Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
سیاسەتمەداران و پرد

سیاسەتمەداران و پرد

Closed

پردەکەی خەسرەو خاڵ: لە سلێمانی پێش چەند ساڵێک بنیات نرا پاش هەوڵ و تێکۆشانێکی زۆر، بۆ ئەوەی بە باشترین شێواز تەواو بکرێت، بەڵام شتەکان بەو شێوەیە بەڕێوە نەچوون هەروەک سەرپەرشتیارانی پردەکە ئاواتەخوازی بوون. هۆکارەکان چی بوون؟ هەمان سەرپەرشتیاران خۆیان باش دەزانن هۆکارەکان چی بوون، کە بە شێوەیەکی گشتی خۆی لە گەندەڵی سیستمەکەی هەرێمی کوردستاندا دەبینێتەوە. بۆیە شارەوانی سلێمانی پاش تێپەڕبوونی چەند ساڵێکی کەم بەسەر تەواوبوونیدا دەستی کرد بە نۆژەنکردنەوەی و چاککردنی کەم و کورتییەکانی.
سیاسەتمەدارانی کورد بەبێ نۆژەنکردنەوە: گەر چاوێک بە لیستی ناوی سیاسەتمەداران و دەسەڵاتدارانی کورددا بخشێنین لە کاتی ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ دا، لەناو هەموو لایەنە جیاوازەکاندا چەند ناوێک بەدی دەکەین، کە هەمان ناون هەتا ئێستاش لە لوتکەی دەسەڵاتی لایەنە سیاسییەکاندان یاخود لە بەشی سەرەوەی لوتکەی دەسەڵاتی هەرێمدان: هەمان ناو، هەمان کەسایەتی، هەمان وشە و دەربڕین، هەمان شێوازە بیرۆکە، هەمان شانازیکردن بە ڕابردووی پێش ڕاپەڕین و هەمان شانازی بە بیست ساڵەی ئەزمونی دەسەڵاتی کوردی پاش ١٩٩١. ئایا هێندەی پردەکەی خەسرەو خاڵ لە نۆژەنکردنەوەدا بە خۆمان ڕەوا نابینین؟
لە حیزبەکانی دەسەڵات و  ئۆپۆزیسیۆندا بیست و یەک ساڵ زیاترە هەمان کەسایەتی خاوەنی دەسەڵات و بڕیارن بەر لە ساڵی ١٩٩١ و پاش ئەوەش. خۆ ئەگەر کەسێک لەو مەیدانە دوورکەوتبێتەوە ئەوە هۆکارەکە تەنها بیروڕا جیاوازەکانە یاخود مردنی ئەو کەسەیە یان خەریکبوونیەتی بە بازرگانییەوە پاش ئەوەی بە شێوەیەک لە شێوەکان و لە ماوەیەکی کەمدا هێندەی سامان کۆکردۆتەوە، کە بەشی چەند نەوەیەکی دوای خۆشی بکات. تاکە گۆڕانکارییەکی زەق لە پێکهاتەی هەرەمی دەسەڵاتی ناو حیزب و خودی دەسەڵاتی هەرێم بریتییە لە بەرزبوونەوەی ناوی کوڕ و کچ و خزم و کەسوکاری دەسەڵاتدارانی نەوەکەی پێشوو لە مەیدانی سیاسەتی کوردیدا، کە ئێستا بە هیمەت بێت یان بە قیمەت دەکرێن بە ئەستێرەی ناو مەیدانی سیاسی. یاخود دەتوانین بڵێین کە دەسەڵات و سیاسەت بووە بە موڵکایەتی و پاشایەتی، ئەمەش هەمان پەتایە کە سەرتاپای ڕۆژهەڵاتی گرتۆتەوە.
ئەم (نۆژەننەکردنەوەیە) و ئابڵوقەدانی ڕەوتی سیاسی لە ناو بازنەیەکی داخراودا زیانێکی زۆری داوە بە ڕەوتی سیاسی و ئابوری و گۆڕانکارییەکان لە ماوەی بیست و یەک ساڵەی ڕابردوودا، چونکە ئەزموونی هەموو ئەم ساڵانە سەلماندوویەتی، کە ئەم کەسایەتییانە لە ڕێگەچارەی زۆر بواری کۆمەڵگا و لایەنی سیاسیدا ئەگەر شکستیشیان نەهێنابێت ئەوا سەرکەوتوو نەبوون و دۆخەکەی ئێستای کوردستان باشترین بەڵگەیە بۆ ئەم ئەنجامە. بەڵکو لە زۆر ساتەبڕیاری هەستداردا خاوەنی هەڵوێستێک و بڕیارێکی هەڵە بوون. ئەم خەسڵەتەش سەلماندنی ئەو خاڵەیە، کە توانا سیاسییەکان و بەڕێوبەرایەتیی و ئابورییەکانی ئەم کۆمەڵە سیاسەتمەدارانە (دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن) بۆ ئەو کێشانەی کە سەرتاپای کۆمەڵگاکەی گرتۆتەوە لەو سنووری چارەسەرانە تێناپەڕن. جا جێگۆڕکێی ناوەکان بۆ پۆستە جیاوازەکان واتە هێنانی (س) لەم پۆستەوە بۆ پۆستی کاک (ع)  لە پاشان دیاریکردنی (ع) لە جێی (م) و هەمووشیان لە ناو هەمان بازنەی فیکری و حیزبی تەسکدا بخولێنەوە ئەوا هیچ خشتێکی نوێ لە بناغەی ماڵی کورددا زیاد ناکات. جگە لەوەش ئەزموونی چەند ساڵە سەلماندوویەتی، کە لەناو هەموو حیزب و لایەنە سیاسیی و خودی دەسەڵاتیشدا کەسانێکی زۆر هەن، کە تەنها ڕێکەوت کردوونی بە سیاسەتمەدار، ئەگینا نە پێش ڕاپەڕین و نە دوای ئەوەش و هەتا ئەم ساتەش لەو ئاستەدا نین، کە بەرپرسێتی کۆمەڵگایەکی بخەیتە ناو دەست. لەبەر ئەوەی نە ئەو کاتە و نە ئێستاش خاوەنی پلان و بیر و بەهرەیەکی وا نەبووە و نییە، کە شایەنی باسکردن بێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە دوورکەوتنەوەی هەندێک کەسایەتی لە قازانجی کۆمەڵگای کوردیدایە، چونکە ئەوان ناتوانن بۆ بوارە جیاوازەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵگا و بە پێی پێداویستییە هاوچەرخییەکان هاریکار بن بۆ هەنگاوێکی نوێ بەرەو ئاسۆیەکی ڕوونتری کۆمەڵگا. جا ئاڵوگۆڕکێی دەموچاوەکان و کەسایەتییەکان لە هەمان بازنەی داخراودا هیچ بیرۆکەیەکی نوێ نادەن بە دەستەوە ئەگەر لە گۆشە نیگای کاری گروپێکەوە تەماشای ئەرکی حیزبایەتی بکەین.
ئەگەر بتوانین خەسڵەتی مۆنۆپۆڵکردن بدەینە پاڵ ئەم شێوازەی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری، ئەوا لە لایەک کۆمەڵگا هەست دەکات کە سیاسەت بووە بە مۆنۆپۆلی ئەم کەسایەتییانە و لە لایەکی دیکەش چینی لاوان هەرچەندە ژیر و بە توانا بن، بەڵام هەمیشە بێهیوا دەمێننەوە لەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان بتوانن بە هێز و توانای خۆیانەوە بەسەر ئەو هەرەمەدا سەربکەون، ئەگەر بێتوو کەسێکی نزیک نەبێت لە یەکێک لەوانەی لە لوتکەی هەرەمەکەدا دانیشتوون بۆ ئەوەی بەرزیان بکاتەوە بەرەو ئاراستەی سەری هەرەمەکە. بە واتایەکی دیکە ئەگەر نەبن بە دەروێشی لایەنێک یان کەسێک. کەواتە ئەو پردەی، کە دەسەڵاتداران دەیانەوێت بنیاتی بنێین لە نێوان خۆیان و کۆمەڵگادا کە لە بنچینەدا ساڵەهای ساڵە داڕوخاوە، هەر بنیات نانرێت و ئەو پەیوەندییەش هەر دروست نابێت.
لە کاتێکدا کە حکومەتی کوردی نوێ خەریکە پێکدەهێنرێت و باری سیاسی ناو عێراق و سەرتاپای ناوچەکە لەبەردەم ئەگەری گۆڕانکارییەکی یەکجار گەورەدایە، دەبینم دەسەڵاتدارانی کوردی هەتا ئەم ساتە وەختەش بەردەوامن لە یاری داش بە داشی خۆیان و ئەو کەسانەی کە هەمدیسان لە لوتکەی دەسەڵاتدا یاری دەکەن هەمان ناون سەرلەنوێ کە پێش بیست و یەک ساڵ خاوەن بڕیار بوون لە پێکهاتەی حیزبییەکەدا. بەمەش دەتوانین فەرموویەکی نوێیان لێ بکەین بۆ ئەگەری شکستێک و هەڵەیەکی دیکە. خۆ ئەگەر پێشمان بڵێن: ئەی باشە کەسی شیاوتر و زیرەکتر لەو کەسانە دەبینرێنەوە؟ ئەوا ڕوو دەکەمە سەرتاپا لایەنە سیاسییەکانی کۆمەڵگای کوردی و دەڵێم: ئەگەر وا هەست دەکەن، کە تەنها ئێوە خاوەنی بیروبۆچوون و ئەزموون و زیرەکین، ئەوا کۆمەڵگای کوردی هەر لە ئێستاوە دەبێت فاتیحە لە ڕۆحی پاکی خۆی دابات، چونکە ئەوە کارەساتە کە لەناو کۆمەڵگایەکی بەرفراوانی وەک کۆمەڵگای کوردیدا تەنها یەک کۆمەڵە خەڵکی سنووردار ساڵەهای ساڵە جڵەوی بڕیارەکانی بەدەستەوە بێت و بەشێوەیەکیش نمایش بکەن، کە بەبێ ئەوان ڕەوتی ژیان توشی ئیفلیجی دەبێت.
 جا هەموو لایەنە حیزبییەکانی هەرێم بە دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنەوە، کە نەخشەڕێگای ڕەوتی سیاسەتی کوردی دەکێشن، دەبێت لەو خەونە شاعیرییەی خۆیان بە ئاگا بێن و لەوە تێبگەن، کە جموجۆڵی سیاسی ناوچەکە بیرۆکە و کەسایەتی و ڕووی نوێ دەخوازێت، کۆتکردنیشی لەنێوان چەند بیروبۆچوون و کەسایەتییەکی دیاریکراودا بە نێگەتیڤی لەسەر مێژوو و ئایندەی کوردستاندا دەشکێتەوە. ڕابردووی دوور و نزیکیشمان شاهیدە، کە هەڵەیە گەلی کورد چاوەڕوانی بەرهەمێکی زیاتر بکات لەوەی کە ئێستا خاوەن دەسەڵاتە حیزبییەکان پێشکەش بە کوردیان کردووە.


کامەران چروستانی

chrostani@hotmail.com

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.