Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
( سەردەمى خۆ کوشتنى قایمقامەکان ،   یان .. سەردەمى زێڕینى ڕۆژنامەنوسەکان )

( سەردەمى خۆ کوشتنى قایمقامەکان ، یان .. سەردەمى زێڕینى ڕۆژنامەنوسەکان )

Closed
by January 16, 2013 گشتی

 

 

 

 

لە سەردەمە نادیارەکاندا ، رووداوى نادیار ڕوو دەدەن و .. مێژوویەکى تەماویش ئەرشیفیان ئەکات ..لەشکرێک ڕۆژنامە نوس لە بازنەى خۆکوشتنەکانەوە تەماشا ئەکەن ، لە بالکۆنەى کارەساتەکانەوە سەرنج ئەدەن .. هەندێکیان سێڕسکێن ئەکەن و هەندێکیان فەلافل ئەخۆن ..هەندێکیان کەرەستەى کوشتنى چۆلەکەى وتارێک دابین ئەکەن و .. هەندێکیان تۆڕى ڕیپۆرتاژێکى دوو لاپەڕەیى هەڵداوە ، کە موکافەئەیەکى واى بە ناوچاوەوەیە خۆى و یار ژەمێکى شاهانە لە هاى کریست بخۆن و ..هەندێکیان هەوڵى جوانکردنى خۆکوشتن دەدەن .. ڕۆژنامەنوسەکان لەشکرێکن ، هەندێکیان ئەیانەوێ بیسەلمێنن ژنە جوتیارەکان خۆیان لە خۆیان داوە و .. هەندێکى تریشیان ئامادەن سێ بە سێ تەڵاق بخۆن کە وەستا عەلى ڕەفیقى دەرکرد نەک ڕەفیق پشتەماڵەکەى دابێ بە ڕووى ئەودا ..ڕۆژنامە نوسەکان هەرچەندە لەشکرێکن ، بەڵام لەناو خۆیاندا دونیایەک پینەیان تێکەوتوە و لە پۆشاکى هەژارێک ئەچن لە سەفەر بەلک گەڕابێتەوە ..هەندێکیان بڕوایان وایە خۆکوشتن ڤایرۆسێک بێ وەکو چۆن ڤایرۆسى ئێدز تایبەتە بە تى لیمفۆسایت ، ئەویش تایبەتە بە قایمقامەکانى ئەم هەرێمە ..هەندێکى تریان لەو باوەڕەدان بە ڕێکەوت قایمقامەکان خۆیان ئەکوژن ، ئەگینا بە قەدەر هەموو دونیا حەزیان بە ژیانە ..ڕۆژنامەنوسەکان لەشکرێکن لە پێنوسى ڕەنگاو ڕەنگ و ..بۆینباخى جۆرا و جۆر و .. ڕیشى سەکسوکە و ..چاویلکەى عەنتیکەى وا ، کە نازانرێت ئەمانە پاشخانى چ سەردەمێکن ..ئەوان بە زمانێک قسە ئەکەن ، وشەکانى پاڵیان پێکەوە داوە ، نە بوار بە فاریزەیەک ئەدەن بێتە نێوانیان ، نە خاڵێک ..نە نیشانەیەکى سەرسوڕمان و پرسیار ئەتوانێ سەیتەرەیەک لە دێڕێکیاندا دابنێ ..ئەوان لە جیاتى بە فیشەک تەقە بکەن ، بە وشە تەقە ئەکەن .. ئایا خاڵ و فاریزە و نیشانەى پرسیار ئەتوانن یان ئەوێرن بچنە نێوان فیشەکەکانەوە ؟ بێگومان نا ..ئەوان تەقە ئەکەن و دواى ئەوەیش لە دادگا سوێند و قورئانت بۆ ئەخۆن ، فیشەکەکانیان موختارکوژ بوون ..دونیایەک جنێوت پێدەدەن و ..لە دواى ئەوە لە بەحرێک ڕێز هەڵتئەکێشن و جامانەیەک لێبوردن ئەکەنە ملت بە جۆرێک لە کوڕە کەچەڵە بچیت ..

کە قایمقامەکان خۆیان ئەکوژن ، لەشکرێک لە ڕۆژنامەنوس ناتوانن لەو بارەیەوە پەرەگرافێک بنوسن ..ناتوانن دەنکێک شقارتە بتەقێنن بۆ ئەوەى بزانین قایمقامەکان دوا دێڕیان چى بووە ..دواجار بیریان لە چى کردۆتەوە ..پاڵەپەستۆى خوێنى قایمقامەکان چرکەیەک پێش خۆکوشتنیان چەند بووە ..ڕاپۆرتى پزیشک و پزیشکى دادوەر چەند دێڕ بووە ..

لەشکرێک ڕۆژنامەنوس کە هەمویان یارى فتبۆڵێن ئەزانن .. نیوەیان جمهورى ڕیال مەدریدن و .. نیوەکەى تریان لایەنگیرى بەرشەلۆنەن …نیوەیان ئایەتەلکورسى بۆ نادال ئەخوێنن و .. نیوەکەى تریان لەگەڵ ڕەکتەکەى فیدرێردا ، دڵیان هەڵبەز و دابەز ئەکات ..نیوەیان حەزیان لە کەبابى کانى شەیتانە و .. نیوەکەى تریان حەزیان لە قۆزى کانى وەتمانە …

من داخى هیچ نامکوژێ قایمقامە جوانخاسەکانى ئێمە خۆیان ئەکوژن ، کەچى ساڵ بە ساڵ سمێڵى عەبدولئەمیر زەیدى ڕەشتر و ..باڵاى بەرزتر و .. ملى ئەستورتر و .. تەشریبەکەى پڕ تر ئەبێ لەماینچە و شانى مەڕ و ماڵات .. قایمقامەکانى ئێمە لە هەڕەتى لاویدا ، کاتژمێرى تەمەنى خۆیان ڕائەوەستێنن ، کەچى ساڵ بە ساڵ عیزەت دورى سورتر و بەگوڕتر و دەنگ زوڵاڵترە و .. ڕەنگى زەیتونى جلەکانى ، زەیتونیتر و زەیتونیترن ..قایمقامەکانى ئیمە خوێنى خۆیان ئەکەنە کاسەوە ، کەچى عەبدولبارى عەتوان لە ژێر سەعاتەکەى بیگ بیندا ، بە قەد و باڵاى بین لادن و ئەیمەن زەواهیریدا هەڵدەڵێ و ..منداڵیى خۆى بە شەقامى عەرەبى ئەفرۆشێتەوە کە گوایا ساڵان و مانگان ، لە فەلەستینى موحتەلە ، باڵە مریشکێکیان دەست نەکەوتوە بیخۆن .. کوڕى باشێک لێى ناپرسێ : ئەى ئەمڕۆ ئەو هەمو مەڕە برژاوەى لە لەندەن ئەیخۆى ، قەرەبووى ئەو چەند ساڵەى منداڵیتى نەکردۆتەوە کە نەتتوانیوە دانەکانت بە گۆشتى ماڵات و پەلەوەر دەمەزەرد بکەیتەوە ؟؟؟.. عەبدولبارى عەتوان لە کن ئەلێزابێسدا موعەلەقاتى سەبعە بۆ ئەیمەن و بین لادن ئەخوێنێتەوە و کەس پێى ناڵێ پشتى چاوت برۆیە ، کەچى عێراقیەکان لەسەر دوو ڕکات نوێژ یان دەرسێکى دینى و ..مەزهەبێک ، لە قوڵایى زیندانەکان توند کراون …ئاى خودایە ! چ تراژیدیایەکى سامناکە ئەم عێراقە !! …

بەڵام لەو داخەم سەختتر ئەوەیە ، لەشکرێک ڕۆژنامەنوس بۆ جاریکیش پاندانەکانیان لە سمێڵى عەبدولئەمیر زەیدى پڕ نەکرد لە مرەکەب ، بۆ ئەوەى کەمێک ڕەنگەکەى کاڵ بێتەوە و سوکناییەک بێت بە دڵى ئەو ڕەعیەتەدا ، بەوەى کە زەیدیش پیر ئەبێ …پەنجا کەردوس ڕۆژنامەنوس نەیانتوانى تەشویشێک بخەنە سەر دەنگەژێکانى عیزەت دورى ، بە چل و چوار جۆرى شێرپەنجەوە ، هێشتا هەڕەشە ئەکات ..بە چوار فیرقە ڕۆژنامەنوسەوە نەتوانرا چوار پەرەگرافى مزر دەرخواردى عەبدولبارى عەتوان بدەن و ئەلێزابیسى لێهانبدەن کە چیدى بە قیسارەکەى ئاوازى تیرۆر لە بیگ بین نەژەنێ …

نا …نا و .. هەزار جار ..نا ..

لەشکرێک لە ڕۆژنامەنوس نەیانتوانى دەستى قایمقامێک بگرن ..شانەى دەمانچەى قایمقامێک دەربێنن ..نەیانتوانى زیندانێک بکەن بە شانۆ ..رومانەیەک بکەن بە هەنار ..ئەوان گیرفانیان پڕە لە ماکنتۆش و کیندەر .. فەیسبوکەکانیان سیخناخە لە گێڵفرێند ..ئەوان شەوان خەریکى دروێنە کردن و شەن و کەوکردنى لایک و شەیر و کورتە نامەکانن ..خەریکى سەیڤکردنى ژمارە ناسکەکانى مۆبایل و ..تەرجومە کردنى شیعرە دڵداریەکانن کە شاعیرێکى ئەو سەرى دونیا ، بە سەرخۆشى ، بۆ مەیگێڕێکى چواردە ساڵى نوسیوە …خەریکى لێپێچینەوەن لەسەر ستیانەکەى مارلین مۆنرۆ .. پەیوەندى بەرلسکۆنى و مەحروق ..ماکیاژەکەى میریام فارس ..ئەگەرى ڕیش تاشینى شین کۆنرى ..هۆکارى دوا تەڵاقى ئەلیسا و .. بابەتى هەنوکەیى گرنگتریش ..!!

خوا پێمنەگرێ ..ئەڵێم ڕەنگە قایمقامەکان لە داخى ڕۆژنامەنوسەکان خۆیان بکوژن ..!!

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.