Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
سیستیمی پاشایەتی شیوەی سوید و وڵاتانی ئەسکەندناڤی وەک ئەلتەرناتیڤیکی گونجاوتر!

سیستیمی پاشایەتی شیوەی سوید و وڵاتانی ئەسکەندناڤی وەک ئەلتەرناتیڤیکی گونجاوتر!

Closed
by June 2, 2013 گشتی

 

 

 

 

 

لە نێو گفتووگۆی گەرم و گوڕی پرسی دیماهی هاتنی ماوەی بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەریم، پرسی هەمووارکردنەوەی دەستوور، یاسای سەرۆکایەتی، کاندید کردنەوەی بارزانی بۆ خولی سێیەم و هەشت ساڵی تر و هتد ئەم بابەتە لە دایک بوو ..

بۆ پ.د.ک و بارزانی سەرۆکی ئەم پارتە سیستیمی میر و پاشایەتی ئەلتەرناتیڤکی گونجاو تر بوو بۆ بەڕیوەبردنی ووڵات و بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات!

سیستیمیک لە وینەی سیستیمی سوید و ووڵاتانی ئەسکەندناڤی و زۆریک لە ووڵاتی تری دونیا، نەک سیستیمی سەرۆکایەتی، کە دەبێ هەر چەند ساڵ جاریک سەرئیشەی دەنگدان و ڕاگیری لێ بکەویتەوە.

هەرچەند کات درەنگە و هەل و مەرجی سیاسیش هەمان ئەو هەل و مەرجە  سیاسیەی ئەوێ ڕۆژێی هەشت ساڵ و شتیک لە مەو بەرنییە، کە بە ڕیککەوتنیکی ستراتیژی لەگەڵ یەک لایەن، یەک هیز یا ڕاستر بیژین یەک تاکە کەس سوک و ساناتر دەکرا و کرا ئارمانج و مراز و مەبەستەکان دەستەبەر کرێن.

ئەوسا یەکییەتی و سکرتیرە گشتییەکەی ئامادەی هەموو سازشیک بوون لە بەرامبەر مسۆگەر کردنی کورسی و پۆستی سەرۆک کۆماری لە بەغدا، چۆن ئەمە خەونێکی لە مێژینەی تاڵەبانی بوو، خەونی بوون بە سەرۆک، لە هەر کوێ بووبێ! واتە تاکە هێزی ڕکابەری ئەوێ ڕۆژێ، دەست بەرداری هەموو شتێک دەبوو تەنیا لە بەرامبەر چوونە سەر ئەو کورسییە و وەرگرتنی پێناسەی سەرۆک کۆمار! ئەگەرچی پۆست و پێناسەی ئەو کورسییەش لە پراکتیکدا لە ناورۆک و دەسەڵات خاڵیش کرا بۆوە بە پێی بڕگەکانی یاسا.

بەڵام بۆ ئەمڕۆ بۆ پارتی گرەو کردن لە سەر پۆست و کورسی سەرۆکایەتی گیرمە و کیشەی زۆری پێ دەوێ، کارئاسانی بۆ ناکرێ، هاوسەنگی هیز گۆڕاوە و ینک نە ئەو هیزە هاوپەیمانە ستراژیدیە کاریگەرەیە و نە کاریزمای سکرتێرە گشتییەکە و سەرۆک کۆمار، کە ئەوە چەند مانگە لە نێو پێخەوی نەخۆشخانەکانی ئەڵمانیایە دەتوانی هیچ بە هیچ بکا، بە واتایەکی تر تاڵەبانی ئەو ڕۆلەی وەک میری ئەمارەتی سەوز بۆ مسۆگەر کردنی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم لە دەست داوە.

بە پیچەوانەی ئەوێ ڕۆژێ گیر و گرفت و کۆسپ و تەگەرەی زۆر لە سەر ڕێن، هەر دەنگی توڕە و یاخی شەقام، ڕۆشنبیران و خەڵکی بە ئاگا سەرەڕای ئۆپۆزیسیۆنێک لە سێ پارت و شتێک پێک دێ، بۆیە ئەگەر پارتی و سەرۆکی پارتی کە ئەمڕۆ سەرۆکی هەریمی کوردستانیشە،  کار بۆ ئەلتەرناتیڤی سیستیمی میرایەتی و پاشایەتی بکەن، هەوڵ و توانای خۆیان بە ئاراستەی گۆڕینی سیستیمی دەسەڵات چڕبکەنەوە ڕەنگە ئومێدێک بۆ سەرکەوتنی چاکتر بەدەست بینن! دەنا میتۆدی ژێر بە ژێر ڕێککەوتن زۆر جێگای ئومێد نییە بە تایبەتی ئەگەر ینک هاوپەیمانە ستراتیژییەکەی بۆ ئەوەی بە جارێ پەراوێز نەکەوێ سەنگەر بگۆڕێ و بچێتە ڕیزی ئۆپۆزیسیۆن و کارتێکی نوێ نەخاتە سەر مێزی یاری سیاسی.

بە واتایەکی تر ئەگەر قورسایی بەرنامەی کاری خۆیان بۆ دەنگدان، ڕیفراندۆم، ڕاپرسی لەسەر گۆڕینی سیستەم دابنێن چاکترە، خۆ ئەگەر سەرکەوتوو بوون ئەوا بە جارێ دەتوانن کڵاو بێننە تی سەریان و بێخەم لێی دانیشن، هاوکات، لە ژانە سەری ئەو ماوە کورتانەی چوار یا هەشت سالی سەرۆکایەتی بە تەواوەتی دەرباز بن، ئیتر چیتر سەرێشەی پرسی هەڵبژاردنەوە و ڕاگیری یا هەموارکردنەوەی یاسا نەیەتەوە ڕۆژەڤ، ئەوسا کەسیش ناکارێ بڵێ لە سەر چاوتان دوو برۆیە، تا هەتا دەبن بە میر و خان و پاشای دەسەڵاتدارتی بێ ڕکابەر!

پەرلەمان و حکومەتیش بۆ ئەو پارت و ڕێکخراوە بچووکانە بەجێ بێلن. ئەگەر ئەوان میر و پاشای ووڵات بن دەتوانن، هەمان ئەو جێ و شوێنە کۆمەڵایەتییە بپارێزن کە چەندان ساڵە فەرمانڕەوایی تیا دەکەن، لە زۆر پرسی چارەنووس سازیش بڕیاری خۆیان بدەن.

 

sarkash@hotmail.se   

سەرکەش

٢/٦/٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.