Skip to Content

Thursday, April 18th, 2024
سەعد خالید/ وەزیرى هەرێم بۆ كاروبارى پەرلەمان

سەعد خالید/ وەزیرى هەرێم بۆ كاروبارى پەرلەمان

Closed
by May 14, 2008 گشتی

…..دیمانە: فەرەیدون بێوار ….

 *چەند ڕۆژى ڕابردوو پەرلەمانى كوردستان كۆبوونەوەى بەجینۆساید ناساندنى ئەنفالى ئەنجامدا، لەكاتێكدا دەمێكە دادگاى باڵاى تاوانەكان لەعێراق ئەو تاوانەى بە جینۆساید ناسیوە، بۆچى پەرلەمانى كوردستان لەو كۆبوونەوەیە دواكەوت؟

 – بە بڕواى من ئەوە دەلالەت لە تێنەگەیشتنى ئێمە دەكات لە گرنگى قەزیەیەكى وەكو ئەنفال، كەبوە بە بەشێك لە ناسنامەى خەڵكى كوردستان،  پێویستە ئەوە بڵێین كە لە دەرەوەى وڵات  ئیشى زۆر گرنگ لەسەر ئەو مەسەلەیە كراوە، وەك چۆن جولەكەكان لەكێشەى هۆلۆكۆست سودیان وەرگرت، یان ئەرمەنەكان كێشەى قەتڵوعامى خۆیان بە دەستى توركیا قۆستەوە بۆ مەرامى سیاسى خۆیان بەكاریان هێنا، بەڕاستى ئێمە ئەوەمان نەكرد، دیارە لەیەك دوو ساڵى ڕابردوو یەكدوو هەوڵى باش لە دەرەوە درا، بەتایبەتیش هەوڵەكانى كەمپینى بەجیهانى كردنى كێشەى ئەنفال و كیمیاباران، ئەمەش وایكرد كێشەى ئەنفال وەكو تاوانى جینۆساید بە چەندین كەسایەتى سیاسى نەرویجى و ڕێكخراوى دژە ڕەگەز پەرستى ئەو وڵاتە بناسێنرێت، لە هەولێریش بۆ ئەو مەبەستە كۆنفرانسێكى گەورە بەسترا كەچەندین كەسایەتى سیاسى و ڕۆشنبیرى گەورە بەشداریان تێداكرد، پێش ماوەیەكیش لەگەلأ وەفدێكى پەرلەمانى عێراق سەردانى دەرەوەمان كرد، بە ڕاستى ئەوەى كە ئێمەى ئیحراج كرد ئەو پرسیارە بوو كە لێیان دەكردین، ئایا ئێوەو پەرلەمانى عێراق ئەنفالتان وەكو جینۆساید ناسیوە، بەڕاستى ئەوەش ئیحراجیەكى گەورەى بۆ ئێمە دروستكرد لەكاتێكدا ئێمە خۆمان خاوەنى قەزیەكەین.
 * چەندین جار ئەو پرسیارە ئاراستەى پەرلەمانتارانى كوردستان كراوە، كە بۆچى دەستوورى هەرێمى كوردستان لە پرۆسەى راپرسیدا دواكەوت و نەكرا، واتا بۆچى دەستورەكە نەخرایە دەنگدانەوە هەندێك دەڵێن مەبەستى سیاسى لە پالأ ئەو دواخستنەوە هەیە؟

 – ڕاستە كات گرنگە بۆ مەسەلەى دەستور، چونكە بمانەوێت و نەمانەوێت نەبوونى ئەو دەستوورە بۆشاییەكى گەورەى یاسایى لە كوردستان دروستكردوە، بەڵام هەوڵدرا كە دەستوورەكە باشترین دەستور بێت و ڕەنگدانەوەى مافەكانى هەموو پێكهاتەو كەمە نەتەوایەتیەكان بێت و دەستورێكى دیموكراسى بێت، وا نازانم دواكەوتنەكە ئەوە هۆكارەكەى بێت، گەرنا، ئەو دەستورە چەندە لەلایەن خەڵكى كوردستانەوە گرنگە، دە ئەوەندەش لاى سەركردایەتى سیاسى كوردستان گرنگە، و پێویست ناكات ئەو بابەتە تەفسیری زیاترى بدرێتآ.
* بۆچى تاوەكو ئێستا پەرلەمانى كوردستان یاسایەكى نیە بۆ بودجەى حیزبەكان، زۆرجار لایەنە سیاسیەكان و خەڵكى گلەیى ئەوە دەكەن كە پەرلەمان هیچ یاسایەكى بۆ بودجەى حیزبەكان نییە؟

  – دەبێت ئێمە وردە وردە هەنگاو بنێین بەرەو دەوڵەتى قانون بۆ چارەسەركردنى گرفتى لەم جۆرە، خۆتان ئەزانن یەكێك لەبنەماكانى دەوڵەتى قانون ئەوەیە، كە  هەموو مەسەلەكان بە یاسایى بكرێن، بۆ نموونە یاساى كارى سیاسى یان حیزبى بە پێى یاساى حیزبەكان دەبێت كە پەرلەمان موسادەقەى لەسەردەكات، و دەبێت بودجەش بەهەمان شێوە دیارى بكرێت، وەكو زانیومە لەلایەن پەنجا ئەندام پەرلەمانەوە پڕۆژەیەكى لەو شێوەیە بۆ بە یاسایكردنى بودجەى حیزبەكان ئامادەكراوە، وابزانم لە ئایندەیەكى نزیكدا ئەو یاسایەش بڕیارى لەسەر دەدرێت.
 * ئەو رێژەى تەمەنە كە بۆ گەنجان دانراوە لەمافى بوونیان بە ئەندامى پەرلەمان (30) ساڵە، گلەیى و سەرنجى زۆرى لەلایەن گەنجان دروستكردووە، بیر لەوە نەكراوەتەوە ئەو ڕێژەیەی تەمەن كەمكەنەوە؟
 – لەو بارەوە وەزارەتى وەرزش و لاوان بە ڕەسمى نوسراوێكیان كردووە، وە پێشنیارێكیان ئاراستەى سەرۆكایەتى پەرلەمانى كوردستان كردووە، بەڵام بەهۆى بوونى پەرلەمان كارەكانى دواكەوت، پێشنیارى ئەوان بە تەحدید ئەوەیە داوا دەكەن كە ئەو تەمەنە كەمبكرێتەوە بۆ بیست و پێنج سالأ.
 * لەو دوایانە لە ڕۆژنامەكان هەندێك فایل لەسەر چەند پەرلەمانتارێكى كوردستان بڵاوكرایەوە، بەڕاى تۆ بۆچى پەرلەمان لەبەدواداچوونى ئەو كێشەیە كەمتەرخەمى كرد؟
 – پێم وایە هەموو ئەوانە هەر لە چوارچێوەى تۆمەتكردنەوەدێن ، ئایا ئەوانە چەند ڕاستن یان درۆن، ئەوەیان شتێكى كەیە، بەڵام بە تەئكید بۆ ئەوەى متمانەى خەڵك بە پەرلەمان و حكومەت كەمنەبێتەوە، پێویستە ئەوانەى كە شتیان لەسەرە بە دواداچوون و لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكرێت، تاوەكو گەر شتەكە راست دەرچوو  سزابدرێن،  خۆ گەرواش نەبوو، واتا ئەو كەسەى شتى لەسەر بڵاوكراوەتە گەر پاكیش دەرچوو،  مەسەلەكە وای لێدێت  بگوترآ پەرلەمان بەدواداچوونى كردووە، وە ئەگەر لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو مەسەلانە بكرێت ئەوانە دەبنە خاڵى بەهێز بۆ پەرلەمان.
 * ئەو كەمتەرخەمیەى بەرامبەر بەو بەڵگەنامانە دەكرێت كەلە رۆژنامەكان بڵاوكراونەوە، ماناى ئەوە نادات كە حیزبەكان تا خۆیان لێكۆڵینەوە نەكەن، پەرلەمان ناتوانێت قسە بكات، كەواتە پەرلەمان لەژێر هەژموونى حیزبەكان دایە؟
 – بە بڕواى من ئەگەر حیزب لە كوردستان هەیمەنەشى هەبێت و دەسەڵاتیشى هەبێت، ئەوە بە ماناى ئەوە نایێت دەستەڵاتەكانى دیكە كارى خۆیان نەكەن، بۆنموونە گەر بەیانى بڵێن فڵانە وەزیر فایلى هەیە گەر من لەشوێنى كاك نێچیرڤان بارزانى بم ، دەڵێم من ئامادەم نیم سەرۆك وەزیرى وەزیرێك بم كە فایلى هەیە، بەڕاستى هەندێك شت دەتوانرێت بكرێت، بەڵام بۆناكرێت دەكرێ ئەو پرسیارە لەلایەنى بەرپرس بكەى، شتێكى خراپە حیزبێك سەروەرى و تێكۆشانى خۆى بۆ كەسێكى جاسوس لكەدار بكات، من پێم وایە هیچ حیزبێك بە دەركردنى جاسوسەكان لاواز نابێت، بەڵكو ئەگەر حیزبێك جاسوسێك یان فایلدارێكى دەركرد، لەلایەن خەڵك خۆشەویستر دەبێت.
 * دەنگۆیەكى وا هەیە گەر سآ وەزارەتەكەى دارایی و پێشمەرگەو ناوەخۆ یەك نەگرێتەوە، كابینەى تازە لەلایەن ئەندام پەرلەمانەكانەوە دەنگى پآ نادرآ، پێت وایە شتى وا ڕوودەدات؟
 – منیش هەر وەكو ئێوە ئەو دەنگوباسەم بیستوە، بەڕاستى یەكنەگرتنەوەى ئەو سآ وەزارەتە ئیحراجیەكى زۆرى بۆ كوردو سەركردایەتى كورد دروستكردووە، جیا لەوەش كە مەسەلەكە زۆر گرنگە، بۆتە مایەى پرسیاریش، زیاتر لەبیست ڕێكخراوى كۆمەڵگاى مەدەنى یاداشتنامەكیان دایە ئێمەو سەرۆكایەتى هەرێم و حكومەتى هەرێم كەتێیدا داواكرابوو لەو كابینە نوێیەى كە بڕیارە دابمەزرێت هەر سآ وەزارەتەكە یەكبگرنەوە، یەكنەگرتنەوەى ئەو سآ وەزارەتە بەرپرسیاریەتێكى گەورەى خستۆتە ئەستۆى سەركردایەتى سیاسى كوردستان، بۆیە منیش زانیومە چەند ئەندام پەرلەمانێك گوتویانە گەر سآ وەزارەتەكە یەكنەگرێتەوە ڕەنگە متمانە بەكابینە تازەكە نەدەن، جا ئەو دەنگە دەبنە زۆرینە، یان وەكو خۆیان دەمێنن ئەوەیان نازانرێت تاكاتى خۆى.
 * هیچ زانیاریەكتان نیە سەبارەت بە چۆنیەتى دابەشكردنى وەزارەتەكان لەنێوان حیزبەكان؟
 – وەكو دیارەو لە رۆژنامەكانیش باسكراوە كابینە تازەكە لە هەژدە وەزارەت پێكدێت، لەگەلأ سەرۆك وەزیران و جێگرەكەى ئینجا سآ وەزارەتیش بۆ وەزارەتى هەرێمى و كاروبارەكانى دیكەى حكومەت، دووانیان لە سآ وەزارەتە، یەكیان بۆ كاروبارى كۆمەڵگاى مەدەنى ئەوى دیكەیان بۆ كاروبارى پەرلەمان، هەشت وەزارەتیش بۆ پارتى دەبێت و هەشت وەزارەتیش بۆ یەكێتى، پێنج وەزارەتەكەى دیكە بۆ ئەو حیزبانەى دیكەى بەشدارى حكومەت دەكەن، لەگەلأ بەشدارى پێكردنى نوێنەرى توركمان و نوێنەرێكى ئاشوورییەكان.
 *تاوەكو ئێستا شەفافیەتێك نیە بۆ خەرجكردنى بودجە، زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە بودجەى هەرێمى كوردستان بەشاراوەیى سەرفدەكرێت و بەشێكى زۆر كەمى نەبێت لە ڕاگەیاندنەكان باس ناكرێت؟
 – دیارە پەرلەمان ئەركى چاودێرى كردنى حكومەتە ، هاوكات موسادەقەكردنى بودجەش هەر لە پەرلەمان دەكرێت، بۆیە ئەندامانى پەرلەمان بەبڕواى من مافى ئەوەیان هەیە قسە لەسەر هەموو بەندو خالأ و فەسڵەكانى چۆنیەتى خەرجكردنى بودجە بكەن و شتێكیش ئەگەر ڕون و ئاشكرا نەبوو داوا بكرێت ڕوونكردنەوەى بۆ بكرێت و زیاتر ڕونبكرێتەوە، سەبارەت بەوەش كە باسدەكرێت گوایە مەبلەغێكى خەیاڵى لەبودجەى ساڵى ڕابردوو مابێتەوە باوەڕ ناكەم شتى وابوبێت، بەڵكو وەك من بزانم ساڵى پار  پەرلەمان حیجزێكى زۆریشى هەبوو.
 *سۆسیالست و كۆمەلأ و شیوعى و یەكگرتوو، پار سالأ یاداشتێكیان دایە سەرۆكایەتى هەرێم كە تێیدا ناڕەزایى خۆیان دەربڕى بوو لەسەر ئەوەى كە مافى خۆیان پآ نەدراوە؟
 – سەرەتا كە ئەو موزەكەرەیە درایە سەرۆكى هەرێم و حكومەت و پەرلەمان، بەڕاستى نەك هەر پەرۆشى و حەریسى ئەو حیزبانە بوو بۆ حكومەتى هەرێمى كوردستان، بەڵكو ئەوكات ئەو چوار حیزبە پێمان وابوو كۆتایى سالأ و سەرەتاى ساڵى نوێیەو ئەو گۆڕانكاریانە بەڕێوەن، بەڵكو حكومەتى هەرێم بتوانێت بەشێك لەو كەموو كوڕیانەى ئیمكانى چارەسەركردنیان هەیە چارەسەریان بكات، تاوەكو خەڵكى كوردستان زیاتر متمانە بە حكومەت بكەن، وە ئێمەش بتوانین لە ڕێگەى هەندێك چاكسازى متمانەى خەڵك بە خۆیان و حكومەتەكەمان زیاد بكەینەوە، ئەوەبوو سەرەتا لێدوانى تونددراو لەلایەن حكومەتیشەوە ڕەد فێعلى توند هەبوو، بەڵام ئەوەبوو پاشان كۆبوونەوەیەكى هاوبەش لە نێوان مەكتەبى سیاسى پارتى و یەكێتى و چوار حیزبەكە بەسترا، لەیەكتر گەیشتنێكى هاوبەش دروستبوو، دیارە حیزبەكان بەشدارى كردن لە حكومەت بە بەشێك لە ئەداى سیاسى خۆیان دەزانن، پاشان با نموونەیەكتان بۆ بهێنمەوە، من نوێنەرى زەحمەتكێشانى كوردستانم و بەشدارى حیزبى زەحمەت كێشان لەو حكومەتە لە ڕێگاى وەزیرێكە كە منم، لەڕێگاى رۆژنامەكەى ئێوەش قسە دەكەم كە حزبى زەحمەت كێشان بچووكترین دەسكەوتى مادى لەو حكومەتە نەبووە.
 * بەڵام باس لەوە دەكرا كە لە پڕۆژەكەدا داواكراوە بەشى پۆستەكانى وەزارى چوار حیزبەكە زیاد بكرێت؟
 – باوەڕتان بێت من یەكێك بووم لەو كەسانەى كە پڕۆژەكەى داڕشتووەو ئاگادارى بەند بە بەندو خالأ بە خاڵى پڕۆژەكەم، لەسەدا حەفتاى ناوەرۆكى پڕۆژەكە بریتى بوون لە جەغتكردنەوە بە ئەنجامدانى چاكسازى و پاكسازى كردن و ئاوڕدانەوەى زیاتر لە گرفتەكانى خەڵك و یەكلاكردنەوەى كێشەكان، ڕەنگە لەسەدا سى پڕۆژەكە باسى لە ئیستیحقاقى چوار حیزبەكەى كردبێت.
 * باشە ئەگەر پارتى و یەكێتى وەكو پێویست وەڵامى پڕۆژەكەتان نەدەنەوە هەر چوار حیزبەكە بەشدارى حكومەت و پەرلەمان ناكەن؟
 – سەبارەت بە حكومەت وا ڕێككەوتن كراوە كە پێكەوە بەشدار بین یان بەشدار نابین، بەڵام پەرلەمان نا، چونكە پەرلەمان جیاوازەو هەر حیزبێك نوێنەرى خۆى لە پەرلەمان دەبێت، لەسەر پەرلەمان باسى ئەوە نەكراوە بەشدارى نەكرێت.
 * لە دیمانەیەكى رۆژنامەوانى محەمەد مەلا قادر دەڵىَ" هەندێك لەو داواكاریەى كە ئەو چوار حیزبە داوایان كردووە، جآ بەجێكراوەو هەندێكیش ناتوانرىَ جآ بەجێ بكرآ؟
 – زۆر بە كورتى بابۆتان رونكەمەوە پڕۆژەكە چی بە خۆوەگرتووە، بەشتێكى باس لەجىَ بەجآ كردنى مادەى 140 دەكات، بەشێكى تر باس لە چاكسازى دەكات، لایەنێكى دیكەى پڕۆژەكە باس لە پەیوەندى هەرێم و وڵاتانى دەوروبەر دەكات، بەشێكى دیكەشى باس لە كاراكردنى ڕۆڵى حیزبەكان لە حكومەت دەكات.
 * ئەندامى مەكتەبی سیاسی حزبێك دەڵێت: یان دەبێت ئەو حیزبانە بەشدارى حكومەت بكەن، یاخود ئۆپۆزسیۆن بن، واتا ناكرێت لەناو حكومەت بن و ئۆپۆزسیۆنیش بن؟
 – من پێم وایە هەندێك مەنقى خراپە گەر ئەو دوو حیزبانە كارى پآ بكەن لەگەلأ لایەنەكان، منیش پێت دەڵێم ناكرآ تۆ خۆت بە موعارەزە بزانیت و بەشدارى لە حكومەتیش بكەى، بەڵام دەكرآ تۆ لە حكومەت بى و پشتیوانى هەموو هەنگاوە باشەكانى حكومەت بكەى و گەر شتێكى خراپیشت دى باسى بكەى.
 * هیچ زانیاریەكتان هەیە كە كام وەزارەت بۆ چوار حزبەكە دەبێت، لەكابینە تازەكەدا؟
 – وەكو بیستومە دەڵێن وەزارەتى رۆشنبیرى بۆ شیوعیە، ژینگەش بۆ كۆمەڵى ئیسلامى و وەزارەتى بازرگانى وپیشەسازى(دەبێتە یەك وەزارەت) بۆ یەكگرتوو دەبێت، وەزیرێكى هەرێم بۆ سۆسیالیست دەبێت، وەزیرى هەرێمیش بۆ كاروبارى پەرلەمان بۆ زەحمەت كێشان دەبێت، هەریەك لە ئاشورى توركمانەكانیش بەشیان دەبێت ، وابزانم سەرۆكى حكومەت پاش گەڕانەوەى لەسەفەرەكەى بەغدا بۆیەكلاكردنەوەى ئەو مەسەلەیە لەگەلأ چوار حیزبەكان كۆدەبێتەوە.
  F_bewar@yahoo.com
 
 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.