Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
سەگ و مرۆڤە تەنیاکان ! … نەهرۆ

سەگ و مرۆڤە تەنیاکان ! … نەهرۆ

Closed
by April 9, 2013 چیرۆک

 

 

 

تورکەکان دەڵێن ( باکر سەڵتەنەت ) بەواتای بێ ژنی سەڵتەنەتە، ڕەنگە ئەم بۆچوونە تاڕادەیەک وابێ بەڵام کاتێ ئالووشی سێکسی تەنگ بە مرۆڤە تەنهاکان هەڵدەچنێ ئەو دەمە حەز دەکەن یەکێک لەگەڵیاندا بێ، ئەگەر پیاوە حەزی بە ئافرەتە ئەگەر ئافرەتیشە حەزی بە پیاوێکە، ئەمە ئەوە ناگەیەنێ ئێمە تەنیا بۆ سێکس مروڤەکانمان لا مەبەست بێ بە تایبەتی ئافرەتان، ژیان ئینسان زۆر لەوە گەورەترە لە پرۆسەی سێکس دا قەتیس بکرێ !

لەم وڵاتەی ئێمە لێ دەژین ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی پینج ملیونە کەچی ملیونێک لە هەردوو ڕەگەزەکە بەتەنیا دەژێن، وڵاتانی سەرمایەداری و رۆژئاوا زۆر لە مێژە بەستوونی ئیش لەسەر کەسایەتی تاک دەکەن یان بە شێوەیەک لە شێوەکان مرۆڤ ناچار دەکەن لەسەر بنەماو ستراکتوری ستوونی بژێ و خۆی پێ بگەیەنێ.

ئێواران کاتێ سەیری تیڤی ئەکەم و گوێ لەهەواڵەکان ڕائەگرم بەیناوبەین هەواڵێ سەیرو سەمەرە باس دەکرێ لەبەرانبەریدا ئینسان تووشی حەپەسان و سەرسامی یەک دێت، چەشنی ئەو هەواڵانەی، پیاوێک بە چەقۆ ژنەکەی خۆی کوشتووە یان ژنێک بەچەک دوستی قەدیمی خۆی کوشتووە ! منیش لەم دەم دەستەدا هەزارویەک وێنەی ئاڵوز بە رووی پەردەی مێشکم دا گۆزەر دەکا، دەگەمە ئەو باوەڕەی کە مرۆڤەکان تەنیا لایەنی میهرەبانی و خوشەویستی یان نییە، هەندێ جاریش رق و کینەو ئیرەیی و شەرئەنگیزی زاڵ ئەبێ بەسەر مێشکی یان دا، وەک فروید وێنای کردووە کە خانەکانی مێشک وەک ساختمانێکی چەند نهومی وایە جاروبار ئەژدەهایەک لە نهومەکانی خوارەوە سەردەردەکەن دێنە سەر ساختمانەکە هەموو دانیشتوانی سەر ساختمانەکە تووشی سەرسووڕمان دەکەن، دیارە فروید مەبەستی وعی و لاوعی یە، لە کورەدەواری خۆمانیشدا دەڵێن شەڕ بە کۆنە قین دەکرێ !

کاتێ گوێم لەو تراجیدیانە ئەبێ، خوزگە دەخوازم کە تەنیام، کێشمەکێشی رۆژانەم نییە لەگەڵ هیچ کەسێك دا، ئەگەر جاروباریش شەڕئەنگیزیم هەبێ ئەوە روو لە خۆم دەکا وەک جورێک لە خودکشی خوانەخواستە ئەگەر رووبدات !

پارکێک هەیە کەوتۆتە شوێنێکی بەرزایی یەوە بەشێوەیەک کە دەروانێتە بەشێکی ئوسلۆ و گەڕەکە دوورەکان، سێ کورسی تەختەی دانیشتنی لێ یە بەدرێژایی پەنجا مەتر دوور لەیەک دانراون، زۆر جار بۆ هەوا گۆڕین و هەڵمژینی هەوای پاک دەچم سەعاتێک لەسەر یەکی لە تەختەکان دائەنیشم، لەدەروازەی پارکەکە تابلویەکت بەرچاو ئەکەوێ تیایدا چەند دێرێک بەخەتی درشت نووسراوە، بەئاسانی دەخوێندرێتەوە، ئەوەی لێ حاڵی بووم کە پیاسەکەران دەتوانن سەگ لەگەڵ خویان دا بهێنن و بەرەڵلای بکەن بەڵام لەکاتی ئەزیت دانی یەکی یان قەپ کردن بەکەسێکدا ئەوە خاوەن سەگەکە بەرپرسیارە !

ئەم پارکە نزیکەی٢٠ دەقیقە بە پێ لەماڵەکەمەوە دوورە، منیش ئێواران دەچم بۆ ماوەی ساعاتێک لەسەر تەختێکی بەتاڵ دائەنیشم، زۆرجار کچێکی جوان تووشم ئەبێ چاویلکەی لەچاوەو سەگی پێ یە، تا ئێستا هەمان کچ لەگەڵ دوو سەگی جیاواز دا  بینیومە یەکێکیان گەورە بوو ئەوی دیکەیان گچکە !

ئیدی لەو پانتایی یەی کە چاوم بۆی ئەروانی، هەر زەلامە دێ بۆ پارکەکەو سەگێک یا دووانی پێ یە ! سەگی جۆراوجۆر، قەبوز پان، دەم باریک وەک تانجی، نزم، قەڵەو توتکە سەگ، گوچیلە، هەر زەلامەو خۆی سەگەکەی بە ئاقارێک دا دەرۆن، بەڵام کە سەگەکان چاویان بەیەک دەکەوێ ڕائەکەن بۆ لای یەکتر ڕەنگە لەبەر ئەوە بێ پێکهاتەی بایلوجی و کیمی یان وەکو یەک بێ !

هەندێ جاریش بۆن بەیەکەوە دەکەن، سەگ بۆ بۆن کردن زۆر هەستیارە ! تەنانەت دەڵێن پێش روودانی بوومەلەرزە دەوەڕێ، گوایا دەزگای بۆن کردنی سەگ لە هی مرۆڤ چەن قات هەستیار ترە ! ئیدی کاتێ سەگەکان ئەچن بۆ لایەی یەک، خاوەن سەگەکانیش ناچارن بەدوای سەگەکانیان دا برۆن، نازانم بە ناچاری یە یان بەرێکەوت دەکەونە دوواندنی یەکتر، هەیانە ماوەی چارەکێک بۆ نێو سەعات دەمەتەقێ دەکا، منیش لە دڵی خۆم دا دەڵێم، سوپاس بۆ ئەو سەگانە کەوا مرۆڤەکانی ئەم وڵاتە لێک نزیک دەکاتەوە !

رۆژێکیان گەنجێکی میهرەبانی نەرویجیم تووش بوو کە پێشتر دەمناسی، پسپور بوو لە بواری کومپیوتەردا، ناوی ماریوس بوو، پێمگوت ماریوس نهێنی خوشەویستی و خاونداریەتی سەگ چی یە؟ درێژەم بە قسەکانم داو گوتم لای ئێمە تەنیا ئەوەی مەڕوماڵاتی هەیە سەگ ڕادەگرێ یان جووتیارەکان تەنانەت بەم دوایی یە لە گوندەکانیش ئەوەی سەگی هەبوایە، شارەوانی مەفرەزەی دەر ئەکرد دەیانکوشت گوایا نەخۆشی بڵاودەکاتەوە!

لە وەڵام دا گوتی سەگ ڕاگرتن نهێنی یی بۆ چی یە، لەرووە کۆمەڵایەتیەکەوە دەتوانی کایە لەگەڵ یادەوەریی دا بکەیت، جۆرێک لە هەماهەنگی نێوان خۆت و سەگەکە بهێنیتە کایەوە بەشێوەیەک کە لەزمانی یەکتر حاڵی بن، هەروا گوتی جاروبار دەرئەچم بۆ ڕاو لە نێو جەنگەلەکان بەمەبەستی ڕاوکردنی تەیروتواڵ، گوتم چەکت هەیە؟ گوتی بەڵێ بەڵام سەگەکە یارمەتیم ئەدا، پەرتوکێکی پێ بوو لەمەر جۆری سەگ و چونیەتی مامەڵەکردن لەگەڵی دا هەروا جیهازێکی خڕی بچکوڵانەی پێبوو دەستی پیا ئەنا پیپ، پیپ دەنگی دەرئەکرد، گوتم ئەو جیهازە چی یە؟ گوتی حەتمەن لەبارەی تیئورەکەی بافلوفەوە شتێک دەزانی کە چۆن لەگەڵ گیانلەبەران دا مامەڵەی دەکرد، لەرێگای لێدانی زەنگ و پێدانی پاداشت و سزا، گوتم بەڵێ، گوتی منیش وا سەگەکەم ڕاهێناوە کە دوو پیپی لێدەم بە واتای سزایە، کە سێ پیپم لێ دا بە واتای پاداشتە، ئیدی بەقسەم دەکا !

کەچی من لەم گۆرەپانە رۆژێک کابرایەکم بینی سەگەکەی بەرەڵلا کردبوو، سەگەکە چووبوە سەر تەپوڵکەیەک، هەر چەند بانگی کرد سەگەکە نەهاتە خوارەوە تا ناچار بوو بە دوای دا بڕوا بە گویچکە هینایە خوارەوە!

کاتێ دوو سەگ لەناکاو تووشی یەک دەبن بەیەک دەوەڕن، منیش لە دڵی خۆم دا دەڵێم ئەمە شەرانگیزی و ئەگرەسیڤی خاونەکانیانە ئەوان دەریدەبڕن !

رۆژێکیان کچێکی گەنجی پرچ ڕەشم بینی، دیار بوو پەناهەندەیە، دوو سەگی پێ بوو، هەردووکی بەرەڵلا کردبوو، کاتێ من بە تولە رێگاکەدا دەڕویشتم، لەپرێکا سەگەکان بە توندی هاتن بۆ لام خویان پێما هەڵگژاند، خەریک بوو قەپم پیاکەن، منیش تێم خوڕین بەکچەکەم گوت نابێ ئاگات لێ یان بێ، وام هەست دەکرد کچەکە لەژێرەوە بە ئاماژە یان بە قسە هانی دابن، بۆ چی نە، هەندێ پەنابەر هەیە رقی لە پەنابەری دیکە ئەبێتەوە وا ئەزانی ئەو بەشەکەی ئەخوا ! هەندێ جار لەشوێنە دواکەوتووەکانی کوردەواری دەڵێن ( میوان رقی لە میوانە بەڵام خاوەن ماڵ لەهەردووکی !)

تەنانەت کاتێ لەسەر تەختەکان دادەنیشم سەگی دێ خۆی پێما دەخشێنێ، من خۆمی لێ لائەدەم و ترسێکم لێ ئەنیشێ، پێم وایە ڕەگی ئەو ترسەی مناڵی یە کە لەناخم دایە، کاتێ کە مناڵ بووم برادەرێکم هەبوو ئێستا لە ژیان دا نەماوە، زۆر بێوەی بوو، توپێکی لاستیقی هەبوو، گوڕەپانی یاریەکەش لە تەک ماڵیان بوو، ئێوارانێک بەمەبەستی یاری کردن لەگەڵی دا چووم بانگی بکەم، دەرگاکەیان کراوە بوو حەوشەیەکی گەورەشیان هەبوو لەگەڵ سەگێکی دڕ ! پێش ئەوەی برادەرەکەم بێتە دەرەوە سەگەکە پەلاماری دام، هەر چەند هاوارم کرد فایدەی نەبوو، قەپیکی گرت لە بەشی خوارەوەی قاچم دا بەشێوەیەک کە کەڵپەی تێ چەقاند، دەستبەجێ پەجامەکەم  بوو بە خوێنەوە، ئیدی ڕام کرد بۆ ماڵەوە بە دایکم گوت سەگەکەی ماڵی فڵانە کەس قەپی لێدام، دایکم گوتی کوڕم دەبێ چل کەوچک ( مەراک) ئاوی سارد بڕێژێت بەسەر برینەکەت دا، تاوەکو تووشی هاری نەیت ! گوتی ئەوەی سەگی هار بیگرێت تووشی بەڵای هاری دێت، بۆیە پێشینان گوتوویانە دەبێ چل کەوچک ئاوی سارد برێژیت بەسەر برینەکەی دا، بۆ بەیانیەکەی خۆم بەتەنیا ڕویشتم بۆ بیمارستان بە برین پێچەکەم گوت سەگ گرتوومی، ئەویش یەکسەر بێ بیرکردنەوە دەرزییەکی دژی گزازی لێدام !

بۆیە تا ئێستاش لەگەڵ دابێ پێم وایە سەگ ئەمانی نییە ! کەچی ئەوەی لێرە لەم وڵاتە سەرنجم دابێ، سەگەکانیان قەپ لەکەس ناگرن، تەنانەت خاوەنەکانیان رێنمایی دەکرێن لە رێگای پەرتوک و بەرنامەی تەلەفزیونی یەوە کە چۆن سەگ بە خێو دەکەن بۆ نموونە رێژەی خواردنی رۆژانەی، چونیەتی شووشتنی تەنانەت پیسایەکەی حیسابی تایبەتی بۆ ئەکەن ! لێرە هەموو خاوەن سەگێک کە لەگەڵ سەگەکەی دەرئەچێ بۆ پیاسە، بەستەیەک کیسەی رەشی بچوکی لە گیرفان دایە، لەکوێ سەگەکە پاشەڵی چەماندەوە ئیدی خاوەنەکەی دەزانێ، کیسەیەکی ڕەش لە گیرفانی دەرئەکا و هەڵی دەگرێتەوەو گریەێێکی لێ ئەدا و بەدەستیەوە دەگرێ تا ئەو شوێنەی تەنەکە زبڵێک ئەدۆزێتەوەو تێ ئەکا !

گەرچی جاروبار هەندێ خەڵکی تەمەڵ هەیە مەبەستم خاوەن سەگەکانە ئەم ئەرکە فەرامۆش دەکا پیسایەکە لەسەر بەفرەکە یان بەهاوین لەسەر ئەرزەکە جێ دەهێڵێ، پێ یان وایە کەس ئاگای لەم خۆگێل کردن و فەرامۆشی یە نییە !

هەندێ جار بیر دەکەمەوەو دەڵێم ئەوانەی سەگ بە خێو دەکەن لە رووی سایکۆلۆژییەوە مرۆڤی سادیین، مرۆڤە سادییەکان حەزی پیادەکردنی دەسەڵات لە ناخیان دایە، کاتێ لە نێو کۆمەڵگاو دامو دەزگاکان بواری جێ بە جێ کردنی ئەو حەزەیان بۆ نەڕەخساوە، پەنا ئەبەنە بەر ئەوەی سەگێک یان چەند سەگێک بە خێو بکەن ئیدی لەو رێگایەوە کایەی پیادەکردنی دەسەڵات بەسەری دا تاقی ئەکەنەوە، بەتایبەتی مرۆڤە تەنیاکان کاتێ کە ژن و مناڵیان نییە ئەو حەزە پەیڕەوی بکەن، پەنا ئەبەنە بەر سەگ، سەگی بەستەزمانیش ئەبێتە ( دمیەو عروسەک ) بەدەستیانەوە، خاوەنەکانیانیش وەک لێبوک ( مهرج ) لە رێگای سەگەکەوە ئازایەتی و لێزانی خۆیان نیشان ئەدەن بۆ دەوروبەر !

 

                                                                        نەهرۆ / نەرویج

                                                                     ٨   /  ٤   /   ٢٠١٣

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.