Skip to Content

Friday, March 29th, 2024
شتێک لە بازاڕى شیعر ….   نەوزاد بەندى

شتێک لە بازاڕى شیعر …. نەوزاد بەندى

Closed

 

 

-1-

لێکدان

 

یەک کەڕەت یەک یەکسانە بە سەدان ئوتومبیلى

تاهو و لامبرگینى و لاندکرۆزەر و

لینکۆڵن و ڕۆسڕایس و ڕانجرۆڤەر و

لەگزس و مارسیدس و ئێکس سیکس ..

هەروەها یەکسانە بە سەدان تاوەر و بورج و

ڤیلا و

باخ و

شاخ و

سەیرانگا و

دۆرگە و

پاپۆڕو

کۆمپانیا و

تەنکەر و کێڵگەى مریشک و

نەوت و

گاز و

شارى مۆدێرن و

بەنزینخانەو 

مەدخەرى دەرمان ..

هەروەها یەکسانە بە هەزاران کچى جوان

بە هەزاران ئاهەنگى شەوان

بە سیاحە

بە سەفەر

بە گەڕان ..

بە خواردنى کاکڵەى هەموو شتەکان ..

هەروەها یەک کەڕەت یەک یەکسانە 

بە جەنگ ..

بە گەرمکردنى بازاڕى چەک ..

بە زیادکردنى

هەتیو و

بێوەژن و 

کەلاوە

(لێکدان زۆر قورسە ،

بۆیە مناڵەکانمان فێرى نابن ..

بۆیە بە دەست سەعیکردنەوە ،

ئەعسابیان سوتاوە )

هەشت کەڕەت شەش سەد هەزار یەکسانە بە سفر ..

( ئا ئەوەیە نەگبەتیەکەى خشتەى لێکدان )

 

-2-

بۆم دەرکەوت ..

ئەم شارە 

زۆربەى کۆشک و  باڵەخانە وڤیلاکانى چۆڵن ..

لە کاتێکدا

سێ یەکى هاووڵاتیان کرێچین !!

نازانم ئەمە نوکتەیە ..

مەتەڵە ..

یان ئەفسانەیەکى کۆنى چین !

 

-3-

چووم باجى دوکانەکەم بدەم

وتیان : بووە بە دوو ئەوەندە ..

وتم : کەى ؟

وتیان : ئیشى تۆ نییە ..

ئیشى تۆ تەنها دەفعکردنە ،

( نەفعى دەفعیش ،  بۆ رەفعى بەڵایە )

 

-4-

باج لەسەر وشەیش دانێن ،

بۆ ئەوەى ئەو تۆزە ژاوە –ژاوەیش نەمێنێ..

 

-5-

خودایە ..

پێش ئەوان من بکوژە ..

داواکاریەکى قورس نییە ،

با من پێش ئەوان دابەزم ..

قودرەتى فیراقم نییە ، ئیلاهى .. !

 

-6-

بۆم دەرکەوت ،

منیش کەمئەندامم ..

چونکە زۆربەى فیکر و

جەستەم ،

لە هۆڵەکانى زانکۆ بە جێهێشت..

لە شەوانى بەشى ناوخۆیى و

سەر کورسیە تەختە کۆنەکانى 

ژێر یۆکالیبتۆسەکانى ، زانکۆ ..بەجێهێشت ..

لە زیندە خەونەکانى 

ناو موحازەرەکانى 

پۆلەکانى .. زانکۆ بەجێهێشت

( تۆ بڵێى ئەگەر ئەرز و حاڵێک بدەمە وەزارەتى کار ،

موچەى کەڵەکە بوى کەمئەندامى

بیست و پێنج ساڵم ،

بۆ خەرج نەکەن ؟؟ ! )

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.