Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
زیندانی نهێنی لەسایەی سیستەمی بنەمالەیی و میلیتسگەرای کوردستاندا

زیندانی نهێنی لەسایەی سیستەمی بنەمالەیی و میلیتسگەرای کوردستاندا

Closed
by January 7, 2014 گشتی

 

 

 

 

لە وڵاتە خاوەن سیستەم و رژێمە نادیموکراسی و دیکتاتۆرەکاندا زیندانی نهێنی هەن و هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە هیچ دەسەڵاتێکیان بەرامبەر بە بوونی ئەو زیندانانە نییە. هەروەکو هێزە جۆراوجۆرەکانی دەسەڵات دەتوانن خەڵک راپێچی زیندان بکەن، ئازاروئەشکەنجەیان بدەن و تا ئەوکاتەی ئارەزووی دەکەن، بێئەوەی دادگا یا دەسەلاتێک هەبێت بتوانێ بەر بەو پێشێلکارییە بگرێت. لەو جۆرە وڵاتانەدا ترس و تۆقاندن یەکێ لە تایبەتمەندیەکانی دەسەڵاتە و مرۆڤەکانی کۆمەڵگە لەژێر کەنترۆل و چاودێری بەردەوامدان. دەکرێ دەسەڵاتی زلهێزی گەورەی وەکو ئەمەریکا کە خۆی بە وڵاتێکی دیموکراسی دەزانێ، خاوەنی زیندانی نهێنی بێت، یا لە وڵاتانی دیکەدا زیندانی تایبەتی بۆ دروستبکرێت و پیشێلی مافەکانی گیراوان بکات. ئەو وڵاتانەی کە خاوەنی دەزگا و دامەزراوی دەسەڵاتداری ئاسایش و هەواڵگرین، زیندانی نهێنیان هەیە، هەروەکو بوونی ئەو دامودەزگایانە دەیخوازن. لە وڵاتێکدا کە کۆمەڵگە و مرۆڤەکانی خراوەنەتە ژێرچنگی پارت و هێزەکانی ئاسایش و سوپا و تایبەتەکان سەربە پارتی دەسەلاتدار و بنەماڵەی دەسەڵاتدارن، زیندانی نهێنی هەن و دەکرێ سەربە دەسەڵات و هێزی جۆراوجۆر بن. بەکورتی زیندانی نهێنی لەژێر هەر ناو و بیانوێکدا بێت، پێشێلکردنی کوشندەی مافەکانی مرۆڤە و دژی پرەنسیپە دیموکراسیەکانە. 

لە وڵاتە ئازاد و دیموکراسیەکاندا ئەو بەندیخانانەی هەن ئاشکران، شوێنیان دیارە و خەڵک ئاسایی دەتوانێ سەردانیان بکەن، ئەو کەسانەی دەخرێنە زیندانەوە بەبڕیار و بەپێی یاسا دەخرێنە زیندان. هیچ کەسێک بەبێ بوونی کەیس و تۆمەت زیندانی ناکرێت، وە لە توانای هیچ دەسەڵاتێکدا نییە بەبێ بوونی بەلگە و کەیس کەس بخاتەزیندانەوە و لە زیندان بیهێڵێتەوە. 

بەپێی پرەنسیپی هەپیس کۆرپەس Habeas corpus  کە پرەنسیپێکی بنچینەییە لەهەر وڵاتێکی مۆدێرندا، کەسی گیراو دەبێ لەماوەیەکی سنورداردا کە دەکرێ ٢٤ کاتژمێربێ، مافی ئازادکردنی هەیە ئەگەر هیچ بنەمایەکی یاسایی بۆگیرانی نەبێت، واتە نەتواندرێ بە تۆمەتێک تاوانبار بکرێت. بۆنمونە لە وڵاتی دانیمارک ئەو کەسانەی بەگومانی تۆمەتێک دەگیرێن، دەبێ لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا دادوەر بڕیار لەسەر ئازادکردنی یا مانەوەی بەپێی یاسا بدات. ئەگەر ئەو کەسە ئازاد نەکرا دەبێ پێی بگوترێت لەسەر چ تۆمەتیک گیراوە و مافی بەرگری یاساییش بەکەسە گیراوەکە بدات، لەدانیمارک بەو پرۆسەیە دەڵێن لێپرسینەوەی دەستوریی Grundlovsforhør.

هەبوونی بیروباوەری جیاواز یا دەربڕین و گوتنی جیاواز بەهەر جۆر و شێوەیەک بێت لەسەر هەر بابەتێک بێت، تاوان نین و ناچنەخانەی تاوانکاریەوە، لەبەرئەوەی بیروبۆچوون و دەربڕینی جودا مافێکی مرۆڤەکانە و دەچێتە ژێر پرەنسیپی ئازادی دەربڕینەوە، هەروەکو لە ئەرتیکلی ١٩ ی جاڕنامەی مافی مرۆڤ دانیپێنراوە و پەسندکراوە . بۆیە هەرکەسێک لەسەر جودایی باوەڕ یا دەربڕین و گوتنی جیاواز هەرەشەی لێبکرێت، یا جۆرێک لە سانکشیۆنی بخرێتەسەر، راوبندرێت، یا  بەجۆرێ لە جۆرەکان ئازاربدرێت، یا بگیرێت و زیندانی بکرێت، ئەو کەسە مافی پێشێلدەکرێت و تاوانی لەدژدا ئەنجام دەدرێت. 

لە باشوری کوردستاندا بنەمالە و پارتی دەسەڵاتدار لەهەردوو بەرەی سەوز و زەردا خاوەنی دەسەلاتی رەهان، هێزەکانی سەربە ئاسایش و سوپا و هێزە تایبەتەکان سەربە بنەماڵە و پارتی دەسەڵاتدارن، بەشیوە و میکانیزمی جۆراوجۆر کۆمەڵگە و مرۆڤەکانی خراونەتە ژێرچنگی دەسەڵاتەکانی پارت، لەو کۆمەلگەیەدا دەسەڵاتێکی میلیتسگەرای خۆسەپێنەری نادیموکراسیانە بوونی هەیە و فەرمان دەکا. بەمجۆرە لە باشوری کوردستاندا هێزی تایبەتی سەر بە بەرپرس و کەسە دەسەڵاتدارەکان هەن، هێزی تایبەتی سەر بەدامەزراو و دەزگا هەواڵگری و سیخوڕیەکان هەن و خاوەنی دەسەڵاتی زۆرن، بوونی ئەوانە هەبوونی زیندانی ئاشکرا و نهێنی پێویست دەکەن، بۆیە بوونی بەندیخانەی نهێنی چاوەڕوانکراوە، هەروەکو بوونی زیندانی تایبەت یەکێ لە تایبەتمەندیەکانی ئەو جۆرە هێزە تۆقێنەرانەیە. بۆنمونە کاتێ دەزگای سیخوڕیی پاراستنی پارتی یا دژەتیرۆری یەکێتی کەسێ بەنهێنی دەستگیردەکەن و لێكۆلێنەوەی لەگەڵ دەکەن، ئەوانە پێویستیان بە شوێنێک هەیە تا ئەو کارەی تیدا ئەنجام بدەن. بەمجۆرە ئەوانە ئەو کەسە نابەنە زیندانێکی ناسراو و ئاشکرای وەکو مەحەتەی هەولێر. 

دیارە گەلێ جار دەسەلاتی میلیتسگەرا و نادیموکراسی خەڵک لەسەر جودایی بیروباوەڕ یا ئازادی دەربڕین دەگرێ و دەیانخاتە زیندانێکی ناسراوی شار و لەگەڵ زیندانیانی دیکەی کەتن بەندیان دەکەن، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکەن و بڕیاریان لەسەر دەدەن. بۆنمونە زیندانیکردنی ٨ چاڵاکوانی مافی مرۆڤ کە بەشداری خۆپیشاندانیان دژی لەسێدارەدانی کوردان لە ئێران کردبوو. ئەوانە بەپێی مۆڵەتی یاسایی خۆپیشاندانیان ئەنجامدابوو و کارێکی نایاساییان نەکردبوو، بەڵام رۆژی دواتر بانگکران و خرانە زیندانی مەحەتەی هەولێر و بۆ نزیکەی دوو مانگ نارەوا بەندکران. نمونەیەکی زیندووی دیکە گرتنی نوسەر و رۆژنامەنوس ستیڤان شەمزینی لەسەر جودایی بیروباوەر و بەندکردنی لە زیندانێکی کەتندا. لە زینداندا هەوڵیان لەگەڵ ستیڤان داوە واز لەبیروباوەرەکەی خۆی بهێنێت! بوونی گیراو لە زیندانی نهێنیدا یا بەندکردنی گیراوانی سیاسی لەو زیندانەکانی کەتندا شاردنەوەیانە لە چاوی کۆمەڵگە و دەسەلاتە دەرەکیە دیموکرسیخوازەکان، گرتنی خەڵک لەسەر جودایی بیروباوەر و زیندانکردنینان لەگەڵ کەسانی تۆمەتبار لە تاوانەکانی کەتندا، ئەو کارە هەوڵێکە بۆ شاردنەوەی ئەو جۆرە گیراوە سیاسیانە لە دامەزراو و دەسەڵاتەکانی دەرەوە. دیارە نوێنەرانی دەسەڵاتی هەرێم لای رێکخراو و دەسەڵاتە دیموکراسیخوازەکانی دەرەوە بانگاشەی ئازادی و نەبوونی زیندانی نهێنی یا زیندانیانی رامیاری دەکەن. بۆنمونە ماوەیەک لەمەوبەر ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی مەلا بەختیار لە پەرلەمانی ئەوروپادا  ئاماژەی بە پیشکەوتنی گەورەی کوردستان و ئازادی خەڵک و نەبوونی زیندانی سیاسی لە کوردستاندا دەکرد. 

رۆژنامەنوس شێروان شێروانی لە گۆڤاری باشوردا ئاماژە بە بوونی زیندانێکی نهێنی لە گوندی دورێ لە ناوچەی بارزاندا دەکات، هەندی نهێنی سەبارە بە زیندانەکە و گیراوان ئاشکرا دەکات. ئەو زیندانە کە لەلایەن برازایەکی مەسعود بارزانیەوە سەرپەرشتی دەکرێت، سەرەڕای پێشێلکاریەکان سکاڵای لەسەر ئەو رۆژنامەنوسە تۆمار کردووە و ئێستا ژیانی شێروان کەتۆتە مەترسیەوە. ئەو بابەتە دووپاتکردنەوەی ئەو راستیەیە کە لە ولاتی خاوەن دەسەڵاتی بنەماڵەیی و پارتی خاوەن میلیتسدا ئەو جۆرە زیندانانە لێرە و لەوێ هەن، تارمایی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەدا بڵاودەکەنەوە و ئەوەی کارێک لە دژیاندا بکات، ژیانی دەکەوێتە مەترسیەوە. 

کێشەی دەسەڵات سەبارەت بەو بابەتە لە کۆمەڵی پێشێلکاریدا خۆیان دەبیننەوە: سوپای بارزان سوپایەکی تایبەتی سەر بە بنەماڵە و پارتی دەسەڵاتدارە، ئەوە دژی بنەما دیموکراسیەکان و بوونی سوپای نیشتیمانییە.  لەلایەکیتر سوپا کاری بە کێشەی کەتن و رامیاریەوە نییە و بۆی نییە خۆی تێکەڵی کارەکانی پۆلیس و دادگا بکات، ئەگەر بوونی سوپاکە یاسایی و گونجاویش بێت. زیندانی سەربازی دەکرێ هەبێت، بەڵام بوونەکەی ئاشکرایە و تەنها پەیوەندی بە بابەتە سەربازیەکانەوە هەیە، جگەلەوەی دەبێ ڕێز لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ بگرێت و مسۆگەری مافی یاساییانەی گیراوان بەتەواوی بکات. زیندانی نهێنی بوونەکەی نایاساییە و سەپێندراوە، هەروەها پێشێلکارییە لە پرەنسیپە دیموکراسیەکان و خاڵ و بەندە دادوەریەکانی دەستوری ئێراقی، ئەو دەستورەی کە لەلایەن دەسەڵاتی هەرێمەوە پەسندکراوە. گرتن و ئازاردانی خەڵک پێشێلکردنی مافی ئەو مرۆڤانەیە کە دەبنە قوربانی دەستی دەسەڵاتی خێل و بنەماڵەیی ئەوێ. ئەو مرۆڤانەی لەوێ گیراون نایاساییانە و نارەوا دەستگیرکراون. مافی بەرگریکردنی یاساییانەیان لێسەندراوەتەوە و لەبەرامبەر بڕیار و کردەوەکانی زیندان و لێکۆڵینەوەی دەسەڵاتی خێڵ و بنەماڵە بێدەسەڵاتن. ئەو بڕیارانەی سەرانی ئەو سوپا و زیندانە دەریدەکەن هەمووی نایاسایین و پێشێلکارین دژی ئەو مرۆڤانە و دژی خاڵ و بڕگەکانی مافەکانی مرۆڤ و بوارە دادوەریەکان کە لە دەستوری ئێراقیدا هاتوون. بەکورتی بوونی زیندانەکە و هەموو کاروکردەوەکانی کە پەیوەندیان بەو زیندانەوە هەیە، هەمووی نایاسایی و پیشێلکارین. بۆیە ئەوانەی لە پشتی بوونی ئەو زیندانەدان، لە چەندین لاوە پیشێلکاریان کردووە و تاوانبارن. جگەلەوانە سەرپەرشتیکردنی ئەو زیندانە لەلایەن برازای مەسعود بارزانی، ئەوە دەردەخات کە سەرۆک و بنەمالەی دەسەڵاتداری بارزانی لەو پیشێلکاریە و تاوانەکانی ئەو زیندانە ئاگادارن و دەکرێ راستەوخۆ بە بڕیاری ئەوان ئەو زیندانە دروستکرابێت. دیارە گرتنی خەڵک لەسەر جودایی بیروباوەڕ و زیندانیکردنی لەو زیندانییە نهێنیەدا، بوونی دەزگایەکی داپلۆسێنەر و تۆقێنەری بنەمالەیی و حزبی پیشان دەدات، کە نمونەی لە رژێمەداپلۆسێنەر و دیکتاتۆرەکاندا هەیە، بۆنمونە رژێمی بەعسی روخاو یا میرنشینە دیکتاتۆرەکانی کەنداو. 

بەکورتی ئەگەر لە روانگەی پرەنسیپە دیموکراسیەکان سەیری ئەو بابەتە بەکەین، دەبێ ئەو زیندانە و شێوەی ئەو زیندانە کە لە شوێنی دیکەدا هەن نەهێلدرێن، زیندانیان ئازادبکرێن و قەرەبووی زیانەکانیان بکرێتەوە، ئەکەر کەسێک بەراستی تاوانبارە و لەوێ زیندانی کراوە، دەبێ ئەو کەسە لە زیندانی ئاشکرا لە تاوانەکەی بکۆڵدرێتەوە، مافەکانی بپارێزن و مافی بەرگریکردنی یاسایی بۆ دەستەبەر بکرێت. دەبێ ئەوانەی لە پشتی بوونی زیندانی نهێنیدان بدرێنە دادگا و سزا بدرێن. جگەلەو زیندانە نهێنیانە، ئەو کەسانەی کە لەسەر جودایی بیروباوەر دەگیرێن و لە زیندانەکانی کەتندا دەکەون و ئازار دەدرێن، ئەوە تاوانە بەرامبەریان ئەنجام دەدریت و دەبێ قەرەبووی ئەو تاوانە بکرێتەوە و کەسانی تاوانباریش بدرێنە دادگا. ئەگەر دەسەڵات کاردانەوەی گونجاوی نەبێت و ئەو تاوان و پێشێلکاریانە نەوەستێنێت، دووپاتکردنەوەی ئەو راستیەیە کە دەسەلات ئامادەنییە دەست لە دامودەزگا نادیموکراسی و داپلۆسێنەرەکان هەلگرێت و بەردەوامی خۆی لە ئاراستەی مافیایی و میلیتسگەرایی نادیموکراسیانەیدا پیشانی خەڵک و کۆمەلگە دەدات. 

 

شاخەوان شۆڕش

2013-12-25

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.