سیناریۆ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی عیراق.. له‌تیۆره‌وه بۆ پراكتیك
ده‌روازه
وێڕای ئه‌وه‌ی، وا ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه ره‌وشی سیاسیی عیراق زۆر نائاساییه، به‌جۆرێ هه‌ندێ شرۆڤه‌كار‌و چاو‌دێر به”بارانی به‌لێزمه‌ی هاوین” وه‌سفیده‌كه‌ن، به‌ڵام به‌شێكی دیكه له‌شاره‌زایان به‌وچه‌شنه له‌بارودۆخه‌كه ناڕوانن‌و پێیانوایه، پرسه‌كه زیاد له‌قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌ده‌كرێ‌و ئه‌مه‌ی هه‌نوكه له‌وڵاته‌كه‌دا ده‌گوزه‌رێ “زاده‌ی سروشتی عیراق‌و درێژكراوه‌ی كێشه له‌مێژینه‌كانێتی”، وه‌كچۆن خولی دوه‌می سه‌رۆكوه‌زیریی مالكی به‌گرفت‌و قه‌یران ده‌ستیپێكرد‌و وا زیاتر له سێ ساڵ‌و مانگێك به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی پارله‌مان‌و نزیكه‌ی دو ساڵ‌و پێنج مانگیش به‌سه‌ر ده‌ستبه‌كاربونی سه‌رۆكوه‌زیران تێپه‌ڕده‌بێ، كه‌چی عیراقییه‌كان ته‌نها هه‌فته‌یه‌كیش له‌ژیانیان نه‌ڕۆیشتوه، شایه‌تی كێشه‌گه‌لی سیاسی نه‌بن.
ئه‌و بارگرژییانه گه‌یشتنه دۆخێك، ئه‌مه‌ریكییه‌كان هاتنه‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه هه‌رگیز ئه‌م وڵاته به”یه‌كپارچه‌یی” ناتوانێ دیموكراسی بێ‌و ئاسایش بێنێته‌دی، ئه‌وه‌ش واده‌كات پڕۆژه‌كه‌ی بایدن، قۆناغی تیۆری جێبێڵی‌و بیبێته كردار، وه‌كچۆن هاتنی جۆن كیری-یش بۆ عیراق په‌یوه‌ندیی به‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌وه هه‌یه‌و، ره‌زامه‌ندیی لیژنه‌ی یاسایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراقیش، هه‌نگاوێكی باش ده‌یباته پێشه‌وه.
پرۆژه‌كه‌ی بایدن
له‌ساڵی 2007دا، جۆ بایدن جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا به‌ر له‌وه‌رگرتنی پۆسته‌كه‌ی، پرۆژه‌یه‌كی بۆ دابه‌شكردنی عیراق بۆ سێ هه‌رێمی فیدراڵی پێشكه‌شكردبو، له‌گه‌ڵ پێدانی ئیداره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ‌و تایبه‌ت به‌كه‌ركوك.
“دابه‌شكردنه رانه‌گه‌یه‌نراوه‌كه”
له‌كاتێكدا هێشتا شانۆی سیاسیی عیراق كۆتایی به‌نمایشی قه‌یران‌و كێشه‌كان نه‌هێناوه، ئه‌وه‌ی وه‌ك رێگه‌چاره‌یه‌كی گونجاو و چاره‌سه‌رێكی نێوه‌ند بۆ گرفت‌و قه‌یرانه‌كان جارێكی‌تر هێنراوه‌ته به‌رباس، (دابه‌شكردنی عیراق)ه وه‌ك سیناریۆیه‌كی چاوه‌ڕوانكراو. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌چاودێران، وایده‌بینن، ئه‌وه‌ی ئێستا له‌عیراقدا ده‌گوزه‌رێت، به‌سروشتی خۆی جۆرێكه له‌دابه‌شكاریی جوگرافی‌و سیاسیی وڵاته‌كه بۆ سه‌ر سێ پێكهاته‌ی (كورد، شیعه‌و سوننه)و دوركه‌وتنه‌وه‌و له‌یه‌كترازانه سیاسییه‌كه وایكردوه پرۆسه‌كه به”دابه‌شكردنه رانه‌گه‌یه‌نراوه‌كه” ناوببرێ.
عیراقییه‌كان له‌به‌رده‌م دو بژارده‌دا
به‌تێڕوانینی ورد بۆ بارگرژییه سیاسییه‌كانی عیراق ئه‌وه‌مان بۆ رونده‌بێته‌وه، خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته له‌به‌رده‌م دو بژارده‌دان: بژارده‌ی (فیدراڵییه‌ت) یان ته‌نانه‌ت له‌ئه‌گه‌ری (دابه‌شكردن)یشدا، له‌گه‌ڵ بژارده‌ی قۆناغێكی نوێی (شه‌ڕی تایفی)، له‌و حاڵه‌ته‌شدا به‌دڵنیاییه‌وه بژارده‌ی یه‌كه‌میان باشتره، ئه‌مه‌ش له‌پێناو دورخستنه‌وه‌ی تارمایی جه‌وله‌یه‌كی دیكه‌ی ئه‌و شه‌ڕه له‌ئاسمانی عیراقدا، كه‌وا دورنیه ئه‌و كه‌مه نیشتمانیبونه‌ی له‌وڵاته‌كه‌دا هه‌یه له‌ناویببات‌و عیراق بخاته نێو گێژاوی كاره‌ساتی تره‌وه، وه‌كچۆن له‌ماوه‌ی 2006 – 2008 دا تێیكه‌وت، به‌جۆرێك ره‌نگه گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌م دۆخه‌ی ئێستاش زۆر ئه‌سته‌م ده‌بێت.
ده‌ستور‌و دیفاكتۆ
ئه‌گه‌رچی ماده‌ی 1ی ده‌ستوری عیراق 2005 “دابه‌شكردنی عیراق” ره‌تده‌كاته‌وه‌و جه‌ختله‌سه‌ر “ده‌وڵه‌تێكی یه‌كگرتوی فیدراڵیی خاوه‌ن سیستمێكی پارله‌مانی” ده‌كاته‌وه، به‌ڵام هێدی هێدی خه‌ریكه پرۆژه‌پێشنیاركراوه‌كه‌ی بایدن له‌زه‌مینی واقیعی وڵاته فره‌نه‌ته‌وه‌و فره‌ئاین‌و ئایینزاكه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ده‌بێته دیفاكتۆ‌و سه‌ره‌نجام عیراقییه‌كان به‌هۆیه‌وه له‌تونێلی تاریكی قه‌یران‌و كێشه یه‌كله‌دوایه‌ك‌و ئاڵۆزه‌كان بێنه‌ده‌ره‌وه.
فیدڕاڵیه‌ت
ئه‌گه‌ر به‌پێی ده‌ستور مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كێشه‌و قه‌یرانه سیاسییه‌كانی ئه‌مڕۆی عیراقدا بكرێت، ده‌كرێ (فیدڕاڵیه‌ت) بكرێته رێگه‌چاره‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی، چونكه ده‌ستوری عیراق رێگه به‌دروستكردنی هه‌رێمی جوگرافی نادات، نه‌ك پێكهاته‌یی، له‌سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ش كه وڵاته‌كه خۆی پێكهاته‌ییه‌و له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی جوگرافی پێكدێت‌و له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌كیشدا پێكهاته‌یه‌ك نیشته‌جێیه، بۆیه واده‌رده‌كه‌وێت دروستكردنی چه‌ند هه‌رێمێكی فیدڕاڵی ببێته باشترین چاره‌سه‌ر‌و په‌سه‌ندكراوترینیان، لای هێز‌و لایه‌نه جیاوازه‌كانه‌وه.
دوباره‌بونه‌وه‌ی هۆشدارییه‌كه
هۆشداریی دابه‌شبونی عیراق له‌م ماوه‌یه‌ی رابردودا ئه‌نجامێكی چاوه‌ڕوانكراوی ململانێ سیاسییه‌كان‌و كاركردن به‌ئاراسته‌ی راكێشانی سۆزی تایه‌فه‌گه‌ری دوباره‌بۆوه‌و “روخساری راسته‌قینه”ی وڵاته‌كه‌ی پیشاندایه‌وه، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی بۆ پشتگیریی نوری مالكی سه‌رۆكوه‌زیران له‌ناوچه‌كانی به‌غداد‌و باشوری عیراق سازكران بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی خۆپیشاندانه به‌رده‌وامه‌كانی دژی سیاسه‌ته‌كانی ناوبراو له‌باكور‌و ناوه‌ڕاست‌و رۆژئاوای وڵاته‌كه‌دا.
دابه‌شكردن.. له‌تیۆره‌وه بۆ پراكتیك
پاش سه‌ردانی تیمێكی ئه‌مه‌ریكی بۆ عیراق، بۆیان رونبۆوه، كه وڵاته‌كه به‌و بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆیه‌وه ئه‌سته‌مه بتوانێ ئارامی به‌خۆوه‌ببینێت، له‌نوێترین راپۆرتیاندا بۆ كاربه‌ده‌ستانی وڵاته‌كه‌یان، به‌ناونیشانی (رۆشنایی ئه‌و به‌ریه‌ككه‌وتنه تایفییانه‌ی عیراق، نه‌خشه‌ی سێ هه‌رێم ده‌كێشێ)، جارێكی تر پڕۆژه‌كه‌ی بایدن-یان هێنایه‌وه‌به‌ر باس.
به‌گوێره‌ی ئه‌و راپۆرته، كه له‌ناوه‌ندی میدیایی ئه‌مه‌ریكاییه‌وه دزه‌یكردوه، میدیاكانی جیهان، ئاماژه به‌و ناكۆكییانه‌ی عیراق ده‌كه‌ن، كه به‌بێ لێكجیاكردنه‌وه‌ی تایفی چاره‌سه‌ركردنیان له‌مه‌حاڵه‌وه نزیكه، بونی هه‌ریه‌كه له‌هه‌رێمی سوننه، شیعه‌و كورده‌كان واده‌كات هه‌لومه‌رجێكی سه‌قامگیری سیاسی له سێ هه‌رێمه سه‌ربه‌خۆكه‌دا مسۆگه‌ربكات، ئه‌مه‌ش كاكڵه‌ی پڕۆژه‌كه‌ی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكایه كه له‌ساڵی 2004 بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی ئه‌و وڵاته پێكه‌شیكردبو.
وڵاتانی ئیقلیم‌و سیناریۆكه
له‌ماوه‌ی رابردودا، مالكی توركیای به‌هه‌وڵدان بۆ دابه‌شكردنی وڵاته‌كه‌ی به‌سه‌فه‌قه له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا تۆمه‌تباركرد، ناواخنی شیكارییه‌كان ئاماژه‌به‌وه‌ده‌ده‌ن، هه‌ندێ ده‌وڵه‌تی ناوچه‌كه به‌چه‌ند هۆكار‌و ئامانجێك به‌و ئاراسته‌یه هه‌نگاوده‌نێن‌و كارده‌كه‌ن، دیارترینیان بۆ بڕینی په‌یوه‌ندیی نێوان ئێران – سوریا – لوبنان، هه‌روا له‌گه‌ڵ گۆڕانی ره‌سمیی عیراق بۆ بنكه‌ی كۆمه‌كی لۆجیستی بۆ رژێمی ئه‌سه‌د له‌سوریادا.
له‌لایه‌كیتره‌وه، راپۆرتی تیمه ئه‌مه‌ریكییه‌كه، جه‌ختله‌وه‌شده‌كاته‌وه، توركیا‌و ئێرانیش له‌سه‌ر دابه‌شكردنی عیراق ره‌زامه‌ندن‌و پشتیوانیشی لێده‌كه‌ن.
گڵۆپی سه‌وزی نوێنه‌ران
هاوكات جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ی بایدن، یه‌كێك بو له‌ئه‌جێندای سه‌ردانه‌كه‌ی جۆن كیری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ عیراق، كه به‌دوای ئه‌وه‌شدا لیژنه‌ی یاسایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ره‌زامه‌ندیی خۆی بۆ پشتگیرییكردنی سێ هه‌رێمی فیدڕاڵی له‌وڵاته‌كه‌دا نیشاندا‌و، به”گره‌نتیی بونیاتنانی ده‌وڵه‌تی یه‌كگرتوی فیدراڵی” وه‌سفیكرد، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ پرۆژه‌كه‌دا یه‌كانگیره.
له‌راگه‌یاندراوێكیشدا سه‌رۆكی لیژنه‌یی یاسایی ئه‌نجومه‌نه‌كه، ئاشكرایكردوه، له‌دواسه‌ردانی لیژنه‌یه‌كه‌یاندا بۆ ئه‌مه‌ریكا‌و كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته، گه‌یشتونه‌ته ئه‌و راستییه‌ی دابه‌شكردن باشترین رێگاچاره‌یه.
پرۆژه‌كه‌و كورد‌و كه‌ركوك‌و 140
به‌پێی زانیاریی میدیاكان، سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان پشتگیریی له‌پڕۆژه‌كه ده‌كات، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌هه‌رێمێكی تایبه‌ت‌و سه‌ربه‌خۆ بۆ كه‌ركوك رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌و مه‌رجه رازی ده‌بێت كه مادده‌ی 140ی ده‌ستور جێبه‌جێ بكرێت، پاشان دوابڕیار لای هاوڵاتییانی شاره‌كه ده‌بێت ئاخۆ چی هه‌ڵده‌بژێرن، “رێز له‌بڕیاری خه‌ڵكه‌كه خۆی ده‌گرین، نه‌ك جێبه‌جێكردنی ئه‌جێندای تر”.
هه‌روا مادام پێكهێنانی هه‌رێمی دیكه‌ی فیدراڵ له‌عیراقدا ده‌ستوری‌و رێگاپێدرا‌وه، به‌دورنازانرێت كاریگه‌ریی پۆزه‌تیڤیشی بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان ببێت‌و دواجار له‌به‌رژه‌وه‌ندیی كورد بشكێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌شی 140 مادده‌یه‌كی ده‌ستورییه، بۆیه نابێته‌هۆی په‌كخستنی ماده‌كه.
دواجار
دوای خستنه‌ڕوی كۆمه‌ڵێ داتا‌و كۆمێنتی جیاواز سه‌باره‌ت به‌پرۆژه‌ی دابه‌شكردنی عیراق، له‌كۆتاییدا به‌چه‌ند ئه‌نجامێكی گرنگ ده‌گه‌ین، له‌وانه:
– به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌زمونی فیدراڵییه‌ت له‌دنیادا، رونبۆته‌وه، وڵاتانی فره‌نه‌ته‌وه‌و فره‌پێكهاته، بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی پارچه‌پارچه‌نه‌بون په‌نایان بردۆته‌به‌ر ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ، واته فیدڕاڵیه‌ت سه‌ره‌تایه‌ك نیه بۆ دابه‌شكردنی عیراق، به‌ڵكو هه‌وڵێكه بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی ته‌می ئه‌و مه‌ترسییه له‌ئاسمانی وڵاته‌كه‌دا.
– سه‌ره‌ڕای هه‌ندێ ناڕه‌زایی‌و ئاسته‌نگ‌و ته‌نانه‌ت ترسیش، به‌تایبه‌ت لای چه‌ند لایه‌ن‌و كه‌سێتی‌و سیاسه‌تكار‌و ئه‌كادیمییه‌كی عه‌ره‌به‌وه، سه‌باره‌ت به‌هێنانه‌وه به‌رباسی بیرۆكه‌ی دابه‌شكردنی عیراق‌و، دوباره‌كردنه‌وه‌ی به به‌هێزییه‌وه له‌ئێستادا، به‌ڵام ئیتر سیناریۆكه بوه دیفاكتۆ‌و جگه له‌م رێگاچاره‌یه، عیراقییه‌كان هیچ رێگایه‌كی تری گونجاویان له‌به‌رده‌مدا نییه.
– بۆ هه‌مولایه‌ك ده‌ركه‌وت، ئه‌و عه‌قڵییه‌تی حوكمڕانییه‌ی ماوه‌ی 10 ساڵه عیراقییه‌كان ده‌ست‌و په‌نجه‌ی له‌گه‌ڵدا نه‌رمده‌كه‌ن، هه‌رگیز ناتوانێ ببێته به‌رهه‌مهێنه‌ری سیستمێكی دیموكراسی‌و كراوه‌و دادپه‌روه‌ر، تاكو مامه‌ڵه‌ی دروست له‌گه‌ڵ هه‌مو پێكهاته‌كاندا بكات.
– پێكهێنانی هه‌رێمی تری سه‌ربه‌خۆش له‌عیراقدا ناتوانێت چاره‌نوسی مادده‌ی 140و كێشه‌ی ناوچه دابڕێنراوه‌كان دیزه‌به‌ده‌رخۆنه‌بكات، به‌ڵام ئه‌مه پلانی ورد‌و هه‌وڵی جیددیی كوردی ده‌وێت.
د.هێرش ره‌سوڵ