Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
سازانی نیشتیمانی یا ڕامکردنی گۆڕان؟

سازانی نیشتیمانی یا ڕامکردنی گۆڕان؟

Closed

 

 

 

 

پارتی دیموکراتی کوردستان تەنها بەناوەکەیدا “دیموکرات”ە ئەگینا  لەکردەوەدا هیچ شتێک هێندەی دیموکراتی قەڵسیان ناکات. دیارە دیموکراتی بەمانا پڕاوپڕ و ڕاستەقینەکەی ئەو تێرمە نەک ئەوەی کە لەداڵانەکانی دنیای سیاسەت لای پارتی پێی دەووترێت ” دیموکراتی “. بۆ سەڵماندنی ڕاستی قسەیەکی لەوجۆرە ناکرێ تەنها بگەڕێینەوە بۆ بەرنامە یا شایەدیی پارتی خۆیان چونکە ئەوە بەهیچ جێیەکمان ناگەیەنێت. جگە لەوەش سەرسەختترین دوژمنانی دیموکراتی و ئازادی و مافی مرۆڤیش بەقسەی خۆیان بێت هەزار کراس بۆ دیموکراتی دائەدڕن. هەر خودی بەعسەکەی لەمەڕ خۆمان لەدەستوورەکەیدا ئاوا پێناسی سیستمی ژێردەسەڵات بەعسیی لەعێراقدا ئەکرد:”عێراق ووڵاتێکی دیموکراتیە و دەسەڵات بەدەستی گەلەوەیە”. 

لەبەرانبەردا هیچ شتێک هێندەی مێژوو و ڕۆڵی ئێستای پارتی ناتوانن ببن بە محەکی سەرەکی بۆ هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی پارتی سەبارەت بە دیموکراتی . چ ڕەفتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لەبەرانبەر نەیارە دەرەکیەکانیدا ، تاکەکەس بووبن یا گرووپ یا ڕێکخراوی سیاسی ، یا چۆنیەتی تەعامولی سەرکردایەتی ئەو حیزبە لەگەڵ هەر ناڕەزایەتی و کێشە و ڕەخنەیەکی ناوخۆییدا، تۆمارێکی دوور ودرێژمان نیشان ئەدەن سەبارەت بە نەهجی دژی دیموکراتی ئەم کۆنترین و گەورەترین هێزە سیاسیەی گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان. 

کارکردە ناوخۆییەکان و شێوازی بڕیاردان و هەڵوێست وەرگرتن لەبەرانبەر مەسەلە سیاسیەکاندا ئاست و مەیدانێکی تری ئەنتی دیموکرات بوونی ئەم حیزبە سیاسیەیە. هەر بۆ نموونە پارتی لە نموونەی ئەو هێزە سیاسیە ڕۆژهەڵاتیە کۆنسێرڤاتیڤانەیە کە دەسەڵاتی خێزان و سەرکردە و ناوچە وتایەفە تیایدا زۆر بەهێز و بەرجەستەیە. هێز و چەک و پەلاماردانی چەکداری  وتەسفیەی فیزیکی نەیاران شێوازی هەرە ناسراوی پارتیە بۆ یەکلاییکردنەوەی جیاوازی و کێشە سیاسیەکان بەتایبەتی کاتێک لە هاوکێشەکاندا باری بکەوێتە لێژی و لاوازی. شەڕی چەکداری ١٩٦٦ لەگەڵ باڵی مەکتەب سیاسی، شەڕی دڕیژخایەنی شاخ لە ١٩٧٦ تا ١٩٨٧ کە دیارترین ئێستگایان کوشتارەکەی هەکاری بوولە دژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و دواتریش کوشتارەکانی شەڕی ناوخۆی ١٩٩٤-١٩٩٨ و ٣١ ی ئابی ١٩٩٦ ، نموونەی بەرجەستەی ئەو میکانیزمەن کە پارتی بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە سیاسیەکانی لەناو گٶڕەپانی سیاسی کوردستاندا پەنای بۆ بردووە. 

کێ دەتوانێ لەمێژووی ناوچەکەدا هێزێکی سیاسی تری هاوچەشنی پارتی بدۆزێتەوە کە لەیەکەمین ڕۆژی دامەزراندنیەوە لەلایەن کوڕ و باوکێکەوە بەشیوەیەکی نامۆ بە پرەنسیپە مودرینەکانی حیزبایەتی ڕابەرایەتی کرابێت ؟ ( جگە لەو ماوە کەمەی قیادە موەقەت کە لەپاش ئەشبەتاڵی ١٩٧٥ و بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری حیزبەکەیان و خەڵکی هەموو کوردستان لەبەرانبەر ئەدای زۆر دواکەوتوانەی سیاسی و سەربازی مەلا مسەتەفا و کوڕەکانیدا و بۆ ماوەیەکی کاتیی زۆر کەم و بەپێی پلانێکی مەحکەم سەرکردایەتی حیزبەکەیان بەوەکالەت دایە دەست علی عبدالله و سامی عبدالرحمان).

بەکورتیەکەی گەر لەو مێژووە دوور ودرێژەی تاقیکردنەوەی کێشەناوخۆییەکانی ١٩٦٤ ی ناو پارتی و شێوازی خێڵەکیانەی بارزانیی باوک بگەڕێین و بازێک بدەین بەسەر سەرکوتکاریەکانی هەموو ئەو کادر و ئەندامە ناڕازیانەی حیزبی ناوبراو بەرانبەر سەرکردایەتی پارتی لە ساڵانی ١٩٧٠-١٩٧٤دا وزیندانەکانی گەڵاڵە و دەربەند ڕایات و تیرۆری دەیانی وەکوو فاخیر مێرگەسووری و تاوانەکانی تری پاراستنمان بیر بچێتەوە ، گەر تاوانەکانی حیزبی ناوبراو لە کوشتاری ١٩٧٣-١٩٧٤ ی شیوعیەکان بخەینە ئەولاوە، گەر هەموو کردەوە دژی دیموکراتیەکانی هێزەکانی پارتی لە ماوەی ١٩٧٦- ١٩٨٧  بەفەرامۆشی بسپێرین، و هیچیش نەڵێین بەرانبەر شێوازی مامەڵەی پارتی لەگەڵ ڕێکخراوە سیاسیە کوردستانیەکانی ئێران و تورکیا و سوریا ، ئەوا ئەو ئێستگایانەی ( پارتی و دیموکراتی ) دەمان گەیەنن بە ڕۆژگاری ئەمڕۆ کە نمونەی هەرە زیندوویان بریتیە لە شیوازی مامەڵەی پارتی لەگەڵ ‌هێزەکانی ناسراو بە ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانی عێراق بەگشتی و بزووتنەوەی گۆڕان بەتایبەتی. 

لێرەدا ٢ هەڵوێستە بە پێویست ئەزانم :

 ١/ مەرج نیە هیچ دیاردەیەک هەتا هەتایە بە نەگۆڕی بمێنێتەوە وهێزێکی سیاسی ئەنتی دیموکراتیک تا سەر و لەقۆناغە جیاوازەکاندا هەر چەق ببەستێت بەو خەسڵەتەوە. ئەکرێ یا زەبری زەمانە و ترس لە ڕسوابوون یا پەرەسەندنی گیانی ئازادیخوازی و بەهێزبوونی هێز و بزووتنەوە دیموکراتیکەکان لە ووڵاتێک یا ناوچەیەکدا حیزبێکی سیاسی ناچاربکات کە وادار بێت بەجۆرێک لە ملدان بەهەندێ لەسەرەتا دیموکراتیکەکان یا ببێت بە هێزێکی کاریگەری دیموکراتیخواز. بەڵام پارتی پێچەوانەی ئەم مەنتیقە سەرسەختانە لەبەرانبەر ئاڵوگٶڕەکاندا مراوەغە ئەکات و بەناچاری خەریکی توێژ و بەرگ گۆڕین بووە و لەونێوەدا ئیرتیزاقی سیاسی و ویژدان کڕین بەدارایی گشتی فریای کەوتووە. 

٢/ ئەوە قەدەری چەسپاو و نەگۆڕی خەڵکی کوردستان نیە کە هێزێکی وەکوو پارتی بەو خەسڵەتانەوە سواری سنگی خەڵک ببێت و هەموو موقەدەراتی گەلێک زەوت بکات . ئەو مێژوو و تاقیکردنەوە زۆرەی خەڵکی کوردستان و هێزەسیاسیەکانی ، نەک تەنها لە ئاستی کوردستانی عێراق بەڵکوو لەئاستی هەموو پارچەکانی تری کوردستاندا ، ئەوەیان سەڵماندووە کە دۆشدامان بەدیار مەرحەمەتی پارتیەوە و ‌هیوا هەڵچنین  بە بەرقەراری دیموکراتیەت لەژێر ئاڵای پارتیدا لەوەهم زیاتر هیچ نیە. 

کاتێک دێینە سەر گۆڕان و ڕۆڵێک کە ئەم هێزە گێڕاویەتی ، هەڵوێستی پارتی لەوبوارەدا جارێکی تر بەزەقی خۆی ئەنوێنێت. دیسانەوە ئەو مێژووەی پێشوو دەبن بە ( ئێستا ) و لەپەیوەندیەکی سەردەمیانە و بەرانبەر بە وورد و درشتی دنیای سیاسەت لە کوردستانی ئەمڕۆدا بەرجەستە ئەبنەوە. 

سادەترین ئەرکی گۆڕان وەکوو هێزێک کە بۆ دیموکراتی و خۆشگوزەرانی خەڵک و دەسەلاتی یاسا و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان لەیەکتر و دوایی هێنان بە دەسەلاتی حیزب و خێزان و ئەو جۆرە پرەنسیپە سیاسیە بنەڕەتیانە تێئەکۆشێت، ئەوەیە کە لەمینبەرەکانی وەکوو پەرلەمان و میدیا و ڕای گشتیدا برەو بەو سیاسەت و بەهایانە بدات و لەچەپکێک بەرنامە و پلاتفۆرمی سیاسیدا بەرجەستەیان بکاتەوە. ئەوەی گۆڕان تا ئێستا کردوویەتی ئەو ئەرکە سادەیەی سەرشانی بووە ، نەک هەر ئەوەش بگرە خودی گۆڕانیش لەژێر پاڵەپەستۆیەکی جەماوەریی گەورەدایە و گازندەی ئەوەی لەسەرە کە لەوپێناوەدا خاو و کەمتەرخەمیشە نەک ئەوەی کە پارتی دەیخوازێت واتە دەسهەڵگرتن لەو ئەرکە چارەنووسسازە.

کاتێک پارتی شیوەن بۆ سازانی نیشتیمانی و تەبایی هێزە سیاسیە کوردستانیەکان ئەکات مەبەستی ئەوەیە کە بزوتنەوەی گۆڕان ، کە داینەمۆی ئۆپۆزیسیۆنە ، دەسبەرداری ڕەخنەکانی ببێت لەدەسەڵات . ئەوە ڕەخنەی سیاسی و دەربڕینی ئەلتەرناتیڤی سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕانە کە پارتی ناوی ئەنێت هێرش و پەلامار و مەرجی ئەوانیش بۆ هەر سازانێکی نیشتیمانی وەستانی هەر ڕەخنە و دەربڕینی هەر ناڕەزایەتیەکە. ئەو داوایە نەک لەگەڵ ڕاستیەکانی خەباتی سیاسی هێزێکی وەکوو گۆڕاندا ناکۆکە نەک پێچەوانەی پرەنسیپەکانی ململانێی سیاسیی مۆدرینە، بەڵکوو بەمانای ئیمزاکردنی قەواڵەی ئاشبەتاڵی گۆڕانە چونکە حیکمەتی سەرهەڵدانی گۆڕان هەڵکردنی ئاڵای ئەلتەرناتیڤە ئەویش بەدیاریکراوی لەبەرانبەر دەسەڵاتدارەتیی پارتی و هاوپەیمانە ستراتیژیەکەیان . گۆڕان هێزێک نیە لە مۆزەمبیق یا ئەمریکا لاتین خەبات بکات بۆ بەدیهێنانی بەرنامە سیاسیەکەی. ئەو بەناچاری ئەبێ کۆسپەکانی بەردەم بەرقەراری سیستمێکی مودرینی خەڵکخواز بەدیاریکراوی لەکوردستاندا بناسێ و بناسێنێت و هەوڵی لابردنیان بدات . ئەو کۆسپانە دەسکردی هێزی غەیبی نین بەڵکوو بەرهەمی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتدارەتی و پاوانخوازی  پارتی و یەکێتین. بۆ ئەو مەبەستەش گۆڕان پشت ئەبەستیت بە ڕاکێشانی ڕای خەڵک لەسنووقەکانی دەنگداندا نەک دەستێکەڵی لەگەڵ هێزە خوێنخۆرەکانی گەلەکەمان . میسداقیەتی گۆڕان لەناو جەماوەری خەڵکدا و چوونەسەرەی کێرڤی هێزی لەناو جەماوەردا ڕێک هەمان شتە کە پارتی دەیەوێت بیکات بە نرخی معامەلە لەگەڵ گۆڕاندا بەناوی سازانی نیشتیمانیەوە: گۆڕان هەروەک مووشەدەمە فوو بکات بەناڕەزایەتیی ڕەوای بەشە جۆراوجۆرەکانی خەڵکدا و ئاستی وشیاری و ئاگایی سیاسیان بەرێتە سەر و هەرگیز هەدانەدات بۆ لەقاودانی بەرمانە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکانی دەسەلات و بەتایبەتی پارتی.

هەر سازانێکی نیشتیمانی نرخەکەی ئەوە بێت کە گۆڕان لەم ئانوساتەدا بژاردەی بێدەنگی هەڵبژێرێت سەبارەت بە : بوودجە ، دەستوور ، پەرلەمان ، کۆنتراکتە نەوتیەکان ، هەڵبژاردنی پارێزگاگان ، کەمتەرخەمی لەبواری مادە ی١٤٠ ، ساتو سەودا و پەیوەندی ژێر بەژێر لەگەڵ بەغدا و ووڵاتانی ناوچەکە ،هەڵلوشینی دام و دەزگاکان لەلایەن ئورگانەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە و …… تاد، ئەوە سازان و شەریک بوونە لە دزی و گەندەڵی و ڕۆچوونە بۆ ناو جومگەکانی ئەو دەسەلاتەی کە ڕۆژ دوای ڕۆژ ئەبێ بە کۆسپی بەردەم ژیان و ئاواتە سیاسیەکانی خەڵکی کوردستاندا.

گۆڕان نەک هەر هەوڵی تەبایی نیشتیمانی ئەدات بەڵکوو سازان لەسەربناغەی گێڕانەوەی ئینتیمای وونکراوی نیشتیمانی لە چوارچێوەی سیستمێکی سیاسیدا کە پەرلەمانێکی بەهێز و کارا سەرچاوەی گشت دەسەڵاتەکانی گەڵ و نوێنەرایەتی ئەوان  بێت ، ناوەڕۆکی بەرنامە سیاسیەکەیەتی. 

کەس ناتوانێت لافی سازانی نیشتیمانی بەسەر گۆڕاندا لێبات!. پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئەو جییە باسی سازانی نیشتیمانی ئەکات کە هەموو هێزە سیاسیەکان ئەوە قەبووڵ بکەن کە پارتی وبارزانی حیزبی قائید و ڕابەربن!!!. ئەو نوسخەیەی پارتی سەبارەت بەسازانی نیشتیمانی دەیخاتە بەردەم گۆڕان هێڵێکی سووری زەقی تیایە کە ئەبێ گۆڕان هەرگیز خەیاڵی دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە مێشکیدا نەیات و لەوەشدا یەکێتیەکانیش هاوڕای پارتین. دیموکراتی و سازانی نیشتیمانی لای ئەم ٢ هێزە دەسەڵاتدارە ماناکەی ئەوەیە کە هەموان و بۆ هەمیشە براگەورەیی پارتی و یەکێتی قبووڵ بکەن و هەر ڕێباز و نەهجێکی جیاواز لەوە بە ئاژاوەگێڕی و هێرش بۆ سەر گەلی کورد و دەسکەوتەکانی لەقەڵەم ئەدەن !!!!

پارتی و یەکێتی بۆ ئەو مەبەستە بانگەوازی گۆڕان ئەکەن بۆ سازانی نیشتیمانی و لەو پێناوەدا وبەمەنهەجی دەمچەورکردن دەڕواننە ئەو مەسەلەیە . ئەوان پێیان وایە بەدانی هەندێ ئیمتیازاتی لەچەشنی پۆست و دارایی وپاشەکشەیەکی ڕووکەشی لەهەندێ مەسەلەی لاوەکی و ناونانی ئەوە بە سازانی نیشتیمانی ئەتوانن گۆڕان ڕابکێشنە ناو تۆڕەکەیانەوە. بەڵام ئەوە نەک سازانی نیشتیمانی بەڵکوو ئیمزاکردنی بەڵگەنامەی مەرگە بۆ گۆڕان کە ناچێتە چاڵی وەهمێکی لەو جۆرەوە.

مەفهوومی پارتی و یەکێتی سەبارەت بە سازانی نیشتیمانی هاوچەشنی ئەو قۆناغەی پێش دامەزراندنی گۆڕانە کە هەردوولا سەرجەم دەسەڵات و سامانی نیشتیمانی و موقەدەراتی کوردستانیان بەدوور لە چاوی هەر چاودێر و هێزێکی راستگۆی ئۆپۆزیسیۆن دابەشکردبوو و تۆزێکیش لەبەرهەمی سامانی خەڵکەکەیان دابەشدەکردەوە بەسەر کۆمەڵێک هێزی سیاسی کوردستانیدا کە خزمەتیان بەڕازاندنەوەی دوکانی دیموکراتیەکەی ئەوان و تەبایی نیشتیمانیەکەیان ئەکرد. 

بەڵام ئەو قۆناغە لە تەمووزی ٢٠٠٩ بەدواوە بەسەرچوو. !!!!!

 

 

عدنان کەریم / سدنی 

سەرەتای ئابی ٢٠١٣ 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.