Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024

شادی کوردیلەکانمان .. شادی گەلەکەمانە ــــ رەزا شوان

Closed

 

 

 

 

 

بێگومان هەموو دایکان و باوکان ، لە ناخی دڵیانەوە ، هیواخوازی ئەوەن ، کە جگەرگۆشەکانیان بە ئەوپەڕی شادی و کامەرانییەوە بژین .. ژیانیان پڕبێت لە خۆشی و لە خۆشەویستی .. لە هیوا و لە خەونی شیرین و سەوز ، لە خەندە و لە پێکەنین . 

دایکان و باوکان ، بێ ئەوەی بیر لە ژیانی خۆیان بکەنەوە ، بێ ئەوەی ژیانی سەختی رابردووی خۆیان بێنەوە بەرچاو .. بە ئەوپەڕی توانایانەوە هەوڵی ئەوە دەدەن ، کە منداڵەکانیان بەختەوەر و شاد بکەن .. بە باشی و دروستی گەورەیان بکەن .. تا بتوانن ببن بە کەسانێکی ئاسایی و ، لەگەڵ دەوروبەرەکانیاندا بسازێن و ، بە باشی و دروستی و سەردەمیانە رەفتاربکەن .. بێ ئەوەی هیچ گرێ و گرفتێکی دەروونی و ، رق و کینە و بوغز لە دڵە پاک و قنجەکانیاندا شوێنیان هەبێت .. دایکان و باوکان بۆ هێنانەدیی ئەم ئامانجە پیرۆزەیان .. ئامادەی ئەوەن ، لە پێناوی شادی و کامەرانی و خۆشگوزەرانی منداڵەکانیان .. قوربانی بە خۆشی و بە ژیانی خۆشیان بدەن . 

هەموومان ئەوە دەزانین ، کە کوردیلە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمانن ، کە دەبنە تاک و بە کۆمەڵی کۆمەڵگای کوردیمان .. تا زیاتر بە دروستی و شیاوی رەفتاریان لەگەڵدا بکەین .. تا زیاتر پێویستی و پێداویستییەکانی گەشەکردنیان جێبەجێ بکەین .. تا زیاتر هۆکانی شادی و خۆشیان بۆ دابین بکەین .. تا زیاتر هاوکار و پاڵپشتی گەشەکردنی بەهرە و خولیاکانیان ببین .. تا زیاتر رێز لە بیر و را و لە بۆچوونەکانیان بگرین .. تا زیاتریش ئازادی و سەرفرازیان پێببەخشین  ، زیاتر بە نەرم و نیانی و ، رووخۆشی و بزە و پێکەنینەوە لە ئامێزیان بگرین .. ئەگەر سۆز و خۆشەویستیی زیاتریان پێ ببەخشین .. زەمینەیەکی ئەوتۆیان بۆ بڕەخسێنین ، کە زیاتر بە هێمنی و ئاشتی و بە ئاسوودەیی و دڵنیاییەوە بژین .. تا زیاتر .. و .. زیاتر … هتد . منداڵەکانمان زیاتر بڕوا و متمانەمان پێدەکەن و .. زیاتریش دڵنیا دەبن لە دڵسۆزی و لە خۆشەویستیمان بۆیان  .. ئێمەش دڵنیا دەبین ، کە لە داهاتوودا ، دەبنە تاک و کۆمەڵی کۆمەڵگایەکی کوردیی دروست و تەبا .. کەواتە چۆنییەتی گۆشکردن و پەروەردەکردن ، چۆنییەتی رەفتارکردن لەگەڵ منداڵانی ئەمڕۆدا .. بە باشی و دروستی ، یا بە خراپی و سەقەتی ، کاریگەری و رەنگدانەوەیان لەسەر ئەمڕی کوردیلەکانمان و .. لە داهاتووی گەل و نیشتمانەکەمان دەبێت .. لەم روانگەیەوە ، چارەنووس و داهاتووی کورد و کوردستان .. بەندە بە رادەی چۆنییەتی پەروەردەکرن و رێنمایی و ئاراستەکردن و ئامادەکردنی منداڵە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمانەوە .. کورد وتەنیش : ” چی بچێنین .. ئەوە دەدوورینەوە  ” 

تا زیاتریش دایکان و باوکان ، وریا و شارەزابن ، تا لەسەرخۆتر و دڵفراوانتربن .. بە خۆشەویستی و دروستییەوە ، مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەڵەکانی منداڵەکانیاندا بکەن ، تا زیاتر لە سروشت و لە سیماکانی قۆناغەکانی ژیانی منداڵێتی بگەن .. ئەوەش بزانن کە خواست و پێویستییەکانی منداڵانی ئەمڕۆ .. هەمان خواست و پێداویستییەکانی نەوەی پێشتریان نین .. یا بڵێین وەکو ئێمەی گەورە نین .. منداڵانی ئەمڕۆمان منداڵانی سەردەمی تەکنۆلۆژیای تازە و داهێنانی سەیر و سەمەرە و جیهانگیرین .. بۆیە خەون و خواست و پێویستییەکانیان لەگەڵ منداڵانی پێش خۆیاندا جیاوازن .. پێویستە دایکان و باوکانی ئەمڕۆمان ئەو راستییانە لەبەرچاوبگرن ، نابێ کۆنەپەرست و رابردووخواز بن .. نابێت شیوازی پەروەردە و گۆشکردنی کلیشەداری رابردوو دووبارە بکەنەوە . 

دایکانی میهرەبان و باوکانی دڵسۆز ، وا تێ مەگەن کە شادی منداڵەکانتان ، تەنها بە پارە و سامان و ، بە جلوبەرگی ئاڵاواڵای جوان و ، بە خواردنی خۆش و ، بە پاک و تەمیزی و ، بە دابین کردنی بابەتی سەیر و سەمەرەی یاری کردن و ، بە رازانەوەی ژووري جوان .. دێتە دی . شادی شتێکی ماددی نییە ، کە وەکو دیارییەکی قەشەنگی جوان پێچراوە پێشکەشی منداڵەکانتانی بکەن .. شادی پێویستییەکی دەروونی و رووحی منداڵانە .. شادی کليلی ژیانێکی خۆشە .. شادی بە پارە و بە هەموو زێڕ و زیوی دنیا نایەتە دی .. چونکە لە زێڕ و زیویش زۆر گرنگتر و بەنرخترە .. دەبێ ئەوەش بزانین کە شادی لە ئاسمانەوە نابارێت .. بەڵکو ئێمە لە زەویدا دەیڕوێنین و بەرهەمی دێنین .. ( جیان پاول ) دەڵێ : ” شادی باڵەکانمانن .. ناخۆشیش شوێن پێیەکانمانن .. ” 

رووخۆشی و کرانەوە و زەردەخەنە و پێکەنینی منداڵان .. گرژی و گریان و تۆران و گۆشەگیریی منداڵان .. ئەم دیاردانە رەنگدانەوەی شتە شاراوەکانی ناخی دڵ و دەروونی منداڵانن .. دەشێ منداڵان بە زەردەخەنەی ناسکیان ، بە رووخۆشیان ، بە چاوەکانیان ، بەچەپڵەلێدان .. بە هەڵبەزینەوەیان .. گوزارشت لە شادی و خۆشیی خۆیان بکەن . 

چۆن دەتوانین منداڵەکانمان شاد بکەین ؟ 

( یەکەم ) : گرنگترین هۆی شادی کردنی منداڵەکانمان ، ئەوەیە کە پێویستە ئەوپەڕی خۆشەویستییان پي ببەخشین .. بە تایبەتیش خۆشەویستی لە لایەن دایکان و باوکانەوە .. هەر ئەوەش بەس نییە ، کە لە ناخی دڵمانەوە خۆشیانمان بوێت .. بەڵکو پیویستە بە وشەی باش وجوان و ، بە رستەی شیرین ، بە لە ئامێزگرتنیان ، بە ماچکردنیان ، بە دەستهێنان بە سەریاندا .. خۆشەویستی و دڵسۆزی و سۆزی خۆمانیان بۆ دەربڕین و ئاشکرای بکەین .. دەربڕینی رووبەڕووی سۆز و خۆشەویستیمان ، کاریگەرییەکی گرنگی لەسەر منداڵەکانمان هەیە .. منداڵەکانمان هەست بەوە دەکەن ، کە بە راستی خۆشیانمان دەوێن و .. شیرینن لەدڵماندا .. ئەم گوزارشتکردنەمان ، وا لە منداڵەکانمان دەکات خۆیان و کەسانی تریشیان خۆشبوێ .. ئەم خۆشەویستییەش لەگەڵیدا گەورە دەبێت . ( دیگۆن راسکن ) دەڵێ : ” گەر کەمێک خۆشەویستی بە منداڵەکەت ببەخشیت .. لە پاداشتی ئەم خۆشەویستییەت سوودێکی زۆرت پێدەگات .. “

( دووەم ) هۆیەکی گرنگی تری شادی منداڵان .. تەبایی و پێکەوسازانی ئەندامانی خێزانە .. بە تایبەتیش خۆشەویستی و پەیوەندی باشی نیوان دایکان و باوکان .. خێزان بەردی بناغە و بچووکترین یەکەی کۆمەڵایەتییە .. ماڵیش یەکەمین ژینگە و یەکەمین قوتابخانەی منداڵانە .. بۆیە چۆنییەتی پەیوەندی و رەفتار و دوان و هەڵسوکەوتی نێوان ئەندامانی خێزان ، بە باشی یا خراپی کاریگەریان لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و ، لە داهاتووی منداڵان دەبێت .. کاریگەرییان لەسەر شادی و ناشادییان دەبێت .. تا دایکان و باوکان زیاتر تەبابن و یەکتریان خۆشبوێ و ، رێز لەیەکتری بگرن .. بە رووخۆشی و گەشی و زەدەخەنەوە پێشوازی لە یەکتری بکەن .. دوو هێندەش منداڵەکانیان هەست بە شادی و خۆشی و کامەرانی دەکەن ، هەست بە ئارامی و دڵنیایی و ئاسوودەیی دەکەن .. هەست بەوە دەکەن ، کە لە سایەی خۆشەویستی و نازی دایکان و باوکانێکی رێک و تەبادا بە شادی دەژین .. کەواتە دایکان و باوکان ، پێویستە ئەم هۆیە گرنگە لە بەرچاو بگرن . 

( نووسەری ئەم بابەتە : لە ساڵی ـ  ١٩٨٥ـ  دا ، کە مامۆستا بووم ، لە قوتــــابخانەی ( عائیشە) ی تێکەڵاو ، لە گەڕەکی رەحیماوە لە شاری کەرکوک ی کوردستان ، وانەی بیرکاریم بە پۆلی شەشەم دەوتەوە و ، ڕابەری ئەو پۆلەش بووم .. یەکێک لە کچە قوتابییەکانم کە ناوی ( نیان ) بوو ، تا بڵێی کچێکی جوان و ژیر و سەلار و زیرەک و هێمن بوو ، بەڵام هەميشە کز و مات و مەلوول و گۆشەگیر بوو ، لە دەموچاویدا ، لە قووڵی هەناسەکانیدا ، لە کەم دووییدا ، بۆ ئەوە دەچووم کە نیان خەمێکی گەورە لە ناخی دڵیدا پەنگاوەتەوە و دەری نابڕێت .. رۆژێ لە پۆلدا پسوولەی قوتابخانە ـ البطاقة المدرسیة ـ ی قوتابییەکانی پۆلەکەم پڕ دەکردەوە کە ساڵانە ، لە نزیک کۆتایی ساڵی خوێندندا پڕ دەکرایەوە ، بێجگە لە کۆمەڵێک زانیاری و سەرنج و تێبینی مامۆستای رابەر دەربارەی هەر قوتابییەک ، کە بە نهێنی پڕمان دەکردەوە ، هەچ گۆڕانێکیش لە باری خێزانیدا لەو ساڵەدا گۆڕانیان بەسەر بهاتایە ، بە ئاشکرایی لە قوتابییەکانمان دەپرسی و تۆمار دەکرد .. ئەوانەی کە ـ مامۆستان ـ دەزانن ئەو زانیاریان چی بوون لە ( پسوولەی قوتابخانە ) دا  هەبوون ، ئێستا نەماوە .. ( نیان) لە سەرەتای ساڵەوە لە بەغداوە گەرابوونەوە بۆ کەرکوک ، کە گەیشتمە سەر پڕکردنەوەی پسوولەکەی ئەو ، لێم پرسی : باوکت لە ژیاندایە ؟ نیان وەڵامی دامەوە : ” باوکم مردووە ” کە لەوە پێشتر نووسرابوو ( زیندووە ) منیش رەشم کردووە و نووسیم ( مردووە )  کە زەنگی کۆتایی وانە لێدرا و پۆلم بەجێهێشت ، نیان بە دوامدا هات .. رەنگی زەرد ببوو .. پێی گوتم : ” مامۆستا ئەگەر کاتت هەیە حەزدەکەم ، دووبەدوو کەمێ قسەت بۆ بکەم ” 

  پێکەوە چووین لە ژووری وێنەکێشان دانیشتین ، نیان زۆر بەکۆڵ دەستی بە گریان کرد و چاوە گەشەکانی لە فرمێسکدا نوقم بوون .. لێتانی ناشارمەوە منیش بەبێ ئەوەی بزانم کە کێشەی نیان چییە ، چاوەکانم پڕبوون لە فرمێسک ، زانیم کە نیان کێشەیەکی  گەورەی هەیە .. پێیم گوت نیان : ” من بە برا گەورەی خۆت دانێ ، تۆ هەر قوتابیم نیت ، بە خوشکی خۆمت دەزانم .. کێشەکەت چییە ؟ بۆ دەگری .. ؟ بەڵێن بێ ، بە ئەو پەڕی توانامەوە یارمەتیت دەدەم ، نهێنییەکەشت دەپارێزم .. مەگری و قسەم بۆ بکە ؟ ” فرمێسکەکانی نیانم سڕی .. دوای ماوەیەکی گریان ، بەدەم هەنیسک دانەوە .. نیان گوتی : ” مامۆستا .. منیش نەک هەر مامۆستامی .. لە برایەک زیاتر خۆشتم دەوێی .. من درۆم کرد و ، باوکم نەمردووە .. خۆزگە بمردایە .. باوکم پیاوێکی شەڕانی ، دڵڕەق ، بێ بەزەیی ، گۆماناوی ، ئيش نەکەر .. دڵپیس ، جوێنپیس ، ماڵمانی کردبوو بە دۆزەخ .. رۆژ نەبوو تێر و پڕ لە دایکم نەدات ، هەر رۆژەی بیانوویەکی پێ دەگرت .. بڕوا ناکەم لە دنیادا ژنێک هەبێت .. هێندە دایکم دڵی گەورە بێت و ، بەرگەی ئەو هەموو ناهەقی و ستەمە بگرێت …. رۆژێک هاوڕێیەکی باوکم هات بۆ ماڵمان ، بۆ لای باوکم هاتبوو ، هاوڕێی خواردنەوەی بوو ، لەوەپێشیش چەند جارێک ، لەگەڵ باوکمدا هاتبوو بۆ ماڵمان ، کورد بوو ، دایکیشم فەرمووی لێکرد .. دانیشە لەوانەیە پاش کەمێکی تر بێتەوە .. کە باوکم هاتەوە و چاوی بە هاوڕێکەی کەوت .. دڵی لە دایکم پيس کرد .. هێندەی تر ماڵمان بوو بە ئاگر و دۆزەخ .. کەس وەکو دایکم و منی بەسەر نەیات .. زۆر جار بەبێ هۆ لەگەڵ دایکمدا تێر لە منیشی دەدا .. تا ساڵی پار باوکم هاوڕێکەی کوشت ، دادگا بڕیاری بیست ساڵ بەندکردنی دا ، ئێمەش هاتینەوە بۆ کەرکوک ، من و دایکم لەگەڵ نەنکم لە ماڵی خاڵمدا  دەژین .. جا مامۆستا ، باوکێ وا بێت .. کەی باوکە .. بە شەرمەزارییەوە بە باوکم ناوی دەبەم ؟ تاوانباری وا قەت بە باوکمی نازانم .. بۆیە بە تۆم گوت مردووە .. ببوورە مامۆستا .. ئەگەر زیانی بۆم نییە .. هەر بنووسە مردووە .. ” نیان دیسان دەستی بە گریان و فرمێسک رشتن کرد .. ئەگەرچی مانگێک مابوو بۆ کۆتایی ساڵی خوێندن .. بەڵام هەموو رۆژێک چاوم بە نیان دەکەوت و ، زۆر دڵیم دەدایەوە و ، قسەم بۆ دەکرد و ئامۆژگاریم دەکرد و .. تا ورەی بەرز بکەمەوە .. چەند چیرۆکێک و سەرگوزشتەی ژیانی منداڵێتی پڕ لە نا خۆشی و کوێرەوەری و و خۆڕاگرتن و کۆڵنەدان و هیوانەبڕان و تێکۆشانی ، هەندێ لە کەڵە ناودارانی جیهانم بۆ کرد .. کە لە سایەی بڕوابەخۆبوون و تێکۆشاندا توانیان زاڵبن و ژیان دروست بکەن .. توانیم تا رادەیەکی باش هیوا و ئومید بخەمە دڵی نیانەوە .. لە هەفتەی کۆتایی ئەو مانگەدا ، دایکی نیان هات بۆ لام و زۆر سوپاسی کردم و .. گوتی : ” بە راستی نیانت لە خەم و لە بێ ئومید رزگارکرد ، ئێستا ئەو دڵی من دەداتەوە ” ئ نازانم ئێستا نیان کەوتۆتە کوێوە و ، چی لێ هاتووە .. بەڵام هەرگیز ئەو رۆژە و دیمەنی نیان و گریان و فرمێسکەکانیم لە یاد ناچن .. ( تێبینی : نیان ناوێکی خوازراوە بۆ ناوە راستییەکەی ئەو قوتابییەم ) ئەمەی بۆم گێڕانەوە .. چیرۆکێکی هەڵبەستراو نییە ، بەڵکو راستییەکە .. بۆ ئەوەش باسم کرد .. تا بزانن کە ئاژاوەی نێوان دایک و باوک ، چ کاریگەرییەکی خراپی دەروونی و جەستەیی لەسەر ژیانی منداڵان هەیە ..  پەندێکی کوردیشمان دەڵێ : ” نە پێڵاوی تەنگ .. نە ماڵی بە جەنگ ” 

( سێیەم ) رەخنە و سەرزەنشت و تەریقکردنەوە و لۆمەی زیاد لە پێویست و ، بە شێوازێکی زەق و رەق و زمانێکی زبر .. وا لە منداڵان دەکات متمانە و بڕوایان بە خۆیان نەبێت و ، خۆیان بە کەسانێکی بێدەسەڵاتی شکستخواردوو بزانن .. لە جیاتی  رەخنە و لۆمە .. پێویستە هەڵەکانیان بە شێوەیەک بۆ روون بکەینەوە ، کە هەستیان بریندار نەکەین و ، سەرکوێریان نەکەین .. لە شیوەی خۆشەویستی و رێزگرتن .. بۆ نموونە بە منداڵی هەڵەکردوو بڵێین : تۆ خۆشەویست و بەڕێز و راستگۆی ، ژیر و باش و دلۆڤانی .. لەو بڕوایەدا نەبووین ،  کە دووچاری ئەم هەڵەیە ببیت .. یا کارێکی وات بکردایە ، هەموومان هەڵەدەکەین ، بەڵام پێویستە هەڵەکانمان راست بکەینەوە . 

( چوارەم ) پێویستە ، کەشوهەوایەکی وا بێنینە کایەوە، کە منداڵەکانمان هەست بە ئاسوودەیی بکەن .. شێوازی مامەڵەکردنمان لە گەڵیاندا دووربێت لە زمانی هەڕەشە و گوڕەشە .. زۆر لە دایکان و باوکان ، دەیانەوێ بە توند و تیژی و چاوسوورکردنەوە و لێدان ، منداڵەکانیان ناچاری فەرماییشەکانیان بکەن ، یا بە شێوازێکی هەڵە و نادروست ئازاری دەروونییان دەدەن .. بۆ نموونە : ئەگەر ئەوە بکەیت خۆشتم ناوێیت  ، ئەگەر بە قسەم نەکەیت .. قسەت لەگەڵ ناکەم .. بچیتە دەرەوە خوێڕی دەبیت ، لەوە زیاتر چەنە بازی مەکە و دەمت داخە .. بۆیە ( یۆنامات ) دەڵێ : ” تا تەمەنی سیازە ساڵیم ، وامدەزانی کە ناوم ـ دەمت داخە ـ یە .. ” ئەو قسە نەشیاوانە و شیوە هەڵانە ، منداڵان تووشی رەشبینی دەکات .. فێری ترس و دڵەڕاوکێیان دەکات ، فێری کەلەڕەقی و دڵڕەقی و یاخی بوون و لاساریان دەکات .. هەست بە خۆشی و خۆشەویستی و شادی ناکەن . 

( پێنجەم ) ستایش و پیاهەڵدان و دەستخۆشی و ئافرین و سوپاس کردنیان لەو کارانەی کە ئەنجامیان دەدەن ، هۆیەکی گرنگی تری شادی و خۆشیی منداڵانن .. دەستخۆشی لێکردنیان دەبێتە هاندەر بۆ درێژەدان و بەردەوامبوون لە کارە پوخت و جوانەکانیاندا . شەکسپیر دەڵێ : ” هیچ شتێک هێندەی ستایش و پیاهەڵدان ، کار لە منداڵان ناکات ” 

( شەشەم ) پیویستە دایکان و باوکان کاتی گونجاویان هەبێت ، کە لەگەڵ منداڵەکانیاندا بەسەری بەرن ، کاتی یاری کردن ، کاتی گەڕان و پیاسەکردن ، چون بۆ باخچەیەک ، چون بۆ شاری یاری ، بۆ پارکێکی گشتی ، بۆ سەیران  لە سەیرانگایەکدا ، بۆ ئاهەنگێک ، بۆ ـ بەشی منداڵان ـ لە کتێبخانەیەکی گشتیدا … هتد . ( جاکسۆن براون ) دەڵێ : ” کاتی گەڕان و یاری لەگەڵ منداڵەکانتدا دوامەخە .. ئەو کاتانە چۆن بۆ تۆ گرنگن ، بۆ ئەوانیش ئەوها گرنگن .. ” 

( حەوتەم ) پیویستە رێ بە منداڵەکانمان بدەین ، کە بە ئازادی و راشکاوی گوزارشت لە را و بیر و بۆچوونی خۆیان بکەن .. یا بە دڵی خۆیان هەڵبژێرن .. چونکە ئەگەر بە تۆبزی و زۆر را و هەڵبژاردنی خۆمانیان بە سەریاندا بسەپێنین .. لە رووڕووماندا هەڵدەگەڕێنەوە و ، سەرپێچی و رقەبەرایەتیمان لەگەڵدا دەکەن و ، گوێ بە قسەکانمان نادەن ، با لە دانانی نەخشە و پلان و پرۆژەکانیاندا ، لە هەڵبژاردنی پێویستییەکانیاندا .. هاوڕێ و هاوکاریان بین ، نەک خۆسەپێن و زۆرداریان بین . 

( هەشتەم )  گیڕانەوەی چیرۆک و مەتەڵ و نوکتە و سوعبەتی خۆش بۆ منداڵەکانمان ، بە تایبەتیش لە شەواندا ، پێش نووستنیان ، بە مەرجێ ئەو چیرۆک و مەتەڵانەیان بۆ بگێڕینەوە کە دوورن لە ترس باشتریش وایە ئەو چیرۆک و مەتەڵانە بن کە پێکەنین و هەڵویستی خۆش و قسەی شیرینیان تێدایە ، دەکرێت کە لە کتێبێکی چیرۆکی وێنەداری رەنگاوڕەنگدا ، بە شیوازێکی خۆش ، چیرۆکێک یا چیرۆکەشیعرێکیان بۆ بخوێنینەوە .. باشتر وایە بە شادی و دڵخۆشییەوە منداڵەکانمان بکەینە خەو .. ( رووبارد کبلنک ) دەڵێ : ” جوانترین دیمەن لەژێر ئاسماندا .. دیمەنی منداڵێکە کە پێدەکەنێ .. ” 

( نۆیەم ) ئەو منداڵانەی کە شاد و دڵخۆشن ، دەتوانن گەشە بە بەهرە و تواناکانیان بدەن و ، کەسایەتی خۆیان دەربخەن و ، لە ئەنجامی ئەو تاقیکردنەوانەی دێنە رێیان و ئەنجامیان دەدەن ، کەسایەتی خۆیان بنیات دەنێن .. دەشتوانن بە دروستی مامەڵە و هەڵسوکەوت  لەگەڵ دەوروبەر و کۆمەڵگاکەیاندا بکەن .. خووگرتنیان بە ئەم رەفتار و رەوتە باشانەی ئەمڕۆیانەوە ، لە گەورەییشیدا رەنگدانەوەی باش و دروستیان دەبێت. 

( دەیەم ) رۆڵی تایبەتی دایک لە شادی و دڵخۆشی منداڵاندا .. منداڵ لە باوەشی دایکیدا چاو هەڵدێنێت و ، بە شیری دایکی گۆش دەکرێت ، بۆیە بەهێزترین خۆشەویستی ، خۆشەویستی نێوان دایکان و جگەرگۆشەکانیانە .. هەر دایکانن قوربانی بە خۆشی و شادی و ژیانی خۆشیان دەدەن ، لە پێناوی شادی و خۆشیی منداڵەکانیاندا .. دایکان یەکەمین و دڵسۆزترین مامۆستان .. دایکان بە سۆزترین و میهرەبانترین مرۆڤن .. دایکان بەرخودانترین کەسن . ( تۆماس ئەدیسۆن ) دەڵێ : ” دایکم دروستی کردم ” 

( شەکسپیر ) دەڵێ : ” لە جیهاندا سەرینێک نییە .. کە لە باوەشی دایک نەرمتر بێت ” 

دایکانی دڵسۆز و پیرۆز ، قسە زۆر زۆرن دەربارەی میهرەبانی و شکۆداری و سۆز و خۆشەویستیی بێ سنووری ئێوە .. بۆیە پێویستە ئەم رۆڵە گرنگەی خۆتان لە بەرچاو بێت .. چونکە هەموو کەڵەپیاو و ئافرەتە ناودار و هەڵکەوتووەکانی جیان قوتابی ی باوەشی تۆن و ، دەرچووی قوتابخانەکەی تۆن .. ( جان جاک رۆسۆ ) دەڵێ : ” ئەگەر جیهان لە چنگێکدا بێت و ، دایکم لە چنگەکەی تریدا بێت ، دایکم هەڵدەبژێرم ” .. دایکان ، ئێوە زۆر زیاتر لەم وتە و قسە و پیاهەڵدانانەش ، شایستەتر و مەزنترن .. ئەی هەر دایک نەبوو ، کە بەستەڵەکی رق و کینەی دڵی ( تەیمور لەنگ )ی دڵڕەق و خوێنرێژی توانەوە و ، سەری پێ نەنواند . 

( یانگزەیەم ) رۆڵ و کاری حکومەت لە شادی و کامەرانی منداڵاندا ، لەسەر حکومەت پێویستە ، بەبێ جیاوازی و تایبەتمەندی ، هۆ و پێداویستییەکانی گەشەکردنی بەهرە و ئارەزووەکانی منداڵان دابین بکەن ، هاوکار و پاڵپشت و زەمینەخۆشکەری هێنانەدیی خەون و خولیا و حەز و خۆزگە و ئارەزووەکانیان بن .. پیوستە ئاوڕێکی جیدیش لە منداڵانی خێزانە هەژار و کەمدرامەتەکان بدەنەوە و مووچەیان بۆ ببڕنەوە .. بایەخێکی تایبەتيش بە ـ منداڵانی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان ـ بدەن .. پێویستە حکومەتی کوردستان منداڵەکانمان هەر بە منداڵانی ئێمە نەزانن .. بەڵکو بە منداڵانی حکومەت و بە گرنگترین سامانی کوردستانیان بزانن .. پێویستە مافە رەواکانی منداڵانمان فەرامۆش نەکەن و لە پێشەوەی هەموو مافەکانی تری بزانن .. چی تریش توندوتیژی بەرانبەر منداڵان نەکرێن و ، کاری قورس و مەترسیداریان پێ نەکەن .. تا تەواکردنی پۆلی دەی بنەڕەتیش ئەرێنی بێت خسێندن بە زۆر بێ .. جێ بەجێکردنی ئەم پێویستییانە ، دەبنە مایەی شادی و خۆشی منداڵەکانمان و ، بە دروستی گەورە دەبن و خێردەدەنەوە.  

( دوانگزە ) نووسەران و هۆنەرمەندانیش رۆڵێکی گرنگیان هەیە ، لە شادی و خۆشی منداڵاندا .. چ بە نووسینی شیعر و چیرۆک و شانۆنامە و ئۆپەرێتی خۆش و مەبەستدار بۆ منداڵان ، کە لە کتێب و گۆڤاری رەنگاوڕەنگی جواندا پێشکەشیانی بکەن .. یا بە کردنەوەی پێشانگای وێنەی منداڵان .. یا پێشکەش کردنی شانۆگەری ، کە ئەکتەرەکان منداڵان خۆیان بن .. هەموو ئەمانە هۆیەکی گرنگن بۆ شادی و خۆشنوودی منداڵان . 

( سیانزەیەم ) رۆڵی یانە وەرزشییەکان لە شادی خستنە دڵی منداڵانەوە .. منداڵان بەبێ جیاوازی هەموویان حەز لە یاری دەکەن و ، یاری پێویستییەکی زۆر گرنگی منداڵانە و بەشێکە لە ژیانیان ، منداڵان لە رێی یاری کردنەوە توانا و حەزی خۆیان دەردەخەن و ، گوزارشت لە شادی و لە خۆشی خۆیان دەکەن .. خۆزگە تیپە وەرزشییە فوتبۆڵەکانی ئێمەش لە کوردستاندا ، لە کاتی یاریی کێبڕکێی نێوان دوو تیپی باڵادا .. وەکو تیپەکانی وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهان .. هەر یاریزانێک دەستی خونچە گوڵێک یا کاکەلەیەکی دەگرت و دەچوونە ناو گۆڕەپانی یارییەوە . 

( چواردەیەم ) رۆڵی میدیا و تەلەفزیۆنە لۆکاڵی و سەتەلایتەکانی کوردستان ، لە شادی و دڵخۆشکردنی کوردیلەکانماندا ، کە پێویستە بایەخێکی زیاتر بە ماوەی بەرنامەکانی منداڵانمان بدەن و ، بابەتی گاڵتەجاڕی و پێکەنین و خۆشیش فەرامۆش نەکەن .. تا بتوانن پێکەنین و خەنە بخەنە سەر لێوی منداڵانی کوردمان . 

( پانزەیەم ) جیابوونەوەی دایک و باوک لە یەکتری ، کە بە زۆری منداڵان دەبنە قوربانی و ، باجی ئەم جیابوونەوەیان دەدەن و .. لێیان دەشێوی و ، دووجاری گرێ و ئازاری دەروونی و بێ نازی دەبن .. شادی وخۆشی و گەشی لە روخساریاندا بەدی ناکرێن .. هەروەها مردنی دایک یا باوک ، هۆیەکە بۆ بێ نازی و ناشادی منداڵان . 

( شانزەیەم ) رۆڵی قوتابخانە و مامۆستاکان ، پێویستە هەر قوتابخانەیەک ساڵانە چەند ئاهەنگ و چالاکییەکی خۆشی و هونەری سازبکەن ، بۆ نموونە : ئاهەنگ گێران بە بۆنەی ساڵی خوێندنی تازەوە ، ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی جەژنی جیهانی منداڵانەوە ، سیمینارێک بۆ ئەدەبی منداڵان ( شیعر ـ چیرۆک ـ پەخشان ) کە لە لایەن منداڵانەوە  پێشکەش بکرێن .. ساڵانە چەند شانۆگەرییەکی منداڵان پێشکەش بکەن .. سازدانی ئاهەنگێک بە بۆنەی یادی رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان .. سازدانی ئاهەنگێک بە بۆنەی کۆتایی ساڵی خوێندن  و دەرچوونی قوتابیان .. ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی رۆژی دایکانەوە .. چەندین بۆن و یاد و رۆژی تر هەن ، کە قوتابخانەکان دەتوانن سوودیان لێ وەربگرن ، ئاهەنگی شایستەی تیا بگێڕن و .. منداڵانیش توانا و بەهرەکانی خۆیان بنوێنن و ، بە ئازادی گۆزارشت لە خۆشی و شادی خۆیان بکەن .. لەرێی ئەم چۆست و چالاکییانەوە .. جگە لەوەی خۆشی و شادی دەخەنە دڵی منداڵەکانمانەوە و .. گیانی خۆشەویستی و رێز و کوردستان پەروەری و هاوکاری و قبوڵکردنی یەکتریش لە دڵە پاکەکانیاندا دەڕوێنین .. لە هەمان کاتیشدا گەلێ ئامانجی پەروەردەیی و دەروونی و زانیاری و رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی و مرۆیی دێنە دی . 

دڵنیام کە ئێوەی خوێنەری دڵسۆزیش ، کۆمەڵێک را و بۆچوون و پێشنیار و سەرنج و تێبینی ترتان هەیە ، بۆ شادی و خۆشی و کامەرانی و بەختەوەریی جگەرگۆشەکانمان .. پێویستە درێغی نەکەین و ، بە ئەوپەڕی توانامانەوە هاوکاربین بۆ دابینکردنی شادی بۆ کوردیلەکـانمان .. ئەمەش بە ئەرکـێکی پێـویست و پیـرۆزی ئەستۆمانی بـزانین . 

رەزا شوان / نەرویج :  ٢٩/  ٩/ ٢٠١٣      

 

 

 

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.