجه‌ی بخه‌ینه سه‌ر .
یاشار كه‌مالی رۆمانووسی گه‌وره ، هه‌میشه له چیرۆك و رۆمانه‌كانی خۆی ئه‌م مێژوه‌مان پێده‌ڵێت.ئه‌گه‌رسه‌یری رۆمانی (بڕوانه فورات خوێناویه) بكه‌ین ده‌بینین (عه‌لی پاشا) له به‌رامبه‌ر (پۆیراز مو‌سا) ده‌ڵێت:”تۆ نه‌زانیت ئه‌م عوسمانیه چه‌ند فێڵبازو خوێنمژه.ئه‌و ، بۆ به‌په‌نددانی دنیا قه‌ڵاو مناره‌ی دروستكردوون له كه‌لله سه‌ری مرۆڤه‌كان. نییه له دونیا بۆ مرۆڤ دوژمنتر له‌م عوسمانییه….6).
رۆمانه‌كه‌ی ئیڤۆ ، لایه‌نیكی مێژووی گه‌وره‌ی له خۆ گرتووه ، شاكارێكی ئه‌ده‌بی ناسراوه. بۆیه قسه له سه‌ر هه‌ر كون و قوژبنێكی ئه‌م مێژووه بكه‌ین، مێژوێكی ڕاست ، به‌ڵام تاڵمان بۆ ده‌گێرێته‌وه .له نێو دێره‌كان خۆێنی مرۆڤی بێگوناهی لێ ده‌چۆرێت .مێژوێكی پڕخه‌م وخه‌فه‌ت وتاوانمان پێده‌ناسێنێت؛كه هه‌موو مرۆڤایه‌تی له ئاستیدا شه‌رمه‌زار ده‌بێت ، ئه‌گه‌ر چی ئه‌م مێژووه‌ش هه‌ر مرۆڤه‌كان دروستیان كردووه.
سه‌رچاووو په‌ڕاوێزه‌كان:
* ئیڤۆ ئاندریچ ، له ساڵی 1892 له گوندی (دۆلاس) سه‌ر به شاری ترافنیك له كۆماری بۆسنیاو هه‌رزۆ گۆڤینا له دایكبووه .له 13ی ئاداری 1975 له شاری به‌ڵگراد كۆچی دوای كردووه.به‌بنه‌چه (كرواتی) یه ، به‌ڵام دوای كۆتایی هاتنی دووه‌مین جه‌نگی جیهان.رایگه‌یاندبوو كه (سیبری)یه.بڕوانامه‌ی دكتۆرای له زانكۆی (گرانتس ) له نه‌مسا به ده‌ستهێناوه.له رۆمانی(پرده‌كه‌ی سه‌ر ڕووباری درێنا كه شاكارێكی مه‌زنی ئه‌ده‌بیه‌وله ساڵی 1961 لیژنه‌ی به‌خشینی خه‌ڵاتی نۆبڵ له سه‌ر ئه‌م رۆمانه خه‌ڵاتی نۆبڵیان له ئه‌ده‌بدا ئیڤۆ به‌خشی.رۆمانی ڕووداوه‌كانی شاری ترافنیك و رۆمانی قه‌یره‌و كۆمه‌ڵێك چیرۆك‌و شیعر و وتار‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی بڵاوكردۆته‌وه. بڕوانه: ئیڤۆ ئاندریچ ، رۆمانی گۆره‌بانی نه‌فره‌تی ، وه‌ڕگێرانی موكه‌ڕه‌م ره‌شید تاڵه‌بانی ، ده‌زگای توێژینه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی ،هه‌ولێر ، چاپی یه‌كه‌م ، 2011 ، ل 7_19.
1_ ئیڤۆ ئاندریچ، رۆمانی (پرده‌كه‌ی سه‌ر ڕووباری درینا) ، وه‌ڕگێرانی موكه‌ڕه‌م ره‌شید تاڵه‌بانی، ده‌زگای توێژینه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی موكریانی ،هه‌ولێر ، چاپی یه‌كه‌م ، 2011 ،35_36.
2_سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل36.
3_ سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل41_42.
4_ سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل43.
5_ سه‌رچاوه‌ی پێشوو ، ل47.
6_یاشار كه‌مال ، رۆمانی (بڕوانه فورات خویًناویه) ، وه‌رگێڕانی رێباز مسته‌فا، چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات ، هه‌ولێر، 2008، ل321_322.