شه‌ڕی ئاو له کوردستان و ناوچه‌دا
بۆ سه‌لام عه‌بدوڵا و هه‌موو چالاکانی له “پێناوی ئه‌ڵوه‌ن”دا
جارێکی دیکە نێوەڕاستی هاوێنە و پله‌ی گه‌رما له کوردستان له سه‌رووی چله. له که‌ش و هه‌وایکی وادا سرووشتییه که زیاتر سه‌ره‌نج ده‌درێته سه‌ر بێ ئاوی و کێشه‌ی ئاو. کێشه‌ی ئاو نه‌ک ته‌نیا له نێوه‌وه‌ی ماڵ و گوند و شاردا به‌ڵکوو له ئاستی نه‌ته‌وه‌یی و نێونه‌ته‌وه‌ییشدا هه‌ر ئێستا یه‌کێک له کێشه هه‌ره گه‌وره و پێچه‌ڵپێچه‌کانی مرۆڤی سه‌رده‌مه. له‌م چه‌ند حه‌فته‌یه‌ی ڕابردوودا چالاکانی مەدەنی لە شاری خانەقین بە به‌مه‌به‌ستی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر به به‌ربه‌ست و به‌رنه‌ردانه‌وه‌ی ئاوی ئه‌ڵوه‌ن دوو جار رێگای ترانزیستی ئێران- عێراق له سنووری مەنزەرییەیان لە نزیك گوندی قامیشه‌ڵان بەست. کێشه‌ی ئاوی ئه‌ڵوه‌ن و به‌ربه‌ستکرانی ده‌یان ڕووبار و سه‌رچاوه‌ی ئاوی دیکه بۆ باشووری کوردستان و له‌وێوه بۆ عێراق و له باکووری کوردستان بۆ نێو تورکیا و له‌وێوه بۆ نێو سوریا و دواتر بۆ نێو عێراق له ڕاستیدا کێشه‌یه‌کی نوێ نییه به‌ڵکوو به پێی وشکه‌ساڵی و که‌م بارانی له‌م ساڵانه‌ی دواییدا زیاتر که‌وتوونه‌ته به‌ر سه‌ره‌نج. وه‌ک نه‌ریت له لێکۆڵینه‌وه‌ی شه‌ڕ و ئاشتیدا هه‌تا چه‌ند ده‌یه له‌مه‌به‌ر ته‌نیا باسی ستراتیژییه سه‌ربازییه‌کان وه‌ک مه‌ترسی ئاسایشی بۆ سه‌ر وڵاتێک‌دا ده‌کرا به‌ڵام ئێستا له فاکته‌ری ئاو وه‌ک مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایشی وڵاتان باس ده‌کرێ. که‌م نین ئه‌و چاوه‌دێر و لێکۆڵه‌ره‌وانه که له‌و بڕوایه‌دان کێشه‌ی ئاو به تایبه‌تی له ئه‌فریقا و ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا، مه‌ترسی کێشه‌ی سه‌ربازی و شه‌ڕی نێوان وڵاتانی له داهاتوودا به‌دواوه‌یه. ئه‌مه له کاتێکدایه که هه‌تا ئیستا یاسایه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی له سه‌ر چۆنییه‌تی که‌لکوه‌رگرتن له ئاو له نێو وڵاتاندا نیه و ئه‌گه‌ریش هه‌بێ ئه‌وه یه‌کجار کۆنن و به هیچ شێوه‌یه‌ک وه‌لامده‌ری کێشه‌ی ئاوی ئیمڕۆ نین.
کێشه‌ی ئاو له ئاستی جیهاندا:
له مێژه چاوه‌دێرانی ژینگه و فیزیا و که‌ش و هه‌واناسه‌کان، کێشه‌ی ئاویان له سه‌ده‌ی 21 دا وه‌ک یه‌كێك له كێشه هه‌ره گه‌وره‌كانی جیهان داناوه. هه‌ر ئێستا و له‌م ساڵانه‌ی دواییدا و له ژێر تارمایی گۆڕانی ئاووهه‌وادا، کێشه‌ی ئاو له زۆر شوێنی جیهاندا سه‌ریهه‌ڵداوه. هه‌ر ئێستا له گۆشه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌فریقا وشکه‌ساڵییه‌کی وا به تایبه‌تی له وڵاتانی سۆمالیا، ئه‌تیۆپیا، کێنیا و جێپۆتیا هه‌یه که نموونه‌ی له 60 ساڵی ڕابردوودا نه‌بیندراوه‌و مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌کرێ و مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه میلیۆنێک ئینسان له برسان بمرن. به گشتی به هۆی وشکه‌ساڵی له ئه‌فریقا مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه که 7 میلیۆن ئینسان له نێو ئه‌واندا یه‌ک میلیۆن و نیو منداڵ بمرن. ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هه‌لوومه‌رجی وشکه‌ساڵی ئه‌فریقا وه‌ک زه‌نگی پڕ مه‌ترسی ناودێر کردووه. هه‌ر ئێستا 370000 که‌س له سۆمالیاوه له به‌ر وشکه‌ساڵی هه‌ڵاتوون و له وارگه‌کانی په‌نابه‌راندا له وڵاتی کێنیا جێگر کراون. له وڵاتێک‌دا که بۆ خۆی کێشه‌ی وشکه‌ساڵی هه‌یه و له هێندێک هه‌رێمی کینایادا 3 ساڵی ته‌واوه باران نه‌باریوه. ڕۆژانه نزیک به دوو هه‌زار په‌نابه‌ری وشکه‌ساڵی ڕوو له وارگه‌کانی په‌نابه‌ران له وڵاتی کێنیا ده‌که‌ن.
رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له دواڕاپۆرتی خۆیدا له سه‌ر کێشه‌ی ئاو له جیهاندا، ساڵی 2009 له باره‌ی زیادبونی حه‌شیمه‌تی و گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا و كاریگه‌رییه‌كانی بۆ سه‌ر رێژه‌ی ئاو له جیهاندا کێشه‌ی ئاوی خسته ڕۆژه‌ڤ. له‌و ڕاپۆرته‌دا جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه کرابۆوه كه جیله‌کانی داهاتوو روبه‌ڕوی كێشه و قه‌یرانی تایبه‌ت به ئاو ده‌بنه‌وه. به تایبه‌تی له وڵاته تازه‌گه‌شه‌كردوه‌كاندا ره‌نگه كێشه‌یه‌کی وه‌ک کێشه‌ی ئاو ته‌نانه‌ت ببێته هۆی شه‌ڕ، هه‌ڵگیرسانی گرژی و ئاڵۆزییه‌كانیش. هه‌ر له‌و ڕاپۆرته‌دا باسی ئه‌وه کراوه که کێشه‌ی ئاو له خۆیدا ده‌بێته هه‌وێنی کێشه و قه‌یرانی دیکه وه‌ک به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سوته‌مه‌نی و خۆراك و پێداویستیه سه‌ره‌تاییه‌کانی كانی دیكه. وه‌ک ئاکام له کۆتایی ڕاپۆرته‌که‌دا جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه کراوه ئه‌گه‌ر بێت‌و سه‌رچاوه‌ی ئه‌و قه‌یرانه که ئاوه چاره‌سه‌ر نه‌كرێ، ئه‌وه له داهاتوودا قه‌یرانه‌کان له سه‌ر یه‌ک كه‌ڵه‌كه ده‌بن و كێشه‌ی ئاو له قه‌یرانێكی نێوخۆییه‌وه ده‌بێته قه‌یرانێكی جیهانی و هه‌ر له‌و سۆنه‌گه‌شه‌وه قه‌یران و ناكۆكی‌یه سیاسییه‌کان قوڵتر ده‌بنه‌وه.
له ساڵی 2002 له وڵاتی بولیڤیا له ناوچه‌ی “تۆچامبا” كۆمپانیای ئه‌مریکی Bechtel به ڕاده‌یه‌ك نه‌رخی ئاوه به‌رز كرده‌وه، كه ده‌ركه‌وتی ئاو بۆ هه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌ك گه‌یشته ڕاده‌ی ده‌ركه‌وتی بژیوی سه‌رجه‌م دوو حه‌وتوو له ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵكی. ناڕه‌زایه‌تییه جه‌ماوه‌رییه‌كان مانگی له ئه‌ڤریلی 2002 دا Bechtel که شه‌ریکه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ترانسناسیۆناڵ بوو، ناچار كرد كه بولیڤیا به جێبێڵێ. دواتر كۆمپانیای Bechtel ده‌وڵه‌تی بولیڤیای كێشایه دادگای نێونه‌ته‌وه‌ی و داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زه‌ره‌د و زیانه‌كان خۆی کرد. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خا که کیشه‌ی بێ ئاوی و هاوکات مامه‌ڵه و بازرگانیکردن به‌م پێداویستییه ژیانییه‌وه هه‌تا چه‌نده قووڵه.
ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و پرسی ئاو:
ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له‌م ساڵانه‌ی دوایدا، تووشی بێ بارانی و وشکانی بووه‌و ئه‌مه‌ش پێویستی ئاوی له‌م ناوچه‌که‌دا چه‌ندان قات له جاران به‌رزتر کردۆته‌وه‌و هه‌ر به‌و پێیه‌ش کێشه‌ی ئاو له نێو وڵاتاندا له جاران زیاتر قووڵتر بۆته‌وه. له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌راست و ئه‌فریقا که 5% حه‌شیمه‌تی جیهانی لێ ده‌ژین، ته‌نیا 1% ئاوی جیهانی لێیه. بۆ نموونه له وڵاتێکی ده‌وڵه‌مه‌ند له باری ئاوه‌وه‌ی وه‌ک سوید، بۆ هه‌ر که‌سێک 20 هه‌زار میتری سێجا ئاو هه‌یه به‌ڵام له هێندێک شوێنی وه‌ک ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا ڕێژه‌ی ئاو بۆ هه‌ر که‌سێک ته‌نیا 50 میتری سێجایه. که‌واته بۆ که‌سێکی سویدی پرسی ئاو نه‌ک ته‌نیا جێگه‌ی هیچ گرفتێك نییه به‌ڵکوو هه‌ر بیریشی لێ نه‌کاته‌وه. به‌ڵام ئاو و پرسی ئاو بۆ که‌سێکی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست نه‌ک ته‌نیا زۆر گرینگه به‌ڵکوو بایه‌خی ژیانیشی هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگرین که ژیانی زۆربه‌ی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له ڕێگای کشتووکاڵی و ئاوه‌وه دابین ده‌کرێ، ئه‌وه زیاتر گرینگی ئاومان له‌و هه‌رێمه بۆ ده‌رده‌که‌وێ.
کێشه له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا ته‌نیا ئه‌وه نییه که کێشه‌ی که‌م ئاوی و وشکانی هه‌یه به‌ڵکوو ئه‌و بڕه ئاوه‌ش که هه‌یه به شێوه‌یه‌کی یه‌کسان دابه‌ش نه‌کراوه، ئه‌مه‌ش یه‌که‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر باری سرووشتی هه‌ڵکه‌وتنی وڵاتان له ناوچه و دووه‌م، سازکردنی به‌نداو به‌تایبه‌ت له لایه‌ن وڵاتێکی وه‌ک تورکیاوه. ئاوی چۆمه گه‌وره‌كانی دیجله و فه‌رات كه هه‌زاران ساڵه بۆ كشتوكاڵی له ناوچه‌كه‌دا كه‌ڵكی لێوه‌رده‌گیرێ، ئیمڕۆ بووه‌ته هۆی كێشه و ئاژاوه‌ی نێوان توركیا، سوریا و عێراق و به‌هه‌مان شێوه‌ش کوردستان. دیجله و فورات که له چیاکانی باکووری کوردستانه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرن، به‌پێی توركه‌كان موڵكی توركیان و له چوارچێوه‌ی سنووره‌كانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا ئه‌م ڕووبارانه هه‌ڵده‌قوڵن. هه‌ر بۆیه بنه‌مای سیاسه‌تی توركیا ئه‌وه‌یه که “هه‌روه‌ك نه‌وت چۆن بۆ عێراق بایه‌خی ژیانی هه‌یه، بۆ تورکیاش ئاو هه‌مان بایه‌خی هه‌یه و وه‌ک کارتێکی سیاسی و ئابووری له پێوه‌ندییه‌کانی خۆیدا له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌دا ئاو به‌کار دێنێ، ئه‌ویش زۆر جار له دژی خودی کورد.
بێجگه له کێشه له سه‌ر ئاوی کوردستان له نێو وڵاتانی تورکیا، عێراق، ئێران و سوریا کێشه‌یه‌کی دیکه‌ی گه‌وره‌ی ئاو، له نێوان ئیسرایل و فه‌له‌ستین دایه. له نێوان فه‌له‌ستین و ئیسرایلیشدا ئاو به شێوه‌یه‌کی زۆر نایه‌کسان دابه‌شکراوه. بۆ نموونه له وڵاتێکی وه‌ک ئیسرایلدا، ڕێژه‌ی ئاو بۆ هه‌ر که‌سێک 300 میتری سێجایه به‌ڵام هه‌مان ڕێژه له فه‌له‌ستین و که‌ناری ڕۆژئاوا 70 میتری سێجایه و ته‌نانه‌ت له غه‌زه‌ش 50 میتری سێجایه. ئه‌مه له کاتێکدایه که به پێی نۆرمی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ پێناسه‌کردنی که‌م ئاوی ئه‌گه‌ر هاتوو ڕێژه‌ی ئاو بۆ هه‌ر که‌سێک که‌متر له 1000 میتری سێجا بوو، ئه‌وه کێشه‌ی ئاو و وشکانی هه‌یه. هه‌ر بۆیه هه‌لوومه‌رجی که‌می ئاو و وشکانی له ئیسرایل و فه‌له‌ستین به پێی نۆرمی نێونه‌ته‌وه‌یی له ئاستێکی زۆر به‌رز دایه. ئیمڕۆ ئاو له نیوان فه‌له‌ستین و ئیسرایلدا دابه‌ش کراوه، ئه‌و ئاوه‌ش ئاوێکه که سه‌رچاوه‌که‌ی له فه‌له‌ستین له که‌ناری ڕۆژئاوا هه‌ڵده‌قوڵێ و ده‌ڕژیته نێو ئیسرایل به‌ڵام وه‌ک له ڕێژه‌ی نایه‌کسانی سه‌ره‌وه ده‌رده‌که‌وێ، ئیسرایل ده‌ستی به سه‌ر ئاوی فه‌له‌ستینییه‌کاندا گرتووه‌و 6 قات زیاتر له فه‌له‌ستینییه‌کان ئاوه‌که بۆ خۆی ده‌با. له ڕێکه‌وتننامه‌ی ئۆسلۆ له ساڵی 1995، چه‌ند بڕگه‌یه‌کیش له سه‌ر کێشه‌ی ئاوی نێوان فه‌له‌ستین و ئیسرایل دانرا به‌ڵام به پێی هه‌مان ڕێکه‌وتننامه ئاوی نێوان ئه‌وان دابه‌شنه‌کراوه‌و چاره‌سه‌ری کێشه‌که به کۆمیسیۆنێکی هاوبه‌شی ئیسرایلی – فه‌له‌ستنی سپێدراوه که هێشتا نه‌یانتوانیووه کێشه‌که چاره‌سه‌ر بکه‌ن.
تورکیا، عێراق و کوردستان:
له‌م ساڵانه‌یی دواییدا پێویستی كه‌ڵك وه‌رگرتن له ئاوی ڕووباره‌کانی دیجله و فورات به مه‌به‌ستی به‌كارهێنانی بۆ كاری پێشه‌سازی زۆر زیادی كردووه. توركیا هه‌ر له ساڵی 1953وه پرۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ئاوبه‌ندسازی به ناوی گاپ یان “پرۆژه‌ی باشوور – ڕۆژهه‌ڵاتی ئاناتۆلیا” بۆ وه‌ده‌ستهێنانی وزه‌ی كاره‌با وه‌ڕێخستووه. سازكردنی ئاوبه‌ندی ئه‌تاتورك كه له ساڵی 1990دا كۆتایی هات، له ڕاستیدا ناوكی ئه‌م پرۆژه گه‌وره‌یه بوو. له ئاوبه‌نده‌كه‌وه به درێژایی 26 كیلۆمێتر هه‌تا ده‌شتاییه‌كانی “هاران” به‌نێو تونێله لێدراوه‌كانه‌وه، ئاو په‌نگ ده‌خواته‌وه. كێشه‌ی نێوان توركیا و عێراق ئه‌و كاته‌ی ده‌گاته چڵه‌پۆپه‌ی ته‌قینه‌وه كه توركیا پرۆژه‌ی سازكردنی 22 ئاوبه‌ندی دیكه به مه‌به‌ستی ئاودێرانی 1،7 میلیۆن هێكتار زه‌وی، كه 32 میلیارد دۆلار خه‌رج هه‌ڵده‌گرێ، له‌سه‌ر فورات له داهاتوودا جێبه‌جێ بكا. ئه‌و 22 ئاوبه‌نده وێرای ئاوبه‌ندی ئه‌تاتورك پێكه‌وه ده‌بنه هۆی ئه‌وه‌ی كه عێراق ڕێژه‌ی 80 هه‌تا 90 له سه‌دی ئاوی فورات له‌ده‌ست بدا.
واندانا شیوا فیزیكزان و ژینگه فیمینیستی ناسراوی هیندووستانی له سه‌ر نه‌خشی ئاو له شه‌ره‌کانی داهاتوودا له نێوان ده‌وڵه‌تانی ئێران، تورکیا، عێراق و سوریا هه‌ر له ساڵی 2000دا وشیاریدا و له کتێبی “شه‌ڕی ئاو”دا نووسی: “شه‌ڕی ئیتنیكی و كێشه‌ی ئاو و سازكردنی ئاوبه‌ندی گاپ پێوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه. ئه‌م شه‌ڕی ئاوه ده‌بێته هۆی ئه‌وه كه زیاتر له 78000 كورد ماڵ و حاڵی خۆیان به‌جێ بێڵن و هه‌روه‌ها شاری مێژووی حه‌سه‌ن كێف له بن ئاودا نوقم ببێ. خه‌ڵكی كوردی ئه‌و ناوچانه‌ی كه ده‌كه‌ونه ژێر ئاوه‌وه زۆر توڕه و ناڕازین، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیاوه وه‌ك جیاوازیخواز و تیرۆریست نه‌كه‌ونه به‌ر ئازار و ڕاونان، نا‌وێرن ده‌نگ به‌رز بكه‌نه‌وه. ده‌سته‌یه‌كی لێكۆڵه‌ره‌وه له ناوچه‌كه‌وه ڕاپۆرتیان ناردووه كه ده‌وڵه‌تی توركیا به زانابوونه‌وه دژبه‌رانی سازكردنی ئاوبه‌نده‌كان وه‌ك جیاوازیخواز تۆمه‌تبار ده‌كا. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه‌س ناوێرێ به ئاشكرا دژایه‌تی خۆی ده‌رببڕێ. یه‌كێك له په‌رپرسانی پۆلیسی توركیا گوتوویه‌تی: “به‌ندئاو یانێ ده‌سته‌ڵات، واته ئه‌وه‌ی ئاوه‌كه‌ی له به‌رده‌ستدایه، ئه‌وه ده‌سته‌ڵاتیشی له بن ده‌ست دایه”.
ئیمڕۆ عێراق له کێشه‌ی گه‌وره‌ی ئاو ڕووبه‌ڕوویه. له مانگی مارسی 2010دا سه‌رۆککۆماروو سه‌رۆکوه‌زیرانی زیاتر له 140 وڵات، له شاری ستانبولی تورکیا له کۆنفرانسێکدا له ژێر ناوی قه‌یرانی ئاو به‌شدار بوون. به‌ڵام نه ته‌نیا له کۆنفرانسه‌که‌دا هیچ ڕێکه‌وتنێک واژوو نه‌کرا به‌ڵکوو تیگه‌یشتنێکی گشتی وه‌ک یه‌کیش له سه‌ر ئاو له نێو وڵاتانی به‌شدار له کۆنفرانسی قه‌یرانی ئاو پێکنه‌هات. له کاتێکدا هه‌ر له میانه‌ی كۆنگره‌که‌دا تورکیا به‌ڵێنی به عێراقدا که ڕێگه‌ی نزیكه‌ی 400 هه‌تا 500 مه‌تری چوارگۆشه ئاو بۆ نێو عێراق بکاته‌وه، به‌ڵام ده‌گوترێ که تورکیا هێشتا به‌ڵێنه‌کانی جێبه‌جێ نه‌کردووه‌و هۆیه‌که‌ش ئه‌وه‌یه بێجگه له به‌ڵێنی زاره‌کی هێچ پڕۆتۆكۆڵێکی نووسراو له نێوان عێراق و تورکیادا نییه. ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی له لایه‌ن خۆیانه‌وه ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن، یه‌کیه‌تی ئوروپا به‌ڵێنی پێداون، ئه‌گه‌ر تورکیا ئاوی زیاتر بۆ عێراق به‌رنه‌دا ئه‌وه یه‌کیه‌تی ئوروپا، تورکیا وه‌ک ئه‌ندامی یه‌کیه‌تی ئوروپا وه‌رناگرێ. هه‌ر بۆیه له هه‌مان ساڵی 2010 له لایه‌ن پارلمانی عێراقه‌وه بڕیارێک ده‌رچوو که ده‌وڵه‌تی عێراق به بێ واژووکردنی ڕێکه‌وتننامه‌ی ئاو، ناتوانێ هیچ رێككه‌وتننامه‌یه‌كی دیکه له گه‌ڵ تورکیا واژۆ بكات، ئه‌گه‌ر به‌ندێكی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه له باره‌ی ئاوه‌وه نه‌بێ و نه‌بێته پرۆتۆكۆڵێكی فه‌رمی. حه‌یده‌ر ئه‌لسوه‌یدی ئه‌ندامی لیژنه‌ی کشتوکاڵ له په‌رله‌مانی عیراق ئه‌و ده‌م وتی: “کێشه‌ی ئاو له عیراق له خۆیدا بۆته کێشه‌یه‌کی سیاسی. ئه‌مه‌ش به هۆی ئه‌و گوشارانه‌یه که حکومه‌تی تورکیا په‌یتا په‌یتا ده‌یخاته سه‌ر ده‌وڵه‌تی عیراق و تورکیا ده‌یهه‌وێ به هۆی به‌کارهێنانی کارتی ئاو، ده‌سکه‌وتی سیاسی وه‌ده‌ست بێنێ و هێندێک شه‌رت و مه‌رج به سه‌ر ده‌وڵه‌تی عێراقدا بسه‌پێنێ”. ساڵی 2009 ته‌نانه‌ت ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش له میدیاکانی تورکیادا بڵاوکرایه‌وه که جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆکۆماری عێراق له سه‌فه‌ری خۆیدا بۆ تورکیا له سه‌ر ئاوی عێراق سات و سه‌ودای به مه‌سه‌له‌ی کورده‌وه کردووه. ته‌نانه‌ت بانگه‌شه‌ی ئه‌وه کرا هێرشه‌کانی تاڵه‌بانی بۆ سه‌ر په‌که‌که له به‌رانبه‌ر قه‌ول و به‌ڵین سه‌ندنی ئیمتیازی وه‌رگرتنی ئاوی زیاتر له تورکیا بووه.
ته‌نانه‌ت به‌رپرسانی تورکیاش نه‌یانشاردۆته‌وه که چۆن نه‌وت بۆ عیراق و وڵاتانی دیکه گرینگی ژیانی هه‌یه، بۆ ئه‌وانیش ئاو هه‌روایه و به پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی تورکیا له گه‌ڵ ئاودا مامه‌ڵه ده‌که‌ن.
تورکیا، سوریا، عێراق و کوردستان
سوریا یه‌کێک له یه‌که‌م وڵاتانی جیهانه که حه‌شیمه‌تی ڕوو له زیادبوونه، هه‌ر به‌و پێیه‌ش سوریا پێویستی به ئاوی زۆرتر به تایبه‌تی ئاوی خواردنه‌وه هه‌یه. له‌م ساڵانه‌ی دوایدا حکوومه‌تی سوریا پاره‌یه‌کی زۆری له رێگه‌ی پێشخستنی کشتووکاڵی پێشکه‌وتوودا وه‌گڕ خستووه به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش ئاکامێکی وای له پرۆژه‌کانی وه‌رنه‌گرتووه. له ساڵی 1986 ته‌نیا 11% کشتووکاڵی سوریا له ڕێگای ئاوی فوراته‌وه ئاودێری ده‌کرا. هه‌ر له ساڵه‌کانی 60 و حه‌فتاکاندا گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌ی سازکردنی به‌نداوی سوریا به ناوی ته‌بگه ده‌ستی پێ‌کرد. ئه‌م به‌نداوه گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ی وزه‌و ئاودێری کشتووکاڵی سوریایه. له ماوه‌ی ساڵانی دوایدا لانیکه‌م 9 پڕۆژه‌ی ئاوی له سه‌ر چۆمی فورات له لایه‌ن حکوومه‌تی سوریا ساز کراوه.
عێراق به‌ستراوه‌یه‌کی زۆری به‌و ئاوه‌ی له تورکیا و سوریاوه ده‌ڕژێنه عێراق هه‌یه. ئاوی چۆمی دیجله بۆ ئاوه‌دێری و شۆردنه‌وه‌و له خوێ پاککردنه‌وه‌ی خاک له عێراق که‌ڵکی لێوه‌رده‌گیردرێ. عێراق هه‌ر له کۆنه‌وه سیسته‌می کشتووکاڵی خۆی وه‌پێش خستووه‌و زیاتر له 50% ئاویاری عێراق له ڕێگای ئاویاری ده‌ستکرد و سازکراوه‌وه ئه‌نجام ده‌درێ. عێراق دوای ئیسرایل یه‌که‌م وڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته که له بواری کشتووکاڵییه‌وه، به هۆی پێشه‌سازی پێشکه‌وتووی ئاودێری، پێداویستییه‌کانی خۆی دابین ده‌کا. ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ هه‌ڵچوونی زیاتری ئاو‌و هێندێک جار لافاو به‌ربه‌ستی جۆراوجۆری له سه‌ر هه‌ر دوو چۆمی دیجله و فورات ساز کردووه.
هه‌تا ئێستا دوو ناکۆکی و لێکهه‌ڵپرژان له سه‌ر چۆمی فۆرات هاتوونه‌ته ئاراوه. ساڵی 1975 کێشه له نێوان ده‌وڵه‌تانی عێراق و سوریا له سه‌ر به‌نداوی ته‌بگه که سوریا خه‌ریکی درووست‌کردنی بوو، هاته گۆڕێ. ئه‌و به‌نداوه له داهاتوودا بوو به گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ی ئاوی و وزه‌ی کاره‌بای سوریا. کێشه‌ی نێوان عێراق و سوریا له سه‌ر ئه‌م به‌نداوه خه‌ریک بوو بکێشرێته شه‌ڕ. عێراق مه‌ترسی بۆمبارانی به‌نداوی خسته به‌ر ده‌م تورکیا و هه‌ر بۆیه هه‌ر دوو وڵات هێزی سه‌ربازیان له سه‌ر سنووره‌کان کۆ کرده‌وه. دواتر به هۆی نێوبژیوانی یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌تی و عه‌ره‌بستانی سعوودی کێشه‌که هێور کرایه‌وه. سوریا ناچار کرا که ئاوی زیاتر به‌ردبدا بۆ نێو عێراق و هاوکات تورکیاش ئاوی زیاتری به‌ردایه نێو سوریا.
پرۆژه‌ی سازكردنی به‌ندئاوه‌كان له لایه‌ن توركیاوه بووه‌ته هۆی په‌ره‌گرتنی كێشه‌ی نێوان توركیا، سوریا، عێراق و هه‌روه‌ها گه‌لی كوردیش.. بۆ نموونه سه‌ره‌كوه‌زیری توركیا، تورگوت ئوزال له ساڵی 1989 دا مه‌ترسی به‌ربه‌ست كردنی ئاوی بۆ سوریا خسته به‌رده‌م ده‌وڵه‌تی سوریا ئه‌گه‌ر هاتبا و ئه‌ندامانی پارتی كرێكارانی كوردستان په‌که‌که خاكی سوریایان له دژی ده‌وڵه‌تی توركیا به‌كار هێنابا. ساڵی 1990 جارێکی دیکه کێشه له سه‌ر ئاوی فورات سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه، کاتێک به هۆی پرۆژه‌ی گاپه و به‌نداوی ئه‌تاتورکه‌وه ئاوی سوریا‌و له ڕێگای سوریاشه‌وه ئاوی عێراق له که‌میدا. ئه‌مجاره ده‌وڵه‌تانی سوریا و عێراق پێکه‌وه له دژی تورکیا هه‌ڵوێستیان گرت. عێراق و سوریا پێیانوابوو تورکیا زه‌ربه‌یه‌کی قورسی له کشتووکاڵی ئه‌وان داوه. هه‌روه‌ها ئه‌و ده‌وڵه‌تانه باسی ئه‌وه‌یان کرد که پێشتر تورکیا له‌م باره‌وه ئه‌وانی ئاگادار نه‌کردۆته‌وه. ئه‌مه‌ش به پێی یاسای ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان ده‌بوا تورکیا پێشتر ئه‌و ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌ی ڕاگه‌یاندبا. تورکیا له دژی هه‌ڵوێستی سوریا و عێراق ناڕه‌زایه‌تی نیشاندا و هه‌ر بۆیه ده‌وڵه‌تی عێراق مه‌ترسی بۆمبارانکردنی به‌نداوی ئه‌تاتورکی هێنایه گۆڕێ. وتووێژه‌کانی نێوان تورکیا، سوریا و عێراق ده‌ستی پێ‌کرد که دواتر له شه‌ڕی یه‌که‌می که‌نداودا سوریا و تورکیا له دژی عێراق یه‌کیان گرت و ئیتر له‌و ده‌مه‌وه کێشه‌یه‌که هه‌روا به بێ چاره‌سه‌رکراوی ماوه‌ته‌وه.
سوریا و عێراق پێکه‌وه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که مافی سرووشتی ئه‌وانه هه‌ر وه‌ک چۆن له مێژوودا وابووه‌و واهاتووه، هاتنی سرووشتی ئاو بۆ وڵاته‌کانیان، هه‌روا به‌رده‌وام بێت و تورکیا له ڕێگه‌ی پێشه‌سازی نوێوه ڕێگه له هاتنی سرووشتی ئاو نه‌گرێ. ده‌وڵه‌تانی عێراق و سوریا له سه‌ر ئه‌م خاڵه کۆکن به‌ڵام له سه‌ر بڕه مه‌سه‌له‌یه‌کی دیکه‌ی پێوه‌ندیدار به ئاوه‌وه کێشه‌ی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. عێراق پێیوایه سوریا ئاوی فورات له ڕێگه‌ی هاتن بۆ نێو عێراقدا پیس ده‌کا و هه‌روه‌ها ڕێژه‌ی هاتنی ئاو بۆ عێراق که‌م ده‌کاته‌وه. عێراق له لایه‌ن خۆیه‌وه پێیوایه هه‌ر وه‌ک ڕابردوو ده‌بێ هه‌مان ڕێژه ئاو به بێ که‌م و زیاد بنێردرێته عێراق. کۆی ئه‌مانه‌ش کاریکی کردووه که ڕۆژ له گه‌ڵ رۆژ کێشه‌ی له نێوان ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌دا قوولتر ده‌بێته‌وه.
به‌تایبه‌تی کاتێک کێشه‌که قووڵتر بۆوه که ده‌رکه‌وت ئیسرایل به ته‌مایه و له ڕێکه‌وتن له گه‌ڵ تورکیادایه که ئاو له تورکیا بکڕێ. سوریا و عێراق پیکه‌وه له دژی ئه‌مه‌ن که تورکیا ئاوێک که دێته نێو وڵاتانی ئه‌مانه‌وه به ئیسرایل بفرۆشێ.
ئێران و عێراق و کوردستان:
ڕۆژی 25ی مای، ساڵی 2009 شاندێكی پارلمانی عێراق، كه له 10 ئه‌ندامی سه‌رجه‌م كوتله‌كانی نێو پارلمان پێكهابتوون، سەردانی کۆماری ئیسلامی‌یان کرد و بابەتی سەرەکی گفتوگۆکانیان کێشه‌ی ئاو بوو. هه‌ر له هه‌مان ساڵدا وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه ئاوییه‌كانی عێراق ژماره‌یه‌ک ئاماری له سه‌ر کێشه‌ی ئاو له گه‌ڵ وڵاتانی ده‌راوسێی خۆی بڵاو کرده‌وه. له ئاماره‌کاندا ده‌رکه‌وت که وڵاتانی توركیا‌و ئێران ئه‌و بڕه ئاوه كه له‌و دو وڵاته‌وه دێته ناو عێراق رۆژ به ڕۆژ که‌م کردۆته‌وه‌و له “ساڵی ٢٠٠٨ەوە ئه‌و بڕه ئاوه‌ی له روباری دیجله‌وه ده‌هاته نێو عێراق 8 ملیار مه‌تر سێجا بوه، ئه‌مه له‌كاتێكدا بووه که هه‌مان بڕه ئاو له هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردودا 32 ملیار مه‌تر سێجا بوه”. بێجگه له‌وه “ئێران سه‌رچاوه‌ی ئاوی 28 جۆگه‌له‌ی بڕیوه كه ئاوه‌كانیان ده‌ڕژایه زابی بچوكه‌وه‌و له‌وێوه ده‌ڕژایه زابی گه‌وره‌و دواتر ده‌گه‌یشته ڕووباری دیجله. له‌و 42 سه‌رچاوه ئاوییه‌ی له عێراقدایه، هه‌ر هه‌موو له ده‌ره‌وه‌ی عێراق ده‌ڕژێنه نێو باشووری کوردستان و عێراق. ئیمڕۆ له سه‌ر ئه‌و ئاوانه به‌ر له‌وه‌ی بگه‌نه عێراق و باشووری کوردستان به‌نداو ساز کراوه‌و له کۆی 42 سه‌رچاوه‌ی ئاوی، 32 به‌نداوی له سه‌ر ساز کراوه‌و هه‌تا ساڵی 2009 ته‌نیا 10 سه‌رچاوه‌یان کراوه هێڵراونه‌ته‌وه‌و به‌نداویان له سه‌ر ساز نه‌کرابوون.
ئەمساڵ جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامی ئاوی ئەڵوەنی لە گەڵ دەسپێکی تۆپباران لە کۆتایی مانگی جۆزەردان و هێرشی سەربازی لە نێوەڕاستی مانگی پووشپەڕدا بۆ سەر قەندیل به‌ست. ئەمە بە ڕێکەوت نییە. خاڵی زۆر جێگه‌ی سه‌رنج له‌م پێوه‌ندییه‌دا ئه‌وه‌یه به به‌ربه‌ستکرانی ئاوی ئەڵوەن که به نێوه‌ڕاستی شاری خانه‌قیندا تێپه‌ڕ ده‌بێ، بێجگە لە زیانگه‌یاندن به کشتووکاڵ مەترسی جیدیش بۆ سەر ئاوی خواردنه‌وەو پێشەسازییەکانی دیکەی شاری خانه‌قین پێکدێ.
ئاوی کوردستان و شه‌ڕی نێوان ده‌وڵه‌تان له سه‌ر ئه‌م ئاوه:
دیجله‌و فورات دوو چۆمی هه‌ره گه‌وره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستن. دیجله‌و فورات له چیاکانی کوردستانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن، چۆمی فۆرات له نێو تورکیاوه ده‌ڕژێته نێو خاکی عێراق و سوریا، دیجله‌ش له په‌نای سنووری سوریادا ده‌ڕژێته نێو خاکی عێراق. ئه‌م وڵاتانه له پێشبڕکیی خستنه هه‌وێڵی ئاوی دیجله‌و فوراتن به تایبه‌تی سوریا و عێراق که که‌شووهه‌وایه‌کی گه‌رم و وشکانی زیاتریان هه‌یه. هه‌ر سێ وڵاتی تورکیا، سوریا و عێراق له ئاوی دیجله و فورات که‌ڵکی هاوبه‌ش وه‌رده‌گرن هه‌ر بۆیه کێشه‌و کێبڕکێی ئه‌وان له سه‌ر ئه‌م ئاوانه ساڵ به ساڵ له زیادبووندایه. له نێوان وڵاتانی تورکیا، سوریا و عێراق له مێژه کێشه و ناکۆکی هه‌یه و سه‌رچاوه‌ی ئه‌م کێشه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مێژوویه‌کی زۆر کۆنتر بگره مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی شارستانی له‌م ناوچه‌یه. له کاتێکدا له نێوان ئه‌م وڵاتانه‌دا کێشه‌ی مه‌زهه‌بی، ئیتنیکی و جیاوازی بیرووبۆچوونی مێژووی له کۆنه‌وه ڕیشه‌ی داکوتاوه، کێشه‌ی ئاو له خۆیدا گیانێکی نوێی وه به‌ر ئه‌و کێشه و ناکۆکییه کۆنانه ناوه. هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌یه‌ی په‌نجاکانه‌وه به هۆی زێده‌بوونی حه‌شیمه‌ت و پێشوه‌چوونی پێشه‌سازی که پێویستی به ئاو له جاران زۆر زیادی کردووه، کێشه‌ی ئاوی له نێو ئه‌و وڵاتانه‌دا قووڵتر کردۆته‌وه.
سه‌رچاوه‌کانی ئاوی دیجله‌و فورات که له باکووری کوردستانن، به‌ڵام له ژێر کۆنترۆڵی ده‌وڵه‌تی تورکیادان. ده‌وڵه‌تی تورکیا به مافی خۆی ده‌زانێ که کۆنترۆڵی ته‌واوی به سه‌ر ئه‌و ئاوه‌وه هه‌بێ که ده‌که‌ونه نێو چوارچێوه‌ی سنووری تورکیاوه. هه‌ر بۆیه تورکیا به مافی خۆی ده‌زانێ که ڕێگای چوونی ئاو بگۆڕێ، یان به‌ندئاو ساز بکا و ئاوه‌که له‌و به‌نداوانه‌دا کۆ بکاته‌وه. ئه‌مه‌ش له خۆیدا شوێنه‌واری ڕاسته‌وخۆ له سه‌ر ئاوی وڵاتانی سوریا و عێراق داده‌نێ. به تایبه‌ت تورکیا به هۆی پێشوه‌چوونی پێشه‌سازی و کشتووکاڵی له جاران زۆر زیاتر پێویستی به ئاو و وزه هه‌یه. له کاتێکدا تورکیا یه‌کێک له ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاسته له باری ئاوه‌وه به‌ڵام ئاو له خودی تورکیادا به شیوه‌یه‌کی یه‌کسان دابه‌ش نه‌کراوه. هه‌ر بۆیه تورکیا ده‌یهه‌وێ به گۆڕینی ڕێگای ئاو و سازکردنی به‌ندئاو، ئاو به به‌شه وشکانییه‌کانی تورکیا بگه‌ینێ و هه‌روه‌ها وزه‌ی کاره‌با و ئاوی خواردنه‌وه وه‌به‌رهه‌م بێنێ.
تورکیا له لایه‌ن خۆیه‌وه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کا که پرۆژه‌ی گاپ له دژی کورد نیه، کوردیش پێی وایه بێجگه له‌وه له‌و پرۆژه‌یه‌دا شوێنه‌واره گرینگه مێژوویه‌کانی کورد له شاری حه‌سه‌نکێف و ده‌وروبه‌ر له‌و به‌نداوانه‌دا له نێو ده‌چێ، تورکیا ده‌یهه‌وێ نه‌خشه‌ی دیمۆگرافی تورکیا بگۆڕێ و له کارتی ئاو له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی سوریا و عێراق مامه‌ڵه بکا. هه‌ر بۆیه هه‌تا ئێستاش له کارتی ئاو له دژی بزاڤی کورد سات و سه‌ودای له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سوریا کردووه.
پرۆژه‌ی سازكردنی به‌ندئاوه‌كان له لایه‌ن توركیاوه بووه‌ته هۆی په‌ره‌گرتنی كێشه‌ی نێوان توركیا، سوریا، عێراق و هه‌روه‌ها گه‌لی كوردیش.. شه‌ڕی ئیتنیكی و كێشه‌ی ئاو و سازكردنی ئاوبه‌نده‌کانی تورکیاوه پێوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه. به گشتی ساڵ له گه‌ڵ ساڵ، به تایبه‌ت وڵاتانی گه‌رمه‌سێر له ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین‌دا زیاتر له گه‌ڵ که‌می ئاو دا رووبه‌روو ده‌بن. دیارده‌ی سروشتی وڵاتانی گه‌رمێن به گشتی ئه‌وه‌یه که ئه‌و ناوچانه بێ ئاو‌و گه‌رمن، بوونی تاێبه‌تمه‌ندی سه‌حرای ویشک و برینگیش دووقات زیاتر پێویستی ئاو زیاد ده‌کا.
سه‌یر ئه‌وه‌یه له سه‌ر ئاوێک که له کوردستانه‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرێ، ده‌وڵه‌تانی توکیا، سوریا، ئێران و عێراق سات و سه‌ودا و مامه‌ڵه ده‌که‌ن و هه‌مان ئاوی کوردستان له دژایه‌تی بزووتنه‌وه‌ی کورد له پارچه جیاوازه‌کانی کوردستاندا به‌کار دێنن. تورکیا، عێراق و ئێران ئاوی کوردستان به هی خۆیان ده‌زانن و سه‌ره‌ڕای بردن و به‌تاڵانبردنی هه‌مان کارتی ئاو له دژی کورد به‌کار دێنن.
سیاوه‌ش گۆده‌رزی