Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
سزادانی پەخشی میزۆپۆتامیا چی خستە ڕوو؟

سزادانی پەخشی میزۆپۆتامیا چی خستە ڕوو؟

Closed
by July 8, 2013 گشتی

 

 

 

دادگای باڵای کۆپنهاگن لە وڵاتی دانیمارک بڕیاریدا مافی پەخشکردن لە تەواوی  کەناڵەکانی کۆمپانیای پەخشی میزۆپۆتامیا، کە تەلەفزیۆنەکانی ڕۆژ تیڤی، نوچە تیڤی و ئێم ئێم سی لەخۆ دەگرن، بە لێسەندنەوەی مافی پەخشکردن سزا بدات ودواجار بەیەکجاری دایانخات. کۆمپانیای ناوبراو بە ۵ ملیۆن کرۆنی دانیمارکیش { زیاتر لە دوو ملیۆن یۆرۆی ئەوروپی} سزا دراوە.

کۆمپانیاکە گەر باجی سزا ئابوریەکە بدات ئیتر  ئەو تۆمەتە دەسەلمێنیت کە  بەڵێ “تاوانبارە بە لایەنگریکردنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و بڵاوکردنەوەی ئەو بەرهەمانەی کە پەرەدەدەن بە تاوان  و تیرۆریزم.” ئەگەر باجی سزا ئابوریەکەش نەدات، ئەوە بەیەکجاری کەناڵەکانی دادەخرێن، کەواتە سزاکە هەڵبژاردەیەکی بۆ کۆمپانیای ناوبراو نەهێشتۆتەوە لە داخستن زیاتر. 

ئەم هەوڵە بەناو “یاساییە” ی دادگای ناوبراو لە دانیمارک جێگای گومانی گەورەیە لەلایەن وڵاتێکی ئەوروپی و ئەندامی یەکێتی ئەوروپا ، هەرچەندە جێگای شۆکێکی لۆکاڵیشە.

 ئەوەی جێگای شۆکی لۆکاڵیە بێهەڵوێستی ئەو کوردانەیە ئەمڕۆ لە بواری راگەیاندن و مافی ئازادی ڕادەربریندا کار دەکەن، كەچی لەم باسە زۆر بێئاگا خۆیان نیشاندەدەن و پاسیڤیان هەڵبژاردووە لەبری هەڵوێستی دیموکراتخوازی،  بەتایبەتی لە باشووری کوردستاندا. لەوەش سەرسامتر و ترسناکتر، بێدەنگی هونەرمەندانی کوردە،  دیسان بەتایبەتی ئەوانەی باشووری کوردستان، کە زۆربەیان لە دیاسپۆرا {هەندەران، تاراوگە هتد} ژیانیان کردوە و  دەکەن و ، هەرچەندە لەهەموو توێژێکی گەلی کورد زێدەتر قازانجیان لەو کەناڵانە کردووە و خزمەتێکی ئێجگار بێوێنە بەخۆیان و هونەریان کراوە لەو کەناڵانەوە ، کەچی ئەمڕۆ لەبری هەڵوێستێکی جدی هونەرمەندانە ، هەلپەرستییان هەڵبژاردووە و فزەیان لێوە نایەت ،  لەکاتێکدا زۆربەیان ناسنامەی وڵاتانی ئەوروپایان هەیەو دەتوانن لە دژی ئەو بڕیارە بوەستنەوە و رێگای یاسایی و لۆبی سیاسی بگرنەبەر لەو وڵاتانەی تیایدا  دەژین یان ژیاون، کەچی بێهەڵوێست و بێباک و بێدەنگن. 

ئەم بێدەنگیە نائەخلاقیەی ئەوان زەنگێکی ئێجگار ترسناکە بۆ داهاتووی ئازادی دەربرینی کورد لە کوردستان و ئەوروپادا، چونکە پاسیڤبونی ئەو هونەرمەندانەی خستە ڕوو لەمەر پرسەکانی ئازادی ڕادەربرین و دیموکراسی بۆ خودی خۆیان  و گەلەکەیان وەک یەکێک لە  بێمافترین هاوڵاتیەکانی دنیای ئەمڕۆ.

ئەوە کۆمپانیای پەخشی میزۆپۆتامیا بوو کە خودانی مێد تیڤی و دواتر میدیا تیڤی و ئینجا رۆژ تیڤی و ئێستاش نوچە تیڤی و ئێم ئێم سی یە . کۆمپانیاکە لە ساڵی ۱۹۹۵ بەدواوە بۆ یەکەمجار کوردی کردە خاوەنی پەخشی ئاسمانی، ئەو ئەوکاتە زۆرێک لە دەوڵەتەکانی خۆرهەڵاتی ناوینیش کەناڵیكی ئاسمانی لەو چەشنەیان نەبوو. لەوەبەدوا کە دەستی بە کارەکانی کرد،  ئەو کۆمپانیایە کەوتە خزمەتەتێکی بێبەرامبەرو بێوێنەی تەواوی ئەو هونەرمەندە کوردانەی  لە ساڵانی نەوەدەکاندا بە هەر هۆکارێک وڵاتیان جێهێشتبوو بۆ ئەوروپاو، ئینتیمای سیاسی و حزبی جیاوازیشیان هەبوو. 

ئەوان لەو کەناڵەوە ئیتر ناسران بە “هونەرمەند” و ناو و دەنگێکی وایان بۆ خۆیان درووست کرد کە  بەبێ هەبونی کەناڵەکانی ئەو کۆمپانیایە،  دەبوو لە کۆڵانەکانی ئەوروپادا گۆشەگیر بمانایەو دەمێک بوو دەستبەرداری ئەو تۆزە بەهرەیەش ببون کە لە کوردستاندا پێی ئاشنا ببون و ناویان لێنابوو “هونەر”. 

ئەو دەمانە لە ئەوروپا ، هونەرمەندانی کورد یەک لە دوی یەک ڕیز دەبوون تا بەرهەمەکانیان پەخشبکرێن و، ئەو کەناڵانەی کۆمپانیای میزۆپۆتامیش  بە ماڵە کوردەواریەکانی دەگەیاند لە وڵات و دیاسپۆرادا.کەچی ئەمڕۆ، دوای ئەوەی زۆرێک لەو هونەرمەندانە گەشتونەتە ئامانجە خۆپەرستیەکانیان و میدیای حزبی و سێبەر شەریان لەسەردەکەن لە باشووری وڵاتداو جەماوەرێکی باش و گیرفانێکی پڕیان هەیە، دەڵێی ئەو کەناڵانەی کۆمپانیای میزۆپۆتامیایان هەر نەناسیوە.

 گومانی تیادا نیە کە ئەم بێدەنگیە دواجار ئەخلاقی ئەوان بەتەواوی دەخاتە ژێر پرسیارەوە ، چونکە سەرباری بێوەفایی، خستیە ڕوو کە ئەوان ڕێزیان بۆ سەرەتایترین ئەخلاقەکانی خودی هونەر نییە کە ئازادی و مافی دەربڕینە، لەم دۆزەشدا ئازادی خۆیان بنەمایە چونکە بخوازن یان نا، ئەوان کوردن . زیاتر لەوەش، بێهەڵوێستن لەسەر کەناڵیک کە پەرەی بە بەهرەکانیاندا لە تاراوگەو پاراستنی لە پەراوێزکەوتن. 

  ڕاستە هونەر پیشەیەکە لە دەرونی خودی تاکەوە یەکەمجار سەرهەڵدەدات و لە ئارەزووی تاکەوە جێگای خۆی لە هۆشیاری تاکدا دەگرێت،  بەڵام دواجار هونەر پەیوەستبونێکی لێنەبڕاوەی کۆمەڵایەتی هەیە،  بەبێ ئەو وابەستەبونەش بە جڤاکەوە،  مەحاڵە هونەرمەند درێژە بە خولیاو بەرهەمەکانی خۆی بدات. مێژووی شاکارە هونەریەکانی دنیا گەواهی ئەو ڕاستیەن، چونکە ئەو بەرهەمە  هونەریانە سەرئەنجام بۆ خوێنەران، گوێگران و تەماشاکارانە ، نەک خودی هونەرمەند بەتەنیا. 

مرۆڤ مەخلوقێکی کۆمەڵایەتیە و ئەمەش هونەر دیسانەوە  وابەستە دەکاتەوە بە ئەخلاق و کێشەکانی جڤاک و  بەها گشتیەکانی گەشەپێدانی کۆمەڵگە بۆ هەبوونی چانسی  باشتربوون. دیارە هەر ئەم هۆکارەشە وایکردووە کە هونەرمەندی راستگۆ و خاوەن ئەخلاقی هونەری،  بە درێژایی مێژوو لەسەر راستینەی ئەو کۆمەڵگەیەی کە تیایدا ژیاون و دەژین کار بکەن تا مەیسەرکردنی چانسی باشتربوون، هەربۆیە هەڵوێستی هونەرمەندان زێدە گرنگە لە ساتەوەختە مێژووییەکاندا. 

 ئەوەی کە تۆقێنەریشە،  ئەو کاتەیە کە هونەر و هونەرمەند ئیتر هەڵوەستە ناکەن و لەبەر قازانجی زاتی لەسەر کێشەی گشتی جڤاک نایەنە گۆ.   ئەم هەلپەرستیەی هونەرمەندان زێدە  ترسناکە چونکە هونەرمەندان و هونەریان بەرەو خەساندنێکی ئەبەدی دەبات لەناو سیستەمی باودا، تاوەکو وای لێدێت کۆمەڵگە تەنیا لە ئەرشیفی بێویژدانی و زبڵدانی نارسیستیدا جێگایەکیان بۆ بکاتەوەو پێناسەیان بکات . بێهەڵوێستی هونەرمەندانی کوردیش لەبەرامبەر داخستنی کەناڵەکانی کۆمپانیای میزۆپۆتامیدا ئەوهەلپەرستی و خۆپەرستی و  داهاتووە ناشایستەیەی ئەو هونەرمەندە بێدەنگانەی  خستە ڕوو. 

ئەم بێدەنگیە ترسناکە، نەک تەنها لەبەرئەوەی کە بێوەفایی “هونەرمەندە هەست ناسکەکانی “  خستە ڕوو لەبەرامبەر ئەو کەناڵانەدا کە خزمەتیان کردبوون، بەڵکو پاسیڤبونێکی بێئابڕووی ئەوانیشی نیشانداین، کە لە نێوان ستەمی سیستەمی باو لەلایەک و  مافە دیموکراتیکە گشتیەکانی جڤاک لەلایەکی دیکەوە، ئەوان بەبێدەنگی و پاسیڤی لایەنگری سەپاندنی ستەمی سیستەمی باویان هەڵبژارد .

بێدەنگی ئەوان لە ئاست قەدەغەکردنی تەلەفزیۆنەکانی کۆمپانیای میزۆپۆتیامادا خستیە ڕوو کە ئەوان بەشێکن لەو هونەرمەندە خەسێنراوانەی کە لە دۆڕان و  کۆیلبوون و تەسلیمیەت  بە ستەمی سیستەمی باو ، شتێکی دیکەیان نییە بیدەنە دەست کۆمەڵگەیەک کە بەدەست چەوساندنەوەی ئێتنیکیەوە نزیک بە سەدەیەکە دەناڵینێت.

 ئەوان هەلپەرستن چونکە بێدەنگن لەبەرامبەر بڕیارەکانی سیستەمی باو، گەرچی ئەو بڕیارانیە سەرکوتگەر و خۆسەپێنیش بن، وەک  بریاری سزادان و داخستنی کۆمپانیای میزۆپۆتامیا لە دانیمارکەوە.  

ئەو بێدەنگیەی ئەوان هەڵبژاردنی بێشەرمی و بێشەرەفی و بیئەخلاقی هونەرییە لەبری ئەخلاقی هونەری، کەوایکردوە لە پێناو ئامانجە تایبەتیە بەرتەسکەکانیاندا، ئەمڕۆ هەلپەرستانە  نوزەیکی ناڕەزایەتیان لێوە نەیەت  لەبەرامبەر ئەو سزا بێشەرمە دژە دیموکراتیکەی کە سیستەم لەسەر کۆمپانیای پەخشی ناوبراو سەپاندویەتی.  

لایەنێکی دیکەی سەپاندنی ئەم سزایە لە دادگای کۆپنهاگنی دانیمارکەوە  بەسەر کەناڵەکانی کۆمپانیای پەخشی میزۆپۆتامیادا راستینەی سیستەمی دادوەری بەناو “دیموکراتی” ئەوروپای خستە ڕوو لە بەرامبەر کورد و ئازادی ڕادەربرین و دیموکراسی بۆ ئەم گەلە بندەستە لە خۆرهەڵاتی ناویندا.

کورد لە جەنگدایە، تێکۆشانی چەکداری هەیەو داوای مافەکانی دەکات. بۆیە: جەنگ ، ئاشتی، گرتن، کوشتن، برینداربوون، گەریلا، سەرباز، بەندکراوی سیاسی و خۆپیشاندان و مانگرتن وئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و هتد، ئەمانە بەشێکی لێنەبراوەن لە رۆژەڤی رۆژانەی ئەم نەتەوەیە، بۆیە میدیاکانی کورد ناکرێت و ناتوانن راوەستە لەسەر ئەو بابەتانە نەکەن، گەر ڕاستگۆ بن لەگەڵ خۆیان و لەگەڵ خەڵك و خوێنەریاندا.  دەبێت ڕاوەستە لەسەر ئەم بابەتانە بکەن و کۆمپانیای میزۆپۆتامیاش تەنیا ئەمەی کردووە، نەک “پەرەپێدانی تیرۆریزم” وەک دادگاکەی کۆپنهاگنی دانیمارکی ئێستاو، دادگاکانی بەریتانیا و بەلژیکاش پێشتر، پێناسەیان بۆ کردووە.  

بۆیە،  ئەو سزایە خستیە ڕوو کە  دانیمارک وەک ئەندامێکی یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت ئەو میدیا کوردیانە لەسەر کارکردن لەسەر راستینەی کورد دەست هەڵبگرن ،  ئەمەش لە ئەزەلەوە دژ بە پرەنسیبە هەرە سەرتاییەکانی ئازادی ڕادەربرین و بەندە سەرەتاییەکانی ئازادی رۆژنامەگەری و دیموکراسیە، هەرچەندە  دانیمارک و ئەوروپا بەناو بانگەوز بۆ “ماف و دیموکراسی و ئازادیەکان” دەکەن. 

ئەگەر قسە لەسەر “تیرۆریزم”ە ئەوە “تیرۆر” چەندین پێناسەو رەهەندی جیاواز لەخۆدەگرێت، گەر قسە لەسەر بڵاوکردنەوەی دەنگ و بۆچوونی ئەوانەیە کە ئەوروپا بە “تیرۆریست” دەیانناسێنیت وەک پەکەکە، دەی خۆ ڕؤژانە لە شاشەی تەلەفزیۆنە جیهانیەکانەوە، لە رادیۆ و رۆژنامە ئەوروپاییەکانەوە، تەماشاکەران و خوێنەرانی جیهان و ئەوروپا  گوێبیستی بۆچونی ئەو لایەنانە دەبن کە ئەوروپا بە “تیرۆریستیان”دەناسێنێت وتەنانەت شەری چەکداری خوێناوی دەکەن و ژن دەکوژن و سەریش دەبڕن لە  سوریاوە تا مۆریتانیا، دەی بۆ تەنیا لەسەر تەلەفزیۆنێکی کوردی بەوشێوەیە هێرش دەکەن؟

 سزاکە گومان درووست دەکات کە بەشێک بێت لەو هەوڵ و پیلانە دوژمنکارانەی کە لە ئەوروپاوە ئاراستەی گەلی کورد دەکرێن ،چونکە سزاکە لە کاتێکدا دەرکراوە  کە پرۆسەی دانوستانی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لە تورکیا  هەنوکە رۆژەڤی ئەو وڵاتەو خۆرهەڵاتی ناوینە.  ئەمە سەرباری ئەوەی ئامانجیەتی کە دیوێکی دیکەی رووداو و زانیاریەکان لەسەر کورد، بە باش بە خراپ، لەو کەناڵانەوە نەگەنە دەست هاوڵاتیانی کورد بە زمانەکانی تورکی و کوردی و،  زاراوە کوردیەکانی کرمانجی، سۆرانی، زازاکی و هەورامی کە ئەو کەناڵانە پەخشی دەکەن.

سزاکە  خستیەروو ئەو کەناڵە کوردیانە دیارە کاریگەریەکی  زۆریان دانەوە پەیوەند  بە پوچەڵکردنەوە هەوڵی ڕاگەیاندنە  بەکرێگیراوەکانی ئەوروپا لە شیواندنی راستینەی بابەتەکان  پەیوەند بە پرسی سیاسی کوردەوە، هەربۆیە دەخوازن بەیەکجاری دایانبخەن. 

ئاشکرایە لەوەتەی پرۆسەی دانوستانی ئاشتیانە بۆ چارەسەری  کێشەی کورد لە تورکیا بۆتە رۆژەڤ، هێرشەکان لە ئەوروپاوە بۆ سەر کورد رۆژ لە دوای ڕۆژ چڕتر دەبنەوە.

پێویستە  لە بیرنەکرێت کە لەسەرەتای ئەمساڵدا ۳ چالاکوانی ژنی  زۆر ناسراوی کورد لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، لە دڵی “دیموکراسی”  ئەوروپادا تیرۆرکران و تا ئێستا بکوژان نەک ئاشكرا نەکراون، بەڵکو دەشاردرێنەوە. 

کاتێک تۆمەتبارێک لە ئەوروپا دەستگیردەکرێت بە تۆمەتێک، بەتایبەتی کوشتن، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دوای چەند هەفتەیەک یان مانگێک رادەگەیەنرێن، کەچی لە مانگی ۱ی ئەمساڵەوە  تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەو تۆمەتبارەی دەستگیرکراوە بە کوشتنی ئەو چالاکوانە کوردانە لە پاریس دەرناخرێن، بۆ؟ لەکاتێکدا  پەکەکش وەک هێزی یەکەمی کورد لە ناوچەکە راگەیاندووە کە ئاشکراکردنی ئەو تاوانبارانە سەنگی مەحەکە بۆ برەودان بە دانوستانەکان بۆ ئاشتی لە تورکیادا، بەڵام دیارە ئەوروپا ناخوازێت ئاشكرایان بکات، وەک هەوڵێک بۆ پەکخستنی دانوستانەکان یان ئەوەیە خۆیان دەستیان لەو تیرۆرەدا هەیە؟ 

کوشتنی ئەو چالاکوانانە یەکەم هێرش بوو بۆسەر پرۆسەی ئاشتی و دیموکراتیزەکردنی تورکیا بە چارەسکردنی کێشەی ماف و ئازادیەکانی کورد لە ڕێگای دانوستانی ئاشتیانەوە، ئێستاش ئەوەتا هێرش بۆ سەر کەناڵە کوردیەکانیش دەکەن تا بتوانن ئەوەی دیوێکی دیکەی رووداوەکانە لەسەر پرسی کورد نەگاتە دەست  تاکی کورد، وەک هەوڵێک بۆ درێژەپێدان بە سەرکوتکردن و سزاو هێرشەکان بۆ سەر گەلی کورد و بێئاگاکردنی کورد لەوەی بەسەریان دەهێنرێت بە دەستی وڵاتانی ناوچەکەو ، ئەوروپاو زلهێزەکانی دیکەی جیهان. 

پرسی کورد بەندە بە دیموکراتیزەبونی ئەو وڵاتانەی بەسەریدا دابەشکراوە، هەتا لەو وڵاتانەدا کیشەی کورد چارەسەر نەکرێت دیموکراسی مانایەکی نییە لەو ولاتانەدا، بەڵام کە ئەوروپا کە کوردستانی پێشتر دابەشکرد وئەمڕۆ  دەبێت هەڵوێستی بەرپرسیارانەی هەبێت ، ئایا  چارەسکردنی پرسی کورد و دیموکراتیزەبونی ئەو وڵاتانە بە ڕاستی ئامانجیەتی، گەر ئا، ئەم هێرشە یەک لە دوا یەکانە لەسەر کورد بۆ ؟ 

دوای کوشتنی ئەو چالاکوانانە لە فەرەنسا، ئەمڕۆ داخستنی کەناڵەکانی کۆمپانیای میزۆپۆتامیا لە دانیمارک خستیە ڕوو کە دیموکراتیزەبونی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە بە هیچ شێوەیەک ئامانجی ئەوروپا نییە، چونکە پێشوەچونێکی لەوشێوەیە لە قازانجی ئەو سیستەمە سیاسی و  ئابوریەدا نییە کە ئەوروپا دوای ئەمریکا ئەمرۆ نوێنەرایەتی دەکات. 

هەروەها،  هۆشیاری کوردانیش لەسەر داگیرکاری و ماف و ئازادیەکانیان کە ئەو کەناڵە کوردیانەی کۆمپانیای میزۆپۆتامیا  کاریگەریان لەسەر هەیە، تەواو پێچەوانەی ستراتیژە درێژخایەنەکانی دەسەڵاتدارانی ئەوروپایە لە ناوچەکەدا و ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، ئەمەش هۆکارە جەوهەریکەیە کە وایکردووە ئەمڕۆ بەو شێوەیە، بە ناوزڕاندن و ئینجا دژ بە هەموو پرەنسیبەکانی دیموکراسی و ئازادی دەربڕین لەبەرامبەر ئەو کۆمپانیا ڕابوەستن ، چونکە میدیاکانی کۆمپانیای  ناوبراو لەسەر پرسی سیاسی کورد هەڵوێستی جدیییان هەیە کە ئەوروپا نیەتی و ناشخوازێت هەیبێت. 

دواجار سزادان و بڕیاری داخستنی  کۆمپانیای پەخشی میزۆپۆتامیا خستیە روو کە بۆ دژایەتیکردنی پرسی کورد، پێشتر بەریتانیاو بەلژیکا، ئەمرۆش دانیمارک، واتە ئەوروپا بە گشتی، لەگەڵ مافی ئازادی دەربرینی هەموو گەلانن لە ناوچەکەدا، کورد نەبێت. زیاتریش،  زۆر بێئابڕو و دژە دیموکراتیکن لەسەر پرسی کورد، بۆیە شەرمناکەن لە سەپاندنی ناڕەواترین لە یاساکان بۆ پیشێلکردن و خستنە ژێر پێی مافی ئازادی دەربرینی ئەوانەی ئەمرۆ جیا لە میدیای باو و کۆیلەی سیستەمی باو، لەسەر ڕاستینەی پرسی  کورد رادەوەستن و بە هەڵویستێکی ئەخلاقیەوە رووداو و زانیاریەکان لەسەر کورد بۆ جیهان دەگوازنەوە. 

 

ڕۆژ ئەحمەد

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.