Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
سووتاندنى دەنگی كورد و فەوتاندنى دەستكەوتەكان….سالار بابەشێخ

سووتاندنى دەنگی كورد و فەوتاندنى دەستكەوتەكان….سالار بابەشێخ

Closed
by February 5, 2009 گشتی

 سووتاندنى دەنگی كورد و فەوتاندنى دەستكەوتەكان
  سالار بابەشێخ
 
 "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ عێراقداین، به‌ڵام عێراقێكی فیدراڵی". ئەمە بەشێك لە لێدوانەكانی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە كە بە جاران ئاراستەی حكومەتی ناوەندی و وڵاتانی دراوسێ و رای گشتی كردووە. چاودێرانی سیاسی ئەمجۆرە لێدوانە بە سیاسەتێكی حەكیمانە ناوزەد دەكەن، بەڵام لە بەرامبەر هەموو هەڕەشەیەكی دەرەكی و ناوخۆیی كە باسی هەمواركردنی دەستووری عێراق و سەپاندنی سانترالیزمی حكومەتی ناوەندی دەكەن، ئەگەر جارێكیش باسی ئەوەی كردبێت كە نەتەوەی كورد جیا لە ئاشتەوایی و پێكەوە ژیانی ئارەزوومەندانە، مافی سەربەخۆبوونی لێ زەوت كراوە، ئەوە هێلە سوورەكانی بەزاندووە!! كەس گومانی لەوە نییە كە تا هەنووكەش چارەنووسی سیاسی كورد لە سەرمێزی زلهێزەكانی جیهانە و ئەوان لە جیاتی كورد بڕیاری لەسەر دەدەن، هەر ئەوانیش لە بەرامبەر وڵاتانی بەركەوتەی كورد كە بەردەوام سیاسەیتی ئاسمیلەكردن و سڕینەوەیان لە دژی كورد بەكارهێناوە، بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
 باشووری كوردستان لەدوای قوربانیدانی پتر لە نیوملیۆن هاووڵاتی كورد، لە سایەی بەرەكەتی راماڵینی رژێمی دیكتاتۆری بەعس و كۆتایی هێنان بە تەمەنی نەگریسی سەدام حوسێن، و رەخسینی دەرفەتێك بۆ راپەڕینێكی شكۆدار، جگە لەوەی نزیك بە دوو دەیەیە خۆی ئیدارەی خۆی دەكات، نموونەیەكی بەرچاو بووە بۆ چەسپاندن و دیموكراتیزەكردنی وڵات لە عێراق و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، كەچی هێشتا ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی زۆرەملێیانەی لەسەرە و هەموو دەستكەوتەكانیشی لە مەترسیدایە.
 رووخانی دیواری بەرڵین و یەكگرتنەوەی دوو دەوڵەت و لەتبوونی یەك دەولەت بە دوو دەوڵەت وەك چیك و سلۆڤاكیا، فاكتێكی حاشاهەڵنەگرن و سەلماندوویانە كە نەك هەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵكو ئەزموونی گەلانی جیهان، داكۆكی لەو هاوكێشەیە دەكات كە "هیچ یه‌كێتی و دابڕینێكی زۆردارانە سه‌ر ناگرێت".
 برایه‌تی كورد و عه‌ره‌ب، ئاشتەوایی و پێكەوەژیان، پەنابردن بۆ دیپلۆماسی و چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكی و كێشەكان، نەهێشتنی تیرۆر و كۆمەڵكوژی، نەمانی سوپای كوده‌تا و چه‌وساندنه‌وه‌ و توندوتیژی و. هتد، دەستەواژە و هەڵوێستەكانی سەركردایەتی كوردن، لە بەرامبەر ئەمانەدا، هەمواركردنی دەستوور، ناوەندی بەهێز، دەستێوەردان و پێشیلكردن و جێبەجێنەكردنی بڕگە و ماددەكانی دەستووری هەمیشەیی و قیتكردنەوەی كۆنەجاشەكان و لەشكركێشی و بەزاندنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان، نەك لە چوارچێوی دروشم، بەڵكو پراكتیكی نەیارانەی وڵاتانی بەركەوتەی كورد بووە و حكومەتی ناوەندی عێراقیش هەردەم لە پراكتیزەكردن و هاوكاری كردنی ئەو بیرۆكە نەزۆكانە درێغی نەكردووە.
 لەم دۆزە هەستیار و ناسكەدا، ملمڵانێی ناوخۆیی لەسەر وەرگرتنی "ئیمتیازێكی زیاتر" لە چوارچێوەی بەرتەسكی حزبیدا، هەڵەیەكی مێژووییە كە نەوەكانی دادێ هەڵپێچانەوەی لەسەر دەكەن. لە زەمەنێكدا كە دەنگەكانی كورد لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراقدا دەسووتێندرێن و زیاتر لە 200هەزار دەنگدەر بەربەستی جۆراوجۆریان بۆ دروستدەكرێ، لە دۆخێكدا كە كورد بە رۆحێكی دیموكراسیخوازانەوە پێشوازی لە هەڵبژاردنەكان دەكات، هێزە ئاشكرا و شاراوەكانی دژی پرۆسەی عێراقی نوێ، ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی له‌ ناوچه‌ دابڕاوەكانی كوردستان له‌ مافی ده‌نگدان بێبه‌شدەكەن و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوه‌كانیش تەنها بیانوویەكی دەستكرد و داتاشراوە بۆ سووتاندن و بەفێڕۆدانی دەنگی رەوای كورد. ئەمە ناتوانێت كەمتەرخەمی بێت و پێشێلكارییه‌كی حاشاهەڵنەگری مافی دەنگدەرانە.
 هەر دوێنی جەماوەری حیماسەخولقێنی خەڵكی خانەقین لە بەرامبەر رێگەنەدان بە 16هەزار دەنگدەری كورد، رژانە سەر جادە و بە لەرزاندنی شەقامی كوردی، سەلماندیان كە ناوچە دابڕاوەكانی كوردستان، دوابڕیاریان گەڕانەوەیانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و جارێكی دیكە كوردبوونی خۆیان سەلماند و كوردستانی بوونی ناوچە دابڕاوەكانیان دووپات كردەوە. بۆیە كاتی ئەوە هاتووە لە بری ئەوەی بەرژەوندییە كاتی و بەرتەسكەكان و ئایدیای حزبی و ناوچەیی و ئایینی و . پەیڕەو بكەین، دەنگمان بخەینە پاڵ ئەو دەنگانەی كە لە دەنگدان بێبەشدەكرێن، بۆ ئەوەی چیدی مافە نەتەوەییەكانمان لە ژێر هیچ بڕوبیانوویەكدا پێشێلنەكرێن.
 ئەوە خەیاڵ نییە كە كورد دەوڵەتێكی سەربەخۆی هەبێت و كۆماری كوردستان دابمەزرێنێتەوە، لە نەبوونی یەكڕیزی و یەكدەنگی و هاوهەڵویستی كوردە، كە سەركردایەتی كورد بەردەوام ناچاتر بووە، خۆی بە وڵاتێكی بەركەوتەی كوردەوە گرێ بدات و زیاتر لە "ئۆتۆنۆمی" داواكارییەكی دیكەی نەبێت. ئێستاش كە سیستمی فیدرالی توانیویەتی ئەزموونی سەركەوتوو بێت، پێویستە بە عەلمانی و ئایینییەوە داكۆكی لەم بەردەبازە بكەین، بۆ ئەوەی روخسارێكی شارستانی بە رای جیهانی نیشان بدەین و پاڵپشتییەكی نێودەوڵەتی بۆ داواكارییە رەواكانمان وەربگرین. جیا لەمە نەك هەر دەنگەكانمان دەسووتێنن بەڵكو دەستكەوتەكانیشمان دەفەوتێنن..
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.