Skip to Content

Tuesday, April 23rd, 2024
شانۆگەریی برایمۆک لە خۆماڵییەوە بەرەو دیاڵۆگ لەگەڵ ئەوی دیکەدا

شانۆگەریی برایمۆک لە خۆماڵییەوە بەرەو دیاڵۆگ لەگەڵ ئەوی دیکەدا

Closed

هەر لە سەرەتاوە ناوی (برایمۆک) ئەو هەستەمان پێ دەبەخشێت، کە ئێمە لە بەردەم شانۆگەرییەکی خۆماڵیداین، بەڵام ئایا چەمکی خۆماڵی پێچەوانەی چەمکی گەردوونییە؟ ئایا خۆماڵی مانای سادەییە؟ ئایا پێش ئەوەی ئەدەب و هونەر سیمای گەردوونی بە خۆیانەوە بگرن، سیمای لۆکاڵییان نییە؟ ئایا لەگەڵ بە دەستهێنانی سیمای گەردوونیدا، سیمای لۆکاڵیی خۆیان لە دەست دەدەن؟ ئایا هونەری ئەگریکی پێش ئەوەی ببێتە هونەری گەردوونی، سیمایەکی لۆکاڵیی نەبوو؟ هەزارویەک شەوی ڕۆژهەڵات پێش ئەوەی بگاتە ڕۆژئاوا و کاریگەریی گەورە لە ئەدەب و هونەریاندا بکات، خۆماڵی نەبوو؟ کەواتە ئەوەی ئەدەب و هونەر لە هەر شتێکی تر جیا دەکاتەوە ئەو ڕەگەزە ئیستاتیکییانەن، کە لە خۆیانی دەگرن. بەم پێیە ئەوە قووڵییە، نەوەک ڕووبەری جیۆگرافی، کە مەودای نێوان ئاسایی و داهێنان پێک دەهێنێت. خۆماڵی، ئەگەر بتوانێت خۆی لە ئاستی ئەوی تردا بکاتەوە و لە توانایدا بێت دیاڵۆگ دابمەزرێنێت، بێگومان دەشتوانێت ڕەگەزە ئیستاتیکییەکانی خۆی بپارێزێت و ڕەگەزی دیکەی داهێنانیش لەوی تر وەربگرێت. ئەمە ئەو ئەرکە بوو، کە (برایمۆک) لەسەر شانۆی مالمۆ خستییە ئەستۆ و هەوڵی دا خۆی لە ئاستی بینەری سوێدیدا بکاتەوە. ئەگەر (برایمۆک) دەقێکی ڕۆژهەڵاتی، یان وردتر دەقێکی کوردی بێت، ئەوا ڕەگەزی ئەفسانە بەشێکی گەورەی پێکهاتەی ئەو دەقەیە. دەبێت هەر لە سەرەتایشەوە ئەوە بڵێین، کە ئەگەرچی هەندێک جیاوازی لەنێوان ئەفسانە و خورافەدا هەیە، بەڵام ئێمە لەم گوتارەماندا بۆ هەر دووکیان چەمکی ئەفسانە بە کار دەهێنین، چونکە ئەمەیان مانایەکی فرەوانتری لە هیی خوارفە هەیە.  (برایمۆک) دەبێت سیمایەکی کوردانەی هەبێت، چونکە ئەفسانە پێوەندییەکی قووڵی بە کەلەپوور و مێژووەوە هەیە، کە وەک (کارل گۆستاڤ یۆنگ) پێی لەسەر دادەگرێت، ئەمانە یادەوەریی کۆی نەتەوە پێک دەهێنن. کەواتە ئەفسانە نەک هەر لە خاڵێکی دیاریکراوی مێژووییدا ناوەستێت، بەڵکو نەوە لە دوای نەوەیش درێژ دەبێتەوە. لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا، لێی لا دەبردرێت و بۆی زیاد دەکرێت، بێ ئەوەی بنەما سەرەکییەکانی خۆی لە دەست بدات. بەم پێیە مێژوو هیچ کاتێک لە ئەفسانە خاڵی نەبووە. (کلاود لیڤی ستراوس)، کە بەشێکی زۆری ژیانی خۆیی بۆ لێکدانەوەی ئەفسانە تەرخان کردووە، لە گفتوگۆیەکیدا دەڵێت: (ئەفسانە لای ئەو گەلانەی نەخوێندەوارن بریتییە لە پاساوی سیستێمی کۆمەڵایەتی، تێگەیشتن لە دنیا لە ڕێگای تێڕوانینی بنەڕەتییەوە، لێکدانەوەی شتەکانی ئێستا لە ڕێگای واقیعە کۆنەکانیان و گەڕان بە دوای پاساو بۆ ئەم حاڵەتەی ئێستایان). بەم شێوەیە ئەفسانە وەک ڕەگەزێکی گرنگی ئەدەبی زارەکی (Oral literature) و ئەدەبی گەلی (Folk literature) لە هەوڵی ئەوەدایە دنیا بە شێوەیەکی تر ڕێک بخاتەوە، کە لە ئاستی خەون و خواستەکاندا بێت، نەوەک لە ئاستی واقیع، مادام واقیع خۆی ئەو شتەیە، کە ئەفسانە مەبەستیەتی دەستکاریی بکات و ئاڕاستەکانی بگۆڕێت. لای (فرۆید) ئەفسانە وەک خەون وایە، مادام ئارەزووە چەپێندراوەکانی مرۆڤ لە خۆی دەگرێت و لە سانسۆر دەیانپارێزێت. دەگەینە ئەوەی بڵێین ئەفسانە دوو زەمەنی جیاواز پێشان دەدات، یەکەمیان: زەمەنی ڕابردوو، کە ئەو کارەکتەرانەی بەرهەم هێناوە، بەوەی ئەو جۆرە ڕووداوانە لە سەرووی باوەڕی مرۆڤەوەن. دووەم: زەمەنی ئێستا، یاخود زەمەنی واقیع، کە لەگەڵ ئەوەشدا دەزانین ئەمانە ناکرێت ڕوو بدەن، بەڵام دەبێت وایان بهێنینە بەرچاو، کە لە ڕۆژگاری زوودا شتێکی ئاسایی بوون، بۆیە دەکرێت لایەنە سیمبۆلییەکەیان لە بەرچاو بگیرێت و ڕووداوەکانی واقیعیان پێ هەڵبسەنگێندرێت. بە مانایەکی تر بەرهەمهێنانەوەی مەعریفە لە کۆنتێکستی دیکەی مێژووییدا، کە ئێستایە. (برایمۆک) نموونەیەکی زەقی ئەم شێوازەی ئەفسانەیە، بەڵام ئەوەی لەم ئەفسانەیەدا سەرنج ڕادەکێشێت، ئەوەیە، کە ڕۆڵی سەرەکی دەکەوێتە دەست شوانێک، یان کەسێکی ئاساییەوە، بەوەی ئەو کەسە دەتوانێت میرێکی نەخۆش بۆ لای پیرەژنێکی جادووگەر (Witch) ببات، کە لە کێوێکی سەختدا دەژیێت و حەکیمان گوتوویانە دەرمانی دەردی ئەوی لایە. ئێمە مەبەستمان نییە ئەفسانەکە بگێڕینەوە، بە قەدەر ئەوەی دەمانەوێت پێ لەسەر ئەوە دابگرین، کە چ تێکستەکە و چ ئەو تەکنیکانەی لە گەیاندنی کۆنسێپتەکانی ئەو تێکستە لەسەر شانۆ خراونەتە ڕوو، هەوڵیان داوە لە ڕێگای هێنانەبەرچاو (Imagination) و بەرجەستەکردن (Embodiment)ی ماناکانی ئەفسانەدا ڕایەڵی نێوان میتافیزیکا و فیزیکا بهێننە کایەوە. بە واتایەکی تر مەبەستیانە لە ڕێگای ئەو وێنانەوە ئێمە بیر لە هەموو ئەو وێنانەی ناو واقیع بکەینەوە، چ ئەوانەی هاوشێوەیانن و چ ئەوانەی لێیان جیاوازن، کە ئەمە ئامانجی سیمبۆلە، بەوەی دەبێت خوێنەر یان وەرگر بۆ زمانی ڕۆژانەی وەربگێڕێت، تاکو مانا شاراوەکانی دەربخات. (برایمۆک) لەپێناوی گەیشتنی بە (پەری)ی خوشکی میر، کە یەکتریان خۆش دەوێت، ئامادەیە میر بەو کێوە سەختانەدا ببات و بیگەیەنێتە لای ئەو پیرەژنە جادووگەرە، بەو مەرجەی میر دوای ئەوەی بە ساغی گەڕایەوە، ڕێگا لە بەیەکگەیشتنیان نەگرێت، کەچی میر نەک هەر لە بەڵێنی خۆی پاشگەز دەبێتەوە، بەڵکو (برایمۆک)یش شاربەدەر دەکات. وەک پێشتر گوترا ئەفسانە لە ڕێگای زمانێکی جیاوازەوە دەدوێت، کە زمانی سیمبۆلە. شاربەدەرکردنی (برایمۆک) بێجگە لە ڕەهەندە جیۆگرافییەکەی، ڕەهەندێکی تری سیمبۆلیی هەیە، کە دوورخستنەوەیەتی لە ڕۆح و جەستەی (پەری). لای دەستەڵات ئەوە خودی سزا نییە، کە ئامانجە، بەڵکو  ئەوەی ئامانجە پراکتیزەکردنی سزایە، تاکو لەو ڕێگایەوە دەستەڵات نەک هەر بوونی خۆی بسەلمێنێت، بەڵکو سزادراویش بکاتە گیانێکی پاسیڤ. بە مانایەکی تر وەک (فۆکۆ) باوەڕی وایە لە ڕێگای سزاوە جەستە ملکەچی دەستەڵات دەکرێت. کەواتە جەستە دەتوانێت نیشانەکانی سزا لە خۆیدا پێشان بدات. ئینجا ئەو نیشانانە لە شێوەی برین بن یان دەرکەوتنی شوێنەواری خەم و نیگەرانی. ئەوەی بە لای میرەوە گرنگە ئەوەیە بە هۆی ئەو سزایەوە نیشانەی ئەو ئازارانە لەسەر ڕووی (برایمۆک)دا ببینێت، کە بە هۆی دوورکەوتنەوەی لە (پەری) و زێدی خۆیەوە تووشیان دەبێت. ئەمە ئەو شتەیە، کە دەستەڵات چێژی لێ دەبینێت، مادام لە شێوەی بیندراو (Visible)دا دەردەکەوێت و کردارەکانی ئەو پێشان دەدات. بە مانایەکی تر دەستەڵات تەنیا لە ڕێگای یاساوە، ئینجا یاسای نووسراو بێت یان هیی زارەکی، دەتوانێت پێوەندیی خۆی لەگەڵ قوربانیدا دابمەزرێنێت، کە سزا ڕەگەزێکی گرنگی ئەو یاسایەیە. وەک پێشتر گوترا دەستەڵات لە ڕێگای قوربانییەوە هەست بە بوونی خۆی دەکات. ئێمە نابێت وا بزانین ئەو سزایەی میر بۆ (برایمۆک)ی دەبڕێتەوە، تەنیا پێوەندیی بە (پەری)ی خوشکیەوە هەیە، بەوەی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لە ئاستی ئەودا نییە و ڕێگایشی بە خۆی داوە خۆشی بوێت، بەڵکو دەیەوێت تۆڵەی هەموو ئەو کاتانەیشی لێ بکاتەوە، کە بە نەخۆشی و زەلیلی بۆ ئەو کێوانەی برد. لە شانۆگەرییەکەدا بە ئەسپ دەیبات، بەڵام من هەست دەکەم ئەگەر بە کۆڵ بیبردایە، زیاتر لەگەڵ سیستێمی ئەفسانەدا دەگونجا و پتر مانای بەرهەم دەهێنا. ڕاستە دواتر ئەسپەکە بوونی نامێنێت، بەڵام ئەگەر هەر لە سەرەتاوە نەبووایە، چاکتر بوو. دەبێت بوترێت، کە دیمەنی بردنی میر بە ئەسپ بۆ لای جادووگەر بە شێوەی (سڵاید شۆ) پێشان درا، کە ئەو تەکنیکە ئەگەرچی لە شانۆی کوردیدا نوێ نییە، بگرە بە پێی ئاگاداریی خۆم بۆ سەرەتای هەشتاکان دەگەڕێتەوە، بەڵام بۆ ئەم نمایشە لەبار بوو، بەوەی ڕووبەرێکی فزیکیی جیاوازی دەخستینە بەرچاو و پتریش ڕووداوەکەی بەرجەستە دەکرد.  هەر چۆنێ بێت ئەم کۆتاییە خاڵێکی بەهێزی شانۆگەرییەکەیە، بەوەی تراژیدیا ڕەگەزی سەرەکییە لە ئەفسانەدا وەک لە سەرتاپێی ئەفسانەکانی یۆناندا دەیبینین، بگرە هەر ئەوانە دواتر بوونەتە سەرچاوەی ئەو نووسەر و فەیلەسووفانەی لەبارەی تراژیدیاوە نووسیویانە وەک لای (جەیمس جۆیس) و (ئەلبێرت کامۆ) و زۆری تردا دەردەکەوێت. (کارل گۆستاڤ یۆنگ) پێی وایە کارەکتەری ناو ئەفسانە لە هەوڵی ئەوەدایە کەسایەتییەکی تەواو پێک بهێنێت، کە چ لەگەڵ خۆی و چ لەگەڵ خەڵک و چ لەگەڵ دنیایشدا تەبا بێت. کەواتە بە پێی بۆچوونی (یۆنگ) کارەکتەری ئەفسانەیی دەیەوێت بگاتە ئەنجامێکی پۆزەتیڤ. دەبێت هەر سەر بکەوێت، چونکە کۆمەڵگا هیواخوازی ئەوەیە… بەڵام بۆچی (برایمۆک) سەر ناکەوێت؟ مەبەستم ئەوەیە بۆچی وەکو هەر دڵدارێکی دیکەی ناو ئەفسانەکان بە دڵبەرەکەی ناگات؟ چونکە (برایمۆک) ئەفسانەیەکی سەربەخۆ نییە، بەڵکو لە کۆنتێکستی خۆی دوور خراوەتەوە و بە پێی سیستێمێکی تر کار دەکات، کە سیستێمی ئەدەبە، بۆیە ئاڕاستەیەکی تر وەردەگرێت و بە چارەنووسێکی دیکە دەگات، کە دوورە لەوەی ئێمە چاوەڕێمان دەکرد. بە مانایەکی تر کاتێ ئەفسانە بۆ ناو ئەدەب دەگوازرێتەوە، لەگەڵ کۆمەڵێک ڕەگەزی تری جیاوازدا کارلێک دەکات، کە ئەدەب لە خۆیدا کۆی کردوونەتەوە، یەکێ لەو ڕەگەزانە فەلسەفەیە. ئەو پرۆسێسە لە ڕەخنەی ئەدەبیدا بە (ئێنتەر تێکست Enter text) ناسراوە و هەندێک نووسەری خۆمان وشەی (دەقئاوێزان)یان بۆ داتاشیوە. بەم شێوەیە کۆتاییی (برایمۆک) لادانە لە سیستێمی ئەفسانە، بەو مەبەستەی لە خاڵێکی دیاریکراودا قەتیس نەبێت و لە بەردەم تێڕوانینی ئێمەدا بە کراوەیی بمێنێتەوە. (برایمۆک) ئەو کارەکتەرە نییە، کە هەر دەبێت سەر بکەوێت، بەڵکو کەسێکی ئاساییە و قابیلی دۆڕان و بەزینیشە، بۆیە ئەو کۆتاییە تراژیدییەیش پەسەند دەکات. (کامۆ) لە (ئەفسانەی سیزیف)دا دەڵێت ئەگەر ئەو ئەفسانەیە تراژیدیا لە خۆی دەگرێت، ئەوە لەبەر ئەوەیە کارەکتەرەکەی هۆشیارە. (کامۆ) پێی وایە تراژیدیا تەنیا لەو ساتە دەگمەنانەدا دەردەکەوێت، کە هۆشیاری بوونی هەیە.
ئەگەر ئەمانە هێڵی گشتیی شانۆگەرییەکە بن، ئەوا دەبێت زۆر ڕەگەز و دیتەیڵی ئەو شانۆگەرییەش بخوێنینەوە، بەوەی ئەمانە ئەو پایایەن، کە ئەفسانەیان لەسەر دامەزراوە. لە (برایمۆک)دا گۆرانی، دەف، دووعا، نوێژ، جادوو و زۆر ڕەگەزی دیکە بەرچاو دەکەون، کە ئەمانە بەشێکن لە پێکهاتەی ئەفسانە و شتی ستانداردی شانۆگەریی ئەفسانەئامێزن. بەڵام ئێمە مەبەستمانە بزانین (بەڕێز مەجید) جارێک وەک نووسەر و جارێک وەک دەرهێنەر لەپاڵ (شەماڵ فەهمی)دا چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەو ڕەگەزانەدا کردووە و چ تایبەتمەندێتییەکی پێ داون. شانۆگەرییەکە بە وتنی گۆرانی و لێدانی دەف دەست پێ دەکات، کە ئەمە خەسڵەتی دیاری شانۆگەریی ئەفسانەئامێزە وەک لە (ئیلیادە)ی (هۆمیرۆس) و زۆری تردا هەبووە، بە تایبەتیی گۆرانیی ئایینی. ئەوەی ئەو ڕۆڵەی دەبینی (بورهان محەمەد)ی هونەرمەند بوو. دەنگی (بورهان محەمەد) زۆر تایبەتە و وزەیەکی گەورەی بە ڕۆحی شانۆگەرییەکە بەخشیبوو. لەم ڕووەوە ئەزموونێکی باشیشی هەیە، بەوەی بەشداریی لە چەند شانۆگەرییەکی گۆرانیئامێزدا کردووە، بە تایبەتی لە هەشتاکان لە شانۆگەرییەکانی (ئەحمەد سالار)ی هونەرمەنددا، کە وەک دەزانین (سالار) بە داهێنەری ئەم ستایڵە دادەندرێت. (بورهان محەمەد) لە (برایمۆک)دا بە گۆرانی ڕۆڵی حیکایەتخوان (Narrator)ی دەبینی، بەڵام حیکایەتخوانێکی بێلایەن. ئەو وەک چۆن بۆ نەخۆشیی میر گریا و کڕووزایەوە، بە هەمان شێوە بۆ (برایمۆک)یش خەم و پەژارەی خۆیی دەربڕیی، کاتێ شاربەدەر کرا. هونەرمەندی موزیکژەن (هێرش عومەر ڕەزا)یش لەم ڕووەوە هاوکاریی (بورهان محەمەد)ی حیکایەتخوانی دەکرد، کە بە ئامێری کەمان هێندەی دیکە شانۆگەرییەکەی خستبووە ئێتمۆسفێرێکی تراژیدییانەوە، بێ ئەوەی لەسەر شانۆ دەربکەوێت. بەم شێوەیە (بورهان محەمەد)ی حیکایەتخوان بە هاوکاریی (هێرش عومەر ڕەزا)ی کەمانجەژەن توانیی بە چاکی ئەو شتانە بڵێت، کە ڕووبەری شانۆ ڕێگرە لەوەی ئەکتەرەکان لە ڕێگای جووڵە و دەنگەوە بیانگەیەنن. بە مانایەکی تر حیکایەتخوان ڕۆڵی گەورەی لەوەدا دەبینی، کە کرداری درامیی شانۆگەرییەکە دینامیکییەتی خۆی وەربگرێت و لە خاڵێکی دیاریکراودا نەوەستێت. نەک هەر حیکایەتخوان، بەڵکو زۆربەی ئەکتەرەکانیش بێلایەنانە لە پێوەندیی نێوان (برایمۆک) و میریان دەڕوانی، بگرە هەر ئەکتەرێک چەند ڕۆڵێکی پێچەوانەی یەکتری دەبینی. ئەوەی ئێستا لایەنگری میر بوو، کەمێکی تر دژی دەوەستایەوە، بێجگە لە مەلا، کە هەڵوێستی نەگۆڕی هەبوو و هەمیشە لای میری دەگرت. وەک چۆن (برایمۆک)ی پیاو لایەنی لاواز و بێهێزی تێدابوو، بە هەمان شێوە جادووگەری ژنیش لەپاڵ ئەو خەسڵەتە خراپەنەی عەقڵ و فانتازیای پیاو بە درێژاییی مێژوو پێی داوە، خەسڵەتی چاکیشی هەبوو، بگرە ئەوە ئەو بوو بڕیاری لەسەر مان و نەمانی پیاوان دەدا. ئەمە ئەو گۆڕانکارییەیە، کە بە سەر ئەفسانەدا دێت، کاتێ بۆ ناو ئەدەب دەگوازرێتەوە، چونکە لە ئەفسانەدا، بە تایبەتی لە ئەفسانەی ڕۆژهەڵاتیدا پیاو ئەو کارەکتەرەیە، کە بە سەر هەموو کۆسپەکاندا زاڵ دەبێت. ژنیش کارەکتەرێکی پاسیڤە و لە ماڵەوە چاوەڕێیە ئەو پاڵەوانە بە سەرکەوتوویی بۆی بگەڕێتەوە. دەتوانم بڵێم لە (برایمۆک)دا فۆکووس خرابووە سەر ڕووداو، نەوەک کەسەکان. واتە مەبەستی سەرەکیی نووسەر و دەرهێنەر ئەوە نەبوو ئەکتەرەکان چۆن بیر دەکەنەوە، بەڵکو هەوڵیان دەدا لە ڕێگای جووڵە و دیاڵۆگی ئەوانەوە پێوەندیی نێوان دەستەڵات و خەڵک بە گشتی و میر و (برایمۆک) بە تایبەتی بکەنە خاڵی جەوهەریی نمایشەکە. بۆ ئەم مەبەستەیش پەنایان بۆ هەندێک تەکنیکی دەرهێنان بردبوو، تاکو لەو ڕێگایەوە پتر ئەو بیرۆکەیە زەق بکەنەوە. بۆ نموونە زیاتر لە جارێک ڕووبەری شانۆ بۆ سێ بەش دابەش کرا. یەکێ لەو دیمەنانە بەم شێوەیە بوو: لە بەشی چەپ (پەری) و (برایمۆک) لەبارەی پێوەندیی خۆشەویستیی خۆیانەوە دەدوان و لە بەشی ڕاست مەلا پێشنوێژیی بۆ چەند دەروێشێک دەکرد، کە بەردەوام وشەی (ئەلڵاهو ئەکبەر) بەرز دەبووەوە، بەڵام لە ناوەڕاست میر لەسەر کورسییەکەی لە هۆش خۆی چوو بوو. دەکرا ئەو دیمەنە لە ڕووی سیمۆتیکایشەوە بخوێنینەوە، بەوەی هاوکات سێ شتی جیاوازمان دەبینی، دوو دەنگی پێچەوانەی یەکترمان دەبیست و ڕووناکییش بە ئاڕاستە جیاوازەکانیەوە بەشداریی لە هەر سێ دیمەنەکەدا دەکرد. ئەگەر ئێمە وتمان فۆکووس خرابووە سەر ڕووداو نەوەک ئەکتەر، ئەمە مانای ئەوە نییە، کە ڕۆڵی ئەکتەر سنووردار کرابوو. ئێمە کاتی ئەوەمان نییە یەک بە یەک ڕۆڵی ئەکتەرەکان هەڵبسەنگێنین، بەڵام ئەوەی سەرنجی بینەرانی ڕادەکێشا بوونی سێ ڕەگەزی ژن بوو لەو نمایشەدا، کە (جوان ئیبراهیم)، (گلێنە حەمە عەلی) و (بژوێن عەلی) بوون. من پێشتر (جوان ئیبراهیم)م لە درامای (نما خان)دا بینیبوو و دەمزانی ئەکتەرێکی لێهاتووە، بەڵام یەکەمجارم بوو (گلێنە حەمە عەلی) و (بژوێن عەلی) ببینم، کە هەر دووکیان توانای باشیان لەو شانۆگەرییەدا پێشان دا. (بژوێن عەلی) بە شێوەیەک ڕۆڵی پیرەژنی جادووگەری بینی، کە تێکڕای جەماوەری سەرسام کرد. ئەوە ئەگەر زانیمان جەماوەرەکە هەمووی هەر کورد نەبوون، بەڵکو بەشێکی زۆریان سوێدی، ئێرانی، ئەفگانی و عێراقی بوون. من هەستم دەکرد ئەو کچە هونەرمەندە لە یەک کاتدا ڕۆڵی مرۆڤ و دومیەی دەبینی. من وەکو بینەرێک ڕێگا بە خۆم دەدەم بڵێم (بژوێن عەلی)ی هونەرمەند لە ئێستاوە بەم دەنگە جیاواز و بەو جووڵە سەرنجڕاکێشانەی دەیەوێت ئاڕاستەیەکی نوێ لە نواندندا بدۆزێتەوە.
هەڵبژاردنی ئەو شانۆگەرییە بۆ بینەری سوێدی زۆر گونجاوە، بەوەی وەک پێشتر گوتمان دەقێکی خۆماڵییە و دەتوانێت لە ڕێگای جیاوازییەکانی خۆیەوە دیاڵۆگیان لەگەڵ دابمەزرێنێت. منیش هەر لەو چوارچێوەیەوە ئەو بۆچوونانەمم نووسیوە. ئەوەی ماوەتەوە بیڵێین، ئەوەیە، کە هونەرمەندی بەئەزموون (عەبدول حەمە جوان) سەرپەرشتیی ئەو کارەی دەکرد.



تێبینی: شانۆگەریی (برایمۆک)، کە لە نووسینی (بەڕێز مەجید) و دەرهێنانی (شەماڵ فەهمی و بەڕێز مەجید)ە، بە بۆنەی نەورۆزەوە لە مالمۆ پێشکەش کرا و ئەم ئەکتەرانە تێیدا بەشدار بوون: جوان ئیبراهیم، بژوێن عەلی، گلێنە حەمە عەلی، شەماڵ فەهمی، فریاد خەلیل، نەجم هۆگر، بورهان محەمەد، حەمە سەعید، غەفوور عەبدولڵا، شەماڵ کەریم، بەهادین هەڵەبجەیی، عابد هەورامی، عومەر هەمەوەندی. هەروەها (شێرکۆ سەعید) کاری ڕووناکی و (ژوان عەبدول حەمە جوان) کاری دەنگی لە ئەستۆ گرتبوو.

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.