شه‌كه‌تی به دوای وشه‌وه
وشه له نێو ڕسته‌دا، ئینجا له په‌ره‌گراف و كتێباندا چه‌شنی خشتی دیوار هه‌ڵچنراون و جوانییه‌كه‌یان به ڕسته واتادار ده‌بێت و له‌نگی و ناله‌باریشیان چه‌مكه‌كانی مانا ده‌شێوێنێ، بۆیه بایه‌خدان به زمان له بنه‌ڕه‌ته‌وه بریتییه له چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ وشه ئینجا ڕسته و چه‌مك و واتا، ئه‌مانه‌م بۆیه لاگرنگه، چونكه ئێستا به‌كردار ئه‌م بایه‌خه له لایه‌ن نووسه‌ران و به تایبه‌ت وه‌رگێڕه كورده‌كانمان زۆر به‌رچاو و شه‌نگین نین، بایه‌خدان به وشه بایه‌خدان و خۆشه‌ویستییه به زمان و واتا ، هه‌روه‌ها تێكدانی هه‌ر وشه‌یه‌ك له‌نێو ڕسته و په‌ره‌گرافاندا، شێواندنی سه‌ر له‌به‌ری زمانی نه‌وه و نه‌ته‌وه‌یه كه ئێستا ئه‌م دیارده‌یه له نێو ڕۆژنامه و گۆڤاراندا به شێوه‌یه‌كی به‌رباد زیادی كردووه. وه‌رگێڕه باڵا ده‌سته‌كانمان ڕه‌هه‌نده‌كانی واتا و وشه و پێكهاته‌ی وشه و ڕسته‌سازی و ڕێنووسیان به‌لاوه زۆر گرنگ بووه و به ئه‌مانه‌ت و خۆشه‌ویستی و دڵسۆزییه‌وه كاریان له‌گه‌ڵ وشه و واتاكانیاندا كردوه. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه به‌رهه‌مه‌كانی ڕه‌وانشادان مه‌لا شكور مسته‌فا و هێمن و زۆری تر ئه‌وا یه‌كسه‌ر سه‌رنجمان بۆ ئه‌وه ده‌چێ كه چه‌نده له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی وشه‌دا شه‌كه‌تی و ماندووییان بینیوه، با سه‌رنج بده‌ینه ده‌ق و داهێنانه‌كانیان بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه گوزارشت و ڕسته‌كانیان چه‌نده سوار و لووس و له‌بار و چێژدارن، به شێوه‌یه‌ك وشه‌ی هه‌ر په‌ره‌گرافێكیان وه‌ربگرین و شوێنگۆڕییان پێ بكه‌ین یان هه‌مه‌واتای تریان له وشه‌ی دیكه له شوێندا دابنێین، ئه‌وا یه‌كسه‌ر له‌نگی و ناله‌باری و ڕه‌قه‌واتای نێو ڕسته ده‌رده‌كه‌ون وه‌ك چۆن خشتی دیوارێك ده‌ربێنی ئاوا له‌نگ و ناشایسته و ناشیرین ده‌بن. براده‌رێك بۆی گێڕامه‌وه كه كۆتایی نه‌وه‌ته‌كان ئه‌و كاته‌ی وه‌ك ئێستا مۆبایل نه‌بووه ، جارێكیان مه‌لا شكور مسته‌فا له هه‌ولێر خه‌ریكی نووسینێك یان وه‌رگێڕانێك بووه و له واتای وشه‌یه‌كدا داماوه و زۆری هه‌وڵداوه به ئه‌نجامێك بگات و دوای ئه‌وه‌ی هیوابڕاو ده‌بێ ، ده‌چێ تاكسییه‌ك ده‌گرێت و ڕووده‌كاته یه‌ك له سه‌نته‌ره‌كانی ته‌له‌فۆن و پێوه‌ندیكردن به ده‌ره‌وه كه ئه‌وكات بۆ پێوه‌ندییه‌كانمان به وڵاتان ته‌نیا چه‌ند سه‌نته‌رێكی نێو شار هه‌بوون و قسه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌دی قازی كردوه و له واتای وشه‌یه‌كی پرسیوه و تا له واتاكه‌ی دڵنیا نه‌بۆته‌وه نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر نووسینه‌كه‌ی، هه‌روه‌ها زۆر نموونه‌یه‌كی تریشمان بۆ خۆشه‌ویستیی وشه و دڵسۆزی بۆ نووسین و به ئه‌مانه‌ت وه‌رگێڕانی ده‌قه بیانییه‌كان هه‌یه. هه‌ر بۆ هه‌مان مه‌به‌ست و له پێناو ئه‌نجامی واتای وشه‌یه‌ك جارێكیان شێخ عه‌لی نه‌قشه‌به‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌ك له ڕووناكبیرانی ده‌ڤه‌ری بامه‌ڕنی له‌سه‌ر واتا و ڕه‌چه‌ڵه‌كی وشه‌یه‌كی عه‌ره‌بی ده‌بێته مشتومڕیان و ئه‌وكاته‌ی به هیچ ئه‌نجامێك ناگات یه‌كسه‌ر بڕیار ده‌ده‌ن بۆ سه‌ردانی یه‌ك له مه‌لا زانا زمانه‌وانه‌كانی عه‌ره‌ب ڕووبكه‌نه شاری مووسڵ و تا ده‌گه‌ن ئێواره‌یان به‌سه‌ر دادێ و شه‌و له هۆتێل ده‌مێننه‌وه .
ئه‌مه هه‌وڵ شه‌كه‌تییه به دوای وشه‌دا كه به‌داخه‌وه ئێستا خه‌ریكه هیچ واتایه‌كی نامێنێ . ڕۆژانه چه‌ندین شاكاری ئه‌ده‌بیی دنیا به كتێب ده‌كرێن به كوردی و به لێشاو له چاپ ده‌درێن، ئه‌گه‌ر سه‌رنج له زۆرێك له‌م وه‌رگێڕانانه بده‌ین به تایبه‌ت زۆرێك له وه‌رگێڕه كورده‌كانمان له ڕۆژهه‌ڵات ، ده‌بینین ڕاست و چه‌پ كه‌وتوونه‌ته به كوردیكردنێكی سه‌قه‌ت و شێواندنی وشه و زمان و زاراوه و ڕسته و چه‌مكه‌كان ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێكیان زۆر به لێهاتوویی كاره‌كانیان ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ به كوردیكردن و وشه و واتا و ڕسته‌دا ماندوو و شه‌كه‌تن . پێم وایه وه‌رگێڕان زه‌وق و سه‌لیقه و ماندووییه‌كی زۆره . هه‌ر له‌م ڕۆژانه‌دا گه‌نجێك به‌سه‌ردان له لقی هه‌ولێری یه‌كێتیی نووسه‌ران بۆ داواكاریی بوونه ئه‌ندام هاته لامان، كه تێَمانگه‌یاند مه‌رجه‌كانی ئه‌ندامێتی له یه‌كێتیی نووسه‌ران بریتییه له‌وه‌ی نووسه‌ره‌كه به‌رهه‌مه‌كانی ته‌نێ له بواره‌كانی شیعر و چیڕۆك و ڕۆمان و ڕه‌خنه و لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی و وه‌رگێڕانی شاكاری ئه‌ده‌بی و درامانووسی و شانۆنامه‌یه، هه‌روه‌ها پێویسته داواكار له‌م بوارانه‌دا دوو كتێبی هه‌بێت، چونكه ڕێكخراوه‌كه‌مان یه‌كێتیی ئه‌دیبانه، ئه‌وه‌بوو كه‌وته ڕامانێكی قووڵ و تێیگه‌یاندین كه كتێبی به زمانی كوردی له بواری سه‌ربازی هه‌یه و له گۆڤاری پێشمه‌رگه‌ش ده‌نووسێ ، ناچارماین قه‌ناعه‌تی پێ بێنین كه ئه‌م مه‌رجانه نایگرنه‌وه و ناتوانین بیكه‌ین به ئه‌ندامێك له ڕێكخراوه‌كه‌مان، شه‌وی دواتر ژماره‌یه‌كی ته‌له‌فۆنم بۆ هات و كه وه‌ڵامم دایه‌وه براده‌ری گۆرین بوو و داوای لێ ده‌كردم كه من دوو كتێبی عه‌ره‌بیی بۆ ده‌ستنیشان بكه‌م تا به چه‌ند ڕۆژێك بیانكات به كوردی به‌ڵكو دواتر لامان ببێته ئه‌ندام .. به‌داخه‌وه ئێستا زۆرێك له وه‌رگێڕه كورده‌كانمان وه‌ك پیشه‌یه‌ك یان سووكه بازرگانییه‌ك ته‌ماشای وه‌رگێڕان ده‌كه‌ن، كه ئه‌مه‌ش بیركردنه‌وه‌یه‌كی نه‌قۆڵایه و كاریگه‌ریی خراپی به‌سه‌ر ئه‌ده‌بیات و كتێبخانه‌ی كوردیماندا ده‌بێت ، بۆیه لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم داوا له خوێنه‌ران بكه‌م كه ڕوو له خوێندنه‌وه‌ی هیچ شاكارێكی وه‌رگێڕدراو نه‌كه‌ن تا دڵنیا نه‌بنه‌وه له‌وه‌ی وه‌رگێڕه‌كه‌ی ئه‌مین و ده‌ستپاك و كوردیزانه .
هه‌ولێر 28/5/2013
عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رهادی