سوریا وڕیزبهستنی حزبه ناسیونالیستهکانی کوردو ئهگهری شهڕی ناوخۆی نێوان باڵهکانی
گۆڕانکارییەکانی سوریا بەخێراییەکی سەرسوڕهێنەر ئاراستەیان بەستووە. کەوتنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە ئانو ساتدایە. بەداخەوە ئەم ئومیدو چاوەڕوانییەی خەڵکی جیهان ئالوودەی نیگەرانیەکی بەرهەقو نوێیە سەبارەت بەو هێزانەی جێگای دەوڵەتی بەشار ئەسەد پڕئەکەنەوە! چونکە پێشبڕکێی هێزە دەرگیرەکانی قەیرانی سوریا دەربارەی سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەو دانانەوەی ئەو ووڵاتە لەنێو زۆنی نفوزی پۆڵە ئیمپریالیستیەکانو میحوەری شوێنگرتووی دەوڵەتە باڵادەستەکانی وەکو تورکیا، عەرەبستانی سعودی، ئێرانو قەتەرو کاردانەوەکانی دەوڵەتی ئیسرائیلیشدا، بە ڕابەرایەتی هەردوو میحوەری ئەمریکیو ڕوسیا، نەک هەر تەنگی بە شۆڕشو ڕاپەڕینی خەڵکی سوریا هەڵچنیوە، بەڵکو بەتەواوی شۆڕشو ڕۆڵی ڕاپەڕنی خەڵکی خستۆتەلاوەو دەروازەی بەڕووی تەواوی هێزو تەوژمو ئاراستە ناسیونالیستیو ئایینییو تائیفیەکانی ناوچەکەدا واڵاکردووە بۆ گێڕانی ڕۆڵی کۆنەپەرستانەی خۆیانو هەڵپەی بردنی بەش لە بەرەنجامی پێشهاتەکانی ئەم قەیرانە.
ئەم وەرچەرخانە مەترسیدارەی ئاڵوگۆڕەکانی سوریا شۆڕشو ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ڕاپەڕیوی فڕێداوەتە کەناری ڕووداوەکانەوەو جەماوەری سڤیلو هاوڵاتیانیش لە قوربانیبوون زیاتر هیچی تریان بۆ نەماوەتەوە. بەحوکمی بوونی خەڵکی کوردزمانو بوونی زوڵمێکی قەومی کە دەیان ساڵە لەلایەن ڕژێمی بەعسی شۆڤێنی سوریاوە لێیان ئەچێت، جووڵانەوەی کوردایەتیش لەنێو وەرچەخانە کۆنەپەرستانەکەی سوریادا ڕۆڵی پەیداکردووەو بۆتە بەشێک لە ستراتیژی لایەنو تەرەفە ئەسڵیترەکانی گۆڕانکاریەکانی سوریا. دیارە نەک لەپێناو ڕزگاری کوردەکانی سوریا لە ستەمو چەوسانەوەی نەتەوەیی، بەڵکو لەپێناو بەدەستەوەگرتنی ئەم زوڵمو ستەمە بۆ بەکاربردنی قەیرانی سوریاو تەوژمی ناڕەزایەتی خەڵکی کوردزمانی سوریا لەپێناو سەروساماندان بە هێزگەلی بۆرژوا ناسیونالیستی کوردی لە سوریا هەتا چارەنووسی دەسەڵاتو سەروەتو سامانی ناوچە کوردنشینەکان بکەوێتە دەستی کۆمەڵێک پارتی چەکداری کوردی لەهاوشێوەی پارتیو یەکێتی.
شوێنو جێگای حزبە ناسیونالیستیە کوردەکان لەم پێشهاتو گۆڕانکاریانەی سوریادا پێویستە بەپێودانگی ڕۆڵو مامەڵەیان لەگەڵ شۆڕشەکانی تونسو میسر هەڵسەنگێنرێت. ناسیونالیزمی کوردی بزووتنەوەیەکی سیاسی بۆرژواییە لە ڕۆژەڵاتی ناوەڕاستدا کە لە ڕووی مێژووییەوە لە ناوچە کوردنشینەکانی عێراق، تورکیا، ئێرانو ئێستاش لە سوریا لەپێناو ئامانجی شەریکبوونی چینە داراکانی ناوچە کوردنشینەکاندا لە دەسەڵاتو لە سەروەتو سامانی بەرهەمهاتوو لە چەوسانەوەو ڕەنجو زەحمەتی چینی کرێکارو جەماوەری زەحمەتکێش سەریهەڵداوەو هاتۆتە مەیدانی سیاسییەوە. ئەم ڕاستیەو ئەم واقعییەتەش کە خەڵکی کوردستان بە درێژایی دەیان ساڵ لەلایەن ڕژێمە کۆنەپەرستو سەرکوتگەرەکانی ئەو ووڵاتانەوە بە شێوەیەکی سیستماتیک لەژێر گوشاری سەرکوتو ستەمی میللیدا ڕاگیراون، ئەم ئیمکانیەتەی بەرهەمهێناوە هەتا ئەحزابی بۆرژوا ناسیونالیستی کوردی بە بەرزکردنەوەی ئاڵای خەبات لە دژی سەرکوتو زوڵمی قەومی، بتوانن تاڕادەیەکی زۆر باوەشێنی وەهمی قەومی بکەنو پایەو نفوزی کۆمەڵایەتیو سیاسی بەچنگ بهێنن. ئەم ڕاستیەش ئەو واقعییەتە بەیان ئەکات کە لەنێو ستراتیژی سیاسی ئەم حزبە کوردیانەدا پشتبەستن بە هێزی خەڵکی ستەمدیدەی کوردو ئازادیخواز هیچ کاتێک جێگای ئەسڵیو سەرەکیی نەبووەو نییە.
ئەم حزبە ناسیونالیستە کوردیانە لەبەر هۆکاری کۆمەڵایەتیو سیاسی زۆرو زەوەند بە درێژایی چەندین دەیەی ڕابردوو ئامانجەکانی خۆیان لە ناوبەینی درزو کەلێنی کێشمەکێشی دەوڵەتانی ناوچەکەو زلهێزەکانی جیهاندا شوێنگرتووەو بردوویانەتە پێشەوە. هەر بۆیەش لە ئاکامدا بەزۆری لە جێگاوڕێگای کلکایەتی کردن بۆ بەرژەوەندیو ئامانجی کۆنەپەرستانەی یەکێک لە لایەنەکانی ململانێکاندا گیرساونەتەوە. باشترین بەڵگەی ئەم جێگاوڕێگایەی ئەحزابی کوردی شەڕی براکوژیو پێکدادانەکانی نێوانیانە. ئەوان لەپێناو ئامانجی تەسکی حزبو بنەماڵەکانیاندا سڵیان لە بەرپاکردنی جەنگی نێوخۆیانو خوڵقاندنی تراژیدیاو کارەسات بۆ هاوڵاتیانی کوردزمان نەکردۆتەوە. دانپیانانەکانی مام جەلالو نەوشیروان مستەفا سەبارەت بە چۆنێتی سەرهەڵدانی شاڵاوەکانی ئەنفالو کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە، دۆکومێنتی بێئەملاولان سەبارەت بەم حوکمەی دراوە بەسەر جوڵانەوەی کوردایەتیدا.
ئێستاش لەنێو ڕووداوەکانی سوریادا هەمان تابلۆو هەمان جموجووڵی جووڵانەوەی کوردایەتی ئەبینین، کە بەهەمان نەفەسی کۆنو بە هەمان کەلەپووری جەنگی براکوژی لەپێناو دابەشکردنی ناوچەی نفوزو دەسەڵاتیاندا لەئارادایە. لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی جەماوەری خەڵکی سوریا، کە خەڵکی شارە کوردنشینەکانیش بە شێوەیەکی بەربڵاو بەشداریان تێدا کرد، ڕژێمی ئەسەد لەژێر گورزی ڕاپەڕینی جەماوەریو پەرەگرتنی ناڕەزایەتیەکاندا، بەڵام لە بنەڕەتدا بە ئامانجی پووچەڵکردنەوەی شۆڕشو ڕاپەڕینەکان، دەستی برد بۆ سازشێک لە ناوچە کوردیەکاندا. ئەو کاتەی ڕژێم بڕیاریدا کە هاوڵاتیانی کوردزمانی سوریا کە چەندین ساڵە لە بوونو هەڵگرتنی ناسنامەی هاوڵاتیبوون بێبەشکرابوون، ئیتر ببنە خاوەنی ناسنامە، ڕەوتگەلی ناسیونالیستی کوردی ناوەوەی سوریا چالاکتر بوونەوە، لە هەمانکاتدا حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستانیش خۆیان کۆکردەوە بۆ تاودانی خۆشباوەڕی قەومی لەناو کوردەکانی سوریادا. ملدانی ڕژێمی ئەسەد بەم مافە هەرە سەرەتاییەی هاوڵاتیانی پاش چەندین دەیە لە ستەمگەریو هەڵاواردنی بێپەردە، پێچەوانەی ئامانجی ڕژێم وەستایەوەو نەک هەر نەبووە هۆکاری ئارامبوونەوەی ناڕەزایەتیو ڕاپەڕینەکان، بەڵکو بە پێچەوانەوە زیاتر خەڵکی هانداو زیاتر تاویدان بۆ درێژەدان بە خەباتو ڕاپەڕین.
لەم ساتەوەختەدا بوو پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بەئیعازی ڕژێمی تورکیا دەستی خستە نێو کاروباری شۆڕشو ڕاپەڕینی کوردەکانی سوریاوەو پشتیوانی هەمەلایەنەی خۆی بۆ ڕەوتە ناسیونالیستیەکانی کوردی سوریا دەستپیکرد. ئەم ڕەوتە ناسیونالیستانەش بە هاوکاری پارتیو بە سوودوەرگرتن لە نەفرەتو ناڕەزایەتی قووڵی خەڵکی ستەمدیدە بەرامبەر بە سەرکوتگەریو دەسەڵاتی ئیستبدادی ڕژێمی سوریا، لە هەوڵی ئەوەدان کە خەڵکی کوردزمانی سوریا بگۆڕن بۆ هێزی زەخیرەی ئامانجە سیاسیەکانی خۆیان. ئەم حزبو هێزە ناسیونالیستانە هیچ باکیان بەوە نیە کە کلکایەتی کردنیان بۆ هێزو دەوڵەتانی دەوروبەر هاوڵاتیانی کوردزمانی سوریا بەچی دەردێک ئەباو کام چارەنووسی ڕەش ئەبێتە نسیبیان، بەڵام ئەوان بەردەوام سەرگەرمی تاودانی نەعرەتەی قەومپەرستانەی خۆیاننو گیرخواردنی خەڵکی سوریاو هاوڵاتیانی کوردزمانیش لەنێو مەنگەنەی جەنگو بەرامبەرکێی دوو میحوەری دژ بەیەکی تورکیاو ئێراندا تەنیا ئامڕازێکە بۆ گیرکردنی تەوقی وەهمی کوردایەتی لە گەردنی خەڵکی کوردنشینی سوریا. لە بەرامبەر ئەمەدا بەشار ئەسەدیش کەوتۆتە پڕچەککردنو پشتیوانی بێدریغ لە پارتی یەکگرتوی دیموکرات (باڵی پەکەکە لە سوریا). پاش زیاتر لە دە ساڵ سنووردارکردنی هەڵسوڕانی سیاسیو بلۆککردنی جموجوڵەکانی ئەم پارتە لە بەرامبەر ڕێکەوتنی سوریا لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، ئەسەد جارێکی تر ڕێگای کردەوە ئەم حزبە چالاکیو هەڵسوڕانی سیاسی خۆی دەستپێبکاتەوە.
بەمپێیە کێبەرکێی ڕەوتە ناسیونالیستە کوردەکان لەژێر پشتیوانی پارتیو بارزانیدا لە دژو بەرامبەر بە پەیەدەو لایەنگرانی، یەک قەڵشتی گەورەو یەک ڕیزبەندی سیاسی دژبەری لەنێوان حزبەکانی ناسیونالیستی کوردیدا لەنێو جەرگەی گۆڕانکاریەکانی سوریادا شکڵپێداوە. توندبوونەوەی گرژیو ناکۆکیەکانی نێوان دەوڵەتی تورکیاو ڕژێمی ئەسەد، هۆکاری سەرەکی ڕیزبەستنی ڕەوتو هێزگەلی ناسیونالیستی کوردی سوریایە لە دەوری میحوەری تورکیاو هەرێمی کوردستان لەلایەک، وە ڕژێمی بەشار ئەسەدو کۆماری ئیسلامی ئێران لەولای ترەوە. لەگەڵ چوونەدەرەوەی سوپای ڕژێمی سوریا لە چەند شاری کوردنشینو سپاردنی دامەزراوە دەوڵەتیەکانو پارێزگاریکردن لێیان بە هێزی چەکداری پەیەدە (پەلکی پەکەکە لە سوریا)، ڕژێمی تورکیا هەڕەشەی ئەوەی کرد کە هەرکات بەپێویستی بزانێ بەرامبەر بە چالاکیو فەعالیەتی پەکەکە لە سوریا دەست بۆ دەخالەتی سەربازی ئەبەن.
لە درێژەی پێشهاتەکانو وەکو بەڵگەی دابەشبوونی هێزە دەرگیرەکانی قەیرانی سوریاش بەسەر دوو میحوەری جەنگیو دەستوەردان لە کاروباری سوریادا، وەزیری دەرەوەی تورکیا، داود ئۆغلو سەردانی هەرێمی کوردستانی کردو لەوێشەوە وەکو ئاماژەو مەیلو نیازێک بۆ دەسەڵاتی ئیپراتۆری عوسمانیو نیشاندانی زۆری بازووی دەوڵەتی شۆڤێنی تورکی بە کوردەکانو خەڵکی ناوچەکەش، سەردانی کەرکوکی کردو لەهەمان کاتدا چوویە سەر گۆڕی سەربازێکی دەوڵەتی عوسمانی، هەتا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەی هاوبەش دەربکەن بەئامانجی پێشگرتن بەپڕکردنەوەی بۆشایی سیاسی لەلایەن پەکەکە وە لە سوریا، هەروەها قەڵشتو ڕیزبەستنی پێکهاتوو لەنێوان پارتە ناسیونالیستیە کوردەکاندا قووڵترو بەرجەستەتر بکەنەوە لەدەوری میحوەری شەڕو ئامانجەکانی خۆیان.
لەگەڵ کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەد، ئەگەری پەرەسەندنی تەگژەو قەیرانی سوریا زۆر زیاتر ئەبێت. ڕەنگە هەردوو میحوەری شەڕەکە کە دەوڵەتە زلهێزەکانی ئەمریکاو ڕوسیاو چین لە دەرەوە ئەیانجوڵێنن، پێشبڕکێکانیان تیژتر بێتەوە بۆ سەپاندنو بەرجەستەکردنی هەژموونی سیاسیو سەربازی خۆیان، وە لەپێناو بەرفراوانکردنی ناوچەی نفوزو دەسەڵاتیان دەستبردن بۆ جەنگێکی ماڵوێرانکەر دوایین ئامڕازو وەڵامیان بێت کە پێشنیاری کەن بۆ هاوپەیمانەکانیان. لەنێوجەرگەی ئەم جووتمیحوەریەی شەڕو ململانێی سوریاو دەوروبەریدا، ڕیزبەندییەکی دیکە لە ڕەوتگەلی ناسیونالیستی کوردی هاتۆتەئاراوە، کە دابەش بوون بەسەر ئاراستەی سوریاو کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەک، لە لایەکی دیکەشەوە بەسەر میحوەری تورکیاو دەوڵەتانی ڕۆژئاواییو عەرەبستانی سعودی، ئێمەو ناوچەکە لەگەڵ هەر گرژبوونێکی زیاترو توندتربوونەوەیەکی زیاتری ئەم قەیرانەو لایەنەکانی ئەم میحوەرانەدا شاهیدی دەرگیری سەربازیو پێکدادانی چەکدارانە ڕووبەڕوو ئەکاتەوە. هەر ئێستا بەرەی نزیکو هاوپەیمانی سوریاو ئێرانو پەکەکە لەئامادەباشی تەواودان بەرامبەر بە بەرەی تورکیاو ڕۆژئاواو حکومەتی هەرێمی کوردستانو ڕەوتگەلی ناسیونالیستی نزیک لێیانەوە لە سوریا. تەنانەت پژاک کە باڵێکی تری پەکەکە یە لە زۆنی کوردستانی ئێران ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ گفتوگۆو مفاوەزات لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا، وەکو ئامادەکاریەکی دیکە لەنێو گۆڕەپانی سیاسی کوردستانی ئێراندا بەرامبەر بە دەنگۆی یەکگرتنەوەی هەردوو باڵی جیابۆوەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانو مەیلو نزیکایەتیان لەگەڵ پڕۆژەی ڕۆژئاواو لەگەڵ مێیحوەری تورکیاو پارتی لە هەرێمی کوردستان.
ڕەنگە ئەم ڕیزبەستنە سیاسیە پەلکەزێڕینەییە لە ناوخۆی سوریادا هەتا کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد پایدار بمێنێتەوە، بەڵام بەرجەستەتر ئەمەیە کە بەشوێن هەرەسی ئەو ڕژێمەدا پەکەکەو پەلکی سوریاییەکەی (پەیەدە) ئەخزێنە ژێر گوشارێکی سەختی دەوڵەتی تورکیاو ڕیزبەندی ڕەوتگەلی ناسیونالیستی کوردی هاوپەیمانی تورکیاو پارتییەوە. بێگومان ڕوونو ئاشکرایە کە ڕیزبەندیی پارتە ناسیونالیستیە کوردیەکان لە هیچکام لە دوو جەمسەری ئەم میحوەری جەنگو کێبەرکێیەدا هیچ پەیوەنییەکیان نییە بە خەباتو تێکۆشانی خەڵکی کوردزمانەوە لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادیو ڕزگاری لە ستەمو چەوسانەوەی نەتەوەیی، بەڵکو ڕاستەوخۆ لە ڕاستای پێشبڕکێدان بۆ بەدەستهێنانو بردنی بەشی زیاتر لە دەسەڵاتی سیاسیو گەییشتنی بەشە جیاوازەکانی بۆرژوازی کورد بە سودو قازانجی کەڵەکەبووی ئاکامی چەوسانەوەی چینی کرێکارو جەماوەری بێبەشو زەحمەتکێشی کوردستان. هەربۆیەشە ئێمە پێمانوایە کە بۆرژوا ناسیونالیستی کوردی بە هەموو ڕەنگو لقەکانیەوە نەک لەپێناو هەڵگرتنی ستەمی نەتەوەیی، بەڵکو لەپێناو دەسەڵاتی خۆیو بەرژەوەندیەکانی توێژەکانی تری بۆرژوایدا ئامادەیە شەڕێکی ناوخۆی وا بەرپابکات کە تەڕو ووشکی تێدا بسووتێ!
١٣ئاب٢٠١٢
حەمە غەفور
hamagafur@gmail.com