شه‌و لای (مه‌حوی) روانینێكی ئیستێتیكیانه ..2
گه‌ر فیراق ئاگر هه‌موو رۆژێ له جه‌رگی به‌رنه‌دا
بۆ هه‌موو شه‌و تیره دڵ، سینه‌ی زوخاڵستانه شه‌و
ئه‌م دێره، شاعیر به زۆر ده‌یه‌وێ ئێستێتیكی به‌به‌ردا ببڕێ، به‌وه‌ی خوێنه‌ر وا هه‌ست ده‌كا شاعیر له روانینه‌كانی خۆی په‌شیمان ده‌بێته‌وه، كه رۆژی لا باشتر بێت له شه‌و، به‌ڵام هه‌ر زوو دێرێكی تری به‌دوادا ده‌هێنێ و بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر به هه‌ڵه لێی تێنه‌گا، روونتر مه‌به‌سته‌كه‌ی خۆی چڕ ده‌كاته‌وه به‌وه‌ی كه:
تیره‌گی وا فه‌زڵی بۆ ناده‌م به‌سه‌ر رووناكییا
مه‌نشه‌ئی ئیزهاری جیلوه‌ی فه‌یزی سبحه‌ینانه شه‌و
بۆ فه‌زڵی تاریكی نه‌ده‌م به‌سه‌ر رووناكیدا؟ خۆ سه‌رچاوه‌ی ده‌ركه‌وتنی رۆشنایی سبه‌ینان ته‌نیاو ته‌نیا شه‌وه، واته شه‌و سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مهێنانی رۆژه. ئه‌م ئیستێتیكایه جێگای هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنه به‌وه‌ی ره‌نگێكی تاریك و ترسناك ببێته هۆی به‌رهه‌مهێنانی رۆشنایی، یان ناشیرینی ببێته هۆی به‌رهه‌مهێنانی جوانی، به مانایه‌كی تر روانینی سۆفییانه بریتییه له‌وه‌ی هه‌ردووكیان له‌یه‌كتره‌وه به‌رهه‌م دێن. خواجه عبدالله انصاری ده‌ڵێت:
((پاكی و بێ خه‌وشی بۆ ئه‌و خوایه‌ی كه رووناكی رۆژی له شه‌وی تاریك به‌رهه‌مهێنا و تاریكی شه‌وانیشی له روناكی رۆژ په‌یدا كرد )).
له شوێنێكی تردا ئه‌م روانینه‌ی مه‌حوی چڕتر ده‌بێته‌وه به‌وه‌ی كه رۆژ مه‌ست و سه‌رخۆشه به‌یانیان، سووچی شه‌وه، كه پیاڵه‌ی شه‌رابی له ده‌ستی پیاڵه‌گێڕێك وه‌رگرتووه:
شه‌و ده‌بێ باده‌ی له ده‌ستی ساقییه‌ك وه‌رگرتبێ
ئه‌م سبه‌ینێیه له مه‌شریق دێته ده‌ر مه‌ستانه رۆژ..لا 138
شه‌و و ئێستێتیكای خه‌ڵوه‌ت و نیاز
ره‌نگه لێره‌وه له‌و بنه‌مایه نزیك بكه‌وینه‌وه كه ئێستێتیك به سوود و چێژه‌وه گرێ ده‌دات، چونكه لای سۆفییه‌كان سوودێكی ئیمانی و چێژێكی رۆحی له شه‌ودا هه‌یه، جگه له‌وه‌ی مه‌نزڵگاو كاتی ده‌رخستنی راز‌و نیازه‌كانه، به‌مه‌ش له رووپامایی و له نه‌ریته باوه‌كه ده‌چێته ده‌ر‌و سۆفی له حاله‌تێكدا ده‌یه‌وێ له بێ هه‌ست و خوستی دونیا‌و له تاریكی شه‌وان و له‌و كاته‌ی خه‌ڵكی تر له شیرینی خه‌ودایه، ئه‌م رازی دڵ بخاته روو و به لیقای رۆحی دلبه‌ره‌كه‌ی شاد بێت، كه‌وایه مه‌حوی ده‌یه‌وێ بڵێ مه‌گه‌ر هه‌ر له تاریكی شه‌وان و له بێده‌نگییه‌كه‌ی رێگا بدرێ ئه‌هلی راز‌و نیاز، واته دڵداران دڵیان بۆ یه‌كتر بكه‌نه‌وه، چونكه ئه‌و كاتانه به شه‌و ناسراوه، شه‌ویش خه‌ڵوه‌تگای كه‌سه تایبه‌ته‌كانه. لێره‌دا شه‌و وه‌ك بونیادێكی زه‌مانی (كاتی) ئه‌ركه فه‌رهه‌نگیه‌كه‌ی ون كردوه‌و بۆته بونیادێكی شوێنی، وه‌ك ئه‌وه‌ی شه‌و ماڵێك بێت یان شوێنێك بێت بۆ خه‌ڵوه‌ت:
هه‌ر له تاریكی شه‌وایه رێ درێ ئه‌هلی نیاز
رازی دڵ ئیفشا بكه‌ن، خه‌ڵوه‌تگه‌هی خاصانه شه‌و
كه‌واته كات و شوێنه‌كه ئه‌وه‌نده گرنگه، شاعیر نایگۆڕێته‌وه به رۆژ و به رۆشنایی و به جوانیی رۆژ، چونكه له‌م شوێن و له‌م كاته‌دا (یار) ده‌دۆزرێته‌وه‌و ئاڵ‌و گۆڕی رۆحه‌كان به ئه‌نجام ده‌گات. بۆیه له قه‌سیده‌یه‌كی تر ده‌ڵێ:
ماهه‌كه‌م ئه‌مشه‌و شوكر پرته‌وفشانی خانه‌یه
قه‌ت له ده‌رگا ده‌رده‌چم گه‌ر بێته سه‌ر ئه‌م بانه رۆژ..لا139
كه‌وابوو ئه‌گه‌ر شه‌و تاریكه‌و چاو دونیا نابینێ، به‌ڵام له‌م كات و شوێنه‌دا یار- ماهـ، رۆشنایی ده‌به‌خشێ و شۆق و ره‌ونه‌قی له رۆژ ده‌بڕێ و حه‌وجێی رۆژ نابێت و رۆژ بێته سه‌ربانیش به‌لایدا ناچێت. لێره‌دا ئه‌گه‌ر بگه‌رێینه‌وه بۆ كلتووری كۆنی مرۆڤایه‌تی، به‌تایبه‌تی ئه‌زموونی مسوڵمانان له‌و تێڕوانینه‌دا، ده‌گه‌ینه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه رۆژ(خۆر) پیرۆزی خۆی هه‌بووه به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر نزیك بكه‌وێته‌وه له مرۆڤ، ئه‌مه‌ش به شێوه‌ی خوازه‌یی ده‌بێت و له قسه‌و گوفتاردا زۆر به‌كارهاتووه. پێغه‌مبه‌ر(د.خ) كه داوای لێكرا واز له بانگه‌وازه‌كه‌ی بهێنێ، بۆخه‌ڵكی قوره‌یش ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئه‌گه‌ر رۆژ بخه‌نه ده‌ستی راستم و مانگیش بخه‌نه ده‌ستی چه‌پم واز له‌و په‌یامه ناهێنم .
یان ئه‌بوبه‌كری سددیق له‌و خه‌ونه‌یدا كه بووه هۆی مسوڵمان بوونی بریتی بوو له‌وه‌ی كه رۆژ هات‌و كه‌وته سه‌ر زه‌وی و ئه‌ویش له‌باوه‌شی كرد.
ئه‌مانه له خه‌وندا بێت یان له راستیدا، ده‌سه‌لمێنن خۆشه‌ویستییه‌ك بۆ خۆر هه‌یه له مانای ژیانه‌وه‌و رۆشنایی به‌خشیندا، به‌ڵام سۆفیه‌كان دونیای جوانیی باو‌و رواڵه‌تیان نه‌ویستوه‌و ئه‌و شتانه‌ی ناشیرینن لای خه‌ڵك ئه‌وان بۆ مه‌سه‌له‌ی رۆح و چێژی تایبه‌تی سوودیان لێ بینیوه‌و بۆیه به‌لایانه‌وه جوانی تیدا به‌رجه‌سته بووه. وێڕای ئه‌وه‌ی ئه‌وان هه‌ر ته‌نیا حه‌زیان به شه‌و نه‌كردووه، به‌ڵكو بوونه‌ته عاشقی شه‌ویش:
تێبگه بۆ چی به جانن تاڵیبی شه‌و عاشقان:
نیوه‌شه‌و بوو، وه‌عده‌گاهی هاتنی جانانه شه‌و
لێره‌دا ئێستێتیكای چاوه‌ڕوانی به‌رجه‌سته ده‌بێت، به‌وه‌ی ئه‌م خۆشه‌ویستی و فیداكارییه بۆ شه‌و له شوێن و كاتێك دا ده‌گاته لوتكه كه له نیوه‌ی شه‌ودایه، واته عاشقبوون به شه‌و لێره‌دا نهێنییه‌كه‌و جوانییه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت، كه گفت‌و به‌ڵێنی هاتنی دڵدارانه.
دیسان فه‌زڵی شه‌و به‌سه‌ر رۆژ
مه‌حوی، بۆ پاڵپشتی هه‌موو تێڕوانینه‌كانی، ده‌یه‌وێ بڵێ، نه‌ك هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه شه‌و گرنگی تایبه‌تی هه‌یه كه رۆژ به‌رهه‌م ده‌هێنێ و خه‌ڵوه‌تگه‌هی دڵدارانه‌و كاتی هاتنی گفت و به‌ڵێنه‌كان و شوێنی ده‌رخستنی راز‌و نهێنییه‌كانه….هتد، به‌ڵكو نهێنییه‌كی گه‌وره‌ی تێدایه كه تا ئێستا كه‌س نایزانێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ده‌بێ نهێنییه‌ك هه‌بێ كه بۆچی میعراج و شه‌وی قه‌درو به‌رات، تایبه‌ت كراون به‌م كاتی شه‌وه‌و نه‌به‌خشراون به رۆژ:
هێنده صاحێب سیڕڕه، (میعراج) و شه‌وی (قه‌در) و (به‌رات)
خاصه‌جاتی ئه‌ون‌و مومتازه به‌م ئه‌سرارانه شه‌و
كه‌واته نه‌ك هه‌ر لای مرۆڤه تایبه‌ته‌كان، ئه‌وانه‌ی پێچه‌وانه‌ی باو بیرده‌كه‌نه‌وه‌و جوانی له ناشیرینه‌كانه‌وه به‌رجه‌سته ده‌كه‌ن، به‌ڵكو چونكه گوتاری شه‌و گوتارێكی تایبه‌ته‌و پڕه له نهێنی و گوتاری رۆحه، واته جه‌وهه‌رێكه وردبوونه‌وه لێی و كه‌شفكردنی ئه‌و نهێنیانه ئه‌زموون و قوربانی دان و فیداكاری ده‌وێ، یان تێگه‌یشتن له‌و جوانییه ماندوبونی ده‌وێ، له‌به‌رهه‌ندێش خوا به‌رات و میعراج و قه‌دری به‌خشیوه‌ته شه‌و نه‌ك رۆژ.
ئێستێتیكی گه‌وهه‌ره‌كانی شه‌و
مه‌حوی ده‌یه‌وێ بڵێ، ئه‌و روانینه‌ی كه پێی وایه شه‌و ترسناكه‌و هه‌ر كه‌س خۆی لێ بدا رووبه‌رووی مه‌ترسی ده‌بێته‌وه، ئه‌مه راست نییه و شه‌و وه‌ك ده‌ریایه‌ك وایه‌و ئه‌و ده‌ریایه پڕه له دوڕو گه‌وهه‌ری مه‌عریفه‌ت، هه‌ركه‌سێكیش بیه‌وێت ئه‌م گه‌وهه‌رانه بدۆزێته‌وه، ده‌بێ خۆی له‌و ده‌ریایه بدا، به‌ڵام مه‌ترسی خنكانی نییه‌و ناخنكێ, به‌ڵكو جوانی تام و چێژی رۆحی ده‌بینێ:
هه‌ركه‌سێ تاڵیب به دوڕڕی مه‌عریفه‌ت كۆكردنه
پڕ له دووڕ ده‌ریایه‌كی بێ مه‌هله‌كه‌ی خنكانه شه‌و
ئه‌وه‌ی داوای شه‌و و دوڕو گه‌وهه‌ره‌كانی بكات، ده‌بێ بنالێنێ بۆ ئه‌وه‌ی رۆژی لێ به‌دیار بكه‌وێت، رۆژی به‌رجه‌سته نا، به‌ڵكو رۆژی مه‌جازی، واته گه‌یشتن به لیقای خودا، ئه‌م ناڵینه په‌رستنێكی رۆحی به‌رجه‌سته ده‌كات، پێچه‌وانه‌ی په‌رستشه رواڵه‌تیه‌كانی خه‌ڵك، بۆیه‌شه به‌رهه‌م و سه‌ره‌نجامه‌كه‌یشی جیاواز ده‌بێت، به‌وه‌ی هه‌ر كه‌سێك به‌م ئه‌زموونه تێپه‌ڕێ و بناڵێنێ تا سه‌حه‌ر، ئه‌وا وه‌ك خدر ئاوی حه‌یات و نه‌مری به‌ده‌ست دێنێ، نه‌مری له جوانی و چێژ‌و جه‌وهه‌رو رۆح، وه‌ك چۆن خدر ئاوی حه‌یاتی له تاریكاییه‌كی قووڵدا دۆزییه‌وه، به هه‌مان شێوه گه‌یشتن به نه‌مری رۆح و چێژبینین، ده‌بێ به تاریكایی شه‌ودا گوزه‌ر بكا‌و ناڵین و ئازار‌و زه‌حمه‌تیه‌كان ببڕێت:
وه‌ك (خزڕ) ئاوی حه‌یاتی فه‌یزی حه‌ق عافێتییه
ئه‌و خودا پێداوه (مه‌حوی)! تا سه‌حه‌ر ناڵانه شه‌و
ئه‌نجام
1- جوانیی ده‌ق له‌وه‌دایه زیندوێتی ببه‌خشێ، ئه‌م زیندوێتییه‌ش له ده‌قی كراوه به‌رهه‌م دێت، به‌و واتایه‌ی ده‌قی تاك واتا، كوشتنی ده‌ق راده‌گه‌یه‌نێت و ده‌قی فره‌واتاش جوانی و زیندوێتی پێده‌به‌خشێ. شه‌ویش لای مه‌حوی ده‌شێ زۆرترین خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێ و له هه‌موو خوێندنه‌وه‌كان به‌هاو جوانیی لێ وه‌ده‌ست ده‌هێنرێ.
2- شه‌و لای مه‌حوی، هه‌ر ته‌نیا جوانییه‌كی ته‌جریدی نییه، یان تاكه جوانییه‌ك نییه، به‌ڵكو جوانیشه بۆ سه‌رچاوه‌كانی تری وه‌ك رۆژ، به‌مه‌ش سه‌روچاوه‌كه له جوانیی شه‌ودا په‌رش ده‌بێت بۆ جوانیه‌كانی تر.
3- شه‌و لای مه‌حوی ئیستێتیكای رۆح و جه‌وهه‌ره، واته پێچه‌وانه‌ی رواڵه‌تئامێزیی‌و ئاڕاسته باوه‌كه‌یه.
4- چێژی رۆحی و سوودی ئیمانی له شه‌ودا به‌رجه‌سته بووه‌و به‌مه‌ش جوانییه‌كانیان له‌م دوو ته‌وه‌ره‌وه په‌رش و بڵاو ده‌بێته‌وه.
5- ئیستێتیكای ئه‌م ده‌قه، له ئه‌زموونی تایبه‌تی شاعیره‌وه هه‌ڵقوڵاوه، به‌و وێناكردنه تایبه‌تییه‌ی شاعیر بۆ شه‌و هه‌یه‌تی و هه‌موو ئه‌و جوڵه رۆحی و ئه‌و روانینه دانسقانه بوونه كه‌ره‌سته‌یه‌كی پته‌و بۆ بیری جوانی.
6- هه‌ست وه‌ك بنه‌مایه‌كی ئێستێتیكی، له‌م ده‌قه‌دا به روونی دیاره، به‌وه‌ی هه‌ستێكی تایبه‌ت به سرووشتی شه‌و و رۆژ و دونیای تایبه‌تی شه‌و، خوێنه‌ریش له‌گه‌ڵ شاعیر ده‌به‌نه جیهانێكی پڕ له ئیستێتیك.
7- رووخسار(فۆرم) كه به‌لای هه‌ندێ توێژه‌ران ره‌گه‌زێكی گرنگی هاتنه كایه‌ی جوانییه، به‌تایبه‌تی له سیحر‌و نهێنی ده‌نگ‌و ئاوازدا، دووباره‌كردنه‌وه‌ی وشه‌ی شه‌و له‌ناودێره‌كان و كردنی به پاش سه‌روا له كۆی ده‌قه‌كه‌دا چێژێكی جوانی تری به ده‌قه‌كه به‌خشیوه.
8- ناوه‌ڕۆكی خه‌ڵوه‌ت و رازده‌رخستن و دۆزینه‌وه‌ی گه‌وهه‌ره‌كانی شه‌و، ناوه‌ڕۆكێكی به‌هێزیان به‌خشیوه‌و جوانییه‌كیان به‌به‌ر به‌رگی ناوه‌ڕۆكدا كردوه.
9- له‌ناو سوتان و فیرقه‌تیش دا كه ناخۆشی و ترسناكی بڵاوده‌كاته‌وه، بیری ئیستێتیكی به‌رجه‌سته ده‌بێت، به‌تایبه‌تی له قوربانیدان بۆ گه‌یشتن به رۆشنایی و له سوتان و ماندوبوون و بیری فیداكارانه‌دا، چێژ‌و به‌های رۆح ده‌دۆزرێته‌وه.
سه‌رچاوه‌كان:
به كوردی:
1- دیوانی مه‌حوی، مه‌لاعبدالكریمی مدرس و محه‌مه‌دی مه‌لاكه‌ریم، چاپی سێیه‌م، انتشارات كردستان، 1385
2- رێبه‌رییه‌ك بۆ ئیستێتیك، ئاتیماری گیتمان- زیفه‌رت، وه‌رگێڕانی كاوه جه‌لال، كتێبی هه‌نار-چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی، 2009
به عه‌ره‌بی:
3- استگیقا الشعر ، فی اڵاسس الفلسفیه لعلم جمال الشعر ، عبدالعزیز بومسهولی انترنیتhttp://www.aljabriabed.net/n15_11busamhuli.htm
4- علم الجمال عند ابی حیان التوحیدی ومسائل فی الفن، د.عفیف بهنسی، بغداد، مگبع پنیان، 1972
5- فلسفه الجمال، د. أمیره حلمی مگر، دار الشۆون الپقافیه العامه ( ألافاق عربیه) بغداد والهیئه المصریه العامه للكتاب، القاهره، بدون سنه الگبع.
به فارسی:
6- فرهنگ اصگلاحات وتعبیراتی عرفانی، سید جعفر سجادی، چاپ چهارم، 1378ه.ش
به‌شی دووه‌م و كۆتایی
هێمن عومه‌ر خۆشناو (شه‌قڵاوه)