Skip to Content

Friday, April 19th, 2024
سۆران مامه‌ حه‌مه ده‌نگێکی نه‌ترس،

سۆران مامه‌ حه‌مه ده‌نگێکی نه‌ترس،

Closed
by July 25, 2008 گشتی

 سۆران مامه‌ حه‌مه ده‌نگێکی نه‌ترس،
 مافیاکانیش دێوه‌زمه‌یه‌کی زیڕه‌کردووی بێهه‌وسار
!
   ‌
 فاتمه‌ ئه‌حمه‌د

fatma964@yahoo.de
 23.7.2008 ‌  ‌

 سۆران مامه‌ حه‌مه‌،‌ شه‌وی 22.7 له‌به‌رده‌م ماڵه‌که‌ی خۆی له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌کدارێکی نه‌ناسراوه‌وه‌ تیرۆر ده‌کرێت! ئه‌مه‌ له‌ گه‌ڕه‌کێکی ئارام و کوردنشینی شاری که‌رکوکی ژێر ده‌سه‌ڵاتی دوو حیزبه‌ گه‌وره‌ و ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌ی کورد‌، گه‌ڕه‌کی شۆرجه ڕووی داوه‌!
 به‌ڕاستی‌ ئه‌مه‌ زه‌نگێکی ترسناکه‌ و خه‌ته‌رێکی گه‌وره‌یه‌ له‌ خنکاندنی ده‌نگه‌ ئازاد و بوێره‌کاندا! زه‌نگێکه‌ بۆ زیاترکردنی بێمافی و سه‌رکووت و ترس و تۆقاندن و ده‌نگی که‌له‌پچه‌ و زڕه‌ی زنجیر! زه‌نگێکه‌ بۆ نه‌مانی یه‌کجاری مانای ژیان! بۆیه‌ ده‌بێ به‌ فراوانترین و توندترین شێوه‌ به‌رپه‌چ بدرێته‌وه‌ و لێپێچینه‌وه‌ی ورد و خێرا بکرێ بۆ ئاشکراکردنی تاوانباران و به‌ دادگاییگه‌یاندنیان، وه‌ بۆ په‌رده‌لادان و ڕیسواکردنی ئه‌و لایه‌نه‌ی که‌ له‌ پشتی ئه‌م کاره‌ دزێوه‌ ڕاوه‌ستاوه‌.
 پێم وانییه‌‌‌ سۆران مامه‌ حه‌مه‌ یه‌که‌مین که‌س بێ و له‌وانه‌یه‌ دوا که‌سیش نه‌بێت! من کاکه‌ سۆرانم نه‌بینیوه‌ و نایناسم، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و هه‌موو نووسینه‌ی له‌ سایته‌کاندا ئه‌یبینم که‌ له‌سه‌ری داگیراوه و به‌ پێی کۆڕی پاڵتاکی شه‌وی 22.7  له‌ کوردستان یونایتد که‌ به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ گیرا، به‌پێی وته‌ی که‌سانێک که‌ له‌ نزیکه‌وه‌ ده‌یناسن، دیاره‌ و جێی گومان نییه‌ که‌ ئه‌م مرۆڤه‌ چ که‌سێکی له‌ خۆبوردووی چالاک و ئازا و دلێر و چاونه‌ترس بووه‌ و وه‌ک مانگێکی دراوشاوه له‌ ئاسمانێکی نووته‌که‌چاودا، قه‌ڵه‌مه‌که‌ی داگیرساندووه‌ و ویستوویه‌تی ڕووی ڕه‌ش و نه‌گریسی دز و جه‌رده‌ و پیاوکوژان و مافیاکانی وڵاته‌که‌ی وه‌ده‌رخات و دڕ به‌و‌ شه‌وه‌زه‌نگی تاریکییه‌ بدات که‌ کوردستانی کردۆته‌ دۆزه‌خستان!
 ئه‌و مرۆڤه‌ دڵپڕ له‌ هیوایه‌،‌ ‌تازه‌ ده‌می بۆ ژیان ئه‌پشکووت. تازه‌ وه‌ک باڵدارێکی شه‌یدای فڕین، خۆزگه‌ی گه‌ییشتن بوو به‌ ئاسمانێکی  ‌ساماڵ و سه‌ربه‌ست. زۆر سه‌ره‌تای بوو، به‌ڵام زۆری له‌بار بوو، زۆر گه‌وره‌ بوو! هه‌ر بۆیه‌ دێوه‌زمه‌کان زاره‌تره‌ک بوون و لێی تۆقین! بۆیه‌‌ پاڵه‌وانانی چه‌قۆکێش و چاوچنۆک و‌ به‌د‌ڕه‌ووشت له‌ تاریکیدا زه‌فه‌ریان پێ هێنا و به‌ کوژاندنه‌وه‌ی مۆمی ته‌مه‌نی ئه‌م نه‌مامه‌ تازه‌یه‌ی کوڕی ماڵه‌‌ هه‌ژارێکی شاره‌که‌ی که‌رکوک، جارێكی تر ڕووڕه‌شی و تاوانێکی تریان خسته‌ خانه‌ی سته‌مه‌ ئه‌ستوور و له ‌بننه‌هاتووه‌کانیان و قێزه‌وونترین کرده‌وه‌‌کانیان.
  ئه‌م هێرشه‌، هێرش نییه‌ بۆ سه‌ر ته‌نها‌ ئینسانێک. کوشتن و "شه‌هید"کردنی تاکه‌ که‌سێک نییه‌، خوێنڕشتنی مرۆڤێک و کۆستکه‌وتنی ته‌نها خێزانێک نییه… به‌ڵکوو ئه‌مه‌ هێرشه‌ بۆ سه‌ر هه‌ناسه‌ی ئا‌زادی، بۆ سه‌ر بیر و ڕای جیاواز، بۆ کوشتن و خه‌فه‌کردن و کپکردنه‌وه‌ و خنکاندنی ته‌واوی ئه‌و ده‌نگانه‌ی که‌ ده‌ڵێن نا! که‌ ده‌ڵێن ئێمه‌ مرۆڤین و به‌سه‌ چیدی "شه‌ره‌ف" و که‌رامه‌تمان مه‌ڕووشێنن! که‌ ده‌ڵێن نان و کار و ئاو و کاره‌با و ئازادیمان ده‌وێ! که‌ ده‌ڵێن به‌سه‌ ئیتر! کوردستان بۆته‌ دۆزه‌خی ڕاسته‌قینه‌ی کوشتن وبڕین و ‌ سووتاندنی ژنان! منداڵان کاری قورسیان پێده‌کرێ و بێبه‌شن له‌ مافی یاری و بچوکترین چێژ و تامی ژیان! که‌ ده‌ڵێن ئێمه‌ به‌ جۆرێکی جیاواز له‌ ئێوه‌ بیر ده‌که‌ینه‌وه و بۆچوون و ڕوانگه‌یه‌کی ترمان بۆ ژیان، بۆ سرووشت، بۆ دیارده‌کانی ده‌وروپشتمان هه‌یه‌ و ئێمه‌ش قسه‌ی خۆمان ده‌که‌ین‌! ئاخر بۆ ده‌بێ ئه‌مه‌ گوناه بێت‌؟! بۆ ده‌بێ له‌ خانه‌ی بێڕێزیدا بێت‌؟! بۆچی تاوان بێت؟! بۆ ده‌بێ ئینسان هه‌ر کڕنۆش به‌رێ و کۆیله‌ بێت؟! بۆ ئینسان له‌سه‌ر ئا ئه‌مانه‌، ڕاو بنرێ؟! ڕاپێچی دادگا بکرێ؟! چاوی لێ سوور بکرێته‌وه‌ و ته‌حقیق و سووکایه‌تی پێ بکرێ؟! ته‌نانه‌ت خوێنیشی حه‌ڵاڵ بکرێ؟!
 به‌ ڕای من ئه‌م په‌لاماره‌‌‌ هه‌ر درێژه‌ی هێرشی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆکی عێراقه‌ بۆ سه‌ر ڕۆژنامه‌نووسان! وه‌ هه‌ر درێژکراوه‌ و هاوسانی ئه‌و هێرشه ترسناکه‌یه‌ که‌ ماوه‌یه‌ک به‌ر له‌ ئێستا ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان ده‌ستیان دایه،‌ که‌ له‌سه‌ر داوای ئیسلامی سیاسی و به‌ ئیمزای 470 له‌ "نوێنه‌رانی خوا" هێرش کرابووه‌ سه‌ر پێنج نووسه‌ر و، به‌ بیانووی ڕێزگرتن له‌ موقه‌ده‌ساتی خه‌ڵکی کوردستان! ده‌ستیان کرد به‌ قه‌ده‌غه‌کردن و کۆکردنه‌وه‌ی کتێبی "جه‌هاله‌تی ئیسلام و دنیای هاوچه‌رخ" و گه‌ڕان به‌ دوای نووسه‌ر‌ "ئارام ڕه‌شید" دا بۆ دادگاییکردنی!
 به‌ڕاستی دنیایه‌کی سه‌یره‌! کێ دادگایی کێ ده‌کات و کێ خانه‌ خوێیه‌؟! کێ باس له‌ موقه‌ده‌ساتی خه‌ڵکی کوردستان و بێڕێزیکردن به‌ پیرۆزییه‌کان ده‌کات و کێ له‌ ڕستییدا به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵکی کوردستان ئه‌وپه‌ڕی بێڕێزی ده‌کات‌؟! نازانم ئه‌م دنیایه‌ تا که‌ی وا ئا‌وه‌ژووه‌؟!
 جا بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی دی، هیچ ده‌سه‌ڵات و هیچ هێزێک، نه‌ "کوردی" و نه‌ "عاره‌بی"، به‌ هیچ ڕه‌نگ و بۆن و ناوێکی تر،  نه‌ "زه‌مینی" و نه‌ "ئاسمانی" بوی نه‌بێ و نه‌وێرێ به‌عس ئاسا په‌ل بکووتێ و بکوژێ و ببڕێ… تا هه‌ناسه‌ی ژیان ببڕێ و هه‌موو "میلله‌ت" بتاسێنێ، ده‌بێ خه‌ڵک وه‌ده‌نگ بێت! ده‌بێ گه‌وره‌ترین هێز‌ بۆ به‌رگرتن به‌م خه‌ته‌ره‌ و پوچکردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌کانی ئاماده‌باش بێت! هه‌موو که‌س هه‌ڵوێستی هه‌بێ! خه‌ڵکی به‌شسمه‌ینه‌ت و سته‌م لێچوو چیتر ڕازی نه‌بن که‌ ئاوا وڵات کاول و وێران بووه‌ به‌سه‌ریاندا و بۆته‌ مه‌یدانی که‌یف و سه‌فاش بۆ مافیاکانی ده‌سه‌ڵات! پێویسته‌ زۆرترین ده‌نگ و نا‌ڕه‌زایه‌تی بهێنرێته‌ مه‌یدان! بۆ ئه‌مه‌ش نووسه‌ران، ئازادیخوازان، که‌سانی ڕووناکبیر و پێشکه‌وتنخواز گه‌وره‌ترین پشکیان به‌ر ئه‌که‌وێ و ئه‌رکیانه‌ هه‌ڵوێستی خۆیان به‌ ئاشکرا و به‌ هه‌موو شێوازێک هه‌ر له‌ نووسین و کۆڕوکۆمه‌ڵ و سێمیناره‌وه‌ تا ده‌گات به‌ خۆ پیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری بخه‌نه‌ ڕوو، وه‌ نیشانی بده‌ن که‌ ئه‌وان چ هێزێکن! نیشانی بده‌ن که‌ ئه‌مانیش هه‌ن! گه‌ر وانه‌بێ کار له‌ کار ئه‌ترازێ و تاریکی و ڕۆژڕه‌شی زیاتریش له‌ دواوه‌یه‌! مێژووش جارێکی تر دووباره‌ نابێته‌وه‌…
 ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم له‌ قوڵایی ده‌روونمه‌وه، وێڕای‌ دڵته‌نگی و‌ هاوخه‌می و پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیم له:‌ که‌سوکار و خۆشه‌ویستان و هاوڕێیانی سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌! ڕۆژنامه‌نووسان! سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نووسان لقی که‌رکوک! له‌ خۆم و هه‌موو ئینسانێکی مرۆڤدۆست و ئازادیخواز، زۆر به‌ توندی ئیدانه‌ی ئه‌و کاره‌ تیرۆریستییه ئه‌که‌م و ده‌ڵێم: نه‌فره‌ت له‌ هه‌ر  که‌س و لایه‌نێک ‌ که‌ هه‌ڕه‌شه و ‌گولله‌ زمانی ئاخاوتنیانه‌‌!
 
 بمرێ تیرۆر و تیرۆریستان!
 ڕیسوایی و مه‌رگ و نه‌مان بۆ ده‌سه‌ڵاتی مافیایی و دز و جه‌رده‌ و پیاوکوژان!
 هه‌ر بژی خاوه‌ن قه‌ڵه‌مه‌ ئازا و بوێره‌کان!
 هه‌ر بژی سۆران و سۆرانه‌کانی تر!
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.