شه‌ڕ له‌سه‌ر ڕانه مریشک بوو … هیوا سه‌عید
ئێمه چوار کوڕی دایک و باوکێک بووین. دوو برا گه‌وره‌که‌م جمک بوون، برا ناوه‌نجییه‌که‌شم به ساڵیك له‌وان بچووکتر بوو، منیش برا بچووکی ماڵه‌وه بووم.
سه‌رده‌می منداڵی ئێمه ژیان زۆر ناخۆش بوو. گرانی بوو، خه‌ڵک به گشتی هه‌ژار بوون. هه‌رچه‌نده باری ئابووریمان له‌و خراپانه نه‌بوو به‌ڵام ئێمه‌ش به‌هۆی گرانی بازاڕه‌وه نه‌مانده‌توانی به دڵی خۆمان له‌به‌ر بکه‌ین و بخۆین. له‌بیرمه رۆژه‌کانی هه‌فته‌مان ده‌ژمارد تا هه‌ینی دابێت. چونکه ئه‌و سه‌رده‌مه یه‌ک ڕۆژ گۆشتمان هه‌بوو، ئه‌ویش ته‌نیا ڕۆژانی هه‌ینی.
باوکم له‌به‌رئه‌وه‌ی پارێزی له خواردن ده‌کرد به تایبه‌تی له چه‌وری و گۆشتی سوور، بۆیه دایکم زۆرتر مریشکی لێده‌نا. به‌ڵام ئه‌و له گۆشتی مریشکیش ئه‌گه‌ر پارچه‌یه‌ک سینگ یان لاباڵه‌که‌ی ده‌نا زۆر به که‌می ده‌یخوارد. ئیتر سه‌ر سفره‌که بۆ دوو برا گه‌وره‌که‌م چۆڵ ده‌بوو تا به ئاره‌زووی خۆیان ڕانه مریشکی لێ بابده‌ن. من و برا ناوه‌نجییه‌که‌شم هه‌میشه مل و قونه‌جۆڵه‌مان به به‌رده‌که‌وت. پیاو ڕاست بڵێ سیقه‌دۆره‌که‌ش هه‌ر بۆ ئێمه بوو، به‌س به نۆره هه‌فته‌ی بۆ یه‌کێکمان.
ئه‌گه‌رچی برا ناوه‌نجییه‌که‌م حاڵی له من باشتر بوو، جار به جار دایکم پشکه جه‌رگێک یان باڵه مریشکه‌که‌ی خۆی له پێش داده‌نا. زۆرجار باوکیشم دوای گازێک له به‌شه باڵه‌که‌ی خۆی ئه‌ویتری هه‌ر به ئه‌و ده‌دا. که‌چی هێشتا له‌و دۆخه ناڕازی بوو، ئه‌ویش ڕانی ده‌ویست.
ڕاستییه‌که‌ی ئه‌و ناڕازیبوونه‌ی ئه‌وم به دڵ بوو، ده‌مگوت به‌ڵکو ئه‌وه خوایه له ڕێی ئه‌وه‌وه منیش جارێک له ڕانی مریشک بخۆم.
ئێمه‌ش ناهه‌ق نه‌بووین، ئه‌و دوو برا گه‌وره‌یه‌م هه‌موو شتێکیان بۆخۆیان ده‌برد یان له هه‌موو شتێک باشه‌کانیان به‌سه‌ر خۆیان دابه‌ش ده‌کرد. باوکم له ده‌ره‌وه هه‌رچی هێناباوه ئه‌وان زوو ده‌یانڕفاند. ئه‌گه‌ر جاروبارێکیش له‌لایه‌ن دۆست و خزمێکه‌وه دیارییه‌کمان بۆ هاتبا دیسان ئه‌وان ده‌یانبرد و ئێمه‌ش زه‌قه‌ی چاومان ده‌هات. بۆیه کار به‌وه گه‌یشت هه‌ینیێکییان ئه‌وکاته‌ی دایکم خواردنه‌که‌ی بۆمان تێده‌کرد، وه‌ک جاران پشته‌ملی مریشکه‌که‌ی خسته سه‌ر قاپه شیوه‌که‌ی برا ناوه‌نجییه‌کم. ئه‌ویش له داخان وه‌ک ئه‌وه‌ی مانی گرتبێ به‌بێ ده‌نگی له قاپه‌که‌ی به‌رده‌می ڕامابوو، له‌باتی خواردنه‌که هه‌ر خۆی ده‌خوارده‌وه.
باوکیشم که ئه‌وی به‌و شێوه‌یه بینی گوتی کوڕم بۆچی نانه‌که‌ت ناخۆی، خه‌ریکه سارد ده‌بێته‌وه؟
براکه‌شم ده‌ستی بۆ مڵاکه‌که درێژ کرد و که‌مێک له‌ناو که‌لێنی په‌نجه‌کانی هێنای و بردی، دواتر هه‌ر ئه‌وه‌ته نوزه‌یه‌کی لێوه‌هات که گوتی نا!
باوکم لێی دووباره کرده‌وه، ده‌ڵێی چ!
ئه‌مجاره‌یان برا ناوه‌نجییه‌که‌م به ده‌نگێکی به‌رزتر گوتی نا.. ناخۆم!
باوکم گوتی چ ناخۆی! ئه‌وه قسه‌ی من به هیچ نازانی؟
برا ناوه‌نجییه‌که‌شم تۆزێ سه‌ری به‌رز کرده‌وه (له‌سه‌ر لچی چڵم و فرمێسک تێکه‌ڵ به یه‌ک ببوون)، گوتی ئه‌دی بۆچی هه‌مووجار ڕانه‌که هه‌ر ده‌ده‌نه ئه‌وانه؟ (مه‌به‌ستی دوو برا گه‌وره‌که‌م بوو)
باوکم گوتی وه‌ڵڵا بابه باش! منداڵمان به‌خێوکرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌ممان ڕاست ببێته‌وه.
له توڕه‌ییان باوکم گوتی له‌مه‌ودوا ئه‌وه گۆشت هه‌ر نه‌ما و نابێ به هیچ شێوه‌یه‌ک گۆشت بێنمه‌وه ئه‌و ماڵه.
له‌وکاته‌ی باوکم ئه‌و قسه‌یه‌ی کرد، هه‌ردوو برا جمکه‌که‌م زۆر شێتانه قه‌پیان له ڕانه مریشکه‌کان ده‌دا و به چاویش مۆڕه‌یان له برا ناوه‌نجییه‌که‌م ده‌کرد.
چه‌ند مانگێک بوو نانی ڕۆژانی هه‌ینییانیشمان وه‌ک ڕۆژه‌کانی دیکه‌ی هه‌فته به‌بێ گۆشت ده‌خوارد. بۆیه له‌زه‌تی ئه‌و چاوه‌ڕوانییانه‌ی تا ده‌گه‌یشتینه ڕۆژی هه‌ینی، بێ تامی گۆشت ئه‌ویش بێ تام ببوو.
ئێواره‌ی ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌یه‌ک وه‌ختێ باوکم گه‌ڕاوه بۆ ماڵه‌وه، ملێکی لاربووه‌وه‌ی مریشکمان له ده‌رکی عه‌لا‌گه‌که‌ی ده‌ستی بینی. به‌و دیمه‌نه هه‌موومان تێگه‌یشتین ئه‌و ئابلوقه‌یه‌ی له‌سه‌ر گۆشتی دانابوو، هه‌ڵگیڕاوه. به‌ڵام هیچمان به‌سه‌رخۆمان نه‌هێنا وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ر مریشکیشمان له ده‌ستی نه‌بینی بێ.
به‌یانی بۆ نانی نیوه‌ڕۆ وه‌ک هه‌موو هه‌ینییه‌کانی پێشووتر له‌سه‌ر سفره‌ی خواردن کۆببووینه‌وه. که خواردنه‌که ئاماده بوو، پێموابێ شله‌ساوار بوو، دایکم بۆ هه‌ر یه‌که‌مان قاپێکی لێ پڕ کرد. ئینجا بۆ دابه‌شکردنی مریشکه‌که، ئه‌مجاره‌یان له‌تێکی له یه‌کێک له ڕانه‌کانی کرده‌وه و له‌گه‌ڵ پشته‌مله‌که‌ی هه‌ردووکی خسته ناو قاپی یه‌کێک له برا گه‌وره‌کانم. ئه‌و له‌ته ڕانه‌شی که به هێسکه‌که‌یه‌وه مابوو، خسته سه‌ر قاپی برا ناوه‌نجییه‌که‌م. برا گه‌وره‌که‌ی دیکه‌شم هه‌روه‌ک جاران ڕانه‌که‌ی خۆی به ته‌واوی به‌رکه‌وته‌وه. دایک و باوکیشم سینگ و باڵی مریشکه‌که‌یان برد و منیش هه‌ر قونه‌جۆڵه‌که‌م بۆ ماوه. ئیدی بێ ده‌نگ ده‌ستمان به نان خواردنه‌که‌مان کرد.
له کاتی نان خواردندا چاوم لێ‌بوو برا ناوه‌نجییه‌که‌م ده‌می له قاپه‌که‌ی به‌رده‌می به‌ش کردبۆوه و بریسکه‌ی ددانه‌کانی ده‌هات. که بینی من وا سه‌یری ده‌که‌م، هێسکی ڕانه مریشکه‌که‌ی به ده‌سته‌وه گرت و خستییه نێوان ددانه‌کانی. به ده‌م قه‌پگرتن له له‌ته ڕانه‌که و ڕنینه‌وه‌ی هێسکه‌که‌یه‌وه، برۆیه‌کی لێ هه‌ڵته‌کاندم و بزه‌یه‌کی بۆ کردم.