Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
سەردەشت گوتی: ئازادیی زۆرترین هۆشیاریی گەرەکە!*

سەردەشت گوتی: ئازادیی زۆرترین هۆشیاریی گەرەکە!*

Closed

 

 

 

بە داخەوە، چەند ئەستەمە لە یادی دوو ساڵەی سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد، تیرۆرکردنی رۆژنامەنووسی ئازادییخواز (سەردەشت عوسمان) بەو وشەیە دەستپێدەکەین و دەڵێین بە داخەوە لە پاش ئەو هەموو کۆڕ و خڕبوونەوە و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەی رابردوو هێشتا تاوانباران دەستگیرنەکراون و حکومه‌تی هه‌رێمیش بە تایبەتییش ده‌سه‌لاتدارانی هه‌ولێر بێ گوێدان به‌ داخوازییەکانی که‌سوکاری سه‌رده‌شت و ئازادیخوازان، هه‌ستاون بە دروستکردنی سیناریۆی گاڵتەجاڕانە و سووکایەتیی بە کێسەکە و تەواوی ئازادییەکان دەکەن.
 
دیارە ئەو بارۆدخە نەخواستراوەش بە بێ هۆ نییە و ناکرێ هەمووشی بخەینە سەرشانی بێ دەربەستیی و دژەئازادیی بوونی دەسەڵاتداران و مافیاکانیان، بەڵکە تەواوی ئەو کەسایەتیی و گرووپ و حیزب و لایەن و میدیایانەی کە تا ئێستا وەک گرووپی گوشار ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و بە دوای کێشەکەوەن زۆربەی هەرە زۆریان تەنیا بە رووکەش پاڵپشتیی لەو کێشەیە دەکەن و بە گوێرەی ئامانجەکانی خۆیان دەیخەنە نێو پلانە سیاسەتبازییەکانیان.. بۆیە هەرگیز لەبەر بەرژەوندییە سیاسییە تەسکەکانی خۆیان ناتوانن وەک ئەوەی بە گوفتار دەنگهەڵدەبڕن لە رەفتاریشدا بە راشکاویی جێپەنجەیان دیار بێ، ئەگەر نا ئەوە لەمێژبوو دەسەڵاتداران بە ناچاریی باجی ئەو تاوانە گەورەیان دەدا و چیدی نەیاندەتوانی وەک ئێستایان وەها بە ئاسانیی و بێ باکانە ئازادییەکان لەژێر پێ بنێن و بەو جۆرە دڕندەییە بەرانگژیی ئازادییخوازن ببنەوە.

لە هەموو ئەوانەش تاڵتر و کارەساتبارتر ئەوەیە ئەو ژمارە کەمەش لەو کەسایەتیی و لایەنانە کە دەیانەوێ راشکاوانە کێشەکە وەک خۆی لە رێگەی یاسا و دادوەرییەوە بە ئاراستەی بەسزاگەیاندنی تاوانکاران و سەقامگیردن و بەرفروانترکردنی ئازادیی دەربڕینەوە ببەن.. زۆر خۆشباوەڕانە پەنا دەبەنە بەر ئەو زۆربەیە کە رامانێکی رووکەشانەیان هەیە سەبارەت بە ئازادیی و دەیانەوێ وەک تاکتیکێک کێشەکە بەکاریبهێنن بۆ گەیشتن بە وەدستهێنانی بەشێک لە کێکەکەی دەسەڵات؛
– کەس نییە نەزانێ ئەوانەی پێیان دەگوترێ ئۆپۆزسیۆن چەند بەتەنگ ویست و ئامانجەکانی خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتییەکانەوە بوون هەر هێندەش بەتەنگ کێشەی تیرۆرکردنی سەردەشتەوە دەبن ئەگەر دەستێکیان لە دەسەڵات گیر ببێ!
– کەس نییە نەزانێ ئەو رێکخراوانەی رەنگدانەوەی سیاسەتی حیزب و لایەنەکانن چەند کڵۆڵانە باس لە ئازادیی دەکەن و خۆیان لەو کێشەیە هەڵدەقورتێنن!
– کەس نییە نەزانێ میدیایە بە ناو ئازاد و ئەهلییەکانی هه‌رێمی کوردستان کە ئازادیی لەنێو خۆیان بوونی نەبێ و لەسەر داهاتی خەڵک بەڕێوەبچن.. بە بێ گومان لەو کێشەیەشدا تەنیا بازرگانیی بە میدیاوە دەکەن!
– کەس نییە نەزانێ ئەو رۆشنبیرانەی لە رووە هزریی و سیاسییەکاندا پێیەکیان لەنێو دەسەڵاتە و پێیەکەی دیکەشیان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەنێو سیاسەتی حیزبەکان و فەرهەنگی کۆنەپەرستانەی دینەکان و دابونەریتە داڕزیوەکانە تەنیا لە پێناو خۆدەرخستن و ودەستهێنانی پێگەیەک یان پۆستێک خۆیان بەو کێشەیەدا شۆڕکردۆتەوە!

دەبا بزووتنەوەی بەرگریی لە کێسەکەی سەردەشت و تێکڕای ئازادییە پێشێلکراوەکانمان چیدی بە هیوای ئەوە نەبێ بە بێ گوشاری کردەیی جەماوەریی بەرفراوان دەسەڵات مڵکەچی ئازادییەکانمان ببێ، سەرەتاییترین و چاکترین هەنگاویش بۆ ئەو مەبەستە خۆتەکاندنی ئەو بزووتنەوەیە لەو کەسایەتیی و لایەنانەی کە ئاماژەمان پێکردن، هاوکات بە کەموپوختیی و بە بەرنامەیەکی تێر و تۆکمە و بە پشتبەستن بە کەسانی شارەزا و چاونەترس کە بە راشکاویی بەدوای ئازادییەکانەوەن درێژە بە رەوتی ئازادیخوازانەی خۆی بدا و هەنگاو بە هەنگاو بسپێرێ تا بە تێکڕای ئامانجەکانی دەگا.
_______________________________________________
* ئەو وتارە بە بەشداریی دوو کەس لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ماڵپەڕی ئەمڕۆ – ئەرسەلان عەبدوڵا و پایزە ئەحمەد – لە یادی دوو ساڵەی تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس (سەردەشت عوسمان) لە رێکەوتی ٥\٥\٢٠١٢ لە لەندەن وەک پەیامی (ئەمڕۆ) خوێندرایەوە و بەسەر ئامادەبووان دابەشکرا.

٥\٥\٢٠١٢ – ماڵپەڕی ئەمڕۆ

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.