Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
سێبەرى گەڵامێو ….  نەوزاد بەندى

سێبەرى گەڵامێو …. نەوزاد بەندى

Closed

 

 

 

 

هەموو بەیانییەک ئەڵێم بیڵێم و

..نایڵێم ،

دەربارەى ئەو چڵە نێرگزانەى 

لەگەڵ هەموو بەهارێکدا ، پاراستومن ..

لە نێوان دەفتەرى هۆنراوەدا ..

یان لەناو کارتى جەژنە پیرۆزەدا …

هەموو بەیانییەک ئەڵێم بیڵێم و .. نایڵێم ..

لە هەموو پێکەنینەکاندا ،

قاقایەکم هەڵگرتوە و

بە دەنبوسێک لە پشت بۆینباخەکانمەوە ،

هەڵمواسیون ..

لە هەموو گریانەکاندا ،

دڵۆپێک فرمێسکم هەڵگرتوە ،

لەناو لەپى داخراویى مناڵیمدا ..

یان لە گۆشە شێدارەکانى ژوورەکەم ..

هەموو بەیانییەک ئەڵێم بیڵێم و .. نایڵێم ..

لە هەموو هاوڕێکانما ،

چەند هەناسەیەکم هەڵگرتووە ..

بۆ ئەو ڕۆژەى کە کاتى دوا هەناسە دێ ..

ئەو کاتەى کە بەڕێوەم بۆ بوژانەوەى دڵ ..

بۆ ئەو ساتەى کە ئیتر کار لە کار ئەترازێ ..

هەموو بەیانییەک ئەڵێم بیڵێم و .. نایڵێم ..

هەمو شەوێ ، ئەستێرەیەکم چنیوە ..

لە پشت پێڵوەکانمەوە ، دامناون ..

بۆ ئەو کاتەى کە ئەکەومە ژوورێکى بێ دەرگا و

بێ پەنجەرە ..

بێ گڵۆپ ..

بێ مۆبایل ..

بێ تى ڤى ..

هەمو بەیانییەک  ئەڵێم بیڵێم و .. نایڵێم 

دەربارەى ئەوەى کە نازانم ،

لەگەڵ ئەو قایمکاریەدا ،

چۆن لێم ون بو ،

نیشتمان ؟

*  *  *    

چەند دڵڕەق بوین ،

کە منداڵیمان ون کرد ،

بە دوایدا نەگەڕاین ..

نەچوینە مەرکەزى پۆلیس ..

هیچ دەعوایەکمان قەید نەکرد ..

گردبوونەوەیەک ..

خۆپیشاندانێکمان ساز نەکرد ..

*   *    *    

ئەى زستان ئاگادار بە ..

مناڵەکانى پاشماوەى جەنگ ،

نە نانیان هەیە ..

نە ئاگردان ..

نە تراکسودى لۆکەى سپایدەرمان ..

نە دەرمان ..

نە دایکیان هەیە ..

نە باوک ..

نە نیشتمان ..

ئەى زستان ئاگادار بە ..

کە هاتیتە ناوشارەوە ،

مەڕۆ بۆ خێمەکەى ئەوان ..

*  *   *

ئەى زستان ..

ئەگەر بێزار نابى ،

ئەم 3 مانگە میوانى من بە ..

ژوورێکت بۆ جیا ئەکەمەوە ..

پڕ بێ لە هەناسەى سارد ..

پڕبێ لە شەڕە تۆپەڵیى مناڵیى ..

پڕبێ لە چلورەى گوێسەبانە ..

ئەى زستان بە تاوەر و ڤیلاکان هەڵمەخەڵەتێ ،

پڕ پڕ لە ئاوارە و

بێ دەرەتان ..

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.