Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
سادەیی و ئاڵۆزی … محەمەد كوردۆ

سادەیی و ئاڵۆزی … محەمەد كوردۆ

Closed
by April 7, 2012 گشتی

 

بۆ گەیشتن بە هاوسەنگی لە هەر بوارێكدا پێویستمان بە گەیشتن بەو پنتە هەیە كە ڕێك دەكەوێتە نێوانی ئەو دوو شتەوە وا دەمانەوێت هاوسەنگی لە نێوانیاندا ڕابگرین. وەكچۆن ئەگەر دارێكی درێژ بێنین، لە ناوەڕاستی دارەكەدا و ڕێك لە سەر ئەو پنتەی ناوەڕاستی دارەكە، پەنجەمان ڕابگرین دارەكە ناكەوێت، بەڵام ئەگەر یەك ملیم ئەملاتر یان ئەولاتر ڕایبگرین دارەكە دەكەوێت. هەر ئاوها لەنێوانی زۆرێك لە شتەكاندا پنتێك هەیە كە دەبێت بدۆزرێتەوە. من لێرەدا بەنیازم لەو پنتە بدوێم كە لە شیعر و نوسیندا دەكەوێتە نێوانی سادەییەكی داهێنەرانە و ئاڵۆزییەكی داهێنەرانەوە، كە بەبڕوای من تێپەڕین لەو پنتە بەهەر لایەكیاندا بێت، چ بەلای سادەیی و چ بەلای ئاڵۆزییدا، لەداهێنان دوور دەكەوێتەوە. ئەوەی گۆران لە شیعری كوردییدا كردی، ڕێك دۆزینەوەی ئەو پنتە بوو، گۆران تا ئەو پەڕی سادەیی شیعری سادە كردەوە، بەڵام لە هەمانكاتدا ئەوەی گۆران كردی داهێنانێكی حاشاهەڵنەگر بوو. سادەیی لاى (گۆران) گەیشتۆتە ڕادەیەك دەڵێن، جارێكیان لە دانیشتنێكدا باسی گۆران كراوە، كەسێك كە (گۆران)ی نەناسیووە داوای كردووە شیعرێكی گۆرانی بۆ بخوێننەوە، (بە ئاسمانەوە ئەستێرەم دیووە)یان بۆ خوێندۆتەوە، كەسەكە وتویەتی جا ئەوە كەی شیعرە، بەخوا من هەزاران جار بە ئاسمانەوە ئەستێرەم دیووە هەر عەیبم لێهاتووە باسی بكەم!! من لێرەدا قسەم لەسەر ئەو پنتەیە كە شتەكان لەیەك جیا دەكاتەوە، قسەم لەسەر ئەوە نییە داوای سادەیی لە شاعیر و نووسەران بكەم. چونكە وەك چۆن گۆران لەو پەڕی سادەییدا دەگاتە لوتكەی داهێنان، دەشێت شاعیرێكی دی لەو پەڕی ئاڵۆزییدا بگاتە لوتكەی داهێنان. نالی و مەحوی سادە نین، بەڵام لە لوتكەش دان. گرنگ ئەوەیە شاعیر توانای دۆزینەوەی ئەو پنتەی هەبێت كە ڕێك دەكەوێتە نێوانی سادەیی و ئاڵۆزییەوە، ئەگەر وا نەبێت شیعرە سادەكان لەساكارییەكی بێ‌ سەروبەر و شیعرە ئاڵۆزەكانیش لە تەمومژێكی نەگونجاودا ون دەبن.

 

*************************************************************
* ڕاز و نیاز گۆشەیەكە رۆژانی هەینی لە دوا لاپەڕەی كوردستانی نوێ‌-دا بڵاو دەبێتەوە، بڕوانە ژمارە (5745) 6 / 4 / 2012

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.