Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
شتێک شکا … نەوزاد بەندی

شتێک شکا … نەوزاد بەندی

Closed

ئەمڕۆَ هەستم بە شتَێک کرد ، شکا ..
وەک پەرداخێک ئاوى سارد
کە لە لێوارى مێزەکەدا
ئەخلیسکێت و
دەست ئەکاتە ملى وورد بوون
وەک کوپێ قاوەى تاڵ
کە کراسێکى سپى
ڕەش ئەکات و
خۆیشى هەپروون بە هەپروون ..
هەستم بە شتێ کرد ڕژا
هەستم بە شتێ کرد پژا
هەستم بە شتێ کرد وورد بوو
وەک پارچە پسکیتێ
کە ڕێکەوت ئەیخاتە ژێر پێمان ..
وەک ئەو لەعابەیەى
لە شەوێکى بێ کارەبا
ڕێکەوت ئەیخاتە سەر ڕێمان ..
هەستم بە شتێ کرد نەما
وەک تەم کە لە پڕ نامێنێ
وەک خەم کە لە پڕ نامێنێ و
لە یەکتر جیا ئەبینەوە
هەستم بە شتێ کرد ڕاى کرد
وەک چۆلەکە
کە لێى نزیک ئەبینەوە ..
هەستم بە شتێ کرد دایکرد
وەکو باران
ئەمڕۆ هەستم بە شتێ کرد
کە مرد
وەک پەپولەى بەر پەنجەرە و
بەر چرا و
بەیانى پاییز ..
ئەمڕۆ هەستم بە پەنجەرەیەک کرد ، داخرا
بە دەرگایەک ، قوفڵ درا
بە مۆمێک کە کوژایەوە
بە خۆرێک .. ئیتر ئاوا بوو
هەستم بە مانگێک کرد ، گیرا
بە ڕۆمانێ کە تەواو بوو ..
ئەمڕۆ هەستم بە زۆر شت کرد
نەمزانى لێکیان دەمەوە
بیانکەم بە زەردەخەنە
یان وەکو یارى مناڵى
دواى ساتێ تێکیان دەمەوە …

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.