Skip to Content

Saturday, April 20th, 2024
سەرۆکی دەوڵەت و جەندەکی شانۆ لە فستیواڵی هەولێر!؟

سەرۆکی دەوڵەت و جەندەکی شانۆ لە فستیواڵی هەولێر!؟

Closed
by September 23, 2011 گشتی

” له‌هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم یه‌كه‌مین فیستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شانۆ ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد” ئەم هەواڵە لە ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە و دوکتور بەرهەم ساڵح لە ڕۆژی کرانەوەی ئەو فستیواڵەدا دەڵێ: ” ئه‌م بۆنه‌ ده‌رفه‌تێكی زێرینه‌ بۆ ناساندنی لایه‌نه‌ پرشنگداره‌كانی شانۆی كوردی به ‌جیهان.” هەروەها ئەو دەفەرمێ: ” له‌ساڵانی رابردوو پانتایی داهێنانی شانۆ وه‌كو جاران نه‌ماوه‌ و هیوادارم ئه‌مه‌ ببێته‌ ده‌رفه‌تێك و مایه‌ی هاندانی داهێنانی زیاتر.

سیاسەت و زمانی سیاسەت، کە لە کوردستان بە گشتی و لە باشوور بە تایبەت، تێکەڵ بە حیماسەت و “سەنعەتی ئیغراق” بووە، ئەو ئیزنە بە دوکتور بەرهەم ساڵح دەدات کە شانۆی” پانتادابەزیو و داهێنان داکەوتوو” وەک شانۆی پڕشنگدار لە جیهانی داهاتوودا ببینێ! قسەکانی بەرهەم ساڵح  جگە لە هیوا بە داهاتووی شانۆ، لە هەمان کاتدا چەند ڕاستی زەق دەردەخەن:

١- پلە وپایەی شانۆ لە باشووری کوردستان دوای هاتنە سەر کاری حکوومەتی دوو حزبی لە کوردستان، هەنگاو و بە هەنگاو و پلە بەپلە دابەزیوە.
٢- حکوومەتی کوردستان هەر لە سەرەتاوە هەتا ئێستا بوونی شانۆی بە بەڕێوەبردنی فستیواڵ لە سولەیمانی و هەولێر بەستۆتەوە.
٣- حکوومەتی کوردستان لە ماوەی ٢٠ ساڵ دەستەڵاتی خۆیدا، نەیتوانیوە یان نەیویستووە بە پێی پلان و بەرنامە لە سەر بنەماێکی نەتەوەیی، نەک ناوچەیی و حزبی و گرووپی، شانۆ وەک ئەرکانێکی دەوڵەتی و میللی و وەک کۆلەکەێکی فەرهەنگی و ڕوونماێکی شارستانیەت ببوژێنێتەوە.

ئەو وتانەی کە لە زمانی بەرهەم ساڵحەوە لە ماڵپەڕی ڕەسمی حکوومەت و کوردستانی نوێ(زمانی حاڵی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان)، دەگێڕدرێتەوە، هەم دەرىڕی بەرزەفڕی و خەیاڵاتی جەنابی وەزیرە، هەمیش ئیسباتی کار لەنگی شانۆ! ئەگەر پانتای شانۆ وەکوو جاران نەمابێ، فستیواڵ ناتوانێ پانتای شانۆ بەرینتر کاتەوە! ئەگەر هیوا ئەوە بێ فستیواڵ گرفتەکانی شانۆ چارەسەر بکات، ئەوە بەڕێوەبەری حکوومەتی کوردستان، یەکێک لە سەرەکی ترین ئەرکەکانی خۆی و وەزارەتەکانی ڕۆشنبیری و پەروەردە کە ناسینی گرفتەکانی شانۆ، پلان دانان و بەڕێوەبردن و بە ئەنجام گەیاندنی پلان و پرۆژەیە، پشت گوێ دەخات و لە فستیواڵی شانۆدا ڕزگاری شانۆی کوردستان دەبێنێ، کە ناگونجێ.

 فستیواڵێکی دەرەکی کە چەند ڕۆژ بەردەوام دەبێت و ١٠٠ کەسی بیانی و ٦٥ کەسی هاووڵاتی تێیدا بەشدار دەبن و پاشان دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، جێگای پلان و پرۆژە و چارەسەری گرفتەکانی شانۆ ناگرێتەوە. لە ماوەی بیست ساڵی ڕابووردودا دەکرا وڵاتێک پڕ لە شانۆ  بە شێوەی سیستیماتیک و ئەوڕۆیی هەر لە باخچەی منداڵانەوە هەتا زانستگا ساز بکرێ و پەرە بە شانۆی دەوڵەتی و ئەهلی بدرێ.  ئەو کات لە فستیواڵەکانی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی “لایەنە پڕشنگدارەکانی شانۆی کوردی” دەردەکەوت. ئەوەێ ئێستا بە ناوی شانۆ لە باشووری کوردستان هەیە، ئەوەندە نییە کە رەییسی حکوومەت بتوانێ لە بەرانبەر ١٠٠کەسی بیانی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن، باسی لێوە بکات، هەر بۆیە بەرهەم ساڵح  پەنا بۆ ڕابووردو دەبا و دەڵێ:” له‌م بۆنه‌یه‌دا ده‌هێنێ‌ ئاوڕێك له‌هونه‌ری شانۆ و كه‌ڵه‌ پیاوانی شانۆكار له‌هه‌رێمی كوردستان و یه‌كه‌م ده‌قی شانۆیی و نوسه‌رانی شانۆیی بده‌ینه‌وه‌”

جەنابی وەزیر لە یەکەمین فستیواڵی ناونەتەوەیی شانۆ لە هەولێر، بۆ ناسینی مێژووی زیاد لە حەفتا ساڵەی نمایش و شانۆی وڵاتەکەی کە بەرهەمی ڕەنجی ژن و پیاوی شانۆکار وکەسانی شانۆ بووە، هیچی بۆ گووتن نییە  جگە لەوەی بفەرمێ، ئاوڕ لە “کەڵە پیاوانی شانۆکار”[کەڵە پیاو] و “یەکەم دەقی شانۆ و نووسەرانی شانۆ” بدەنەوە.

ئەو کارانەش کە دەوڵەتی کوردستان بۆ شانۆی”کەڵەپیاوان” ئەنجامی داوە، بەم چەشنە  باسی لێوە دەکرێ: ” سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌پاڵ ئه‌وه‌ش كورته‌یه‌كی له‌هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت به‌بیر ئاماده‌بووان هێنایه‌وه‌ به‌تایبه‌ت سندوقی پاڵپشتی داهێنه‌ران و هاندانی وه‌به‌رهێنان و سندوقی خانه‌نشینی و چه‌ندانی دیكه‌، ووتیشی ئه‌مانه‌ به‌پێی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌ت و دوور له‌ خاتر و خاترانه‌ بۆ خزمه‌تی رۆشنبیرانی هه‌رێمی خراونه‌ته ‌گه‌ڕ. ”

هەرچەند هەموو شت لە باشووری کوردستان لە سەر ئەسڵی” خاتر وخاترانە” ئەنجام دەدرێ، بەڵام ئەو کارانەی دەوڵەت جێگای ئافەرین پێگوتنە، لەوە بەدەر جەنابی وەزیر بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکانی شانۆ، پلان و پرۆژەی حکوومەت لە بیست ساڵی ڕابووردو و ئەمڕۆ و دواڕۆژ هیچی بۆ باسکردن پێ نییە. نووسەری ڕاپۆرتەکە دەنووسی: ” له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی حكومه‌ت داوای له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری كرد ، به‌هاوكاری پسپۆران وه‌ره‌قه‌یه‌ك گه‌ڵاڵه‌ بكه‌ن بۆ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ ئه‌وه‌ی به‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌ كاری له‌سه‌ر بكرێت ”
 
ڕوون نییە مەبەست لە  گەڵاڵەکردنی “وەرەقە”  بۆ کارکردن بە شێوەی “بەرجەستە”چییە، کە پسپۆڕان دەبێ بیخەنە بەر دەم ئەنجومەنی وەزیران! بیست ساڵە “وەرقە”، دەنووسرێ و دەدرێ بە ئەنجوومەنی وەزیران، بێ ئەوەی گٶڕانێک ڕوو بدات. دەوڵەتەکانی پێشوو و دەوڵەتی بەرهەم ساڵح رێگاچارەی شانۆیان لە بەرپاکردنی فستیواڵ و وەرەقەبازیدا دیتۆتەوە.

کوردستان لە ساڵانی ڕابووردودا بۆتە وڵاتی کۆنفرانس و فستیواڵ و کۆنسێرت، بە ملیۆن پارە تەرخان دەکرێ بە بێ ئەوەی چارەی گرفتەکان بکردرێ، لەوە دەچێ حکوومەتی کوردستان بەو پارە زۆرەی کە نەوتی ڕەش بۆی دابین دەکات، لاسایی حکوومەتی تاران بکاتەوە! تاران فەرهەنگ و هونەری لە وڵاتەکەی خۆی هەتا سەدەکانی بەربەرییەت دابەزاندوە و بەردەوام  فستیواڵی شانۆ و سینەما لە ئاستی نەتەوەیی و ناونەتەوەیی بەڕێوە دەبا. لە کوردستان ٤١ سینەما لە ماوەی ٣٢ ساڵ حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، وێران کراون، هۆڵی شانۆ بە چۆڵی ماوتەوە و شانۆکار و فیلمساز و ئاکتۆر تاراندراون،  بەڵام بۆ پروپاگەندە و چاوبەستنی خەڵکی خۆیی و دەرەکی  ساڵانە لە کوردستان و شوێنەکانی دیکەی ئێران فستیواڵی هەمە ڕەنگ بەڕێوە دەچێ.
 
لە باشوور سینەما و هۆڵی شانۆی ستاندارد بە دەگمەن هەیە و فیلمی سینەمایی بە هەڵکەوت و بۆ بەشداری لە فستیواڵەکانی جیهانی لە ڕێگای دەستە و تاقمەکانی ناو حکوومەت و حزبەکان بەرهەم دەهێندرێ، بەڵام فستیواڵی سینەما بەرپا دەکرێ،  شانۆ لەو حاڵەدایە کە سەرۆکی حکوومەت باسی دەکات، تەرح و بەرنامە و پرۆژەی ئەساسی بۆ لە ناوبردنی گرفتەکانی سەر ڕێگای شانۆ و سینەما نییە و تاقە گۆواری شانۆ و سینەما داخراون، بەڵام فستیواڵی ناونەتەوەی شانۆ لە سەر ویستی چەند کەسێک و بۆ مەبەستی سیاسی و پروپاگەندە و بەرژەوەندی تەسکی حزبی و گرووپ و دەستە و تاقم، نەک بۆ بووژاندنەوەی شانۆ، بەرپا دەکرێ!

ئەگەر بمانەوێ کوردستان لە گەڵ وڵاتێک بەراوەرد بکەین دەبێ سەیری کۆماری ئازەربایجان بکەین، ئەو وڵاتە کە هاوکات لە گەڵ باشووری کوردستان ڕزگار بووە و نفووسی هەر هێندەی باشوورە و لە زۆر بوار خۆی گەیاندۆتە پلەی جیهانی، بە تایبەت هونەر و فەرهەنگ، لەوانە شانۆ و ئوپێڕا. بە پێچەوانە لە کوردستان لە پاڵ برەوپەیداکردنی زەرق و بەرقی ژیانی ئەمڕۆیی، پاشەکشەی فەرهەنگی و تەشەنەی ئیسلامی ئێرانی و عەرەبی لە ناو کۆمەڵگای کوردستان و کوردەکانی دەر و ژووری باشووردا دەبیندرێ، کە بەرهەمی سیاسەتی حکوومەت و حزبەکانی باشوورە. هەر ئەو لایەنەش ئەمڕۆ لە ناو کوردەکانی باشوور نیشتەجێ لە ئووروپا بڕەوی پەیدا کردوە، نەک لایەنە”پڕشنگدارەکانی” شانۆ و فەرهەنگ و هونەری کورد!
لە کۆماری ئازەربایجان هیوا و ئارەزووەکان دەبنە پلان و بەرنامە و جێ بەجێ دەکرێن، لە هەرێمی کوردستان(عیراق) بە پێچەوانە بەرباد دەدرێن و دەبنە وتاری کردنەوەی فستیواڵ و کۆنفرانس و کۆنگرەکان!
 
سپتامبری ٢٠١١ ئاڵمان

بابەتی پێوەندیدار:
“شانۆی ئه‌ن دێر روهر” کام “په‌نجه‌ره‌یه‌ به‌ سه‌ر شانۆی کوردییه‌وه[1]‌”؟!
http://www.dengekan.com/doc/2006/9/18/braimFarshi.htm
ئه‌گه‌ر شانۆ له‌ کوردستان مردبێ، چی زیندوه‌؟
http://www.pertwk.com/ktebxane/node/1177
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.