Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
سەد و دە ساڵەى رۆژنامەگەرى کوردى و

سەد و دە ساڵەى رۆژنامەگەرى کوردى و

Closed
by April 26, 2008 گشتی

ئازادى رۆژنامەنووسى لەمڕۆى کوردستاندا
محەمەدى مشیر……

رەنگە پیشەى رۆژنامەگەریى و بوارەکەى لەچاو زۆرانێک لەو بوارانەى دى کاریگەرى زێترى هەبێ بە سەر گۆڕینى رەوشى سیاسى و کۆمەڵایەتى و رۆشنبیرى و هوشیارى تاکەکانى هەر کۆمەڵگەیەک بەمەرجێ بە پێودانگێکى سەردەمیانەى پێشکەوتنخواز مامەڵەى لە گەڵدا بکرێ و بەچاکى سوودى لێوەربگیرێت و وەک بەشێکى هەرە زیندووى دەسەڵاتى چوارەم پێداویستییەکانى گەشەکردنى بۆ دابین بکرێت نەک کۆسپ و کەندى بخرێتە پێش و سەرچاوەیەکى دارایى نیشتمانى بێئەژمارى تێدا بەفیڕۆبدرێت.
لەوەتەى 1991 ەوە ئەم بوارە لە هەردوو ئاستى چلۆنایەتى و چەندایەتییەوە گۆڕانێکى بەرچاوى بەخۆیەوە بینیوە بۆیەش هاوڕەوتى خۆى کۆمەڵێ دیاردەى تەندروست و گەلێکى ناتەندروستیشى هێناوەتە گۆڕەپانى کارى رۆژنامەگەرى.ئەگەر ساڵانێکى پێشتر رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان بە پەنجەى هەردوودەست ژمێردرابن ئەوا ئەمڕۆکە بەئاسانى ئەژمارناکرێن کە رەنگە ئەمەش یەکێ بێت لەو دیاردە ناتەندروستانەى پێویستیان بەچارەسەر هەیە، هەمەڕەنگى رۆژنامە و گۆڤارەکان دیاردەیەکە زادەى ئەو ئازادییەیە و ئاکارێکى تەندروستى رەوشى رۆژنامەگەرى کوردییە، لە پەناى ئەو ئازادییەشدا کلتورێک بینەقاقاى رۆژنامەگەریمانى گرتووە و خەریکە لەرێى هەندێ قەڵەمى نامەسئوولەوە پانتایى هەندێک لە رۆژنامە و بڵاوکراوەکان بکەنە گۆڕەپانى تەراتێنى خۆیان و بەناوى ئازادى رادەربڕینەوە ئازادى بکەنە دیلى بۆچوون و ئایدیالە تەڵخەکانیان و جوانیەکان بشێوێنن. کلتورێک ریشاڵەکانى شۆڕدەبنەوە قوڵایى فەرهەنگى توندوتیژى و پەسندنەکردنى ئەوى دیکەى جیاوازو حازرخوازى، کلتورێک دەیەوێ بەرگى تاریک پەرستى و شەڕانگێزى و جنێوفرۆشى و زڕاندن و لەککەدار کردنى ئەوانى دیکەى جیاواز بپۆشێتە ئەو ئەمڕۆیەى زەمینەى بۆرەخساندووە قسەبکا و رادەربڕێ.
کلتورێک لە جیاتى رەخنە گۆڕ بۆ هەموو جوانییەکان هەڵدەکەنێ، بەناوى بیناکردنى مرۆڤ هەموو مرۆڤەکانمان دەڕوخێنێ، لەڕقى هەڵەو کەمووکورتیەکانى دەسەڵات گەرەکییە رەش و سپى بەیەکەوە بسووتێنێ.لەو لاشەوە بەهەمان شێوە هەندێ لە دەزگاکانى دەسەڵاتیش ناوە ناوە بەهەنجەتى ئەو جۆرە قەڵەمانەوە هەوڵدەدەن قەڵەمە رەسەن و راستگۆکان بخەنە خانەى تۆمەت و دەمکوتیان بکەن و لە رێگەى هەمووارکردنى یاسا کۆنەکان و داڕشتنى پڕۆژە یاساى تازەوە سنوورێک بۆ رەخنە بنیاتنەرو چارەسەرئامێزەکان دابنێن و لە رێگەى یاساوە شەرعیەت بەو جۆرە کارانەیان بدەن.ئەم دیاردەیە سیمایەکى زەقى رەوشى ئێستاى رۆژنامەگەری کوردییە کە هەنگاوى یەکەمى سەدو دەساڵ بەر لە ئێستا بوو، بەڵام ئەو راستییەش ناکرێ فەرامۆشبکرێت کە ئەمڕۆى رۆژنامەگەرى کوردى لە چاو دوێنێکەى زۆر جیاوازترە و لە بوارى چاپ و ناوەڕۆک و هونەرى نەخشەسازى و شێوازەکانى کارى رۆژنامەگەرى و نزیکبوونەوە لە بەپیشەییکردنى بوارەکە و بەکارهێنانى ئامێر و چاپگەرى تەکنۆلۆژى تازە و تەنانەت جۆرى کێشەکانیش گەلێ گۆڕانکارى نوێ هەستیان پێدەکرێ و روویانداوە، کە پێویستە بۆخزمەتى بەرەوپێشبردنى کۆمەڵگەى کوردستان و چارەسەرکردنى کێشەکان تەرخان بکرێن نەک بەپێچەوانەوە.
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.