Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
سەرۆکى پەرلەمان: ئەم دۆخە قبوڵکراو نیە

سەرۆکى پەرلەمان: ئەم دۆخە قبوڵکراو نیە

Closed
by February 12, 2013 گشتی

 

 

 

سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان کە هاوکات ئەندامى مەکتەبى سیاسی یەکێتى نیشتیمانى کوردستانیت وەک هەڤاڵێک کە هاو خەباتتم لەحزبەکەتدا پێم خۆش بوو لە بەردەم ویژدانتان تۆزێک بتوەستێنم، ئایا تۆ کارت چیە لە پەرلەمانى کوردستان، تۆ بەڵێنت  دا باشتر بیت لە خولی پێشوو ئێمەت دڵخۆش کرد، لە راستى دا تاکە کارى باش و دیارى بەرێزت هەر ئەوەندە بوو کە بۆ ماوەیەکى کورت  دڵخۆشتکردین.!!

لەم ماوەیە تا دێت رەخنەکان بەرەو رووت فراوانتر ئەبن ئاخر ناهەقیان نیە، تۆ کە نوێنەرایەتى حزبێک ئەکەیت و خەڵک ئەم حیزبەى بەوشێوەیە نەناسیوە کە لەکارەکانى تۆ بەدی ئەکرێن.

کاک د.ئەرسەلان بایز  من و سەدانى وەک من پێیان خۆشە پرسیار بکەن:  ئایا راستە یەکێک لەو کەسانەى کردوتە بە راوێژکار لە پەرلەمان خێزانى خۆتە؟ ئەگەر ئەوە راستە ئەمە بەچ پێوەرێک رووى داوە؟  ئایا دەکرێت دەسەڵاتەکانى ئەم دەزگا گرینگەى ووڵاتمان پێبڵیت و بۆمان روونکەیەوە چۆن  ئەم دەسەڵاتانەتان بەکار هێناوە؟ چیتانکردوە لەماوەى هەردوو خولەکەى پەرلەمان؟ ئایا ئەگەر پەرلەمان نەزانێ داهاتى نەوت چەندە؟ ئەگەر پەرلەمانێ بۆی نەبێ بەرێوەبەرێکى گشتى لەکار بخات، ئەگەر پەرلەمانێک تواناى لێپرسینەوەى نەبێ لەکەمترین هەڵەو پەڵەى  وەزیرێ! ناوى چیە و کارى چیە؟  بەرێزەکەم ئێمە وەک هەڤاڵانت لە خوارەوە  کادیران، خوێندکاران و  رۆژنامە نوسان ، رۆشەنبیران خوێندەوار و نەخوێندەوار نیگەرانین لە کارەکانت، چونکە ئەوەى تۆى بردۆتە ئەم شوێنە یەکێتیەکانن و یەکێتیەکانیش مافیانە لێت بپرسنەوە و لێت نیگەران و تورەش بن..

ئاخر بۆ نیگەران نەبین لە کاتێک دەیان دیکۆمێنت سەلماندیان کە پرۆژە یاسایی بودجە بەهەدەردانى گەورە و مەترسی تێدایە و بە ئاشکرا قوتى خەڵک بەلارێ دەبرێ، لە دەرەوەى موزایەدەى سیاسی ئۆپزسیۆن هەڵە و پەڵەکان وەک مانگى چواردە درەوشاوەن، بۆ ئەمەت قبوڵە؟  تۆ بە دوو  پێوەر مافت نیە بەم شێوەیە سەرۆکایەتى پەرلەمان بکەیت: یەکەم بەو پێیەى نوێنەرایەتى زیاتر لە ملیۆنێک دەنگى دەنگدەرى فراکسیۆنى کوردستانیت، کە بۆ ئایندەى باشتر دەنگیان بەو لیستە داوە بەپێی بەرنامەى لیستى کوردستانى، نەک بۆ ئەو دۆخە خەم هێنەى ئێستا !

تۆ چ وەک خۆت کە پیاوێکى خوێندەوار و تێکۆشەرێکى دێرینى چ مەنتیق و خەباتى رابردووت ئەم دۆخەى ئێستاى کارەکەت، قبولڕ ناکەن و پێچەوانەى یەکن! هەروەها یەکێتى بوونت و ئەندامانى یەکێتى ئەم دۆخە وەک دۆخێکى قبوڵکراو نابینن، چونکە ئەگەر قراربێ ئەوە بەرانامەى یەکێتى بێت دیارە ئێمە ئاگامان لە نەمانى ئەم حزبە نیە، هەر چەشنە وێناکردنێک بۆ ئەو دۆخە ئێستاى پەرلەمان وەک بەررنامەى یەکێتى ئیعلانکردنى مەرگى ئەم حزبەشە، بۆیە خۆت یەکلاکەرەوە… 

لەکاتێکدا یەکێتى لە دۆخێکى ناسک دایە بەهۆى نەخۆشى رابەرکەمان، مانای ئەوەنیە کە ئیتر  ئەبێ ئەم شتانە بەم جۆرە بێت، پێویست بوو هەست بەم بەرپرسیاریەتە بکەن چۆن ئەتوانیت سەرۆکى ئەم جۆرە پەرلەمانە بیت؟  کاک ئەرسەلان تۆ لە نوسینەکانت مرۆڤێکى زۆر گەورەو جوانتری، بێگومان ئەبێ ئەوە بزانیت.. ئایا تۆ ئەتەوێ چی بکەیت؟

  خەڵک ئەم دۆخەى قبولڕ نیە و یەکێتیەکانیش تورەترن لە ئەندامانى هەر کەس و لایەنێکى تریش بە ئۆپزسیۆنیشەوە، ئەبێ ئەوەش لە بیرنەکە.

بەراى من ئەبێ یەکێتەکان هاوشانى رەخنە  جدیەکان رەخنە بگرن، هەرچەندە هەر واش دەکەن، بەڵام دەبێ ئەم دەنگانە  زوڵاڵ و بەرزتر بن، بۆ ئەوەى بیستراوتر بن. چونکە ئێمە ناتوانین داکۆکی بکەین، ئەوەى هەیە خوار و خێچیە دەبێ راست بکرێتەوە.

مستەفا محەمەد

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.