Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
سەگەکانی (ڕۆژی خۆشەویستی)!

سەگەکانی (ڕۆژی خۆشەویستی)!

Closed
by February 17, 2012 چیرۆک

لە شەوی فالانتاینس لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن زەنگیان بۆ لێدام گوتیان : نەخۆشێک لێرەیە داوای تۆ دەکات و دەبێت بەزووترین کات بێیت بۆ دیداری !
بێگومان یەکسەر زانیم ئەوە دەنکەکەمە لە ڕۆژی خۆشەویستی بەتەنیا بووە زەختی دابەزیوە . هەرچەندە دودل بووم لە چوونم بۆ نەخۆشخانە ، لێ سەگێکی بە وەفا بووم ناچار بە ڕێکەوتم .
تەنیا کەسێک بانگی کردبم سەگ ئەوە دەنکەکەم بوو ، لەو باوەڕەم ئەگەر دایک و باوکم پێمیان بگوتایە سەگ قەبولم نەدەکرد ، هەرچەند دەزانم ئەوان دلیان نایە بە کۆرپەی خۆیان بلێن سەگ .
دەنکەکەم بۆی ڕووندەکردمەوە کە بۆ نازناوی سەگی لێناوم . دەیگوت : تۆ توخمی سەگت تێدایە بە وەفایت ، چەندین جار لێت تووڕە دەبم تەحمولم دەکەیت . جار هەبووە بە ساڵ خۆم لێت شاردووەتەوە هیچ تووڕە نەبوویتە  ، هەر کە منت بینیوە گەشاویتەتەوە . کاتێ من قسە دەکەم تۆ گوێ دەگریت لەگەل نەخمی وشەکانم بە چاوەکانت وەلامم دەدەیتەوە . کاتێ دەست بەسەرتا دەهێنم وەک سەگێک دەنووزێتەوە .
دەنکەکەم ڕاستی دەکرد لەو ڕۆژەوەی خۆشمویستووە وەک سەگ بەدوای کەوتووم . ئەوەتا ئێستا بەڕیگاوەم وەک سەگێکی بەوەفا دەبێت بچم فریای بکەوم .
سەگ شتێکی سەیرە ئەگەر خاوەنەکەی پیاو خراپش بێت ئەم هەر بە وەفا دەبێت . کابرایەکی خەدار دەتوانێ بڕێک سەگ ڕاگرێ و پاسەوانی بکەن . خۆشەویستەکەی منیش خەدار بوو ، جار هەبوو لەبرسا دەیکوشتم و بۆ پارچەیەک ئێسقان بەدەستی ئەو شێت و هاردەبووم ناچار لەبەردەمی هاتوو چۆ بکەم تا بەزەیی پێما بێتەوە ئاوڕێکم لێباتەوە . کە پارچە ئێسقانەکەی بۆ فڕیدەدام سەرەتا دەملێسییەوە پاشان بۆ سوپاس کردنی و دەڕبڕینی خۆشەویستی هەلدەگژام بە سەر دەست و پێی  تا تێر دەبووم لە ماچ کردنی . پاشان لە ناو کۆشی درێژدەبووم ئەویش دەستی بەسەرما دەهێنا و قسەی بۆ دەکردم منیش سەرم بۆ دەلەقاند.
تا خەومان لێدەکەوت ئەو هەر قسەی دەکرد منیش بۆنی لەشیم دەکرد . ئنجا دەیگوت : هەستە سەگە بچکۆلانەکەم دەزانم تێر نابیت لە بۆنکردنم .
ڕەگی سەگم تیا بوو ، یارم بێبەزەیی بوو جار هەبوو ئەوەندە بیرم دەکرد کەچی ئەو تەقەی سەری دەهات یان ماوەیەک بەدڵ و بەگیان لەگەل کەسێکی تر دەڕۆیشت بۆ گەشت وگوزار و وندەبوو ، هەر کە دەگەڕایەوە لام کلکم بادەدا و هەلبەز هەلبەز بەدەوری دەسوڕامەوە ، ئەویش باوەشی بۆدەکردمەوە بەسەرهاتی گەشتەکەی بۆ دەگێڕامەوە .
ڕۆژێکیان لەخۆم تووڕەبووم و بڕیارمدا توخمی سەگیم فڕیدەم و وەک ئادەمیزاد بژیم ، لەم یارە خەدارە دوور کەومەوە ، چونکە لەو ڕۆژەوەی خۆشمویستووە بەدوای کەوتووم بوومەتە کۆیلەی و بەئارەزووی خۆی یاریم پێدەکات .
لە ڕۆژی ڤالاتاینس بە جێمهێشت ، گوتم با قەدری من بزانێ . ئەو ڕۆژەم بەتەنیا بردە سەر ، بیرمکردەوە دەمگوت : بۆ هەردەبێ من  نازی یار هەلگرم  .
ئەوەتا لە ڕۆژی خۆشەویستی نەیتوانیوە  بەتەنیا بێت و نەخۆش کەوتووە .
گەیشتمە ئۆفیسی نەخۆشخانەکە لە هەوالی یارم پرسی ، گوتیان : بە تاکسی گەڕاوەتەوە ماڵ .
کەمێک پەست بووم بەلام چیبکەم ناچار بەرەو مالی یار چووم . لە ڕێگا سوپێکی گەنمە کوتاوم بۆی کڕی کاتێ گەیشتمە مالی بینیم لەسەر قەنەفەکەی راکشاوە و بڕێک حەبی لەدیار سەری داناوە .
بە بێدەنگی سوپەکەی دەستم لەسەر سینیەک داناو لەدیار سەری دانشتم ، بێ ئەوەی هیچی لێبپرسم لەسەرخۆ بە کەوچک سوپەکەم خستە دەمی . پاش ئەوەی تەواو تێربوو ، ئنجا قاپە سوپەکەم خستە باوەشم و هێواش ‌هێواش چووڕم کرد .
قاپەکە تەنیا تەڕایی سوپەکەی تیامابوو لەتێ نانم هێنا و پیا لێسامەوە ، سەیرێکی یارم کرد دەستێکی بەسەرمدا هێنا و خەندە لەسەر لێوەکانی شکۆفەی دەکرد .
منیش نووزامەوە و خۆمکرد بە باوەشیا !

ن/ جەلال قادر

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.