Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
شایەتینەدانی دایکی مامۆستا ساکار شایەتیدانە

شایەتینەدانی دایکی مامۆستا ساکار شایەتیدانە

Closed
by September 4, 2012 ژنان

 

 

 

مامۆستا ساکار ئەو کچە تەمەن ٢٨ ساڵەیە کە ئاماژه‌کان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن کە لەلایەن باوکیه‌وە چه‌ند مانگێک به‌ر له‌ئێستا کوژرا و ئێستا کەیسەکەی له‌ دادگایه‌ و لە کۆتا دادگایشیدا دادوەر دادگایەکەی دواخست بە هۆی ئەوەوەی کە دایکی ساکار ئامادە نەبووە دژ به‌ مێرده‌که‌ی خۆی شایەتی بدات.

من پێموایه‌ ئه‌و دایکه‌ مافی ته‌واوی خۆیه‌تی نه‌یه‌وێت شایه‌تی بدات و ده‌بێت چیتر فشاری بۆ نه‌هێنرێت. له‌ وڵاتانێک که‌ مافی مرۆڤ و دیموکراتی تیایاندا ڕێزی لێده‌گیردرێت، خزمی نزیک شایه‌تییدان فه‌رز نییه‌ له‌سه‌ری. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ سەیری مەوقفی دایکی ساکار بکەین دەبینین کە ئه‌و ته‌واو هەقی خۆیەتی ناتوانێ شایەتی بدات لە دژی مێردەکەی، چونکە دایکی ساکار ئێستا لە ژێر زەختێکی زۆر گەورەی سوڵحی عەشایەری و هەوڵی خزم و عەشیرەتەکەیدایە بۆ به‌ بێتاوان ده‌رکردنی باوکەکە. له‌ولاشه‌وه‌ بێتاقه‌تی ئه‌وه‌یه‌ که‌ مێرده‌که‌ی ئه‌و غه‌دره‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ کچه‌که‌ی کردووه‌. دایکی ساکار له‌نێوان ئه‌م دوو به‌رداشه‌دایه‌. هیچ دادگایه‌کی دادپه‌روه‌ر نابێت ئینسان بخاته‌ مه‌وقفێکی وا قورسه‌وه‌.

خۆ ئەگەر دادوەر بە ڕوونی سەرنجی شایەتینەدانەکەی دایکی ساکار بدات، ئەوا ئاشکرایه‌ کە  ئەو دایکە بەبێ ئەوەی شایەتیی بدات شایەتیی داوە. خودی شایەتیینەدانەکەی ئه‌و شایەتییدانە. پێداگریی ئەو ژنە لەسەر ئەوەی که‌ نایه‌وێت سوێند بخوات یان شایەتیی بدات، دەبێت بۆ دادوه‌ر به‌ڵگه‌یه‌کی به‌هێزی ناو دۆسیه‌که‌ بێت و یه‌کسه‌ر ئەوە بگەیەنێت کە ساکار له‌لایه‌ن باوکیه‌وه‌ کوژراوه‌. من پێم وایە کە شایەتیینەدانی دایکەکە نابێت هیچ ڕێگەییەک بخاتە مەحکەمەوە چونکە  شایەتیوەرگرتن لە دادگا بۆ ئەوەیە کە حاکم به‌ڵگه‌ و ئاماژه‌ی ڕوون بدۆزێتەوە بۆ تاوانباریی یان بێتاوانیی تۆمه‌تبار.

دادگاکانی ئەم وڵاته‌ی ئێمه‌ بە هەڵە لە حیکمەت و فەلسەفەی هێنانی شایەت بۆ دادگا تێگەیشتوون، ئەگینا مانای چی ئەگەر شایەتێک ئامادە نەبێت سوێند بخوات یان ئامادە نەبێت شایەدیی بدات ئیتر دادگایکردنه‌کە گرفتی تێئەکەوێت و تاجیل ئەکرێت و بەبێ ئەو شایەدییە مەحکەمەکە بۆی هەیە واز لە تۆمەتەکە دژ بە تۆمەتبار بێنێت؟ ئەمە هیچ ناگەێنێت جگە لەوەی کە دادگاکانی لای ئێمه‌ بە هەڵە لە ڕۆڵی شایەت لە دادگا تێگەیشتوون و وا دەزانێت کە بڕیاری کۆتایی لەسەر تاوانباربوون یان تاوانبارنەبوونی تۆمەتبار دەبێت لەسەر ئەساسی ئەوە بینا بکرێت کە شایەتەکان چی دەڵین. بە مانایەکی تر، حاکم بەبێئەوەی بە خۆی بزانێت سەڵاحییەتی یەکلاکردنەوەی تاوانبارییەکەی داوەتە دەستی شایەتەکان. ئەی چی ئەبێت ئەگەر لە کەیسێکدا چەند شایەتێک هەبن و هەموویان درۆزن بن و درۆ بکەن؟ ئایا لەو کاتەدا حاکم دەڵێت مادام شایەتەکان دەڵین کەسەکە بێتاوانە، کەواتە بێتاوانە؟ ئەگەر وا نییە، کەواتە حاکم بۆ بڕیاردان لەسەر تاوانباریی یان بێتاوانیی تۆمەتبار، بەو شێوە زۆره‌ ئیعتیمادی لەسەر هەبوونی قسەی شایەت نییە و قسەی شایەت لە مەحکەمە هەر بۆ ئەوەیە قه‌ناعه‌تی دادوه‌ر به‌ تاوانباریی یان بێتاوانیی که‌سێک یه‌کلابکاته‌وه‌. کەواتە مادام وەزیفەی شایەت لە دادگادا هەر ئەمەیە و مادام دادوەر شایەتی بۆ ئەوە نییە شایەتەکە قەرار بدات کێ تاوانبارە و کێ بێتاوان، کەواتە دادوەر دەتوانێت لە تەسەڕوفی شایەتیش ئەم خوێندنەوانە بکات و شەرت نییە شایەت قسە بکات بۆ دادگا. زۆر جار قسەنەکردنی شایەت لە شایەتییدان گرنگترە بۆ دادوەر بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئایا تۆمەتبار تاوانبارە یان نا.

 سەرەڕای هەموو ئەمانەش لەم کەیسەی مامۆستا ساکاردا چەندین بەڵگەی بەقوەتتر هەن کە هەموو زۆر بە ڕوونی پیشانی ده‌ده‌ن کە باوکەکە کچەکەی خۆی  کوشتووە. کاره‌سات ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌وترێت بۆ داخستنی دۆسیه‌کە ئێستا ئەو بەڵگانە شاردراونه‌ته‌وه‌، بۆ نمونە زانیاری ئەوە هەیە کە ئەو چەکەی ساکاری پێ کوژراوە چەکی باوکەکەیە و ئێستا پۆلیس چەکەکەی لەناو بردووە. هەروەها هەواڵی ئەوە هەیە کە ساکار خۆی لە خەستەخانە وتوویەتی باوکم تەقەی لی کردووم و ئێستا خزمانی باوکەکە کارێکیان کردووە پۆلیس ئەو ئیفادەیەی وون کردووە. ئەمە جەریمەیەک و سکانداڵێکی گەورەی پۆلیسە کە یاسای توندتیژی ناو خێزان پوجەڵ ئەکاتەوە و ئه‌گه‌ر وابێت پۆلیسیش دەستی هەیە لەم جەریمەیەدا.

بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەم ماوەیەی پێشوودا ڕایگەیاند کە ئیتر دوای کارەکانی ژنان دەکەون و ئیتر نابێت ئەو کەسانەی کە ژنان دەکوژن ئازاد بکرێن. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هیچ هەڵوێستێکی حکومەتمان نەبینی لەم کەیسەدا ئه‌گه‌رچی هەموو دەبینن و ئاشکرا دیاره‌ بکوژی ساکار کێیه‌. حکومەت دەبێت بزانێت چی بەڵێنێکی داوە بیانباتە، سەر ئەگینا ئێمەی چالاکوانی مافەکانی ژنان هیچ بێدەنگ نابین لەئاست ئەم هەموو ناهەقیەی دوای مردنیشی بەرامبەر بە مامۆستا ساکار دەکرێت. بێدەنگ نابین لە ئاست ئەوەی دۆسیەکە دابخرێت و بە سوڵحی عەشایه‌ری بکوژەکە ئازاد بکرێت. بۆیە دادگا و حکومەت دەبێت هەوڵی جددی بدەن بۆ گەڕاندنەوەی عەدالەت بۆ مامۆستا ساکار. ئەگەر بێتو باوکی ساکار ئازاد بکرێت و سزا نەدرێت، ئەوا ڕێک ئەوەمان پیشان دەدات کە بەڵێنەکانی بەڕێز نیچیرڤان تەنها قسە بوون و هیچ نەکراوە بۆ دۆزی ژنان.

له‌کۆتاییدا ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ دووباره‌ بکه‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌و دایکه‌ مافی خۆیه‌تی شایه‌تی نه‌دات، بۆیه‌ ده‌بێت له‌ شایه‌تیدان ببه‌خشرێت و بۆ حوکمدان له‌سه‌ر که‌یسه‌که‌ ده‌بێت پشت به‌ به‌ڵگه‌کانی تری ناو دۆسیه‌که‌ ببه‌سترێت. ئامانجی دۆزه‌که‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی عه‌داله‌ته‌ بۆ مامۆستا ساکار. ئه‌م ئامانجه‌ش ئه‌وه‌نده‌ گرنگ و گه‌وره‌یه‌ که‌ نه‌ شایه‌تیینه‌دان و نه‌ هیچ شتێکی تر ببێته‌ ڕێگر له‌ به‌رده‌میدا.

 

shadanewl@yahoo.com

 

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.