Skip to Content

Tuesday, April 16th, 2024
سەگێک لەدەرەوە بۆ ناوەوەی خۆمان..

سەگێک لەدەرەوە بۆ ناوەوەی خۆمان..

Closed
by April 17, 2013 ئەدەب

 

 

 

 

-(سەگەکەی پاڤلۆڤ  وەک ئەقڵانیەتی گاڵتەجاڕی سۆڤێتی).

 

لەتێورەی بافلۆڤ ئەوە دەبینین کەسەگێک لەڕێگەی مەشقێکی بەردەوام  فێری ژیان دەبێت، فێر دەبێت چۆن ڕەنگەکان و دەنگەکان لێکتری جودا بکاتەوە، فێر دەبێت لەڕێگەی زەنگەوە بزانێت کەی کاتی خواردنە، ئاوەها ئەم سەگە بەستەزمانە دەبێتە دەروازەی تێورەیەک، کەلەدەروونزانیدا پێیدەڵێن (تێوەرەی پەرچە کرداری پاڤلۆڤی). لەم تاقیکردنەوەیەدا فێربوون و دیسپلین لەڕێگەی مەشقکردن و ڕاهێنانەوە دەەستپێدەکات، مرۆڤ ئاوەهاش ماتریاڵانە لەژیاندا فێردەبێت حەزەکانی خۆی پەنگخواردە بکات وکۆنترۆڵی بکات، بەجۆرێک لەگەڵ ڕۆشنبیری وکولتورێکی تایبەتدا بگونجێت ..دیارە لەسەر ئەم تێوەرەیە کاردانەوە دەماغیەکان دۆزرایەوە، لەوێشەوە سوستێمی دەوڵەتی کۆمەنیستی ئەم تێوەرەیەی لە سەربازگە وفابریک وکۆمەڵگە پراکتیزە کرد. لەنەوەدەکانی سەدەی بیستدا  کەتازە سۆڤیەت ڕووخابوو، بەندە لەسۆڤیەتی کۆن بوو، لەماڵی پیرێژنیکی زەمەنی ستالیندا ژیانم بەسەر دەبرد، بێگومان وەک هەر دەربەردەرێکی ئەبەدی، بێگومان بەئێستاشەوە! بەیانی زوو کەپیرێژن هەڵدەستا لەخەو، تاشەو چاوی دەچووە خەو، ڕادوێیەکی بچوکی هەبوو بەدیوارەکەوە هەڵواسرابوو. بێگومان  لەدوایدا بۆم دەرکەوت کەئەم ڕادوێیە، ڕادوێ نییە!، ئەمە ڕادوێیەکی ساختەی سۆڤێتە، هەر وەک چۆن جارجارە دەڵێم هۆشمەندی ساختە لەنێو ڕۆحی مۆدێرنە بوونی هەیە، ئاوەهاش ڕادوێیەکە لەکۆی سوڤیەت بەساختەیی، بەمانای تەنها بەفۆرم ڕادوێ بوو.  بەهەر حاڵ ئەم ڕادوێیە بەردەوام باسی سەرکەوتنەکانی سۆڤیەت وسەربەرزیەکانی مرۆڤی کۆمەنیست و پڕۆژە گرنگەکانی حزبی دەکرد، لەدوایدا کەویستم شەپۆلی ڕادوێیەکە بگۆڕم، بۆ ئەوەی چیتر لەبەیانیەوە تا ئێوارە ئەم پێرێژنە بەستەزمانە گوێی لەم گوتارە پڕ کەف وکوڵ وپڕ شکۆمەندیانە نەبێت، چ نەبێت ئەوە گوێ لەسروودی ئینتەرناسیونال یان بژی سۆڤیەت نەبێت. بەمەرجێک ئەوە چوار ساڵ دەبوو سۆڤیەت بوونی نەمابوو، پیرۆیسترۆیکا و گڵاسنۆست کۆن بووبوون . کەویستم شەپۆلەکە بگۆڕم، خاوەن ماڵەکەم گووتی: کوڕم خۆت هیلاک مەکە چونکە ئەوە یەک شەپۆلە، ئەوە تەنها لەدەرەوە لەڕادوێ دەچێت!. کەڕادوێیەکەم لەدیوارەکە کردەوە زانیم  لەڕاستیدا ئەم قەباغی ڕادوێیە ولەناوەوە تەنها یەک بڵندگۆی بچوکە و هیچ کارەباو و پاتری ناوێت،  تەنها وایەری هەیەو کراوە بەپلاکێکەوە، ئەو پلاکە کابڵی دەنگە نەک کارەبا، لەسێنتڕاڵێكەوە بۆ هەموو بیناکانی ناوچەکەیە، بەمانای شەپۆلی ڕادوێ نییە!. هاوڵاتی سۆڤێتی ئەوەندەی لەسەرە، تەنها  وایەرەکە بکات بەپلاکی دەنگەوە، ئیدی ماڵەکە پڕ دەبێت لەشکۆداری وسەرکەوتن و وەک سەگەکەی باڤلۆڤ پەرچەکردار لەنێو ناخیاندا دەجوڵێت. لەو ساتەوەختەدا هەستمکرد، کەسەگەکەی بافلۆڤ بەرجەستەبوونی کۆی هاوڵاتیانی بلۆکی سۆسیالستی بوون، لەژێر دووبارەبوونەوەی پەرچە کرداردا  فێری ژیانێک بوون لەنێو سەربازگەیەک کەناوی سۆڤیەت بووە. 

دیارە ئەم تێۆرەیە باسی ئەم گوتارەی من نییە، بەڵام ئەوەی لەم گوتارەدا گرنگە، ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجی منە سەگەکەی باڤلۆڤە کەلەپشتیەوە (ئیڤان پیترۆڤیچ باڤلۆڤ) وەستاوە. بێگومان سەرەتا  وەک ڕۆشنگەرێک، لەدوایدا وەک زانایەکی نیرۆسوستێم ودەروونزانێکی فیسیۆلۆژی، کەلەسیەکانی سەدەی بیست کۆچی دوایی دەکات.  ئەقڵانیەتی  ڕۆشنگەری باڤلۆڤی  گەر هاتوو ئاوەها بتوانین  وەسفی بکەین، لەسەر ئەو بنەمایە وەستاوە، کەدەبێت  ئاقڵ بین ولەگەڵ سوستێمدا و بەسوتماتیکراوی فێری (ژیانکردن) بین، نەک ژیان خۆی!. هیوادارم خوێنەری ئازیزم ئەم دوو وشەیە جودابکاتەوە لەگەڵ خۆیدا، بەوەی لەکوێدا ژیانکردن هەیە ولەکوێشدا ژیان هەیە!، ئەم پرسیارە بەکراوەیی جێدێڵم. بەهەر حاڵ،  ئەوە سوستێمی نۆیرۆ فیزیۆلۆزی سوڤێتە  کەسەگەکەی باڤلۆڤمان بۆدەکات بەنموزەجێک بۆ فێربوونی نۆرم وبەها وئیتیکی نوێ. بەمانای فێرمان دەکات، کەدەکرێت لەڕێگەی پەرچەکردارەکانەوە هەڵسوکەوتی نوێ بینابکەین وفێربین چۆن بژین، لێرەوە چەمکی ژیان وژیاندن لای من جودا دەبێتەوە، بەوەی ژیان مانای هەڵگرتنی هەموو خەون وئازار وچێژەکانە. لەدەرەوەی سوستێم. لەدەرەوەی هاوکێشەی ئەقڵانی و لەنێو خەونت بچوکی خۆت و خەیاڵی فراوانی خۆتدا بیت. بەگشتی لەدەرەوەی ئیرادەی گشتیدا، تەنها خۆت بیت، وەک بوونێک لەگەڵ خۆتدا وپاشان لەنێو جیهاندا. 

گەڕان بەدووی  ئەقڵانیەتی گاڵتەجاڕدا، لە خودی پاڤلۆڤدا، لەسەگەکەیدا ڕەنگدەداتەوە،  کەبەشێکی پڕێتی لەپڕنسیبەکانی ڕۆشنگەری وبەشێکی دیکەشی پڕێتی لەئیرۆنی و گاڵتەکردن بەهەمان پڕنسیب. بەمانای هەڵگێڕانەوەی پڕنسیبەکان بەپێچەوانەی ئاڕاستەی خۆی لەژێر ناوی ڕۆشنگەری خۆیەوە، کەلە گوتارەکانی دیکەدا بە( هۆشمەندیەکی ساختە ) پێناسەمان کرد . پاڤلۆڤ  وەک  ڕۆشنگەرێکی سەردەمی خۆی، وەک ناتورالیستێک کەزیاتر جەختدەکاتەوە لەسەر ئەوەی مرۆڤ لەڕێگەی فێربوونی سوستماتیکەوە دەتوانێت هەستەکانی خۆی کۆنترۆڵ بکات،  هەرەوەها دەگاتە پێکهێنانی هەڕەمیکی مەعرفی تایبەت بەخۆی، تەنانەت ئیتیک لەسەر ئەم بنەمایە دروستدەکرێتەوە. ئەمەش خۆی لەخۆیدا کێشەی بوون بەشێوەیەک لەشێوەکان دەخاتە پەراوێزی فێربوونی سوستماتیکەوە، بوون لەدەرەوە دێت  بۆ خود نەک خود لەبەرامبەر جیهاندا بوونی خۆی بدۆزێتەوە. لەگەڵ ڕووخانی ئەو ماشێنە گەورە پڕوپاگەندیەی سۆڤیەت، هاوڵاتیانی سۆڤیەت سەریان لێدەشێوێت، وڵات لەشەو ڕۆژێکدا دەبێت بەمافیا و فەوزا. ئیدی من هەمیشە بیرم لەوەدەکردەوە گەر هاتوو ڕادوێ ساختەکەی سۆڤیەت نەمێنێت، چیتر قسەکردن لەسەر موزیک لای خانەوادە پیرەکەمان بوونی نییە.  

بەگشتی ئەوەی کەفێر بووە سەگەکەی باڤلۆڤە، ئەوەی کەجیهانیش دەبێت لێوەی فێربێت سەگەکەیە. بەشێوەیەکی دیکە ئەم دەستەواژەیەم فۆرمولە بکەم ئەوەیە، کەسەگەکەی باڤلۆڤ ئەو ئیدیالە گەورەیە بۆ پەڕینەوەی خود بەرەو مەعریفە، مادامەکی مەعریفە هیچیتر نییە جگە لەدروستبوونی زانیاریەکان لەنێو تۆڕی دەماغ ودەماری عەسبیدا. سەگەکەی باڤلۆڤ  سومبۆلیکی گرنگە لەدەروونزایی سۆڤیتیدا، کۆمنیزم خۆی لەخەباتی ڕۆشنگەری خۆیدا هەوڵیدەدا ئەو ماشێنە گەورەیە بێت کە مرۆڤ لەسەر مۆدێلی سەگەکەی باڤلۆڤ دروستبکات. تاڕادەیەک ڕاگەیاندنی ئۆرگانیزەکراوی سۆڤیەتی ولەپاشاندا قوتابخانەی ڕیالیزمی شۆڕسگێڕی لەنێو ئەدەب و هونەردا هەوڵیاندا، هەموو سۆڤیەت پڕبکەن لەو سومبۆلانە کەدەبێت هاوڵاتیان بەردەوام بیانبینن، بۆئەوەی هەمووان وەک سەگەکەی باڤلۆڤ پەرچەکرداریان هەبێت و ملکەچی مەزنیەکانی دەوڵەت بن. ئاوەها پەیکەرتاشی، ئاهەنگ و مەراسیم و تەنانەت ڕۆژنامە و تەلفیزۆنوەکانیش لەخزمەتی  وێنەی ئەو سەگە بوون، کەناوی هاوڵاتی سۆڤیەتی بوو.  لێرەوە ئێمە وێنەی سەگەکەی باڤلۆڤ دەبینین کەلەدەوەرە دێت و ئێمە فێردەکات چۆن بژین، چۆن هەڕەمی ژیان بینابکەین، چۆن بخەوین و چۆن گوێ لەدەوڵەت بگرین و چۆن بەختەوەربین کەهاوڵاتین لەکۆمەڵگەدا. سەگەکە لەسەرەتادا لەگەڵ دەنگ کاردانەوەی دەبێت، کاتێک گوێی لەفیکەیەک دەبێت، دەزانێت خواردنەکەی لەکوێ بۆ دانراوە، پاشان فێری جیاکردنەوەی ڕەنگەکان دەبێت، ئاوەها لەبونەوەرێکی ناهوشیارەوە دەبێتە سەگێکی  هوشیار بەدونیابینی هاوڵاتیەکەوە، لێرەدا  ئێمە لەبەردەم ئەقڵانیەتی ڕۆشنگەری مۆدێرنین، کەمارکس وەک هێگیلەکەی چەپ (هێگڵ) لەناوجەرگەی ئایدیالزمی ئەڵمانیەوە دێت وجارێکیتر دونیا تەفسیر دەکاتەوە بۆ بیناکردنی سوستمێکی سۆسیالستی، ڕۆشنگەری مارکسی دونیا بەدیووە کارلەسەرکراوەکەی دەبینێت، کەدەبێت لەشرۆڤەوە باز هەڵبدەینە سەر گۆڕینی سوستیمی کاپیتالیستی، ئەم پرۆسە بەپرۆسەی فێربووندا تێدەپەڕیت، خودی (لێنین – ترۆتسکی -ستالین) ڕابەڕایەتی ئەو گۆڕانکاریەیان دەکرد و دەوڵەتی کۆمەنیستی لە ١٩١٧ لەدایکدەبێت و لەسەردەستی (گۆرباچۆف ) کۆتایی پێدێت و دەڕوخێت، ئەمەش وەها دەکات بیر لەوەبکەینەوە کەهوشیاری لەبەرامبەر ئایدۆلۆژیادا دەبێت بەپرۆسەی سەگەکەی باڤلۆڤدا تێپەڕبێت، دەنا ستەمە شۆڕش سەربگرێت، ئەم پرۆسەیە ناو نرابوو ئەڵقەی ڕۆشنبیری و هوشیاری شۆڕشگێڕانە . شۆڕش لەخودی خۆیدا هیچ نییە جگە لەبوونی ئێمە نەبێت بەسەگێکی گوێ ڕایەڵ، کەبەدیاریکراوی ڕەنگەکان جیابکەینەوە و لەکاتی فیکەلێداندا بچینە بەردەم قاپی نانخواردن. دیارە ئەم قسەیەی من تەنها کۆمۆنیزم ناگرێتەوە، یان پڕۆسەی شۆڕش، بەڵکو کۆی سوستێم دەگرێتەوە، کەسوستێمی دەوڵەتە و دەسەڵاتە. دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەسروشتی خۆی، سوبێکت یان خود دەخاتە بەردەم ڕەنگ و دەنگەکانی خۆی. ئیدی خود لەبەردەم جەبریتی دونیای دەرەوە، دونیایەکی دیکە لەخۆیدا دروستدەکات، بۆ پاراستنی خۆی وەک بونەوەرێک لەنێو ژیانـکردندا، نەک لەژیاندا بژی. بەمانای خود ئەو جەبرە، ئەو فشارەی دونیای دەرەوە لەنێو خۆیدا بەرهەمدەهێنێتەوە، لەنێو خۆیدا جارێکی دیکە دەبێتە سوستێم، ئامێری دەروونی سوستێم دەکاتە جۆرێک ژیانی ناوەکی ولەگەڵیدا کۆی دونیای ناوەوە ودەرەوە بەدەوریدا دەخولێتەوە. ئەم خەسڵەتە تەنها کۆمۆنیزم یان ئایدۆلۆژیان ناگرێتەوە، بەڵکو لەگەڵ مۆدێرنەدا ئیدۆلەکانی بازاڕ ومۆدێل و شێوازی ژیانی ئیندیڤیدوالی و ئاسۆسیالبوون (ناکۆمەڵایتیبون) و شمەکخۆری (کۆنزوم) و هەڵپەی شت بەدەستهێان و ڕەدووی سێکسیزم کەوتن،  دەبن بەو گڵۆپ و ڕەنگانەی کەمرۆڤی مۆدێرن وەک سەگەکەی باڤلۆڤ پەرچەکرداری دەبێت بۆی،  لەدوایشدا بەحوکمی پێویستی دەبێتە شێوازێکی ژیان. ئاوەها ئەقڵانیەتی گاڵتەجاڕی لەژێر ناوی ئیندیڤیدوال بوون، تاکڕەوبوون، ژیانی تایبەت،  لەژێر ناوی دۆزینەوەی خودی خۆت، دوور لەکۆلیکتیڤ و کۆمەڵ. مرۆڤێکی تەنها دروستدەکات کەزیاتر بەرهمهێنەرە وئەوەندەش بەشدار نییە لەپرسەکانی کۆمەڵدا، بەیانی دەچێت بۆ زانکۆکەی وانە دەڵێتەوە و بەختەوەرە ئەرکی فەلسەفی ڕۆشنگەری خۆی بەرامبەر جیهان بەجێهێناوە!  یان دەچێت بۆ کارگە و کۆتایی هەفتە گەر سێکسی باشی هەبوو ،یان توانای پشووبدات بەدڵی خۆی، ئەوا بەختەوەرە بەوەی بەسوودە بۆ مرۆڤایەتی. ئەم مرۆڤە ئاپاتیە (نابەشدار)، نابەشدارە لەوەی چی ڕوودەدات لەسەر ئەم زەویە، ئەم مرۆڤە تاچوونی بۆ بەردەم پیرخانەکانی مۆدێرنە لەشەست وحەوت ساڵیدا ئاوەها ژیاندن دەکات، نەک بژی بەمانای وشە.  

بەکورتی گەر مرۆڤ لەژێر حوکمی کۆمنیستیدا دەرکی بەوەکردبێت، کەدەکرێت بەکوشتنی سەگەکەی باڤلۆڤ و لەڕێگەی قڵپکردنەوەی ئەو سوستیمی حوکمە خۆی قوتار بکات، ئەوامرۆڤی مۆدێرن نازانێت لەکوێوە کۆنتڕۆڵکراوە، بەڵکو بەختەوەرە بەو هۆشمەندە ڕۆشنگەریە ساختەیەی بەدەستیهێناوە و ڕۆژانە لەژێر ڕیتمی ئەقڵانیەتە گاڵتەجاڕیەکەیدا لەنێو ژیاندایە، نەک لەنێو ژیاندا بەدووی بوونی خۆیدا بگەڕێت، سۆڵیدار بێت بەرامبەر بەخۆی. ئاوەها بەڕێزانم دەگەمە ئەوەی،  گەر لەسوستێمی کۆمۆنیزمدا سەگەکەی باڤلۆڤ لەدەرەوە، بەزۆر بێتە نێو ناخی مرۆڤەوە وناوی هەبێت، ئەوا لەکاپیتالیزمدا، یان پۆست کاپیتالزمدا، ئەم  سەگە مۆدێرنە  نادیارە، ئەم سەگە لەنێو ناخدا و لەگەڵ ئەم مرۆڤەدا لەدایکبووە و هیچ ناوێکی نییە. لێرەوە من لەوبڕوایەدام دەبێت هەریەک لەئێمە لەناخی خۆیدا بەدووی  ئەوسەگەدا بگەڕێت، بیدۆزێتەوە و لەدواجاریشدا  فڕێیداتە دەرەوەی خۆی ..  

 

ئیسماعیل حەمەئەمین

 

تێبینی

کۆی گوتارەکانی پێشوو سەردانی ئەم لینکە بکە: http://www.knwe.org/Direje.aspx?Jimare=18294&Cor=2&Besh=Witar

یان فەیسبوک :  http://www.facebook.com/ismailhamaminh

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.