سه‌ركرده‌ی دیكتاتۆر و زۆرداری وڵاتان له به‌رده‌م دادگادا
سه‌ركرده‌ی دیكتاتۆر و زۆرداری وڵاتان له به‌رده‌م دادگادا
– به‌شی یه‌كه‌م –
هیوا ناسیح
ئایا سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی وڵاتان به ئاره‌زووی خۆیان ده‌توانن تاوان به‌رامبه‌ر به گه‌له‌كانیان له نێو چوارچێوه‌ی وڵاته‌كانیاندا ئه‌نجام بده‌ن و دواتر وه‌ك به‌رزه‌كی بانان بۆی ده‌ربچن؟ ئایا ده‌توانن به ناوی (كێشه‌ی ناوخۆیی)یه‌وه تاوانه‌كانیان په‌رده‌پۆش بكه‌ن و بێ هیچ لێپێچینه‌وه و دادگاییكردنێك رزگاریان بێت ؟؟ ئایا سه‌ركرده‌كانی ئێستا له حوكمدان ده‌كرێت تاوانبار بكرێن و ڕاكێشرێنه به‌رده‌م دادگا؟؟ ئه‌ی (حه‌سانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی) وڵاته‌كه‌یان وه‌ك و قه‌ڵغانێك ده‌توانن به‌كار بهێنن و خۆیان په‌نا بده‌ن ؟ ئایا دونیا شاری بێ حاكم و گوندی (بێكه‌سه)یه وه‌ك ده‌ڵێن ؟؟ ئایا جیهان به‌ره‌و داد یان بێدادی مل ده‌نێت؟؟ كێن ئه‌وانه‌ی له‌م دوو ساڵه‌ی دواییدا ڕاكێشراونه‌ته قه‌فه‌زی تاوانبارییه‌وه یان دادگا داوایكردون ؟؟ ئه‌م وتاره وه‌ڵامه به‌م پرسیارانه…
جیهان به‌ره‌و داد مل ده‌نێت
گه‌ر سه‌یرێكی خێرای ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی سه‌ركرده تاوانباره‌كانی جیهان بكه‌ین، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت، كه لای كه‌می له دووساڵی ڕابردوودا دادوه‌ری و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی گروپێكی باش له سه‌رۆكه تاوانباره‌كانی وڵاتانیان ڕاكێشاوه‌ته به‌رده‌م دادگا، به جۆرێك وه‌ك گۆڤاری (ئیكۆنۆمیست) ده‌ڵێت ( له‌گه‌ڵ خێراییه‌كی جێگای سه‌رنجدا، له ماوه‌ی ساڵی ڕابردودا یه‌ك زنجیره‌ی ته‌واو له زۆرداران و ده‌سته‌ڵاتداران به بڕیاری دادوه‌ر حوكمدران،ئایا ئه‌مه جێگای هه‌ڵوێسته و تێبینی كردن نییه؟؟). دانیال ماركیش، كه پسپۆڕی تایبه‌تمه‌ندی بواری تاوانبارانی جه‌نگ و یاسای نێوده‌وڵه‌تییه له په‌یمانگای مێژوو له زانكۆی بێرن له سویسرا ده‌ڵێت (ئه‌م به‌كۆمه‌ڵ دادگاییكردنه‌ی ده‌سته‌ڵاتداران هێشتا مێژوو به خۆیه‌وه نه‌دیوه، لای كه‌می ئێستا و له دوای جه‌نگی سارده‌وه واده‌بینرێت، كه یاسا كه‌وتبێته كار و جێبه‌جێكردن له‌م بواره‌دا).
پاول ڕۆبارت، كه سه‌رۆكی به‌شی یاسای سزادانی تاوانبارانی گه‌لانه له (په‌یمانگه‌ی ماكسپلانك بۆ یاسای سزادانی نێوده‌وڵه‌تی له فرایبۆرگ) ده‌ڵێت: ئه‌مه ده‌رئه‌نجامی دیموكراتیزه بوون له‌م ساڵانه‌ی دوایی و فشاری ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤه). لێره‌دا ویست و ئیراده‌یه‌كی سیاسی به‌هێزتر په‌یدا بووه، كه تاوانباره سه‌ره‌كییه‌كان له تاوانه مێژووییه‌كاندا پێش ئه‌وه‌ی بمرن راكێشێنه به‌رده‌م دادگا و دادگاییان بكه‌ن، به جۆرێك دادوه‌ران له ئه‌و دۆسییانه‌ی كاریان له‌سه‌ر ده‌كردن له ده‌نهاخ (لاهای) كه‌مبۆدیا و عێراق ده‌سته‌ڵاتێكی نزیكه‌ی به ته‌واویان هه‌بووه له پرۆسه‌كاندا.
زۆرێك له تاوانكاران داد فریایان نه‌كه‌وت و مه‌رگ ئه‌وانی له ده‌ست داد رزگاركرد، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه جیهان و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی رۆژبه‌رۆژ زیاتر و زۆرتر له‌م بابه‌ته هۆشیار ده‌بێته‌وه. به پێی توێژینه‌وه‌یه‌كی (ناوه‌ندی لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ گه‌شه‌كردن و ئیداره‌كردنی ململانێكان له زانكۆی ماریلاند) ده‌ر‌كه‌وتووه، كه له‌ساڵانی ١٩٨٧ تا ١٩٩٢ دیموكراتییه‌ت و شێوازی به‌رێوه‌بردنی وڵاتان له جیهاندا به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو گه‌شه‌ی كردوه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه ئێستا له جیهاندا چه‌ندان كۆمسیۆنی مێژووناس و به‌دواداچوونی راستییه‌كان هه‌ن، كه له سیسته‌می دیموكراتییه‌تی نوێی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته تازه گۆڕاوانه ده‌كۆڵنه‌وه و هه‌ڵیانده‌سه‌نگێنن، به‌ڵام هه‌ندێك له حكومه‌ته نوێكان بڕیاری لێبوردن بۆ ئه‌و ده‌سته‌ڵاتدارانه‌ی تاوانییان ئه‌نجام داوه، ده‌رده‌كه‌ن، به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌ڵاتدارانه هێمن بكه‌نه‌وه یان بۆ ئه‌وه‌ی قۆناغی گواستنه‌وه‌یه‌كی ئاشتییانه بۆ به‌ره‌و دیموكراسی بوون ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، وه‌ك له وڵاتانی شیلی، باشوری ئه‌فریكا، گواتیمالا و ئۆرگوای بینیمان.
له ساڵی ١٩٩٣ وه تا ئێستا پێنج دادگای باڵای تاوانباركردنی سزای نێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجام دراون. له‌و ١٦١ كه‌سه‌ی سه‌باره‌ت به تاوانه‌كانی كۆمه‌ڵكوژی و جه‌نگ له یوگوسلاڤیای پێش‌و، كه تاوانباركراون، ئه‌مرۆ ته‌نها پێنج كه‌سیان هه‌ڵاتون و ده‌ستی دادیان نه‌گه‌یشتوه‌تێ، ئه‌وانی تر هه‌موو ڕاكێشرانه به‌رده‌م دادگا.
پسپۆره‌كه‌ی ماكسپلانك، پاول ڕۆبارت ده‌ڵێت: سه‌ركه‌وتنی دادوه‌ری له ئاستی نێوده‌وڵه‌تییدا، بووه پشتیوانی و هاندانێكی باش بۆ پرۆسه‌كانی دژ به تاوانباران و ده‌سته‌ڵاتدارانی پێشوو له زۆر له وڵاتاندا. به جۆرێك پاش ٢٠ ساڵ دیموكراتیزه بوون، ئه‌و سیسته‌مه دیموكراتییه نوێیانه ده‌ستیانكرده‌وه به دادگاییكردنه‌وه و لێپرسینه‌وه‌ی پیره ده‌سته‌ڵاتدار و زۆردار و حاكمه‌كانی پێشوویان. وه‌ك ده‌بینین ئه‌رجه‌نتین، پۆلیڤیا، ئیكۆادۆر، هایتی و فه‌نزه‌ویلا ئێستا گفتوگۆ له سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتدارانی پێشویان ده‌ستپێبكه‌ن.
ئه‌گه‌ری مه‌به‌ستی سیاسییانه‌ی پشت پرۆسه‌كانی دادگاییكردن
هه‌رچه‌نده له پشت دادگاییكردنی هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كاندا مه‌به‌ستی سیاسی خۆیان شاردۆته‌وه، به‌ڵام به گشتی ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كان له خزمه‌ت مرۆڤایه‌تی و گه‌لاندا بووه. گه‌ر تاوه‌كو ئێستا به تایبه‌ت جۆرێك له دیكتاتۆره‌كانی هه‌ڵاتوو پایزێكی ته‌مه‌نی بێ ده‌رده‌سه‌رییان هه‌بوو بێت و چاوه‌ڕێ كردبێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی هایتی (جێن كلود) و (دوڤالیر) له فه‌ره‌نسا و عیدی ئه‌مین له سعودیه، به‌ڵام ئه‌و هیوایانه له ٢٩ی مارتی ٢٠٠٦ ه‌وه بوونه سه‌راب، له‌و ڕۆژه‌دا نه‌یجیریا دیكتاتۆری پێشوی هه‌ڵاتوی لیبریا (چارلس تایلور)ی به هه‌موو جانتا پڕ له پاره‌كاییه‌وه له سه‌ر سنوری كامیرۆن وه‌ستاند و ده‌سگیری كرد، پاشانیش زۆر بێده‌ربه‌ستانه ڕاده‌ستی حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی خۆی كرده‌وه. ئه‌م كاره‌ی نایجیریا ڕچه‌شكاندنێك بوو له كیشوه‌ری ئه‌فریكادا، كه ده‌شێت له داهاتوودا هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكی وڵاته‌كانی تریش به‌سه‌ریاندا جێبه‌جێ بكرێت، هه‌روه‌ك موعه‌مه‌ر قه‌زاففی سه‌رۆكی لیبیا باسی كرد. وه‌ك بینیشمان ساڵێك دواتر هه‌مان روداو به‌سه‌ر دیكتاتۆری پێشوی پیرۆ (ئه‌لبێرتۆ فیجامۆری) هات، كاتێك وڵاتی شیللی گرتی و ڕاده‌ستی وڵاتی پیرۆی كرده‌وه. ئێستاش سه‌رۆكی پێشوی ئه‌رجه‌نتین (ئیسابیل پیرۆن) له به‌رده‌م هه‌مان هه‌ره‌شه‌دایه.
مارك هێزه‌نلین، پسپۆڕی بواری دادگاییكردنی نێوده‌وڵه‌تی وه نوێنه‌ر و پارێزه‌ری زۆر له وڵاتانی جیهان له كۆشش دژ به گه‌نده‌ڵی، ده‌ڵێت: ئه‌مانه بێشك هه‌موو مانای ئه‌وه‌ن، كه ئیتر یاسا له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا جێبه‌جێ و په‌یڕه‌و ده‌كرێت. به‌ڵام ڕای ناوبرا و هه‌روه‌ها ڕۆبارتیش وایه، كه (یاسا له زۆر له‌و دۆسیانه‌دا سیاسێنراوه)، چونكه وه‌ك ناوبراو ده‌ڵێت (له كوێ پێشتر توندوتیژی به‌كاربراوه بۆ لابردنی ده‌سته‌ڵاتدارێكی سیاسی، ئه‌مرۆ سكاڵا دژ به‌و كه‌سه حوكمداره‌ی پێش‌و له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی و پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ به‌رزده‌كرێته‌وه).
پێشبڕكێی نێوان یاسا و مه‌رگ
ژماره‌یه‌ك له‌و كۆنه دیكتاتۆر و زۆردارانه‌ی له ده‌سته‌ڵات لابراون، كه تاوانیان دژ به گه‌له‌كانیان ئه‌نجامداوه، ئه‌مڕۆ به هۆی وه‌رچه‌رخانی سیاسی و دیموكراسییه‌وه هێشتا ڕاوه‌دوو نه‌نراون و بێ كێشه ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یاسا هه‌نگاوی خێرایان بۆ نانێت، تا ڕاكێشرێنه به‌رده‌م دادگا، به‌م جۆره وا پێ ده‌چێت له ساڵانی داهاتوودا بێ دادگاییكردن بمرن، بۆیه ده‌توانین بڵێین، كه یاسا له زۆر باردا پێشبڕكێ له‌گه‌ڵ مردن‌دا ده‌كات.
دیكتاتۆری پێشوی كه‌مبۆدیا (پۆلپلۆت) له ساڵی ١٩٩٨ كۆچی دوایی كرد، به ماوه‌یه‌كی كه‌م دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌وه‌ی، كه ده‌بێت ڕاده‌ستی وڵاته‌كه‌ی خۆی بكرێته‌وه بۆ دادگاییكردن. سه‌رۆكی سربیا (میلۆسۆڤیچ) ئه‌وه بوو له ساڵی ٢٠٠١ ده‌سگیركرا و ڕاده‌ست كرا، به‌ڵام له كاتی به‌ڕێوه‌چونی پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه‌یدا له دادگای نێوده‌وڵه‌تی (لاهای) كۆچی دوایی كرد. هه‌روه‌ها به‌م جۆره (بینۆشێ) و (سوهارتۆ)ش مردن له ده‌ست داد و زیندان قوتاریكردن. ئێستاش (نۆون چێه) له هه‌مان باردایه، به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵ ده‌درێت، كه پێش ئه‌وه‌ی مردن بیرفێنێت دادگایی بكرێت، بۆیه باری ته‌ندروستی ناوبراو به‌رده‌وام و سه‌عات به سه‌عات چاوه‌دێری ده‌كرێت، وه‌ك قسه‌كه‌ری دادگا ده‌ڵێت.
دانیشتوانی وڵاته‌كانیان و كه‌سوكاری سه‌رۆكه تاوانباره‌كان به‌رده‌وام به گومان و فزولییه‌وه چاوه‌دێری پرۆسه‌كان ده‌كه‌ن، هۆڵی دانیشتنی دادگا پڕ ده‌بێت له خه‌ڵك، كه‌ناڵه‌كانی میدیا به‌رده‌وام هه‌واڵ و لێدوان له‌سه‌ر درێژه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنه‌كان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه. خه‌ڵكانی قوربانی ده‌ستی ئه‌و جه‌للاد و دیكتاتۆرانه خۆشحاڵن به دادگاییكردنیان و له كاتی بریاری سزایاندا ئاهه‌نگی خۆشی ده‌گێڕن، كه‌س و كار و هه‌وادارنی ئه‌و پیره‌تاوانكارانه‌ش خه‌مبار و نیگه‌ران ده‌بن و هه‌ندێك جار خۆپیشاندان دژ به ده‌سگیركردن و دادگاییكردنیشیان ساز ده‌كه‌ن. ئه‌و وڵاتانه سه‌رنجه‌كانیان هێشتا له ڕابردوودایه و كۆتایی نه‌هاتوه لایان. له كاتی ده‌رچونی بریاری دادگا به‌سه‌ر تاوانباره‌كانیشدا
له به‌شی دووه‌می ئه‌م وتاره‌دا لیستێكی ته‌واو له سه‌رۆك و سه‌ره‌كوه‌زیرانی وڵاتان ده‌خوێننه‌وه، كه له ماوه‌ی دووساڵی ڕابردوودا به تاوانی جۆراو جۆر، هه‌ر له بازرگانیكردن به مادده بێهۆشكه‌ره‌كان و به فیڕۆدانی سه‌روه‌ت و سامانی گه‌ل و گه‌نده‌ڵییه‌وه تا ده‌گاته تاوانه‌كانی پێشێلكاری مافی مرۆڤ و تاوانه‌كانی جه‌نگ و كۆمه‌ڵكوژی و …هتد ده‌گرێته‌وه. دیاره ئه‌م لیسته ته‌نها سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ی وڵاتان ده‌گرێته‌وه نه‌ك ژه‌نه‌راڵ و سه‌ركرده سه‌ربازییه‌كانی مه‌یدانی جه‌نگ، كه ئه‌وانیش زۆریان به سزای خۆیان گه‌یشتون…
hiwanaseh@hotmail.com