Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
ساتە بێکاتەکان …. شوان حەسەن

ساتە بێکاتەکان …. شوان حەسەن

Closed
by June 22, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

لە دەرگەی سێبەرەکەمەوە،

شوێنەوارناسێک دێتە ژوورێ.

بە تیشک دەمکۆڵێ،

شەبقەکەی لەسەرم دەکەم و 

خۆم دەشارمەوە.

دەبێ لە چی بگەڕێت؟

خۆ شوێنەواری من پیتی نییە.

***

بە دوامدا مەگەڕێن، خۆم دێم.

ئەرێ ئەمن تاوانبارم؟

بە دەست پەراسووی رێککەوتێکەوە کە لێی بووم بە خوێندکار

لە جەنگێکدا کە منداڵییم لە کۆڵانێکیدا ناونیشانی گرت.

ئەوەش بیر و ڕایەکانم کە قەلەباجکەیەک هەڵیدەگرێتەوە. 

هێشتا لە دێ کڵۆبەفر نەبووە بە وشە، 

سۆز لەناو لەپدا ئاو دەخواتەوە و 

پێدەکەنێ.

خۆشەویستیش چاوەڕوانی ئەڵقەی

پەنجە نەرمەکەی خاک دەکا.

مەرگی هاوڕێیەکانمان لێوەرگرە،

نەبادا کپی بمانخنکێنێ.

***

لەبەر بارانی رابردوودا دانیشتووین و 

دامێنی ئەو سات دەبینین 

کە دڵۆپەکانمان کۆدەکاتەوە.

گۆڕان لەو ئاوەدا نەبێت،

لە هیچ شوێنکی تر خۆی ناشوات.

***

تەواو دەبێت،

دڵنیابە هەموو شتێک کۆتایی هەیە.

لە دامێنی میهرەبانیت دەتوێمەوە.

نامەوێ بە نەرمی بمرم،

دەترسم ببم بە یەکێکی تر و

تۆ لە باوەشمدا ببینم.

خاڵی سێبووریم نادۆزمەوە

چاک دەزانم،

خۆشمت دەوێ و 

بە هۆگربوونتەوە دەمکوژی.

چ قەدەرێکە، 

تۆ لە من شین بیت و 

لق و پۆپی  تۆم لێ بڕوێ.

لە مزگێنی

لێکخشانی کات و سبەینێدا،

بۆنی سێو دەکەم.

***

چیایەکانیش لە دەرگەی ژوورەکەی هەندرێن نادەن،

کە رەگەکانی لە قامک گرتوون و 

لە دەفتەرەکەیدا موتربەیان دەکا.

هاوڕێ دەتبینم،

وا ئارەقەی هەوراز و نشێوەکان دەردەکەیت.

“گەرەکتە ئەو چیایانەی کە نەتوانی لە دڵدا ئازادییان بکەیت،

وێنەکانیان لە وشەا بکێشیتەوە.” (١)

ئەو دیوانەش فڕیدە بازاڕ،

با پەنجەکانت وشک نەبن.

لە شارستانییەتی گەنم و جۆدا

چیا شوێنێکە بۆ بیرچوونەوە.

***

ئەو رۆژەی جووتیار شەهید بوو،

هەستەکانی بەسەر ماڵئاواییدا دەتکانەوە.

خۆشەویستەکەم

داوای لێکردم لە دوای “ئاخ”ەکەی دەستمدا،

ناوی بنووسم.

بە پێکەنینێکەوە بۆنی بارووتی لادا و 

دەبێ جارێکتر

مریشکی سۆرکراوە بخۆین.

ئەو شەوە لە خەونەکەمدا زۆر گریام،

بەیانی بالیفەکەم شووشت و 

بە گوتنەوەی بەردەوامی دێرێک لە گۆرانییەک،

ساتەکانم پێچایەوە.

***

بە دەم نووسینەوەی مێژووەوە دەبریسکامەوە

کچە چاوگەشەکەی

خۆی رووت دەکردەوە.

لە گەرمەسێری زانستدا،

لە فایلێکدا تاو وتوێی دەکردم.

بەر لە گەیشتنی تیشک بۆ لاپەڕە رەنگ زەردەکانم،

بە دوگمەیەک دەیسڕیمەوە.

***

لە نیشتمانی وشەدا چەکدارم و 

رێگەت پێنادەم رستەیەکم بەند بکەیت.

بەڵێ دوا دیدارمان ئەو بۆسەیە بوو،

کە لە رامانی کەرێکدا شوێن پێم هەڵگرتی.

وا دەستڕێژەکەم هات،

بە چەند برین رادەگەیت؟

گێڕانەوەت ئاوا بوو.

تۆش لە بیرەوەریی مندا نەبێت،

لە هیچ شوێنیتر ناجووڵێیت.

بۆیە کە هەڵت دەدەمەوە،

لێت دەپرسم: بۆ هاتی؟

***

تەواو دەبێت،

بە مەرگی ئێمەوە تەواو دەبێت.

وا کۆتاییەک دەبینم،

دامێنی مرۆڤایەتی دادەوەشێنێ.

دڵنیابە،

بێئاگایی ئێمەش تەواو دەبێت.

***

چۆلەکەیەک،

بۆ نیشانەکردنی ئێمە

جێگەی خۆی خۆش دەکرد.

***

رەنجۆ تەمەنێک بە شێتی دەدا

لە دوای هەموو راوەستانە وێنەییەکانیدا،

واتا دەستەکانی لە پشتییەوە دەگرێت و 

یەکێک لە قاچەکانیشی دەباتە پێشەوە،

دەڵێ: رەشەبا بۆ هەڵناکەی؟

نیشتمان منی فرۆشت.

***

لە رزگار فێر بوومە،

چۆن نیشانە لە تەنیایی بگرم.

کە پیتەکانی بێدەنگی هەڵدەوەرێنە سەر رێگەیەکان،

چ بابەتێک

بۆ قاوەخانەیەکی شار گەسک بدەین.

***

پەڕەسێلکەیەک،

خۆشەویستی منی لە لەتێک ناندا  دەدزیی و 

خێری دەکردە ناو جامێک،

دەستەکانی باوکمی پێدەشووشت.

تا رۆژێک دارلاستیکەکەم لە بەردێکی ئەودا 

بە وشەی “مردار بووەوەی”ی دایکم نووسییەوە.

یەکەم گۆڕی رەوایەتیم لێدا،

ئەو رۆژەش بۆ من خۆش بوو.

کە لەگەڵ باوکمدا کلک و گوێی “سیسۆ”مان بڕی،

ئەو سەگەی کە دەیزانی:

ئەمن گەورەترین سەرمایەی سەر زەوییم. 

***

درزێک لە ئێستامدا دەبێتەوە،

دەستە بەستراوەکانم دەخوێنمەوە.

دەنگێکە و 

مەرگی ئازیزانم پێدەڵێت.

کە ناوی من دەڵێتەوە

دەبێ بێهوایی من،

چاوەڕوانی ئەویان وشک نەکردبێت؟

دوای ئەوەی گەڕانم بە دوای

مرۆڤ بوونمەوە دەستی پێکرد،

 چ جەنگێک بۆ من بەرپا بوو.

***

ئەو سەفەرەش کۆتایی هەیە،

تۆ و منداڵەکان و 

هاووڕێیە ماندووەکانیش

لە خوێندنەوەی ژنە قەرەجەکەدا،

لە ناولەپی شیعرێک کۆ دەبنەوە.

هاوینی ٢٠١٣

 

(١)دێرە شیعرێکی هەندرێنە، لە “چیایەکانی من” وەگیراوە. من هەر بەو دێرە دەیدوێنم.

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.