Skip to Content

Thursday, April 25th, 2024
شانۆیی کاتمان نەماوە بۆگۆرانی،

شانۆیی کاتمان نەماوە بۆگۆرانی،

Closed
by December 8, 2011 شانۆ

     نمایش لەگەڵ بینەر..یاری لەگەڵ بینەر


ناو/کاتمان نەماوە بۆ گۆرانی
نوسین و دەرهێنان/ شوان کەریم
نواندن/دیلمان سلاح-سەوسەن عومەر

بەداخەوە ئێمە لە هەرێمێکدەژین کە زۆرکەم دەتوانین یاخود دەرەخسێت کارێکی شانۆیی پێرفێکت ببینین.. یەکێک لەو نمایشانەی کە زۆر بەقوڵی پەلکێشیکردم بۆخۆی نمایشی شانۆیی”کاتمان نەماوە بۆگۆرانی” کە لەیەکێک لەخانووە کۆنەکانی شاری سلێمانی نمایشکرا…
ئەم شانۆییە هەرلەسەرەتاوە دەتباتە نێو ئەتمۆسفیرێکی درامییەوە ئەویش بەچونەژوورەوەت بۆ نێوخانوویەک لەرێگەی دەرگای ماڵێکەوەک دواتر دانیشتنت لەسەر لبادو لەژێر چادردا بەرامبەر بەخانوویەک کەئاماژەیە لەرووی فۆرمەوە بۆ کلتوری شارێک کە ساڵانێکە خەریکە هەموو بەها جوانەکانی خۆی لەدەستدەدات گۆرانییەکانی بێرۆح بوون.. لەرووی ماناشەوە ئاماژەیە بەژیانی ژن و مێردێک کە شەڕەکانی ژیان وقورسییەکانی رۆژگار وەهای لێکردوون شەڕ بەیادگاری و بیرەوەری و تەنانەت یەکەم ساتی بەرکەوتنی عەشقیان بکەن.
-بینین لەنێو شانۆ یاخود  بینین لەژیانەوە
یەکێک لە سەرکەوتووترین کارێک وە پڕ ماناترین کارێک کە دەرهێنەرکردوویەتی هەڵبژاردنی شوێنی نمایشە کە خانوویەکە.
ئەم شوێنە وادەکات لەبینەر هەر لەسەرەتای ئامادەبوونییەوە دڵنیابێت لەوەی کە دەبێت حزوری ئەم جارەی تەنها بۆ بینینی شانۆیەکی تەقلیدی و نمایشێکی مردوو نییە، بەڵکو بینەر لەگەڵ ئەوەی بەدیار شاکارێکی شانۆییەوە دانیشتووە دەبێتە شاهیدی کارەساتەکانی ماڵێک کە ژیان پەکی خستوون.. بینەر راستەوخۆ نمایشێک لەڕێگەی چاوی خۆیەوەو راستەوخۆ نمایش لەچاوی عەدەسەی کامێرایەکەوە دەبینێت کە لەرێگەی سکرینێکەوە بۆی دەگێزرێتەوە، لەم نماشەدا تەکنیک دەبێتە هۆکارێک بۆ رەخساندنی زیاد لەمەودایەک بۆ بینەر، بەداخەوە هەرچەند ئەوەی کە مەبستبوو یاخود ئەوەی کەدەکرا لەریگەی ئەو سکرینەوە قوڵترو باشتر رەهەندەکانی ژیانی کارەکتەرەکان دەربخات، بەڵام نەرەخسانی هەلی پێویست وادەکات هەمیشە ئێمەنەتوانین وەک پێویست سودلەتەکنیک ببینین و کارەکانی پێپێشخەین..

-ئەکتەر وەک یەکەی زیندوو
من سەرکەوتنی ئەم نمایشە دەبەسمەوە بەسێ خاڵەوە
١-شوێنی هەڵبژاردنی نمایش. ٢-پلاستیکا”حاڵەتی گوزارشتی جەستەی ئەکتەر”٣- زمانی نمایش و نوسینی دەق.
لەسەوەرە باسی گرنگی شوێنو  هەڵبژاردنی مەکانم کرد، بۆیە راستەوخۆ دێمە سەر پلاستیکا کە مەبەستم لە جەستەی ئەکتەرە وەک یەکەیەکی زیندوو بۆ گوزارشتی نواندن.. لەم نمایشەدا ئەکتەر زۆر سەرکەوتوانە توانی یاری خۆی بەشێوەیەکی رەوان ودوور لە هەرگرژییەک سازبکات وسەرنجی ئامادەبواب بۆخۆی رابکێشێت.
ئەدای ئەکتەر چی لەرووی جەستەوە یاخود دەنگەوە زۆر بەباشی توانی ئامانجی نمایش بگەیەنێتە بینەرو بۆ ماوەی کاتژمێرێک پەیوەستی کات بەخۆیەوە.. گرنگترین شت ئەوەبوو کە زمانی سادەو ئەوەی لە ژیانی رۆژانەماندا ئێمە پێی دەدوێین هەمان ئەوزمانەبوو کە دەقەکەی پێنوسرابوو، لەرێگەی ئەدای ئەکتەرەوە گۆڕابوو بۆ زمانێک کە زمانی شانۆیە.. یانی مەبەستم ئەوەیە ئەکتەر دوور لە دواندنی ژیانی رۆژانەوەو هاتنەدەرەوەی وشەکان لەزارمانەوە کە ئێمە رۆژانە پێی دەدوێین بگۆڕێت بۆ ئەدایەکی شانۆیی..
بۆیە پێم وایە نواندن لەم کارەدا لەئاستێکی باڵادایەو ئەکتەر زۆر بەباشی توانیوویەتی رۆڵەکانی بەرجەستەبکات، قورسی کاری ئەکتەر لەم نمایشەدا بوونی مەودایەکی فراوابوو لەنێوان ئەو بینەردا ئەمەش دەبوویە هۆی ئەوەی کەزۆرجار ئەکتەر پەنا بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی ببیات بۆئەوەی سەرجەم ئەو رستانەی کە لە زاری دێنە دەرەوە بەباشی بگاتەبینەر هەرچەندە زۆرجاریش ئەمە وەک پێویست نەدەکراو هەندێکجاریش ئەم دەنگ بەرزکردنەوەیە دەبوویە هۆی ئەوەی کە کاریگەری لەسەر ئەدای نمایش هەبێت.
لەلایەکیترەوە بوونی پانتاییەکی فراوان لەبەردەم ئەکتەر کە تیایدا لەجیاتی تەختەی شانۆ یاری خۆی تێدا دەکرد هەم هاوکاربوو بۆئەوەی کە ئەکتەر بتوانێت زۆر بە سادەیی و بەئاسانی بجوڵێت و زیاتر ئیستیخلالیکات بۆخۆی، هەم هەندێک جار دەبووەکێشە لەبەردەمی لەوەی بەردەوام لەهەوڵی ئەوەدابێت کە پڕکردنەوەی ئەومەودایەی کە چاوی بینەری ئاراستەدەکرد وەک پێویست نەبێت، بەڵام خۆشبەختانە بەهاوکاری دابەشکردنی هێڵەکانی دەرهێنەر لەنێو نمایش و بە بوونی ئەزموون لەنێوکاری نواندندا ئەکتەرەکان زۆربەباشی توانیبوویان لەنێوپانتایی نمایشەکەدا حزوریان هەبێت..

-دەق وەک خاڵی دەستپێک
ئەو زمانەی کە تێکستی ئەم نمایشەی پێنوسرابوو  زیاتر زمانێکی سادەبوو کە ئەو زمانەیە ئێمە رۆژانەپێی دەدوێین، بەڵام چنینی روداوو دانانی رستەکان وایکردبو دەقێکی زۆرباشی شانۆیی لێدەربچێت کە لەکۆتایشدا هۆکاری سەرکەوتنی نمایشەکەبوو.. زمان لەم نمایشەدا خۆی بەدوور لەهەر کاریگەرییەکی شعریو چیرۆکی بەدوورگرتبوو، یانی مەبەستمەبڵێم زمانی نوسینی ئەم تێکستە هێندە زمانێکی درامی شانۆیی بوو هێندە زمانێکی یاخود دەقێکی ئەدەبیی نەبوو، کەبەداخەوە هەتائێستا گەورەترین کێشەی تێکستی شانۆ لەم وڵاتەدا یەکێک لەخاڵەکانی ئەمەیە.
وەلەلایەکیترەوە ئەم تێکستە شانۆییە خۆی بەدوور گرتبوو لەهەر گێڕانەوەیەک “سەرد”ێک. لەو چەند شوێنە کەمەی کەسەردێک دەهاتەپێشەوە هێندەی کاری گەری دەبوو لەسەر بردنەپێشەوەی کرداری درامی کارەکە و روونترکردنی “ژیان-خیانەت-هۆکاری تێکچونی ژیانی ئاسایی کارەکتەرەکان” بووهێندە گێڕانەوەی چیرۆکێک نەبوو کە کاریگەری لەسەر جوڵەی درامی نمایشەکەهەبێت.
هەڵبژاردنی ئەو بابەتانەی کە پەیوەستن بەژیانی ئێستامان و ئەو کارەساتانەی کە بەبێدەنگ بەرۆکی هەر تاکێکی ئێمەی گرتووە نیشانەی ئاگایی و هۆشیارییەکی زۆر قوڵە کە دەر‌هێنەر-نوسەر خاوەنێتی، بەرامبەر بەکۆمەڵگاکەی خۆی و زۆر بەڕونی و بێ هیچ شەرمێک پەردەی لەسەرهەڵ ئەماڵێت و پەنجەلەسەربرینەکان دادەنێت، رووداوەکانی ئەم نمایشە دوور لەهەر خەون وخەیاڵێک، دوور لەپیاهەڵدان بەرابووردوورو بێ خۆزگە خواستن بۆ ئایندە، بەرۆکی ئامادەبوان دەگرێت، رووداو بەسەرهاتەکان شتگەلێکن لەئێستادان لەمڕۆماندا روودەدەن، هیچ جاوبەستێکی تێدانییە، بۆیە زۆر بەزیندووی وەبەسادەیی دەتوانن پرسیار لەناخماندا دروستکەن، بەرامبەر بەخۆمان بمانوەستێنێت و وەهەندێک جار هەست بەقەهرو گوناح بکەین و پێمانوابێت ئێمەش دەستمان لەم بێ نەزمییەی ژیانداهەیە، چونکە ئێمەین بەشێکین لەمڕۆ، بەشێکین لەبوونی ئەوماڵوشارەی کە خەمۆکی باڵی بەسەردا کێشاوە.

  دێرین حامد

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.