Skip to Content

Wednesday, April 24th, 2024
سەروەری یاسا!  ….سەرکەش

سەروەری یاسا! ….سەرکەش

Closed
by May 17, 2013 گشتی

 

 

سەروەری یاسا! 

                                                              sarkash@hotmail.se

‌زۆر جار لە زاری سەرۆکی هەریم دەستەواژەی: 

 

یاسا دەبێ سەروەر بێ! 

کەس لەسەرووی یاساوە نیە!

و.. هتد! 

بیستراوە و دەبیسترێ!

بۆیە ئەگەر سەرۆکی هەریم بخوازێ ئەم دەستەواژانە لە گوتاری سیاسیەوە بە پراکتیک بخرێتە واری جێ بەجێ کردنەوە، گرنگە خۆی کە ئەمڕۆ لە لوتکەی دەسەڵاتدایە لەم دەڤەرە، بەر لە هەموو تاکێک لە خەمی ئەم پرسە هەنوکەییە دابێ بۆ دانانی ڕیزی تایبەت لە سەروەری یاسا! ڕێز و ڕوومەت لە یاسایەک کە دەقەکەی لە ماوەی دەسەڵاتدارتی خۆی بە بەشداری خۆی و پارتەکەی ئامادەکاری، داڕشتن و بە فەرمی کردنی بۆ دەستە بەر کراوە، بۆ ئەوەی میتۆد و ئاراستەی ئەم ڕێزگرتنە ببێ بە داب و نەریتیکی سیاسی، کلتوری، ڕەوشتی! هەروا بۆ ئەوەی میژوو سەروەری ڕێزگرتن لە یاسا بۆ کەسایەتی یەکەم سەرۆکی هەریم تۆمارکا!

گرنگە سەرۆکی هەریم زۆر بە ڕوونی و ڕاشکاوانە، بە توندی هەموو هەوڵیک بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی بداتە دواوە، لێ نەگەڕێ بە هیچ  جۆریک پینە و پەڕۆی یاسایی، و فڕوفیڵ و تاکتیکی حزبایەتی لێرە و لەوێ بە ئاراستەی درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتەکەی، بخرێتە ڕۆژەڤ.

گرنگە سەرۆکی هەرێم جارێک لە جاران وەک سەرکردە ئەوروپاییەکان ڕەفتار بکا و پشت لە کار و کرداری سەرۆکە کلاسیکیەکانی ڕابردوو و ئەمڕۆی ناوچەکە و ووڵاتانی عەرەبی بکا، کە وەک قیڕو بنێشت بە کورسی سەرۆکایەتییەوە دەنووسێن و لێی نابنەوە. 

گرنگە سەرۆکی هەرێم سوپاسی هەموو ئەو خەڵکە دڵسۆزەی کوردستان و پارتەکەی بکا، کە ئەگەر متمانەی سەد لە سەدیشی پێ بدەن بۆ خۆ کاندید کردنەوە بڵێ سوپاس نا، سوپاس ناکرێ! سوپاس نابێ سەروەری یاسا پێشێل بکەم!

گرنگە هەروەک چۆن سەرۆکی هەرێـم خۆی لە زۆر بۆنەدا زۆر ڕاشکاوانە گوتوویەتی من خۆم کاندید ناکەم! سەرۆکی هەریم بۆی هەیە تەنیا دووجار ببێ بە سەرۆک!!  پێگیری لە سەر ئەم قسە و هەڵوێستانەی خۆی بکا. چونکە هەڵویست و هەڵس و کەوتیکی لەم تەرزە پلە و پایە و خۆشەویستی ئەو لە لایەن جەماوەری خۆی لە ناوە و دەرەوەی پارتەکەی بەرزتر دەکاتەوە. بە پیچەوانەش ئەگەر یەک موو پاشەکشە لەم قسانە بێتە گۆڕێ، ئەگەرچی پۆستی سەرۆکایەتی بۆ چەند جاریکی تریش مسۆگەر دەکا، لەلایەن دۆست و دوژمن لە ناوەو لەدەرەوە ئەو متمانە و ڕاستگۆییە لە دەست دەدا و دەبیت بە کۆپی سەرۆک و ڕیبەرانی دیکتاتۆری خۆرهەڵات، ناوچەکە و دونیا. 

باشترین نموونەش بۆ لەدەستدانی ئەم متمانەیە نموونەی

ڤلادمیر پۆتینی سەرۆکی ڕووسیایە کە بە هەزار و یەک فڕوفیڵ مانەوەی خۆی لە پۆستی دەسەڵتدارەتی و بڕیار هیشتەوە! سەرەڕای پرۆتێستی بەرینی خەڵک دژ بە شانۆگەری پڕ لەدرۆ دەلەسەی هەڵبژاردن. پۆتین پۆستەکەی بە کەسیکی نزیک خۆیی (دێمیتری مێدیێڤ) ی سەرۆک وەزیرانی پێشوو سپارد، پۆستی سەرۆک وەزیرانی دەقەبەڵ خۆی کرد. 

پۆتین توانی درۆ لە گەڵ ڕای گشتی ناوە و دەرەوە بکا بەڵام نەیتوانی ئەم شانۆگرییە تراژیدیە بکا بە ڕاستی و دونیای بە ئاگا لە ساختەکاری و ڕەفتاری مافیانەی خۆی بێ ئاگا بهێلێتەوە. چاودیرانی سیاسی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژنامەنووسان و خەڵکی بویر هەرزوو تەنەکەیان بۆ سیناریۆ شکەست خواردووەکانی، هەوڵ و تەققەللا گەندەڵەکانی لیدا. میدیاکاران و هەواڵ و نووچەکانی دونیای دیموکراسی و سیتیمی مۆدیرن، لە پیناسەی دیکتاتۆری ڕوسیا ناویکی تریان بە پۆتین ڕەوا نەبینی، ئێدی ئەمە بڕیاری مێژووە و میژووش بەزەیی بە کەس دانایەتەوە.

 

                                                                                   سەرکەش                                            12/5/2013                                                                                  

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.