شه‌ش كاتژمێر له دیده‌نی مه‌لا مسته‌فا بارزانی دا
بیره‌وه‌ریێكی مێژوویی:
شه‌ره‌فمه‌ندبوون و شادبوون به دیداری بارزانی ئاواتێك بوو زه‌مه‌نێكی دوور و درێژبوو خه‌ونمان پێوه ده‌بینی، دوا به دوای دیده‌نی به‌شێك له ئهنهدامانی مه‌كته‌بی سیاسی و لیژنه‌ی ناوه‌ندی له سپێده‌ی ڕۆژی 6/شوباتی/ 1970 له گوندی (ناوپردان) هه‌ڵپه و كڵپهمان بۆ ئه‌م دیداره‌ی بارزانی زیاتر تینی سه‌ند.
ئێمه كه خۆمان ده‌بینیه‌وه له ڕێكخستنی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان، له موسڵ و به‌غداوه به مه‌به‌ستی به‌جێگه‌یاندنی كاره‌كانمان له میانه‌ی شاندێك كه پێكهاتبووین له (ئه‌نوه‌ر عه‌بدوڵڵا، قادر محه‌مه‌د ئه‌مین، جه‌لال خۆشناو، جه‌واد شێروانی، فه‌رهاد عه‌ونی كه خۆمم) ڕوومان له كوردستان كرد. ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی رێككاری ناوه‌ند له غورفهیهك– كه له‌گه‌ڕه‌كی (السباق)ی كۆنی به‌غدا به‌كرێمان گرتبوو- له نێو كۆبوونه‌وه‌یه‌ك دا بڕیاری له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌مان دا.
ئه‌و كات له سه‌ره‌تای پشووی به‌هار بووین و پێشهاته نوێیه‌كانیش گۆڕه‌پانی سیاسیان گه‌رم كردبوو، سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی كورد و حكومه‌تی عێڕاقی په‌یوه‌ندی و سه‌ردانیان بۆ لای یه‌كتر چڕكردبۆوه، ئه‌مه‌ش پاش جه‌نگێكی خوێناوی (حیزبی به‌عس) دوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ دووه‌مین جار له به‌رواری 17/ی ته‌موزی/ 1968.
له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك هه‌وڵی چه‌ندان خێرخواز بۆ گه‌یشتن به تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش دواخرا.
له‌و كۆبوونه‌وه‌ی كه به په‌له به‌ستمان له غورفه خانووه‌كه‌ی به‌غدا له سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێك گفتۆگۆمان كرد، له‌مه‌ڕ چه‌ند دۆزێكی رێكخستن و قه‌زیه‌ی سیاسی دواین، به‌ڵام نه‌مانده‌توانی بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه له‌باره‌یانه‌وه بده‌ین، ئه‌مه له ناوه‌ندی خوێندكار و قوتابیان دا شتێكی نامۆ نه‌بوو، به‌تایبه‌ت له ساڵانی شه‌ست و حه‌فتاكاندا، به جۆرێك ئه‌م كاره‌ی قوتابیان به حه‌ماسی رۆمانسی و چالاكی به‌رده‌وام وه‌سف ده‌كرا. هه‌موو ئه‌م گفتوگۆ دوورودرێژانه خزمه‌تی قه‌زیه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ده‌كرد كه ئێمه به‌شێكی زیندوبووین تیایدا، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌و په‌ره‌سه‌ندنانه‌ی كه زانكۆكانی ئه‌وروپا به‌خۆیانه‌وه بینیبوو له ژێر كاریگه‌ری فیكری (ماركۆزه)، له هه‌موو چینه‌كان زیاتر ماركۆزه چینی قوتابیانی هانده‌دا بۆ به‌رپاكردنی شۆڕش له نێو كۆمه‌ڵگادا، چونكه هه‌روه‌ك ده‌گوترا چینی كرێكار خه‌ریكی ڕاكه ڕاكه به دوای به‌رژه‌وه‌ندی و خاوبوونه‌وه‌دا. له گرنگترین گۆڕه‌بانی قوتابیان مه‌شخه‌ڵی ئاگری یاخبوون به‌رزبۆوه، ئه‌مه وای له ژه‌نڕاڵی گه‌وره‌ی فه‌ڕه‌نسی (دیغول) كرد، به‌رامبه‌ر لێدانه‌كانی (كوهین) رێبه‌ری قوتابیانی فه‌ره‌نسی له هۆش خۆی بچێت، ئه‌مه هاوكاتبوو له گه‌ڵ ڕووداوه‌كانی ئایاری (1967).
قوتابیانی رۆژهه‌ڵات و جیهان ڕۆڵی به‌رچاویان گیڕا بۆ نما پێكردنی هه‌ستی سیاسی به‌رامبه‌ر ڕووداوه‌كان، ئه‌مه كاریگه‌ری گه‌وره‌ی خسته‌وه له‌سه‌ر ناوه‌ندی قوتابیانی عیراقی به گشتی و قوتابیانی كوردستان به تایبه‌تی، بیری خستنه‌وه ئه‌وان دۆزێكی ڕه‌وایان هه‌یه ئێستا كه‌وتوه‌ته جیهانی ڕۆشنایی، كه پێشتر زه‌مه‌نێكی دووروو درێژ شۆڕشی شۆڕه‌سوارانی سه‌ر لوتكه و گردۆلًكهكانی كوردستان له‌بیركرابوو، ئه‌مه‌ش به‌هۆی هه‌ره‌سهێنانی كۆماری مهاباد و كشانه‌وه‌ی (بارزانی) بۆ (ئیتحادسۆڤیهت) له گه‌ڵ (500) جه‌نگاوه‌ر و په‌رینه‌وه‌ی له سنووری (3) ده‌وڵه‌تی ناحه‌ز كه (25) ڕۆژی خایاند. له دوای شۆڕشی 14/ تموزی/ 1958، بارزانی له مه‌نفا گه‌رایه‌وه، له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عه‌بدولكه‌ریم قاسم لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێی هه‌ڵدایه‌وه به ئومێدی ژیانێكی پڕشنگدار بۆ گه‌له‌كه‌ی. هه‌موو جووڵه‌و چالاكیه‌كانی یه‌كخست بۆ خزمه‌تكردنی نیشتیمانێكی یه‌كگرتوو كه پێشتر تووشی له‌تبوون و زامداربوون هاتبوو. به‌ڵام ئه‌مه زه‌مه‌نێكی زۆری نه‌برد ژیانی عیراقیه‌كان به‌ره‌و ڕووێكی دیكه وه‌رچه‌رخا، بارزانی بۆ پێش پێگرتنی ئه‌م ڕه‌وشه كت و پڕه كه دڵنیابوو ئومێدی باشبوونی نیه جارێكی دیكه به‌ره‌و شاخه‌كانی كوردستان كه هاوڕێ و داڵده‌ده‌ری هه‌میشه‌یی خۆی و پێشمه‌رگه‌كانی بوون رێگای گرته‌به‌ر. له به‌رگێكی نوێی شۆرشگێڕانه‌دا كه له ئه‌یلولی 1961ده‌ستی پێكرد خه‌باتی خۆیان درێژه‌پێدا، هاوكات هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان له ژێر سه‌ركردایه‌تیه حه‌كیمانه‌كه‌ی ئه‌ودا به‌ڕێوه ده‌چوو، كاریگه‌ریه ڕۆحیه‌كانی ئه‌و گه‌یشتنه ئه‌و ڕاده‌یه‌یی به چینێكی وه‌ك قوتابیان بڵێت (سه‌ری ڕمن له هه‌موو شۆڕش و جه‌نگه نیشتیمانیه‌كان).
دوای كۆتایی دانیشتنمان له گه‌ڵا مه‌كته‌بی سیاسی داوای دیده‌نی بارزانیمان كرد.
مه‌كته‌بی سیاسی كه هه‌ستیان كرد ئێمه بهتاسهوهیهن بۆ ئه‌م دیداره و داوهكهشمان ڕه‌وایه، مامۆستا (حبیب محمد كریم) سكرتێری گشتی پارتی دیموكراتی ئه‌وسا، ڕه‌سته‌وخۆ ته‌له‌فۆنی بۆ باره‌گای بارزانی كرد، رسته‌كه‌م ته‌واو له بیره كه گوتی”مێوانان له به‌رزترین ده‌سته‌ی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له بهغهداوه هاتوون، پێویسته مێواندارییان بكه‌ین” پاش كه‌متر له چارێگێك مژده‌یان پێداین و گوتیان ” سه‌ر له ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ ئێوه ده‌چنه خزمه‌تی بارزانی له ماڵه‌كه‌ی خۆی دا” . به‌فرێكی زۆر باریبوو، كه‌ش و هه‌وا له‌وپه‌ڕی ساردی دابوو به تایبه‌تی له گوندی (ناوپردان) كه ده‌كه‌وێته نێوان چۆمان و گه‌ڵاڵه و زنجیره كێوێكی داپۆشراو به دار و دره‌ختی چڕ و پڕ، مه‌كته‌بی سیاسی به حوكمی هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی ئه‌م ناوچه‌یه باره‌گای خۆی له‌وێ كردبۆوه، ئه‌م ناوچه‌یه هه‌ر له ساڵی 1962 ئازادكرابوو، هێڵی ته‌له‌فۆن له نێوان (گه‌لاله) و (قه‌سرێ) به‌سترابوو، ئه‌م نێوانه چه‌ند باره‌گایه‌كی سه‌ره‌كی له خۆگرتبوو.
دوای ته‌واوكردنی كاره‌كانمان كاتژمێر (3)ی دوای نیوه‌ڕۆ به سه‌یاره‌یه‌كی جۆری (لاندگروزر)ی ڕه‌نگ سه‌وز ی مۆدیل 60 كه پێشمه‌رگه‌یه‌ك لێیده‌خوڕی به‌ره‌و (گه‌ڵاله) كه‌وتینه ڕێ. هه‌ریه‌ك له ئێمه سه‌باره‌ت به‌م دیداره‌ی بارزانی كه‌وتینه بیركردنه‌وه، ڕیگا كه‌شێكی سه‌یربوو، فڵچه‌ی جامی پێشه‌وه‌ی سه‌یاره به ڕاست و چه‌پ دا خه‌ریكی ڕاماڵینی به‌فربوو ، له‌وكاته‌ی رێگای (هاملتۆن)مان به‌جێهێشت و به‌سه‌ر پردی زه‌ردا په‌رێنه‌وه رێگا زۆر سه‌خت و دژواربوو ته‌نها جێب و لاندگروزه‌ر ده‌یانتوانی به‌م ڕێگایه‌دا بڕۆن، كاتێك گه‌یشتینه (قه‌سر)ێ سهیارهكهمان به‌رامبه‌ر بینایه‌كی كۆن كه كۆمه‌ڵێك حه‌ڕه‌سی چه‌ك به ده‌ست له ده‌وروبه‌ری بوون وه‌ستا، پرسیارمان له شۆفێره‌كه كرد بۆچی وه‌ستای؟ هیچ گرنگی به پرسیاره‌كه نه‌دا و دابه‌زی و پێنج ده‌قیقه لێمان بزربوو، دوایی له گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌یه‌ك هاتنه‌وه نێو سه‌یاره و بۆجاری دووه‌م به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات رێگامان گرته‌به‌ر. له قه‌سرێ به‌فر به‌شێوه‌یه‌كی چڕ و پڕ باری بوو، جگه له له به‌فری كه‌ڵه‌كه بووی چین له سه‌ر چین هیچیترمان بهدینهدهكرد، به شێوه‌یه‌كی زۆر جوان شاخ و شێوه‌كانی داپۆشیبوو، له ژێر پێیهكانمانهوه هه‌ستمان به ساردی ده‌كرد، نێو سه‌یاره جگه له ده‌نگی (كاوێساغا) هیچ شتێكی تێدانه نه‌بوو گه‌رممان بكاته‌وه، دانه‌دانه‌ی پێشمه‌رگه‌مان لێ ده‌ركه‌وتن، چه‌كی (كلانشینكۆف)یان پێ بوو، زۆر زیتهڵا و وشیاربوون له وپهرێ ئاگاداری دابوون وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ كارێكی زۆر گرنگ وه‌ستاون، زانیمان له ده‌وروبه‌ری بارزانی نزیك كهوتووینهوه، بهودای (200) مه‌تر بینیمان دووكه‌ڵ له سه‌ر خانووه قوڕه‌كان به‌رزده‌بێته‌وه، له به‌فری زۆر سه‌یاره چیتر نه‌یتوانی بڕوات، ناچار دابه‌زین له‌گه‌ڵ ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی له (قه‌سر)ێوه وه‌ك ڕێنیشانده‌رێك له‌گه‌ڵمان هاتبوو به پیاده ڕێگه‌مان گرته‌به‌ر، جێگه‌ی باسكردنه ئه‌م پێشمه‌رگه‌یه له درێژایی ئه‌م ڕێگه دوور و به‌فراویی و ناخۆشه كه به‌سه‌یاره بڕیمان تاكه وشه‌یه‌كیشی به‌ده‌م دا نه‌هات.
كت و پڕ خۆمان به‌رامبه‌ر شوێنی به‌رگری دژه فڕۆكه بینیه‌وه، به‌ئاڕاسته‌ی رۆژئاو دامه‌زرابوو، دوو پێشمه‌رگه له‌وێ وه‌ستابوون نیشانه‌ی چاودێری و پارێزگاری له چاویان دا دهخوێنداریهوه، ئه‌وان گرنگی و پیرۆزی ئه‌و شوێنه‌یان له دڵی خه‌ڵك دا هه‌ست پێكردبوو بۆیه به‌م شێوه لێبڕاو و ماندوونه‌ناسانه خۆیان له دووژمن مه‌ڵاس دابوو.
ئێمه له‌م چركه‌ساتانه‌دا به‌نێو خانووه قوڕه‌كانی گوندی (دیلمان)دا تێپهردهبووین، چه‌ند جوانه شوێنێكی دووره ده‌ست له نێو لوتكه چیاكان ئارامی و خامۆشی باڵی خۆیان به‌سه‌ردا كێشابوو، ده‌سته‌یه‌ك له پیشمه‌رگه‌كان به‌و په‌ڕی دڵسۆزییه‌وه خه‌ریكی گرتنی واجباتی ئه‌خلاقی و مه‌بده‌ئی خۆیان بوون، كه‌ش و هه‌وای ناخۆش هیچ كاری لێنهكردبوون.
له نێو خانووه‌كان گوێمان له ده‌نگێك بوو، بینیمان پیاویك له ده‌رگای یه‌كێك له ماڵه‌كان وه‌ستاوه و دڵخۆشی خۆی ده‌رده‌بڕی، له دووره‌وه ئاماژه ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بۆ لای ئه‌و بڕۆین، زانیمان خاوه‌نی ئه‌م ده‌نگه (فه‌ره‌نسۆ حه‌ریری یه) كه بۆ یه‌كمجار له شاری كۆیه له ساڵی 1959بینیبووم له‌وێ ناسیمه‌وه، فه‌ره‌نسۆ پیاوێكی تێكۆشه‌ر و پێشمه‌رگه‌یه‌كی په‌یوه‌ست به بارزانی نه‌مر بوو، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته شۆڕشگێڕانه‌شی مایه‌وه تاكو له دونیا ماڵئاوایی كرد. كاتێك له یه‌كتر نزیك كه‌وتینه‌وه زۆر دڵخۆشبوو، یه‌كه به‌یه‌كه‌ی له باوه‌ش گرتین، به گاڵته‌وه گوتی” ها به‌م جل و به‌رگه ئهفهندیهیه ئێوه وه‌ك نامۆ وابوون!) دوایی بۆ خزمه‌تی بارزانی چه‌ند تێبینیه‌كی گرنگی پێداین و گوتی خۆتان دوور بگرن له به‌كارهێنانی نازناوی زه‌ق و زل، چونكه هه‌ر به‌سروشت بارزانی ڕقی له‌م جۆره شێوازه‌ی قسه‌كردنه، وه‌پێشی گوتین ئیدرس بارزانیش له ژووره‌وه‌یه.
ئه‌م شوێنه‌ی له‌گه‌ڵ كاك فه‌ڕه‌نسۆ حه‌ریری رێكهوتمان كرد، خانوویه‌كی قوڕی زۆر ساده‌بوو، ڕێڕه‌وێكی كه‌متر له دوو مه‌تری چوار گۆشه‌ی هه‌بوو،له ده‌سته ڕاستی ڕێڕه‌وه‌كه كولانكهیهكی فراوان هه‌بوو له‌وێ سه‌ماوه‌رێكی قه‌باره مامناوه‌ندی ڕه‌نگ زه‌رد دانرابوو، كۆمه‌ڵێك ئیستیكان له سه‌ر صینیهكی مه‌عده‌نی ریزكرابوون، پیاوێكی مه‌یله‌و ته‌مه‌ن سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی چایه بوو، له ده‌سته چه‌پی كولانكهكه چووینه ژووره‌وه غورفه خانوویه‌كی شكڵ درێژبوو، چه‌ند تهختهبهڕێكی ساده‌ی لێڕاخرابوو، زۆر پاك و خاووێن بوو، له‌سه‌ر هه‌ندێك له‌م تهختهبهڕانه دۆشك ڕاخرابوون و ژماره‌یه‌ك له بالیفیان له سه‌ر داندرابوو، به (لۆكسی نه‌فت) ئه‌م ناوه ڕووناك كرابۆوه، له‌یه‌كه‌م ساتی چوونه ژووره‌وه‌مان هه‌ستمان بهگرمبوونهوهكرد، زۆپای دار داده‌گیرسا، له تافی تاسه‌ی لاویهتیمانهوه به‌ره‌وڕووی ئیدریس بارزانی بووینه‌وه به ده‌مووچاوێكی خهنداوی و به دڵێكی خۆش پێشوازیه‌كی گه‌رمی لێكردین، به‌ده‌ستی ڕاستی تووند دهستهكانمانی ده‌گوشی و به ده‌ستی چه‌په‌ی (نهج البلاغه)ی ئیمام عه‌لی ( ر.خ) هه‌ڵگرتبوو، دوای پرسیاركردن له باروودۆخی وڵات، ده‌ستی كرد به قسه كردن له باره‌ی وتووێژكردن له گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌غدا، ئه‌وه‌مان بیركه‌وته‌وه كاتێك له (قهسرول ئه‌بیه‌ز) له كۆتایی ساڵی (1969) له‌گه‌ڵ شاندێكی یاوه‌ری به خزمه‌تی گه‌یشتین و گوتی” دڵنیابن خودموختاری بۆ خۆمان ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ین، هێزی چه‌كداریشمان هه‌ر ده‌مێنێت” له نێو قسه‌كانی كه به شێوه‌یه‌كی ساده ده‌ریده‌بڕین تێبینیم كرد هێشتا ده‌ستی له (نهج البلاغه) به‌رنه‌داوه، ئه‌مه سه‌رنجی ڕاكێشام سه‌باره‌ت به‌م كتێبه پرسیارم لێ‌كرد له وه‌ڵام دا گوتی”هۆی موتاڵاكردنی ئه‌م كتێبه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی: كلتوور له ههرسهرچاوهیهكهوه بێت حیكمه‌تی لێ وه‌رده‌گیرێت”
منیش هاوڕام له گه‌ڵا (محمد عبد)ه كه له باره‌ی (نهج البلاغه)وه ده‌ڵێت” بیر و ره‌فتاری مرۆڤ به‌ره‌و چاكه ئاڕاسته ده‌كات، بۆ كرداری باش ڕێهنومایمان ده‌كات، گوزارشت له ئه‌زموونه‌كانی بوون ده‌كات، كۆمه‌ڵێك بنه‌مایی سه‌ره‌كی حوكمڕانی و كرده‌ی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردنی كار و باری گشتی داڕشتوون”
پاشان ئامۆژگاری كردین بۆ خویندنه‌وه‌ی ئه‌م كتێبه نرخداره. من جوان گوێم له قسه‌كانی گرتبوو كه ده‌رباره‌ی ناوه‌رۆكی كتێبه‌كه ده‌یكردن، به ڕاده‌یه‌ك ده‌فته‌رێك كه به‌رده‌وام له هه‌موو بۆنه و سهفهرهێك دا ڕووداو و قسه‌ی به‌هێزم تێدا ده‌نووسیه‌وه، له‌وێ تێبینیه‌كانی ئیدرس بارزانیم له مه‌ڕ (نهج البلاغه) تێدا تۆماركرد، كاك ئیدریس به‌رده‌وام بوو له قسه‌كردن له‌گه‌ڵماندا، تاكو فهڕهنسو حه‌ریری له هاتنی بارزانی ئاگاداری كردینه‌وه.
سه‌عات شه‌شی ئێواره‌بوو جه‌نابی مه‌لا مستهفابارزانی به ڕووخساری به‌هیبه‌ت و دره‌وشاوه‌ی، به ویقار و كه‌سایه‌تیه به‌هێزه‌كه‌ی به ژوور كه‌وت، له كاتی وه‌ستان بۆ پێشوایكردنی بارزانی، -زاكیره‌م منی گێڕایه‌وه بۆ مانگی ئازاری 1963 كه بۆ یه‌كه‌مین جار له شاری (كۆیه) به‌دیده‌نی شادبووم، ئه‌وده‌م له‌و شاره‌دا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سازدا له سه‌ر ئاستی حیزبی و شه‌عبی خه‌ڵكێكی زۆر ئامه‌ده‌بوون‘ كادیر و سه‌ربازی زۆر پێشكه‌وت و پله‌دار حزوریان هه‌بوو، كه‌سایه‌تی زۆر ناودار له هه‌موو كوردستان ته‌شریفیان هێنابوو، بارزانی ئه‌م گردبوونه‌وه‌یه‌ی بۆ شرۆڤه كردن و لێكدانه‌وه‌ی بارودۆخی دوای هه‌ره‌سهێنانی عبدالكریم قاسم له(8/شوباتی/ 1963) و داخوازیه‌كانی شۆڕشی كوردی وه‌ك ده‌سپێك بۆ حوكمڕانی نوێی وڵات رێكخستبوو-.
بارزانی تۆقه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌ك به یه‌كه‌مان كرد، هه‌ریه‌ك له ئێمه‌ش خۆی پێناساند، به بینینمان زۆر دڵخۆش و كامه‌ران بوو ، گوتی” زۆر به‌خێربێن نوێنه‌ری قوتابیانی كوردستان” پاشان داوی لێكردین دانیشین، له سه‌ره‌تای دانیشتنمان له حزور جه‌نابی بارزانی، بێ ده‌نگی باڵی به‌سه‌رماندا كێشا و كڕو مات بووین، چاوه‌كانمان له‌و بڕیبوو، فیكر‌و بیرمان پێكدا ده‌پژا، هه‌وڵمان ده‌دا قسه‌كانمان پوخت و ڕێكخهین و له شێوه‌ی پرسیار بیخه‌ینه‌ڕوو، تاكو ئه‌م هه‌له مێژووییه بقۆزینه‌وه كه له زه‌مه‌نێكی درێژبوو چاوه‌ڕوانمان ده‌كرد. جه‌نابی جگه‌ره‌یه‌كی له‌جۆری (الامزك الخشبی) ده‌رهێنا، دواتر دایگرساند و قومێكی لێدا، پاشان نیگای جاوهكانی له ئێمه بڕی و گوتی ” زۆر گوێ له ههواَل و باستان ده‌گرم، گه‌له‌كه‌تان پێوه‌ستی به هه‌وڵ و تێكۆشانی ئێوه‌یه، واقیعه‌ن ئێوه به میتۆدێكی دیكه خه‌بات ده‌كه‌ن، كوردستان شایه‌نی خه‌باتی زۆر و زیاتره، نیشتیمانه‌كه‌تان زۆر قه‌شه‌نگه، كه‌نزه‌كانی به پێوه‌ری نرخ ناخهمڵێن، له‌مێژه شهعبهكهتان چه‌وساوه و لێقه‌وماوه، لێره و له‌وێ دووژمنان پیلانمان بۆ داده‌ڕێژن، ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موومانه هه‌ریه‌ك به گوێره‌ی كار و ڕێبازی خۆی به‌رگری له موقهدهساتمان بكه‌ین، له پێناو خودا ئامۆژگاریتان ده‌كه‌م هه‌رچه‌ند پله‌و پایهشتان به‌رزبێت غرور و له خۆبایبوون نه‌تانگرێت چوونكه غرور كرداره چاكه‌كانتان لوش ده‌دات” لێره‌دا له قسه‌كردن وه‌ستا و ده‌رفه‌تی گفتوگۆی بۆ ئێمه ڕه‌خساند، بۆ ئه‌وه‌ی له نێو سینه‌مان دا هه‌رچی له پرسیار و بۆچوون هه‌یه له خزمه‌تیدا ههڵیڕێژین.
من و هه‌رچوار هاوڕێكانم زۆر به وردی پرسیاره‌كانمان ئاڕاسته ده‌كرد و به‌وپه‌ڕی ڕاشكاوی وه‌ڵاممان ده‌ست ده‌كه‌وت، دوای كه‌مێك قسه و گفتوگۆ بۆمان ده‌ركه‌وت بارزانی وه‌ك باوكێكی زۆر به سۆز و میهره‌بان له‌گه‌ڵماندا ده‌جوڵێته‌وه، كاتێك كه زانی له خزمه‌تی ئه‌ودا جگه‌ره ناكێشین كه‌وته پرسیار كردن زانی كه‌من جگهرهكێشم گوتی” ئه‌ی بۆچی جگه‌ره ناكێشێت؟
ده‌مم گێرا و نه‌متوانی به ڕێزداریان بڵێم كه مه‌جلیسی ئه‌و ڕێگای ئه‌وه‌م پێناده‌ن جگه‌ره بكێشم، ویستم پاساوێكی دیكه بهێنمه‌وه به‌ڵام سهركهوتوونهبووم، بارزانی به‌و په‌ڕی ته‌وازوعه‌وه ده‌ستی پڕ میهره‌بانی درێژكرد و جگه‌ره‌یه‌كی له جۆری (ئهمزهك) پێدام، به دڵ و زمان سوپاسی ئه‌م خاكی بوون و خۆ بهكهمزانینهی ئه‌وم كرد، به‌م ساده‌یی و ته‌وازوعه‌ی وشكی و خه‌جاڵه‌تی نێو مه‌جلیسی ڕاماڵی. به‌م مامه‌ڵه ساده‌یه‌ی ئه‌و هه‌ستمان كرد ئازادین له ده‌ربرینی هه‌ر پرسیارێك كه هه‌مانه، دواتر به شێوه‌ی گفت‌و گۆ به‌م جۆره‌ی خواره‌وه ده‌ستمان به قسه‌كردن كرد:
قوتابیێك:
ئاشكرایه گفتوگۆ له گه‌ڵ حكومه‌ت دا ده‌كرێت، له‌م باره‌یه‌وه زۆرێك له نووسه‌ران له ڕۆژنامه‌ی (شۆڕش)ی به‌غدا، له سه‌رئه‌م باسه دواون، به‌ناوبانگترینیشیان بابه‌ته‌كه‌ی (سه‌لیم سولتان)ه كه ناوی خوازراوی (حمید عوسمان)ه له ژێر ناونیشانی ( چۆن ڕێگه بگرینه‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆزی كورد؟) هه‌روه‌ك ئاشكراشه حه‌مید عوسمان له به‌غدا له سه‌رچاوه‌ی بڕیار نزیكه، به‌رچاوترین ناوه‌خنی بابه‌ته‌كه‌ی به‌م جۆره‌ی خواره‌وه‌یه” پشت به‌ستن به لێدانی گه‌لی كورد به كورد كارێكی دوور له لۆژیكه” ئه‌مه ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵات گه‌یوه‌ته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی ده‌بێ دانوسان و گفتوگۆ له گه‌ڵ گه‌لی كورد ده‌ست پێبكات، بێگومان گه‌ر ئه‌مه له گه‌ڵ كه‌سایه‌تی بارزانی نه‌بێت گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێكی ئاشتیانه و دیموكراسیه‌تێكی دادوه‌رانه ئه‌سته‌مه. بابه‌ته‌كه‌ی حه‌مید عوسمان گوزارشت له وه‌رچه‌رخانی فیكری حیزبی به‌عس ده‌كات بۆ ئاراسته‌یه‌كی ته‌ندروست.
بارزانی:
چه‌نده‌ها جار گوتومانه ئێمه شهرخوازنین، به‌زۆر شه‌ڕ به‌سه‌رماندا سه‌پاوه، تهماخوازبووین حوكومه‌ته‌كه‌ی (عبدالكریم قاسم) به‌شێوه‌ی سه‌ره‌تای ده‌سپێكردنی خۆی درێژه‌ی به حوكمڕانی دابوایه، به گوێره‌ی توانا هه‌وڵماندا خۆمان دووربگرین له شهر، به‌ڵام كاره‌كه ئاڕاسته‌یه‌كی دیكه‌ی وه‌رگرت، نیازگڵاوان ده‌وری (عبدالكریم قاسم)یان دا نه‌یتوانی جیاوازی خراپ و چاك بكات، تا وایلێهات له نێو ژووری خانووهكانماندا یهخهگیرمان بوون له كاتێكدا كه خاوه‌ن هیچ و چه‌ك و سه‌رمایه‌یه‌ك نه‌بووین، كه‌سانی وه‌ك (كه‌مال عوسمان) له ژێرباڵی (عه‌بدالكریم قاسم) زیانێكی زۆری به هه‌موومان گه‌یاند. كاتێك بارزانی گه‌یشته ئه‌م خاڵه نهرمهخهندهیهك به سه‌رلێوی دا هات و به‌وپه‌ڕی ساده‌یی و ڕۆشنییه‌وه گوتی” مرۆی ڕۆشنبیر كه‌سێكه جیاوازی له نێوان چاكه و خراپه و سپی و ڕه‌شدا ده‌كات، له بری كه‌وتنه زۆنگاوی خیانه‌ت چاڵی نێو میلله‌ته‌كه‌ی هه‌ڵده‌بژێرێت”
گه‌له‌كه‌تان دژ به سته‌م و زۆرداری وه‌ستاوه‌ته‌وه، ڕووبه‌ڕووی دووژمن و تاغوتان بووه‌ته‌وه( لێره‌دا بارزانی چایه‌ی به‌رده‌می نۆش كرد، جگه‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی داگیرساند و چاوه‌كانی ده‌ئێمه بڕی، ئێمه به دووڕیز له به‌رامبه‌ری دانیشتبووین، رێزداریشیان له پێشه‌نگی مه‌جلیسه‌كه دانیشتبوو)
كاتێ بۆ دووه‌مجار ویستی قسه بكات به ده‌نگێكی خه‌مناك وتی” سه‌رباری ئه‌و هه‌موو قوربانیه مه‌زن و به‌رگریه پاڵه‌وانیانه‌ی گه‌له‌كه‌مان دژ به دووژمن كه‌چی تاكو ئێستا نه‌مانتوانیوه ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت بۆیان ده‌سته‌به‌ربكه‌ین، من زۆر له له موحاسه‌به‌ی خودا ده‌ترسم له ڕۆژی قیامه‌ت، به‌ڵام دڵنیاشم به‌ڕووێكی سپی له‌م لێپرسنه‌وه ده‌رده‌چم”!
قوتابیێك:
ئه‌ی سه‌باره‌ت به په‌یڤین و دانوسان ئێوه گه‌شبینن به گه‌یشتنتان به ده‌ره‌نجامێكی ئیجابی؟
بارزانی:
سه‌ره‌تا چه‌ند كه‌سایه‌تیێكی حكوومه‌ت هاتنه لامان، دواتر سه‌ردان له هه‌ردوولاوه ئاڵوگۆڕكرا، ئه‌وان نه‌رمییان نواند و به‌ڵێنیان به‌چاككردنی هه‌رچی خراپبوونێك و قه‌ره‌بووی هه‌رچی خه‌ساره‌تێك دا، جگه له‌ده‌سته‌به‌ركردنی مافهڕهواكنمان.
قوتابیێك:
ئه‌ی له باره‌ی كه‌ركوك؟
بارزانی:
هه‌موومان ده‌زانین كه‌ركوك شارێكی كوردییه و دڵه لێده‌ره‌كه‌ی كوردستانه، سازش له‌سه‌ر یه‌ك بستێكیشی ناكه‌ین، من دڵنیام ئێوه ئاگاداری قزیهی (ئهلاسكان) كه پێشتر له ڕووسیا جیاكرایه‌وه و ئێستا ئه‌مریكییه، ئیمپراتۆره‌كانی ڕووسیا به نرخێكی كه‌م به ئه‌مریكایان فرشت و ته‌نازوولیان له سه‌ركرد، زه‌مه‌نێكه ئه‌مه ڕوویداوه به‌ڵام دانێشتوانی تاكو ئێستا نه‌فره‌ت بۆ ئیمپراتۆرهكانیان ده‌نێرن، من نه ئێستا نه ئاینده ئاماده‌نیم مساوه‌مه له سهركهركوك بكه‌م ناتوانم به‌رگه‌ی له‌عنه‌تی مێژوو بگرم، ده‌مه‌وێت به سه‌ربه‌رزی به خودای خۆم بگه‌م. (بارزانی به متمانه‌یه‌كی به‌رز قسه‌ی ده‌كرد، قسه‌كانی له دڵه‌وه ده‌رده‌چوون، هه‌ستمان ده‌كرد ئه‌م پیاوه هه‌رگیز له هه‌ڵویستی خۆی نایه‌ته‌خوار. لێره‌دا جگه‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی پێكرد و بۆ چه‌ند ساتێكی كه‌م پشووێكی دا). قسه‌كانی خۆی ده‌ست پێكرده‌وه و فه‌رمووی” ئێمه زۆر بایه‌خ به ڕواڵه‌ت و ناونان ناده‌ین، ئه‌وه‌ی له دیدی ئێمه گرنگه چه‌سپاندنی سنووری جوگرافیه‌ی كوردستانه له نێو وڵاتی عێڕاق دا”
قوتابیێك:
ئه‌ی له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی شای ئێران ده‌رباره‌ی گفتوگۆ و دانوسان؟
بارزانی:
به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌مان له سه‌روی هه‌موو ئهگهرێكهدایه، ئه‌وه‌ی ئێمه پێوه‌ی هه‌ستاوین گوزارشته له بزاڤێكی به‌رگریكار، ئه‌گه‌ر دژایه‌تی دووژمنكاری هه‌ربه‌ده‌وام بێت له‌سه‌رمان ئێمه به‌وپه‌ڕی ئازادی ده‌سپێشخه‌ری ده‌كه‌ین بۆ ئاشتی، پێتان ده‌ڵێم من هه‌رگیز متمانه‌م به شای ئێران نیه، له ساڵی 1963 به شێك له سیاسیه‌كان چوون بۆ ئێران نیازیان دنه‌دان و وروژاندنی كه‌مه خه‌ڵكێكی لایه‌نی به‌رامبه‌رمان بوو له سه‌ر سنوور، من ئێرانیه‌كانم ئاگاداركرده‌وه ( لێره‌دا توڕه‌یی به قسه‌كانیه‌وه دیاربوو) ئێمه ئازادین له هه‌ر بهرپهچدانهوهیهك، له تواناماندا هه‌یه گه‌وره‌ترین ئاگر داگیرسێنین له دژیان، له‌م نێوانه‌دا شای ئێران كه‌وته ناوبژێوانی و ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ی گه‌ڕانه‌ده‌وه بۆ شوێنی خۆی.
( چا گێر ناوه‌ناوه به ژووردهكهوت و چایه‌ی به‌سه‌ر هه‌مووماندا دابه‌ش ده‌كرد، له ڕاستی دا من به خواردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌موو چایه‌یه ڕانه‌هاتبووم، تا ئه‌و شه‌وه له ده چایه تێپه‌ڕی كرد، هیچ چایهێكیشم ڕهتنهدهكردهوه به پێچه‌وانه‌ی هاوڕێكانم كه زوو له چایه خواردنه‌وه كه‌وتن). بارزانی پێش ئێمه كه‌وته‌وه و گوتی” ئه‌ی هه‌واڵی به‌غدا چییه؟
قوتابیێك:
سه‌لیم سوڵتان (خوالێخوبوو حه‌مید عوسمان) له ڕۆژنامه‌ی (الپوره)بابه‌تێكی دیكه‌ی نووسیوه تێیدا ده‌ڵێ” به‌رگریكاره هه‌ڵاتوه‌كان له (حاجی عومران) ناتوانن ڕۆشنایی به‌غدا بكوژێننه‌وه، گه‌یشتنی جه‌یشی عیڕاقی به گه‌ڵاڵه مانای ئه‌وه نیه دۆزی كورد كۆتایی پێ هات”
بارزانی:
به‌ڵێ من له گه‌ڵ نووسه‌ر هاوڕام ئێمه بهرگریكارین، به‌ڵام به‌رگریكاری ههڵاتونین، بزوتنه‌وه‌ی ئێمه بزوتنه‌وه‌یه‌كی خه‌باتكاره، دژ به‌و سته‌م و زۆرداریه ده‌وه‌ستێته‌وه كه به‌سه‌رماندا سه‌پاوه، ئێمه پرسیار ده‌كه‌ین ده‌بو چی بكه‌ین بۆ هه‌ڵتۆقینی دووژمن، ئه‌وان(مه‌به‌ستی كاربه‌ده‌ستانی به‌غدایه) به ماڵ و سه‌رمایه‌ی ئێمه پێشكه‌وتوترین فڕۆكه و باشترین تۆپ و ناپاڵم ده‌كڕن بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه پێ وردووخاش بكه‌ن، ئه‌مه‌شیان پێ كارێكی زۆر ڕه‌وایه. شته‌كه پێچه‌وانه بوه‌ته‌وه به‌رگری كورد له خاك و شه‌ڕه‌فی خۆی به خیانه‌ت له قه‌ڵه‌م ده‌درێت، گوایه گه‌ر له به‌ر ئهوهنهبوایه كورد نه‌ده‌بۆوه خاوه‌ن چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و تۆپی كۆن له پاشماوه‌ی جیهانی دووه‌م، له میانی كار و خه‌باتی مهشڕوعمان به جۆره‌ها بوختان تۆمه‌تبارمان ده‌كه‌ن” ئێمه ناتوانین حكوومه‌تی به‌غدا بڕوخێنین چوونكه حكوومه‌ت ڕووخاندن كاری ئێمه نیه، مه بزاڤێكی بهرگریكارین له وڵات، به پێچه‌وانه‌وه‌ش حكوومه‌ته‌كان ناتوانن هه‌ره‌س به بزووتنه‌وه‌یه‌كی كوردی بێنن با هه‌رچه‌ند چه‌ك و چۆڵی پێشكهوتوشیان هه‌بێت”. ئه‌مه پیت به پیتی له من وه‌رگیراوه، ئه‌م قسه‌یه‌م به حه‌مید عوسمان گوت كه له ساڵی 1965به‌ره‌و سه‌فه‌ری قاهیره بهڕێدهكهوت و داوای روونكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی ئێمه‌ی كرد بۆ حكوومه‌تی میسر، جێگه‌ی باسه ئه‌م سه‌ردانه‌ی حه‌مید عوسمان هاوكاتبوو له گه‌ڵ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی سۆڤیه‌ت بۆ میسر.
( دووای تێپه‌ڕینی (22)ساڵ به‌سه‌ر دیداری بارزانی دا، له گه‌ڵ هه‌ردوو هاوڕێم (عه‌بدول مه‌وجود ته‌ها و جه‌لال خۆشناو) چووین بۆ سه‌ردانی حه‌مید عوسمان له ماڵه‌كه‌ی خۆی له شاری هه‌ولێر به‌رواری 1992، دكتۆر صلاحی برای كه مامۆستای ماده‌ی ئابووری بوو له زانكۆی صه‌لاحه‌دین له‌وێ مه‌وجود بوو، خوالێخۆشبوو حه‌مید عوسمان نه‌خۆش بوو له ماڵه‌وه له سه‌رجێگه كه‌وتبوو ته‌واوی ڕووداوه‌كه‌م بۆ گێرایه‌وه، گوتی” بارزانی كه‌سێكی زۆر ڕاستگۆ و ئه‌مین بوو، ئه‌و كه‌سێك نه‌بوو دژبه شه‌پۆڵ مه‌له بكات، به قه‌ده‌ر توانا هه‌وڵی دا مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ربكات به واقیعهنیش ئه‌وه‌ی ویستی بۆ گه‌له‌كه‌ی له واژۆكردنی رێكه‌وتننامه‌ی 11/ ئازاری/ 1970توانی به ئه‌نجامی بگه‌ێنێت، من دڵنیام كاك مه‌سعود بارزانیش له سه‌ر هه‌مان ڕێباز ده‌ڕوات، لێره‌دا ئومێدی سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌خوازم”.
كاتێك زانیمان كات نیوه‌ی شه‌وه و نیوسهعاتیش لای داوه، رووخسهتمان له به‌ڕێزی خواست و داوامان لێ‌كرد ڕێگه‌مان پێ‌بدا بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌و (گه‌ڵاڵه) بگه‌ڕێنه‌وه، چوونكه هه‌ستمان ده‌كرد سه‌رباری ئه‌و سه‌رقاڵیه‌ی كه هه‌یبوو ئێمه‌ش زۆرمان ماندوو كرد.
دوای زیاتر له شه‌ش سه‌عات له دیده‌نی ڕێبه‌رێك كه به‌درێژایی ژیانی خۆی له پێنا و شۆڕش و خه‌بات بۆ گه‌له‌كه‌ی تامی ئاسووده‌یی نه‌چێشت، مۆڵه‌تی ڕۆیشتنمان خواست، كه بۆ دواجار تۆقه‌مان له گه‌ڵ كرد و ئومێدی سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستین و سڵاوی بۆ هاوڕێ قوتابیه‌كانمان به ئێمه‌دا نارد، یه‌كێك له پارێزه‌رانی ڕاسپارد بۆ ئه‌وه مشووری گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ (گه‌لاله) بخوات،( شه‌و له گوندی گه‌ڵاله هێندێكمان مێوانی عادل موراد و ته‌حسین ئه‌تروشی و ئیبراهیم حاجی حسین شالی بووین، – ئه‌و به‌ڕێزانه په‌یوه‌ندیان به شۆڕشه‌وه كردبوو له كوردستان، له پێناو دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌یان وازیان له خوێندن و ئایندهی خۆیان هێنابوو – . به‌ڵام ئه‌نوه‌ر عه‌بدوڵڵا و قادر حمدأمین مێوانی فه‌ڕه‌نسۆ حه‌ریری بوون له گه‌ڵاڵه، (له بیرمان نه‌چێ كاتێك له خزمه‌ت بارزانی هاتینه ده‌ر) سه‌رباری ئه‌و هه‌موو به‌فره‌ی كه باری بوو هیچ هه‌ستمان به سه‌رما نه‌ده‌كرد، به‌م شه‌وه هیچ هه‌ستمان به‌مه‌ترسیه‌كانی ڕێگه نه‌ده‌كرد چوونكه قسه و وته‌كانی بارزانی به‌رده‌وام له گوێچكهكانماندا ده‌له‌رانه‌وه ئه‌مه‌ش وای كردبوو كه هه‌موو شتێكی ده‌وروبه‌رمان له بیر بكه‌ین.
نووسینی: فه‌رهاد عه‌ونی
وه‌رگێڕانی: حه‌یده‌ر عه‌بدوڵڵا