Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
سه‌رچاوه‌ی هێزی ئیخوان هه‌ژارێتی جه‌ماوه‌ره‌

سه‌رچاوه‌ی هێزی ئیخوان هه‌ژارێتی جه‌ماوه‌ره‌

Closed
by February 16, 2013 گشتی

 

 

 

 

بیرمه‌ندی ئابووری ((سه‌میر ئه‌مین)) پێیوایه‌ به‌رده‌وام بوونی حوكمی ئیخوانه‌كان سیناریۆیه‌كی ئه‌مریكیه‌ ئامانجی له‌وه‌شدا مانه‌وه‌ی میسره‌ به‌ وابه‌سته‌یی بۆ سیاسه‌ته‌كانی  . له‌و بڕوایه‌دا نییه‌ ئیخوان موسلمین  حزبێكی ئیسلامی بێت ، به‌ڵكو  حزبێكی ڕاست ڕه‌وی كۆنه‌په‌ره‌سته‌ ، ئیسلام  به‌ كار دێنێت ڕاسته‌وخۆ  بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ پراكماتیكه‌كانی . سه‌میر ئه‌مین یه‌كێكه‌ له‌ ده‌ركه‌وته‌ ترین بیرمه‌ندانی  ئابووری ناسی جیهان ، پاش شۆڕش له‌ ڕێی دوا په‌رتوكه‌كه‌یدا كه‌ بڵاوی كرده‌وه‌ ، خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێی بۆ مێژووی هاوچه‌رخی میسر پێشكه‌ش كردووه‌ . خوێندنه‌وه‌ی سه‌میر ئه‌مین ، سه‌ده‌ی بیسته‌می میسر له‌ ژێر ڕۆشنایی  شۆڕشی یۆلیۆی ساڵی 1952 دابه‌ش ناكات ، به‌ڵام بزووتنه‌وه‌ی مێژوو وه‌كو شه‌پۆلی هه‌ڵكشان و داكشان ده‌بینێت . شه‌پۆلێك  هه‌ڵكشانی نیشتمانی و داواكاری سه‌ربه‌خۆیی و دیمۆكراسی و دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی  تێیدا به‌رز ده‌بێته‌وه‌ ،  ئه‌و داواكاریانه‌ پێوه‌ری هه‌ڵكشان و داكشانه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی سه‌میر ئه‌مین . شه‌پۆلی داكشان درێژ خایه‌نه‌و ئه‌و داواكاریانه‌ تێیاندا  ده‌شاردرێته‌وه‌ . تیۆری شه‌پۆله‌كانی مێژوو سوودمه‌ندن  بۆ گوزارشته‌كانی سه‌میر ئه‌مین به‌ مه‌به‌ستی زانینی بزووتنه‌وه‌ی مێژووی داهاتووی میسرو ناوچه‌كه‌دا . گفتو گۆكه‌مان له‌ گه‌ڵ سه‌میر ئه‌مین پێش ڕوداوه‌كانی ئه‌م دوایانه‌ی ڕاگه‌یاندنی ده‌ستوورو ئیستفتا  كردن له‌ سه‌ر ده‌ستوور به‌ ڕێوه‌ چوو  . به‌ڵام ووته‌كانی پڕن له‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌و به‌ركه‌وتن و كارێگه‌ریه‌ كۆمه‌ڵاتیانه‌ی ڕوو ده‌دات  . به‌ حوكمی  بێتوانایی  ئه‌خوان موسلمین له‌ به‌ دیهێنانی ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه‌ جه‌ماوه‌ر له‌ پێناویدا هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تای بیست و پێنجه‌می یونایری 2011 …

سه‌ره‌تا ڕووداوه‌كانی ئێستای میسر چۆن ده‌بینی ؟ 

ڕه‌شبین نییم له‌وه‌ی له‌ میسر ڕووده‌دات ، به‌ڵام دیسان هه‌ڵگری وه‌همی ئه‌فسانه‌ش نییم له‌ شۆڕشی میسردا ، شۆڕش تا ئێستا هیچی به‌رهه‌م نه‌هێناوه‌ . چونكه‌ ئه‌زموون ده‌یسه‌لمێنێت سیسته‌م نه‌گۆڕاوه‌ ، پرۆسه‌ی هه‌ژار كردنی گه‌لی میسر تا ئێستا به‌رده‌وامه‌ . دیسان خه‌بات به‌رده‌وامه‌ له‌ ڕێی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی . پێموایه‌ ئێمه‌ تا ئێستا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی كه‌وتوینه‌ته‌ ژێر وه‌همی سندوق ، ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت  بۆ ماوه‌یه‌كی كورت ، خه‌ڵك دركی به‌وه‌ كردووه‌ ئه‌خوانه‌كان هیچیان نه‌گۆڕیوه‌ ، ئه‌و ڕاستیه‌ گرنگه‌ی كه‌ جه‌ختم كرده‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تای بیست و پێنجی یونایر 2011  گه‌لی میسر ئازایه‌و له‌وه‌ش ناترسێت كڵپه‌ی ڕاپه‌ڕینی دووه‌م و سێیه‌م به‌رپا بكات ، پێموایه‌ له‌ ئه‌وه‌ش زیاتر  ڕوبدات به‌ هۆشیارییه‌وه‌ بۆ ئه‌ڵته‌رناتیفێكی پێویست . 

مه‌به‌ستت چییه‌ له‌ ((وه‌همه‌كانی سندوق)) ؟ …  ــــ  نه‌ریت وایه‌ بزووتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كان  به‌ كه‌مایه‌تی ده‌ست پێده‌كات ، به‌ڵام ئه‌و كه‌مایه‌تیه‌ توانای ڕاكێشانی زۆرایه‌تی هه‌یه‌ . ئه‌زموونی میسر له‌ یونایرو فبرایری 2011 هێشتا نمونه‌یه‌كه‌ له‌ به‌ر چاومانه‌ . گه‌ر براوردیكه‌ین له‌ گه‌ڵ ژماره‌ی دانیشتوانی میسر جوڵه‌كه‌ به‌ كه‌مایه‌تیه‌كی زۆر كه‌م ده‌ستیپێكرد ، له‌ هه‌مان كاتدا مایه‌وه‌و زیادی كرد تا گه‌یشته‌ نزیكه‌ی پازده‌ ملیۆن خۆپیشانده‌ر له‌ ته‌واوی وڵاتی میسردا . به‌ڵام مێژوو ئه‌وه‌ی فێر كردوین ئه‌و كه‌مایه‌تییه‌ جوڵاوه‌ پێویستی به‌ فه‌تره‌یه‌كی زه‌مه‌نییه‌ ، له‌ پێناوی سه‌ربه‌خۆیی ڕێكخستنه‌كان و پرۆژه‌ی ئه‌ڵته‌رناتیف و ، توانای بنیادنانی هاوپه‌یمانیه‌تیه‌كان و ئامانجه‌ ستراتیژیه‌كان . ئه‌مانه‌ش تا چه‌ند ساڵێك پێویستیان به‌ كاته‌ ، له‌م دۆخه‌دا هه‌ڵبژاردنه‌كان زوو زوو ده‌كرێن وه‌كو كه‌ره‌سته‌یه‌ك بۆ ڕاگردنی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ .  ئۆباما له‌ ڕۆژه‌كانی كۆتایی موباره‌ك ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی ڕاگه‌یاند ، هه‌روه‌ها گوتی میسر پێویستی به‌ فه‌تره‌یه‌كی گواستنه‌وه‌ی كورته‌ ،ئه‌وه‌ش به‌ هه‌ڵبژاردن كۆتایی دێت و سیسته‌مێكی شه‌رعی دێته‌ كایه‌وه‌ . چونكه‌ تاكه‌ ڕه‌وایه‌تی له‌ سندوقه‌وه‌ دێت ، ئه‌مه‌ مانای تێكشكاندنی هێزی كه‌مایه‌تیه‌ كه‌ ڕاكێشه‌ری زۆرایه‌تییه‌ ، له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ یاریكردنه‌ به‌ زۆرایه‌تی لاوازی سست و نا سیاسی له‌ ڕێی  هه‌ر كه‌سێكه‌وه‌ كه‌ بتوانێت ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرێت . هه‌روه‌هاش ئه‌م پلانه‌ به‌ سه‌ركه‌وتوی پراكتیك كرا له‌ ڕێی ئیستفتای مارس 2011 دواجاریش هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و پاشانیش سه‌رۆكایه‌تی . ئا به‌و چه‌شنه‌ سیسته‌می ئێستا خاوه‌نی نیمچه‌ شه‌رعیه‌ . ئه‌وه‌ش تاكه‌ شه‌رعیه‌ كه‌ خاوه‌نی بڕوای وڵاته‌ ڕۆژئاوایه‌كان بێت و ، له‌ سه‌رووی هه‌مویشیانه‌وه‌ وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا  . به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا گه‌لی میسر له‌و بڕوایه‌ دایه‌ سندوق تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی شه‌رعیه‌ ؟  پێموایه‌ وڵامه‌كه‌ به‌ نه‌رێی یٍه‌ . جه‌ماوه‌ری گه‌ل به‌ چه‌شنێكی به‌رفره‌وان  ئێستا  له‌ میسر دركی به‌وه‌ كردووه‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ شه‌رعیه‌تێكی هه‌یه‌ كه‌ له‌ ژێر تیشكی ئامانجه‌كانی دیموكراسه‌ كردنی كۆمه‌ڵگا و ، پێدانی مه‌ودایه‌كی ڕیفۆرمی كۆمه‌ڵایه‌تی و ، مه‌ودای گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌روه‌ری میسرو ، دروست كردنی ده‌وڵه‌تێكی نوێ و به‌ تواناو كارا له‌ چوارچێوه‌ی ناوخۆو ده‌ره‌وه‌دا . ئامانجی پرۆژه‌ی ئه‌مریكا و ئیسرائیل و كه‌نداوی هاوبه‌ش  تێكشكاندنی چرۆ كردنی  پرۆژه‌یه‌كی له‌و چه‌شنه‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی میسر هه‌ر به‌و جۆره‌ بمێنێته‌وه‌ كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ هه‌روه‌ها بووه‌ ، ده‌وڵه‌تێكی تێكشكاو  و به‌رده‌وام  تا ماوه‌یه‌كی دواڕۆژی نزیك . كه‌واته‌ سندوق تاكه‌ سه‌رچاوه‌ی شه‌رعی نییه‌ ، له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی هێزی ئیخوان هه‌ژارێتی جه‌ماوه‌رو به‌رده‌وام پێدانی هه‌ژار كردنیانه‌ له‌ ڕێی سه‌ده‌قه‌ و چاكه‌كردنه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵگری  ووتاری ئیسلامییه‌ . ئا به‌م چه‌شنه‌ ده‌توانن ده‌نگی چینه‌ هه‌ژاره‌كان به‌ ده‌ست بێنن . كه‌واته‌ ئیخوانه‌كان به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی بابه‌تیان هه‌یه‌ له‌ به‌رده‌وام پێدانی سیاسه‌تی هه‌ژار كردن . قسه‌ كردنیان له‌ سه‌ر دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی  به‌و مانایه‌  نییه‌ كه‌ ئه‌وه‌ له‌ فه‌رهه‌نگیاندا هه‌یه‌ ، جگه‌ له‌ چاكه‌ كردن . بوار ده‌ڕه‌خسێنن بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند بوونی گه‌نده‌ڵ و كه‌ڵه‌كه‌ كردنی سامان ، له‌ ڕێی هێناوه‌ی ته‌ئویلاتی تایبه‌تی  ئایاتی قورئان بۆ  ئه‌وانه‌ ،سامانی كه‌نداو یارمه‌تیده‌ریانه‌ بۆ سه‌پاندنی پرۆژه‌كه‌یان ، قه‌تر ته‌مویلی ئیخوانه‌كان له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرێت و ، سعودیه‌ش ته‌مویلی سه‌له‌فیه‌كان  ، له‌ ژێر چاودێری ئه‌مریكا كه‌ به‌ خێوكه‌ری فه‌رمی پراكتیك كردنی ئه‌م پرۆژه‌یه‌یه‌ . …. 

به‌ لای تۆوه‌ ئیخوان له‌ میسردا به‌ره‌و كوێ‌ ده‌چن ؟ ….. ـــ  له‌ كاتی فبرایری 2011 نوسیم سیناریۆی ئه‌مریكا بۆ دۆخی میسر نزیكه‌ له‌ سیناریۆی پاكستانه‌وه‌ ، جۆرێك له‌ په‌رله‌مانی زۆرایه‌تی ئیسلامیه‌كان هه‌یه‌ وه‌كو فۆرمی پاكستانی ،له‌ پشتیشیه‌وه‌ دامه‌زاوه‌یه‌كی سه‌ربازی ئیسلامی دیكه‌ له‌ پێناوی پراكتیك كردنی پرۆژه‌ی ئه‌مریكا . براوردێكی نێوان هندو پاكستان به‌سه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی ده‌ست به‌ سه‌رداگردنی ئیسلامی سیاسی بزانین . پێش  1948 پاكستان  هه‌ژار تر نه‌بوو له‌ هند ،  به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وكات ده‌وڵه‌مه‌ند ترین خاكی نیمچه‌ دوورگه‌ی هندستانی له‌ خۆ ده‌گرد ، به‌ڵام ئه‌مڕۆ هند توانی له‌ گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و تێبینانه‌ی كه‌ هه‌مه‌ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌زموونی هیندی  ــ گه‌شه‌ كردنێكی زۆر به‌ ده‌ست بێنێت  له‌ ژێر سایه‌ی علمانیه‌ت و دیمۆكراسیدا  . نمونه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیه‌كانه‌ له‌ سۆمال ، له‌ ئاكامدا  بوو به‌ هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ . ئێستا له‌ سۆماڵ ده‌وڵه‌ت نییه‌ به‌ڵكو ناوه‌ندی هێز هه‌یه‌ ، به‌ پێی ئه‌نجامی  هه‌ندێك توێژینه‌وه‌ ئێستا ((35)) ده‌وڵه‌تۆچكه‌ له‌ سۆماڵ هه‌یه‌ . نمونه‌ی سێهه‌می ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامیه‌كان سودانه‌ ، به‌ پێی ڕوانگه‌و تێڕوانینی سیاسه‌ته‌كانی حه‌سه‌ن تورابی سێ‌ یه‌كی سودانه‌كانی باشور جیا بوونه‌وه‌ ، سه‌رباری ئامانجه‌كانی سوپای ئازاد كردنی باشور له‌ سه‌ره‌تاوه‌ جیا بوونه‌وه‌ نه‌بوو . به‌ڵكو ده‌وڵه‌تێكی علمانی دیمۆكراسی بۆ هه‌موو سودانیه‌كان بوو . ئێستاش ده‌وری ڕۆژئاوای سودان دێت ، بۆ ئاگاداری زۆربه‌ی دانیشتوانه‌كه‌شی موسڵمانه‌ ، به‌و مانایه‌  ئێستا له‌ به‌رده‌م دۆخێكی نوێداین ، بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ سودان . 

بۆ وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا هاوكاری ئه‌م سیناریۆیه‌ ده‌كات ؟ …  ــــــ ئامانجی سه‌ره‌كی ئیستراتیژی ئه‌مریكا پێش گردنی ڕێنسانسه‌ له‌ میسر ، بۆ مانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی له‌ ڕێی سواڵ كردنی  ده‌ره‌وه‌ . یارمه‌تیه‌كانی ئه‌مریكا ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ هێزه‌ چه‌كداره‌كان ،هه‌ده‌فیشی تێكدانی هێزی هێرش كردن و به‌رگری سوپایه‌ . هه‌ڵڕژاندنی پاره‌ی كه‌نداویش به‌رده‌وام ده‌بێت ، نه‌ك له‌ پێناوی دروست كردنی كارگه‌گه‌لێك  ، به‌ڵكو له‌ پێناوی به‌ هێز كردنی سیسته‌می ده‌سه‌ڵات و به‌ هێز كردنی فۆرمی بازرگانی نا گه‌شه‌ كردوو له‌ میسردا .  له‌ لایه‌نی سیاسیشه‌وه‌ میسر له‌م پرۆژه‌یه‌دا ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌یه‌ لایه‌نگرو یارمه‌تیده‌ری سیاسه‌ته‌كانی ئه‌مریكایه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا . میسر هاوكاری ئه‌مریكای كرد بۆ چوونه‌ نێو عێراق ، نابوت كردنی ده‌وڵه‌تی عێراق و گواستنه‌وه‌ی بۆ ده‌وڵه‌تۆچكه‌ی تائفی  . ئێستاش هه‌مان سیاسه‌ته‌ سه‌باره‌ت به‌ سوریا . ئا به‌و چه‌شنه‌ وابه‌سته‌ی پرۆژه‌ی سه‌هیۆنیه‌  بۆ پاكتاو كردنی بوونی فه‌ڵه‌ستینیه‌كان له‌ نێو خاكی داگیر كراوی فه‌ڵه‌ستین دا ، ته‌نانه‌ت فره‌وانخوازی  له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری فه‌ڵه‌ستینیش دا . من پێموایه‌ تا ئێستاش چاوی ته‌ماح كارانه‌یان له‌ سینایه‌ و ده‌كرێت نوێی بكه‌نه‌وه‌ . لێره‌وه‌ ده‌بینین سێ‌ هێز به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ له‌ ڕاگردنی ڕێنسانسی میسر ، ئه‌مریكاو ئیسرائیل و وڵاته‌كانی كه‌نداوی عه‌ره‌ب ، چونكه‌ ڕێنسانسی میسر مانای بوونی ده‌وڵه‌تێكی نیشتمانی گه‌شه‌ كردوو ، به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ میسر ڕۆڵێكی سه‌ركردایه‌تی ده‌گێڕێت له‌ ئاستی ناوچه‌كه‌دا ، ئه‌گه‌ر له‌ ئاستی جیهانیشدا نه‌بێت . هاوكاری و یارمه‌تیه‌كانی كه‌نداو به‌ پاره‌ی نه‌وت و ووتاری ئیسلامی كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ پووچه‌ڵ ده‌بنه‌وه‌ ، دیسان  خواستی فره‌وانخوازی ئیسرائیل ڕاده‌گیرێت له‌ به‌رانبه‌ر هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌دا ، هه‌روه‌ها پرۆژه‌ی ئه‌مریكا بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی به‌ سه‌ر ناوچه‌كه‌دا ڕاده‌گیرێت كه‌ ئێستا به‌ دیهاتووه‌ به‌ شێوه‌ی جۆراو جۆر  له‌ عێراق و سوریاو میسرو ئه‌وانیتر . 

به‌ڕای تۆ  ئه‌م پلانه‌ كه‌ی ده‌ستی پێكردووه‌ ؟ ….  ــــــ پێكهاته‌ی سیسته‌می ده‌سه‌ڵات له‌ ساداته‌وه‌ ده‌ستی به‌ گۆراِِنكاری كرد ، له‌ سێگۆشه‌یه‌ك ده‌چوو ، سه‌ره‌كه‌ی له‌ واشنتۆن و ناوقه‌ده‌كه‌شی دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی و ئیسلامی سیاسی كۆنه‌په‌ره‌ست ، له‌ پێناوی پراكتیك كردنی ئه‌جندای ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا . ئه‌م پلانه‌ ستراتیژییه‌ كیسنجه‌رو بریجنیسكی دایان ڕشت و ساداتیش ده‌ستی كرد به‌ پیاده‌ كردنی ، ئه‌م پیاوه‌ سه‌ركرده‌كانی ئه‌خوانی له‌ كه‌نداو گه‌ڕانه‌وه‌و ئه‌و سه‌ر كرده‌ گیراوه‌كانی دیكه‌شی  كه‌ مابوونه‌وه‌ له‌ گرتوخانه‌كاندا  ئازاد كرد  بۆ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ناسریه‌كان و چه‌په‌كان ، بۆ ته‌واو كردنی ئامانجی بنه‌ڕه‌تی  هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ناسری ، كه‌ ئه‌و كات  ده‌یه‌ویست ده‌وڵه‌تێكی نیشتمانی گه‌شه‌ كردوو بنیاد بنێت . له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سادات و موباره‌ك هێزه‌ چه‌كداره‌كان به‌ردی بناغه‌ی سێگۆشه‌ی ده‌سه‌ڵات بوو ، هێزی ئیسلامی سیاسی سه‌ر به‌ ئه‌وان بوو ، ئه‌و كات گوتاری ئیسلامی  تاكه‌ گوتاری سیاسی بوو له‌ ماوه‌ی چل ساڵی ڕابردوودا، هه‌ندێك وای ده‌بینن به‌ربه‌ره‌كانێ‌ هه‌یه‌ له‌ نێوان دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازی و ئیخوانه‌كان ، ئه‌مه‌ ڕاست نییه‌، به‌ڵكو به‌ربه‌ره‌كانێ‌ له‌ سه‌ر به‌شداری ده‌سه‌ڵاته‌ ، نه‌ك له‌ پێناوی سڕینه‌وه‌ی لایه‌نێكی یاری كه‌ره‌كان . ئێستا هاوسه‌نگی هێز گۆڕدراوه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئیسلامی  سیاسی به‌ بێ‌ دوور خستنه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی سوپا ، هه‌ر به‌و چه‌شنه‌ی هه‌بووه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و سودمه‌ندیش ده‌بن ، له‌ هه‌موو ئه‌و ئیمتیازات و سامانانه‌ی له‌ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵدا كه‌ڵه‌كه‌یان كردووه‌  . 

 

 

                                      سه‌میر ئه‌مین ــ الحوارالمتمدن  ژماره‌((3980 )) ــ 22 / 1 / 2013

و . له‌ عه‌ره‌بیه‌وه‌ ((یاسین له‌تیف))     

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.