Skip to Content

Thursday, March 28th, 2024
شوان داودی بە چڵپاوی ناوچەگەریی ' كاروان عوسمان' ناشیرین دەكا …

شوان داودی بە چڵپاوی ناوچەگەریی ' كاروان عوسمان' ناشیرین دەكا …

Closed
by October 3, 2012 گشتی

 

 

شوان داودی بە چڵپاوی ناوچەگەریی ‘ كاروان عوسمان’ ناشیرین دەكا و ڕەوایەتی بە دادگەی بەعسییەكان دەدات

 

خوێنەرانی ھێژا، وەك زۆربەتان ئاگادارن لە سەروبەندی ساڵیادی لە سێدارەدانی ھونەرمەند ‘كاروان عوسمان’دا ‘شوان داودی’ بە وتارێكی دوور لە پرنسیپی نووسین لە چەند سایتێكدا، كەوتووەتە ھەڵڕشتنی كینەدۆزی ناوچەگەریی و ھەرچی بنەمای ئێتیكی نووسین و مۆڕالی كۆمەڵایەتی كۆمەڵگەی كوردستانە بەرامبەر مردوو، خستووتەتییە ژێر پێی دەمارگیری ناوچەگەریی و نەك ھەر برینی ھۆگرانی دەنگ و ھونەری ‘كاروان عوسمان’ دەكولێنێتەوە، بەڵكو ئەوەی بەعسییەكان و دادگە قەرەقوشییەكانی بەعس بەرامبەر ‘كاروان عوسمان’ پێیاننەكرا، ‘شوان داودی’ دەیگەیێنێتە لوتكە.

ئەوەی كە پێویستە پێش ھەموو شتێك پێداگری لەسەر بكرێتەوە، بۆئەوەی خراپتێگەییشتن وەلابنرێت، ئەوەیە، كەسانێك كە یادی ھونەرمەند ‘كاروان عوسمان’ دەكەنەوە و گومان دەخەنە سەر بڕیار و سزا و خودی دادگەكەی ڕژێمی بەعس، ھیچ كات مەبەستییان ئەوە نییە، كە پاساوی كوشتنی ‘ محمد خورشید حەمەڕەش’ بدەن یا تاوانباریی كەسێك نادیدە بگرن و لە قوربانیبوونی ئەو ھێژایە كەم بكەنەوە، بەڵكو بەپێچەوانەی لۆجیكی بیركردنەوەی ‘شوان داودی’یەوە، زۆربەی كەسانێك كە ھۆگری دەنگ و ئاواز و ھەڵبەست و ھونەری ‘كاروان عوسمان’ن بەگشتی، كەسانی ھەست ناسك و دژی مرۆڤكوژی و دژەتاوانن و ھەر ئەو بوونەیە، كە ئاوایان لێدەكات، وێرای ئەو ھەمووە پاگەندە و ژاوەژاوەی تۆمەتباركردنی ‘كاروان عوسمان’، بەردەوام بەدەم ڕێگەوە و لە شوێنی  كار و لە ماڵی ھەژارییانا، گوێ لە گۆرانییە مرۆڤدۆستییەكانی ‘كاروان عوسمان’ ڕابگرن و بیانلێنەوە و ھەر ئەو مرۆڤدۆستییەی نێو گۆرانی و ھەڵبەستەكانییەتی، كە نەمری بە ‘كاروان عوسمان’ بەخشێوە و سەرەرای ئەو ھەمووە تۆمەتە، ھێشتا بە چەندین فەرسەخ لە پێش و لە سەرووی ھونەرمەندانی ئەم دەمەوەیە. من وەك یەكێك لە شەیدایانی دەنگ و ھەڵبەستەكانی ‘كاروان عوسمان’، تف و نەفرەت لە ھەرچی دەسەڵات و سێدارە و كوشتن و چەكسازی و قەسابخانە و زیندان و دادگە ھەیە، دەكەم و خەون بە دونیایەكەوە دەبینم، كە تێیدا پێناویك بۆ دەسەڵات و دادگە و كوشتن و كینەدۆزی نەمێنێت، یادی ھەموو قوربانیان پڕ خۆشی بێت و نەفرەتی مرۆڤایەتی لەوانەی كە لایەنگری كوشتن و سێدارە و زیندان و دەسەڵات دەكەن. 

ئەوەی ڕاستی بێت، ھیچ گومانم لە بەردەوامبوونی فەرھەنگی بەعس و شەیدایی بۆ كوشتن و سێدارە و خوێنرشتن لە كودستاندا نییە [چونكە وەك تۆلستۆی دەبێژێت ” تا بازاری قەسابخانەكان و گۆشتخۆری لەبرەودا بێت، زرم و ھوڕی بەرەكانی جەنگ بەردەوام دەبێت”] بەڵام لەو بڕوایەدا نەبووم، كە لە ساڵی ٢٠١٢دا لە كوردستان كەسێك ھەبێت و بەئاشكرا بوێری ئەوەی تێدابێت، كە دەستخۆشی لە بەعسییەكان بكات و ئاوا وەك فەرھەنگی شمشێر بەدەستەكان، پاش مردنیش سووكایەتی بە مردووان بكات!

‘شوان داودی’ بەزمانێكی بازاری ناوی قوربانی ‘محمد خورشید حەمەڕەش’ بە ‘حەمە’ دەبات، كە لە ڕێسای كۆمەڵایەتی كوردستاندا بەرامبەر بە مردوو نەشیاوە و نیشانەی بێڕێزییە و كەسایەتی مردوو پاش مردنی، ناوە ڕاستینەكەی خۆی وەردەگرێتەوە  و لەكەناوە بازارییەكانی لەدەستدەدات. بەڵام لەبەرئەوەی كە ‘شوان داودی’ ھیچ پرسنپڵ و ئێتیكی نووسەری تێدا نییە، لەوەش واوەتر دەڕوات و پرسی كەسیی قوربانی ‘محمد خورشید حەمەڕەش’ دەكێشێتە نێو باسێكەوە كە پێویست نییە و چ ئەو كات و چ ئێستاش بە لاوازی كەسایەتی ھەژمار دەكرێت. ئەو دەنووسێت ” (محمد خورشید حەمەڕەش)، دەكاتە كوڕی حاجی خورشید كەسایەتی دیاری شاری كەركوك ……. … بۆ ئەوەی كاكە حەمە فیراری نەكات لە سەربازی.. حاجی خورشید سەیارەیەكی بەرازیلی مۆدێل (1988)ی بە (11) هەزار دینار بۆ كڕیبوو..”

‘شوان داودی’ بەم دوو ڕستەیەی ھەم ھەندێك زانیاریی ناپێویست لەسەر قوربانییەكە دەھێڼیەوە، كە دەبنە ھۆی لاوازنیشاندانی كەسایەتی، كە بەپێی دەستەواژەكانی ئەو، خودی قوربانی كەسێكی بێباوەڕبووە و بەخاتری ئۆتۆمەبێلێكی بەڕازیلی ئامادەبووە، مل بە سەربازی بدات و ھەم نەبوونی خۆشەویستی بنەماڵەی قوربانی بۆ كوڕەكەیان، كە بە بەرتیل بۆ سەربازیكردن بۆ ڕژێمی بەعس ناچاری دەكەن و ھەم قوربانیدانی باوك بە حەز و ویستی كوڕەكەی لە ترسی ڕژێمی بەعس، ئەمە لە كاتێكدا كە نووسەر دێرێك پێشتر بە ” كەسایەتی دیاری شاری كەركوك” ناوی دەبات. ئەم پرسیار و سەرنجانە، كاری من نین، بەڵكو بەرەنجامی نووسینە بێسەرەبەرەكەی ‘شوان داودی’ن و ئەوە، ئەوە كە سووكایەتی بە كەسایەتی كەسی قوربانی و بنەمالەی قوربانی دەكات.

من دەزانم، كە ‘شوان داودی’یش وەك ھەەموو نووسەرە دەربارەكانی دیكەی نێو جەنجاڵی و ژاوەژاوەی میدیای بۆرجوازی كورد، دەستەواژەی “كەسایەتی دیاری شاری ” لە كوێوە بەكار دەبات، گلەیم لەوە نییە و ھەر ئەوەش چاوەڕێ لە نووسەری دەربار دەكرێت، بەڵكو دەمەوێت بڵێم، بۆ قسەكردن و ڕۆشناییخستنەسەر پەروەرندەی كوژرانی ھێژا ‘محمد خورشید حەمەڕەش’ و ھۆكاری لە سێدارەكانی ‘كاروان عوسمان’، ھیچ پێویستی بە خستنەڕووی لاوازییەكانی باری كەسێتی بنەماڵە و خودی قوربانی و ھەروەھا سووكایەتی بە ھونەرمەند ‘كاروان عوسمان’ نەدەكرد، بەلام چونكە ھاندەری نووسینەكەی ئەو، ڕۆشناییخستنەسەر ڕووداوەكە نییە، بەڵكو كرێگرتەیی لە نووسین و گرژكردنەوەی دەمارگیری ناوچەگەریییە، بۆیە ئاوەزی لەدەستداوە و لە سكەوە قسە دەكات.

‘شوان داودی’ دەنووسێت ” لە (12 / 1 / 1989) كاروان لە شاری عیمارە لە سەربازگەكەی دەستگیر دەكرێت و دەهێنرێتەوە بۆ پۆلیسی كەركوك “

نووسەری بابەت، بەم دەستەواژەی ڕاستی قسەكانی ‘كاروان عوسمان’ و كەسانێك كە ئاگاداری گرتن و دادگاییكردنەكەی بوون، دەسەلمێنێت، نەك پێچەوانەكەی، چونكە كاتێك كە ‘كاروان عوسمان’ دەتوانێت بە بەڵگەوە بسەلمێنێت، كە لە كاتی ڕوودانی ئەو تاوانەدا لە سەربازگەكەیدا بووە، بەڵام ئەوانەی كە دەمێك بوو بۆ بیانوویەك دەگەران، تاوەكو ئەو ھونەرمەندە شۊڕشگیڕە بخەنە تەڵەوە، پێیدەڵێن، ئەگەر لەم تۆمەتەش ڕزگارت ببێت، ئەوا بوونی كاسێتی گۆرانییەكانت، بەسە بۆ ئەوەی لەنێوت بەرین!

ھەروەھا من پێموانییە، كە ماڵی قوربانییەكە ئاگایان لە بەگرتندان و دەستگیركرانی ‘كاروان عوسمان’ نەبێت، چونكە وەك ‘شوان داودی’ خۆی دەنووسێت ” لە پایزی (1988)..وەك هەموو جارێك لە گەڕانەوە شەو لە كەركوك دەبن و سبەی دەڕۆنە سلێمانی و چی تر حەمە ناگەڕێتەوە ….. ماڵی حاجی خورشید واتێدەگەن، كە حەمە رۆیشتووە بۆ خارج..لەبەر ئەوەی كەس ناویان نەهێنی..قڕو قەپی لێدەكەن. … ئەم بێ‌ دەنگییە چەند مانگێك دەخایەنێت..تاوەكو بنەماڵەی (تۆفیق تەیارە) لە سلێمانی ماڵی حاجی خورشید دەدۆزنەوە..بۆ ئەوەی ئەو بەرازیلیەی حاجی خورشید، كە لە (حەمە) كڕیویانە بخرێتە سەریان (ناویان)، حەمەش هیچ سۆراخێكی نیە، ئەوە سەرەتای دۆزینەوەی سەرەداوی تاوانەكەی (كاروان) بوو..”

ئەگەر خوێنەری بێلایەن و وردبین لەم دەستەواژانە وردبێتەوە، ئەوا ناكۆكی و نادروستییانی بۆ دەردەكەوێت. ئەو لەلایەك دەنووسێت، كە دواجار قوربانی لەتەك ‘كاروان عوسمان’دا  لە ماڵ دەرچووە، ھەورەھا دەنووسێت، كە قوربانی كەڵكەڵەی چوونە ھەندەران لە سەری داوە و بەڕازیلیان بۆ كرێوە تا لە سەربازی ڕانەكات و ھەروەھا دەلێت، مالی باوكی ئاوا تێدەگەن كە كوڕەكەیان بۆ ھەندەران چووە. كەچی لە خۆی پرسیار ناكات، باشە ئەوا ماڵی باوكی لە ترسی ئەو ‘ڕژێمی بەعس’ەی كە ‘شوان داودی’ دەستخۆشی لێدەكات، نەیانوێراوە باسی كوڕەكەیان بكەن، بەڵام خۆ ‘كاروان عوسمان’یان دەناسی و وەك كوڕەكەی خۆیان وابووە و ھاتووچۆی كردوون، چۆنە نەچوون پرسیاری كوڕەكەیان لێنەكردووە؟ چۆن ئەوان پێیانوایە كورەكەیان بۆ ھەندەران چووە و لەكوێبوونی ئۆتۆمەبێلە بەڕازیلییەكی كورەكەی خۆیان لەلا نەبووەتە پرسیار؟ ئەی ئەگەر بنەماڵەی قوربانی ناوی ‘كاروان عوسمان’یان بە دەسەڵاتدارانی ئەوكات نەداوە، چۆن دەسەڵات بەبێ سێ و دوو، دەستبەجێ ‘كاروان عوسمان’ لە سەربازگەی ‘عیمارە’ دەستگیر دەكات و دەیباتەوە كەركووك؟ لە بارێكی ئاوادا ئیدی بۆچی نیگەران دەبن؟

ھەروەھا نووسەری بابەت دان بەوەدا دەنێت، كە بنەماڵەی قوربانی ئاگاداری نیازی بۆ ھەندەرانچوونی كوڕەكەیان دەبن و بەو پێیە دیارە دوا شەو، كە ‘كاروان عوسمان’ لەماڵیان بووە، لەو بارەوە ڕەزامەندی خۆیان داوە كە ‘كاروان  عوسمان’ ئاسانكاری بۆ بكات و بەدیاریكراوی قسەیان كردووە و ھەروا ڕێی تێدەچێت، مادام وێرای ئەوەی كە بە چوونی كورەكەیان بۆ ھەندەران و ئاسانكاری ‘كاروان عوسمان’ بۆی رازیبووبن، كەواتە قسەشیان لەسەر فرۆشتنی ئۆتۆمەبێلەكەی كردووە، ئەگینا نەیاندەھێشت لەتەك خۆی بیبات و لەوەھا بارێكدا نەك دوو مانگ، ئەگەر دوو ھەفتە دیار نەبووایە، بەدڵنیاییەوە دەچوون بۆ ماڵی ‘كاروان عوسمان’، تابزانن ئایا كوڕەكەیان دەرچووە یا چی بەسەرھاتووە؟ لە بارێكی ئاوادا یا ئەوەتا نووسەری بابەت ڕاست ناكات و بنەماڵەی قوربانی ئاگاداری ئەوە نەبوون، كە كوڕەكەیان نیازی چوون بۆ ھەندەرانی ھەیە و ئاگاداری ئەوە نەبوون، كە ‘كاروان عوسمان’یش ئاسانكاری بۆ دەكات و نووسەری بابەت لەلایەنێكەوە ڕاسپێردراوە ئەم شتانە ڕیز دەكات، یا ئەوەتا بنەمای وەك نووسەری بابەت دەنووسێت، ئاگاداربوون و ڕەزامەندییان ھەبووە و لەترسی ڕژێمی بەعس ئەوەیان شادرووەتەوە و ‘كاروان عوسمان’ وەك ھاوەڵێكی متمانەپێكراو و دڵسۆزی كوڕەكەیان.، بە دوای كەسانی شارەزا لە دەرچووندا گەڕاوە و كەسانی دیكەی پێناساندووە و خۆی چووەتەوە سەربازی و ئاگاداری ئەو تاوانە نەبووە! لەم دوو ئەگەرە زیاتر، دراوەكانی نێو بابەتەكەی ‘شوان داودی’ بوار بۆ ئەگەری دیكە ناھێڵنەوە! ئەگینا ئەگەر بنەماڵەی قوربانی ئاگاداری ئەوە نەبوون، كە كوڕەكەیان نیازی ھاندەرانی ھەیە و بڕیارە ‘كاروان عوسمان’ی ھاوەڵی دڵسۆزی كورەكەیان و متمانەپێكراوی بنەماڵەكە ئاسانكاری دەرچوونی بۆ دەكات، چۆن یەكسەرە بە دەستگیركرانی ھونەرمەند ‘كاروان عوسمان’ لە سەربازگەی عیمارە و ڕاپێچكردنی بۆ پۆلیسی كوركووك، تووشی نیگەرانی كردوون؟ من وەك خوێنەرێك لەو دەستەواژەدا تەنیا یەك شت دەخوێنمەوە، ئەویش ئاگاداربوونی بنەماڵەی قوربانییە لە نیازی دەرچوونی كوڕەكەیان بەرەو ھەندەران بە ئاسانكاری ‘كاروان عوسمان’ی ھاوەڵی و لەوە ترساون، كە ‘كاروان لەژێر فشاری ئەشكەنجەی ئەو ڕژێمە ھارەدا [كە ‘شوان داودی’ پاش نۆ ساڵ لە ڕوخانی، ھێشتا دەستخۆشانەی بۆ دەنێرێت و بە كینەدۆزی و دەمارگیری ناوچەگەریییەوە مۆڕی ڕەوایەتی لە دادگە قەرەقووشییەكانی دەدات!] نەخشەی بنەماڵە لە ناردنەدەرەوەی كوڕەكەیان بۆ ھەندەران ئاشكرا ببێت و ژیان  بەرژەوەندییان بكەێتە مەترسیی مان و نەمانەوە!

‘شوان داودی’ لە بەشێكی دیكەی بابەتەكەیدا دەنووسێت ” دان بەوەدا دەنێن، كە دوای فرۆشتنی بەرازیلیەكە (كاروان) لەگەڵ دوو تاوانباری تردا ویوستویانە لە بەكرەجۆ حەمە بكوژن..لەوێ‌ بویان نەكراوە.. دواتر هێناویانەتە تەكیە و لەوێ‌ كوشتویانە و دوای كوشتنی بەنزینیان بە تەرمەكەیدا كردووە، بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە سوتاندویانە..و (9) هەزار دینارەكەیان لە نێوان هەر سێكیان دابەشكردووە. ….ئیسماعیل سەكران..هاوتاوانی كاروان، ئەویش هەر هونەرمەند بوو..خەڵكی چەمچەماڵ..لەگەڵ كارواندا لە سێدارەدرا..تاوانباری سێیەم هەڵات و تائێستا نەدۆزراوەتەوە، ئەویش بە غیابی حوكم درا. … لە كەشفی دەلالەدا..كاروان و ئیسماعیل چیرۆكی كوشتن و سوتاندنەكەی حەمە بۆ پۆلیس دوبارە دەكەنەوە..كە بە ڤیدیۆ تۆماركراوە.. و لە بەردەستدایە..بۆ هەر كەسێك گۆمان دەخاتە سەری.”

من لەم گێڕانەوەدا فیلمی ‘ھۆلیوود’ دێتە بەرچاوم، كە قوربانی دەستوپێبەستراو لە سندووقی ئۆتۆمەبیڵدا لەم شوێنەوە  بۆ ئەو شوێن براوە و ھیچ توانایەكی بەرگری لە خۆكردنی نەبووە! بەڵام لەو سەردەمەدا لەنێوان ‘بەكرەجۆ’ و ‘تەكیە’ دا چەندین پایەگا و خاڵی پشكنین و ھێزی سەربازی ھەبوون، كە ئەستەم بووە كەسانێك بتوانن، كەسیك لە وەھا بارێكدا بگوێزنەوە، كەواتە تەنیا یەك ڕێگە دەمێنێتەوە، ئەویش ئەوەیە، كە قوربانی زیندوو و ئازاد لەنێو ئۆتۆمەبێلەكەدا لەتەك سێ كەسەكەی ‘شوان داودی’دا بە خۆشحاڵییەوە ئەو ھاتوچۆیەی كردبێت! لەوەھا بارێكیشدا متمانە و دۆستایەتی پتەو، بوونی پێویستە و بەئاسانیش كەسەكان دەستیان ناچێتە خوێنی یەكدییەوە! ھەروەھا كە ‘كاروان عوسمان’ پێش ئەوە لە ماڵی قوربانی بووبێت و لەتەك ئەودا بەرەو سلێمانی چووبن و بەڕازیلییەكیان فرۆشتبێت، ئاوەز نایگرێت، ‘كاروان’ێك كە بەو ھەموو ھوشیارییە چینایەتی و بەو زیرەكی و بلیمەتییەوە، ئاوەزی ھێندە بووبێت و نەیزانیبێت، كە نەخشەكەی دەردەكەوێت؟! ھەروەھا ئەگەر قوربانی بەخۆی ئۆتۆمەبێلەكەی نەفرۆشتووە، چۆن كڕیار دەچێتە ماڵی قوربانی و داوای بەناوكردنی ئۆتۆمەبێلەكەیان لێدەكات؟ ئایا لە سەردەمێكی وەكو سەردەمی بەعسدا كەس ھەبووە، ھێندە نەزان بێت، كە ئۆتۆمەبیڵی دزراو یا ھی كەسیكی كوژراو بە ساخی بفرۆشێتەوە و بە خەیاڵی ئاسوودەشەوە بچێت پیانۆی پێبكڕێت و بچێتەوە سەربازی و نێو چنگی بەعس؟ من لێرەدا ئەوەندە دەلێم، ئەگەر ‘كاروان عوسمان’ لە سەربازییەوە لەتەك قوربانیدا نەگەڕایەتەوە و نەچووایەتە ماڵیان و قوربانیشی لەتەك خۆیدا نەبردایەتە سلێمانی بۆ ماڵی خۆیان و ھەروەھا بەرەو ناوچەی ئازاد یا ھەندەران ڕای بكردایە، تاڕادەیەك ئاوەزم ئەو تۆمەتەی پەسەند دەكرد و گومان دەیگرتم. بەڵام لەوەھا بارێكدا مەگەر تەنیا ئاوەزی كەسیكی نەخۆش و كینەدۆزی ناوچەگەر، پەسەندی سیناریۆی ئاوا لاواز بكات.

نووسەری بابەت، قسە لە بوونی كەسی سێیەم دەكات، بەڵام بێناو و نیشان، وەك ئەوەی كەسێك لە ئاسمانەوە باریبێت و بەرەو ئاسمان ھەڵھاتبێت. ئەگەر ‘كاروان عوسمان’ و ‘ئیسماعیل …’ وەك دوو تۆمەتبار بە كوشتنی ھێژا ‘ محمد خورشید حەمەڕەش’ دانیان بەوەدا ناوە، كە ئەویان كوشتووە و پارەكەیان لەنێوان خۆیان [سێ كەس]دا دابەشاندووە، چۆنە ناوی كەسی سێیەمیان ئاشكرا نەكردووە و چۆنە ‘شوان داودی’ لە كاسێتە ڤیدیۆییەكەی بەردەستیدا گوێی لەو ناوە نەبووە و بۆ نەینووسیوە؟ ئایا ئاوەز ئەوە پەسەند دەكات، كە كەسێك بەشداری كردەی كوشتنی كەسێك بێت و لە فرۆشتنی ئۆتۆمەبێڵی كوژراودا بەسەر خۆیاندا دابەشاندبێت، كەچی دوو كەسی یەكەم، واتە ‘كاروان عوسمان’ و ‘ئیسماعیل …’ ناوی نەزانن و نەیناسن و نەزانن بەرەو كوێ چووە و كەسوكاری كێن و نیشتەجێی كێیە؟ دیسانەوە ئەمەشیان مەگەر تەنیا ئاوەزی كەسی نەخۆش و دەمارگیری ناوچەگەر بڕوای پێبكات! لەمانەش سەیرتر ئەوەیە، كە نووسەری بابەت زۆر بە دڵنیاییەوە دەنووسێت ” حەمە و كاروان لە سلێمانی بەرازیلیەكەیان بە (9) هەزار دینار فرۆشتووە … دوای كوشتنی بەنزینیان بە تەرمەكەیدا كردووە، بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە سوتاندویانە..و (9) هەزار دینارەكەیان لە نێوان هەر سێكیان دابەشكردووە.”. ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین، كە نووسەر قسە لەسەر دابەشكردنی تەواوی (٩) ھەزارەكەی ئۆتۆمەبێلەكە دەكات، ھیچ ئاوەزێك پەسەندی ناكات، لەو ھێنان و بردن و چەند ڕۆژ مانەوەی لە سلێمانیدا، ھیچ لەو (٩) ھەزار دینارە، كەمی نەكردووە و خەرج نەكراوە و ھەروا وەك خۆی سێ تۆمەتبارەكە بەسەر خۆیاندا دایانبەشاندووە.

وەك دەزانین چەند ساڵە پەروەندەی لەسێدارەدانی ‘كاروان عوسمان’ی ھونەرمەند لەنێو ‘میدیای ئازاد’دا بەسەر دەكرێتەوە و ئێوارە یادی بۆ دەگیردرێت و سایتی ‘دەنگەكان’یش تەوەرەی تایبەتی بۆ كردووەتەوە و ھاوڕێ سەردار عەبدوڵڵا لە گۆڤاری ھانادا بۆ یەكەم جار دیواری ھەڵچنراوی بێدەنگی بەڕووی لەسێدارەدانی ‘كاروان عوسمان’دا شكاند و منیش وەك ھۆگرێكی دەنگ و ھونەری ‘كاروان عوسمان’ لە كۆتایی سەدەی ڕابوردووەوە ھەرچۆن بۆم لوابێت، بەنووسین و دیگیتالیزەكردنی بەرھەمەكانی و بڵاوكردنەوەیان، خۆبەخشانە كارم كردووە، چۆنە ‘شوان داودی’ تا ئێستا ئەو كاسێتەی بلاونەكردووەتەوە و ویژدانی ھەموومانی لە ئازار و نائاسوودەیی ئازاد نەكردووە؟ چۆنە پاش ئەو ھەمووە ساڵ و ھەوڵە، ھەنووكە بەو شێوە دوور لە ئیتكی نووسین و مۆڕاڵی كۆمەڵگە ھاتووە سووكایەتی بە ‘كاروان عوسمان’ دەكات؟ چی و كێ لە پشتی ئەم كارەی ئەوەوەن؟ لە ھەموو ئەمانە سەرنجڕاكیشتر ئەوەیە، چۆن لە تالانی فەرھوودی ١٩٩١دا ھەرچی ھەبووە و نەبووە فەوتاوە، بەڵام كاسێتێكی ئاوا لە دەزگەكانی بەعسدا پارێزراوە؟ ئەگەر لەمانەش بگوزەرێم، ناتوانم نەپرسم، ئەوە چییە و چ ھاندەرێكە كە ئاوا لە نووسەری بابەت دەكات، كە متمانەی كوێرانە بە دادگەكانی بەعس ببەخشێت و دەستخۆشی لەو ڕژێمە  و سزای لەسێدارەدان بكات، بێجگە لە زیندووراگرتنی كولتووری بەعس؟!  بۆیە من وەك شەیدایەكی دەنگ و ھونەری ‘كاروان عوسمان’ داوا لە شەیدایانی دەنگی ئەو ھونەرمەندە و بنەماڵەكەی و ئەو نووسەر و سایت و ناوەندانەی كە ھەوڵی بەسەركردنەوە و یادكردنەوەی ‘كاروان عوسمان’یان داوە، لەم كینەدۆزیی ‘شوان داودی’ بێدەنگ نەبن و ناچاری بكەن، كە كاسێتەكە بخاتە ئەرشیڤی ڤیدیۆكانی ‘یوتوب’ بۆئەوەی ھەمووان لە ڕاستی پاگەندەكەی دڵنیابین یا ئەوەتا ئەگەر ئامادەی سەلماندنی پاگەندەكەی نەبوو، پێویستە بكێشڕێتە دادگەیەی ڕەواوە و لەسەر ناراستی پاگەندەكەی و پەیڕەونەكردنی ئیتیكی نووسین و مۆڕاڵی كۆمەڵایەتی لەمەڕ مردووان و پاگەندەی ساختە، سزای خۆی وەربگرێت.

دواتر ‘شوان داودی’ دەنووسێت ” كاروان بەشە پارەكەی دەكاتە دوو بەشەوە و بەشێكیان پێانۆیەكی بە دیاری بۆ دەستگیرانەكەی خاتوو (ك) دەكڕێ‌..و بەشەكەی تریان دەخاتە ژێر گڵ و لە باخچەی حەوشەكەیاندا دەیشارێتەوە..دواتر پۆلیسی چەمچەماڵ پیانۆكە لە ماڵی خاتوو (ك) دێننەوە و لە حەوشەكەی ماڵی كارواندا باقی پارەكە لە ژێر گڵ دەردەهێنن و دەبنە بەشێك لە ئەدیلەی تۆمەتباركردنی كاروان.”

پێش ھەموو شتێك تا ئەوەندەی من ئاگاداربم و خوێندبێتمەوە، ئەو خاتوونەی كە نووسەری بابەت ناوی دەھێنێت، دەزگیرانی ھونەرمەند ‘كاروان عوسمان’ نەبووە و ھەروەھا ئەوەی كە لە ماڵی ‘كاروان عوسمان’دا دۆزراوەتەوە، ئەو كاسێتەیەتی كە تێدا سروود بۆ منالانی كیمیابارنكراوی ھەڵەبجە و شەقامە چۆڵەكانی كەركووك و سروودی ڕەتكردنەوەی ھەموو دەسەڵاتەكان “بێنە پێشچاو” لەپێش ھەموویانەوە دەسەڵاتی بەعس و ھەروەھا سروودێك كە لە ژەنگھەڵھێنانی لوولەی چەكەكانی شاخیش دەكات. بێجگە لەمانە، چۆن ‘كاروان عوسمان’ پارە لەنێو ھەوشەدا دەشاڕێتەوە، كە ھەم باران و ئاوپرژێن تەڕ و پەڕپووتی دەكات و ھەم شاردنەوەی شتێك لەو ڕۆژگارە قەرەقووشییەی بەعسدا لەنێو ھەوشەدا، كارێكی پڕ مەترسی بووە و دەكرا ھەر كەس گومانی شاردنەوەی چەك و شتی دژی بەعس بكات! دەكرێت لە نووسەری بابەت بپرسین، لەو دەمەدا و لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و كولتوورییەكانی ٢١ ساڵ لەمەوبەردا، خاتوونێك كە دەزگیرانی كەسێك نەبووبێت، چۆن بنەماڵەی ڕێگەی دەدەن دیارییەكی گەورەی ئاوا لە كەسێك وەربگرێت؟ 

ئاوەزی تەندروست، پەسەندی ئەوە دەكات، كە قوربانی بەخۆی ئۆتۆمەبێلەكەی فرۆشتبێت و ئەو ئاواتەی ‘كاروان عوسمان’ نزیكترین ھاوەڵ و خۆشەویستی بەدیبھێنێت و دیارییەكی ئاوای بۆ بكرێت، بەڵام ئەوەی ‘كاروان عوسمان’ سەرەڕای پێزانینی بنەماڵەی قوربانی بە چوونی بۆ سلێمانی لەتەك ئەودا، چۆن ئاوا بە خەیاڵێكی ئاسوودەوە نەخشەی كوشتنی ھاوەڵێكی ئاوا خۆشەویستی خۆی دەكێشێت و بەدوای جێی گونجاودا بۆ كوشتنی دەگەڕێت و پاشان دەیسووتێنێت و ئۆتۆمەبێڵەكەی لە سلێمانیدا بە ساخی دەفرۆشێت و دواجار بە بەشە پارەكەی پیانۆیەك بۆ خۆشەویستەكەی دەكڕێت و باقی پارەكەش لەنێو دیواری ماڵدا نا یا لە لای كەسێكی دیكە نا، بەڵكو لەنێو حەوشەی ماڵی خۆیاندا دەشارێتەوە؟ ‘كاروان’ێك كە ئامادە بێت بۆ كڕینی پیانۆیەك بۆ خۆشەویستەكەی ھاوەڵێكی نزیكی خۆی بەو جۆرە كەم ئاوەزانە بكوژێت، چۆنە كەمێك لە باقی پارەكەی نەداوەتە دایكە ھەتیوبارەكەی، كە چەند سات پێش لە سێدارەدانی لێی دەپرسێت “دایە لە ماڵەوە ھێچی ئاوامان ھەیە؟”؟

لە بەشێكی دیكەی نووسیكەدا ‘شوان داودی’ دەنووسێت ” لە رۆژی حوكم لە سەردانەكەی كاروان و ئیسماعیل بە لە سێدارەدان، بەشێكی زۆری هونەرمەندانی ئەو كاتی سلێمانی لە دادگای جینایاتی سلێمانی ئامادەبوون..كەسێكی نزیكی بنەماڵەی حاجی خورشید وتی (زاهیر جەلال)م لە بیرە لەوێ‌ بوو…”

من لە ناوھێنانی ئامادەبوونی ھونەرمەند ‘زاھیر جەلال’ لەو دادگەیەدا تێناگەم، ئایا ئامادەبوونی دانیشتوانی شارەكانی سەدەكانی نێوەڕاست بە نووسەر و قەشە و ھونەرمەند و زانا و خەڵكی ئاساییەوە لە دادگە قەرەقوشییەكانی كلیسا و پاشاكاندا، كە تیایاندا ئاھەنگی سەرپەڕاندن دەگێڕدرا، دەتوانن بەڵگەی ڕەوایی و دروستبوونیان بێت؟ ئیدی ئامادەبوونی ھونەرمەندان و بە دیاریكراویش ھونەرمەند ‘زاھیر جەلال’ لەو دادگەیەدا چ واتایەك دەبەخشیت و دەتوانێت پاساوی چی بێت و چ ڕەوایەتییەك بە پرۆسێسی دادگەیەكی ڕژێمی بەعس دەبەخشێت؟ ئەگەر ئەمە دۆشدامانی نووسەری بابەت نەبێت لە دارشتنی بابەتە بێسەرەوبەرەكەیدا، كە بێجگە لە گێڕانەوەی قسەی ئەم ئەو، ھیچ بەڵگەیەكی زیاد نەكردووە و بێجگە لە تۆمەتەكانی بەعس، ئەلفێكی بۆ ڕۆشنكردنەوەی پەروەندەكە و چۆنیەتی ڕوودانی ڕووداوەكە زیاد نەكردووە، دەتوانێت چیتر بێت؟

ھەرچەندە پێشتر ئەم پرسیارەم چەند بارە ئاراستەی خوێنەر كردووە، بەڵام لێرەدا بە مۆڵەتی خوێنەر خۆم بەناچار دەبینم، كە دیسانەوە بپرسمەوە، لەو سەردەمەدا كە ئەو تاوانە ڕوویداوە، لە عیراقی بەعسییەكاندا و لە كەركووكی ‘شوان داودی’شدا بێجگە لە چالاكانی بەرھەڵستاكاری ڕژێمی بەعس، چەند كەس لەسەر كوشتنی كەسێك لە سێدارە دراون؟ تا ئەوەندەی من بینیبێتم و بیستبێتم، لە بەرزترین ڕادەی سزادا، سزای مانەوەی ھەمیشەیی بوو لە زینداندا و لە ڕادەی نێوەنجیشدا ١٥- ٢٥ ساڵ زیندانی بوو و لە كەمترینیشیدا بەعسییەكانی لای ‘شوان داودی’ دەكەوتنە بە بەعسیكردنی بكوژان یا بە بەرتیل سزاكەیان بۆ كەم دەكرایەوە! ئایا سزادانی ھونەرمەندێكی بەرھەڵستكار و شۆرشگێڕ، وێڕای ئەوەی بە قسەی نووسەری بابەت، بنەماڵەی قوربانی ھاوەڵەكەی ‘محمد خورشید حەمەڕەش’ زۆر بە گرتنی ‘كاروان عوسمان’ نیگەران دەبن و وێڕای ئەوەی كە ‘كاروان عوسمان’ لەنێو سەربازگەی ‘عیمارە’ دەستگیر دەكرێت و ڕاپێچی پۆلیسی ‘كەركووك’ دەكرێت و وێرای ئەوەی ‘ئیسماعیل …’ ھاوەڵ و ھاوتۆمەتباركراوی ‘كاروان عوسمان’ لە دادگەدا بە دەنگی بەرز دەڵیت “كاروان ئاگای لەم شتە نییە و دەستی تێدا نییە”، چۆنە ھەر ئاوا بە ئاسانی سزای لەسێدارەدانی بەسەردا دەبردێت ؟

نووسەری بابەت ‘شوان داودی’ لە كۆتایی بابەتەكەیدا دەنووسێت “راستیەكی حاشا هەڵنەگرە لای هەر دوو بنەماڵەكە و كەسە نزیكەكانی هەر دوولا..لە سەردەمی خۆیدا یەكێ‌ لەو كەیسانە بوو، دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، دوای ئەو روداوەش باوك و دایكی حەمە لە مەڕاقدا كۆچی دواییان كرد”

بە بۆچوونی ئەگەر سەرنجی خودی دەستەواژەكانی نووسەر بدەین، نائاگاھانە ھەندێك شتمان پێدەبیژێت، لەوانە دەنگدانەوەی ئەو پەروەندەیە، كە دەكرێت لە خۆمان بپرسین بۆ؛ ئایا لەبەر كوژرانی كەسێك و سووتاندنی جەستەكەی بوو، یا ھۆكاری دیكەی ھەبوو؟ ئەگەر سەرنجی ئەو سەردەمە بدەین، دەبینین، وێنە و كورتە فیلمی بەرەكانی جەنگ و كوشتوبڕی ئەنفال و كیمیابارانی ھەڵەبجە و بالیسان و گولەبارانكردنی ڕۆژانەی نەیارانی ڕژێم، بارێكی دەروونی ئاوای ئافەراندبوو، نەك ھەر لەلای كەسانی گەورەساڵ كوشتن و بڕین  وسووتاندنی مرۆڤ بووبووە دیمەنێكی ئاسایی، بەڵكو منالان وەك فیلمی كاتۆن سەیری كوشتارگەكانی جەنگی ‘عیراق-ئێران’یان دەكرد، بۆیە ھۆكارەكەی شتێكی دیكەیە، كە خۆشەویستی و پێگەی كۆمەڵایەتی و ھونەرە بەرھەڵستكارەكەی ھونەرمەند ‘كاروان عوسمان’ و دڕندەیی بەرژێمی بەعس بوو، كە ئاوا بووە ھۆی دەنگدانەوەی پەروەندەكە. ھەروەھا پێچەوانەی پاگەندەی ‘شوان داودی’ ھەم خودی ‘كاروان عوسمان’ تا دواساتی پێش لەسێدارەدانی ئەو تۆمەتەی ڕەتكردووەتەوە و ھەم بنەماڵەكەی و كەسانی ئاگادار ئەوە دەزانن، كە ‘كاروان عوسمان’ دانی بەو تۆمەتەدا نەناوە.. ئەگەر لەمەش بگوزەرێین، ئاخۆ مەبەستی نووسەری بابەت لەم دەستەواژە “دوای ئەو روداوەش باوك و دایكی حەمە لە مەڕاقدا كۆچی دواییان كرد” چییە؟ بێجگە لەوەی ئەم دەربڕینە سەراپا بنەمای زانستیی نییە و زیاتر لە قسەی نێو پرسەگێڕی دەچێت، بەڵام ئایا ئەگەر پێش كوژرانی ھێژا ‘ محمد خورشید حەمەڕەش’، دایكی و باوكی ناوبراو، بمردنیایە، ھەرچەندە مردنی ئازیزانمان بۆ ھەموومان بارێكی زۆر سەخت و گرانە و كەسیش لە پاش كەس و بۆ كەس نەمردووە، دەكرا و ئایا بەجێ دەبوو ئەگەر ئێمەی خوێنەر لەسەر دراوەكانی نێو بابەتەكەی ‘شوان داودی’ بڵێین، ھەوڵی ھەڵھاتنی ‘ محمد خورشید حەمەڕەش’ لە سەربازی و حەزی چوونی بۆ ھەندەران، بوونە ھۆی مەراقكردنی دایكی و باوكی؟

نووسەری بابەت ‘شوان داودی’ بێجگە لە دووبارەكردنەوەی كۆمەڵێك قسە و تۆمەتی بێبەڵگە چ ئەو كات و چ ئێستا، بەوەشەوە ناوەستێت و ناتوانێت بەر بە دەمارگیری ناوچەگەریی و ھاندەری كینەدۆزییەكەی بگرێت و ھەموو ئیتیكەكانی نووسین و مۆڕالەكانی كۆمەڵگەی كوردستان دەخاتە ژێرپێی و ھیچ لە باری یاساییش ناسڵەمێتەوە. لێرەدا پێش ئەوەی نموونەگیری لە دەمارگیریی ناوچەگەری و سووكایەتییەكانی ئەو بەرامبەر ‘كاروان عوسمان’ و بەخۆدانی مافی قسەكردن بەنێوی ھەموو ‘كەركووك’ییەكانەوە، بكەم. دەمەوێت، دوو شت وەبیری ‘شوان داودی’ و ھاوبیرانی بھێنمەوە، كە :

یەكەم، كەس ناتوانێت كەسێك بەكارێك تاوانبار بكات، تا بە چاوی خۆی نەبینێت، چونكە سالانە لە ئەوروپا و ئەمەریكای دێمۆكراسی پارلەمانیدا نەك لە عیراقی سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، سەدان پەروەندەی دادگایی بڕیاریان لەسەر دەدرێت و پاش چەندین ساڵ دەردەكەوێت، كە بڕیار و سزایەكی ناڕەوا دراوەتە پاڵ تۆمەتباركراوان! 

دووەم، سزای سێدارە چ ھەزاران ساڵ پێش ئێستا و چ لە سەردەمی رژێمی بەعس و چ لەسایەی دێمۆكراتی ئەمەریكادا ھیچ ڕەوایەتی نییە و ئەوی پاساوی بۆ بھێنێتەوە و لایەنگری لێبكات و پێداگری لەسەر بكات، ھیچی لە مەقسەڵەچییەكانی سەدەكانی ناوەراستی ئەوروپا كەمتر نییە و شایانی سەركۆنە و وەردەرنانە لە كۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، چونكە ئەو كەسە ھەڵگری ھەمان كولتووری بەعس و بانگەوازكەری ھەمان سیستەمە، ئیتر لە ھەر پارت و لەژێر ھەر ناوێكدا كار بكات و بدوێت!

‘شوان داودی’ لەبەر ڕۆشنایی خاڵی یەكەمدا، بەبێ ھیچ سڵكردنەوەیەك، وەك ئەوەی بەخۆی كەسی سێیەمی نێو تۆمەتەكە بووبێت، دەنووسێت “ئێوارەیەك بۆ جوانكردنی بكوژێك”. بەبۆچوونی من تا ئەو كاتەی بە چاوی خۆمان بینەری ڕاستەوخۆی ڕووداوێك نەبین، مافی ئەوەمان نییە، بڵیین، كە كێ كێی كوشتووە، ئەمە نەك لەو پەروەندەدا، بەڵكو لە سەراپای مێژوودا مۆری ناڕەوایی لە دادگەكان داوە و بەردەوام لە كراوەترین و بێلایەنترین دادگەشدا ھەم تاوانباران، ئازاد دەبن و ھەم بێتاوانان، بە ناڕەوا سزادەدرێن. ھەر لەسەر ئەم بنەمایەیە، كە ھیچ دادگەیەكی سەر ڕووی زەمین ناتواڼێت ڕەوایەتی ھەبێت، ئەمە بێجگە لە ناسەربەخۆیی دادگەكان لە ھەژموونی دەسەڵاتی ڕامیاریی و دەسەلاتی ئابووریی و كولتووریی. لەسەر ئەو بنەمایە ئەگەر كەسێك بەبێ بینین و بەڵگە مۆری ڕەوایەتی لە سزاكانی داوەری چینایەتی بدات، ئەوا بێویژدانی دەكات و لە تاوانی سزادانە ناڕەواكەدا بەشدار دەبێت.

‘شوان داودی’ دەنووسێت “جارێكی تر زۆر بە داخەوە لە بینای ئەمنە سورەكە، كە هێمای مقاوەمەتی گەلی كوردە..ئێوارەیەك بۆ ستایشكردنی تاوانبارێك رێكخرا، بە ناوی (ئێوارەیەك بۆ كاروان)..ئەم تاوانبارەیان لێكردین بە فریشتە و وەك بڵێی خوێنی كەركوكیەكان ئاو بێت….”

بە بۆچوونی من ئەگەر بڕیاربێت ھونەر و ھونەرمەندێك وەك نموونەی ھونەری بەرھەڵستی و شۆرشگیری بەرامبەر ڕژێمی بەعس ڕێزی لێبگیردرێت و شیاوی ئەوە بێت لە ئەمنە سوورەكەی جاران و ئەمنە سەوز و زەردەكانی ئێستادا وەك قوربانی ڕامیاریی چەپەڵ و دژەمرۆیی دەسەلاتداران و دەوڵەت، بكرێتە سیمبول، ئەوا لە ھەرێمی كوردستاندا، تەنیا ‘كاروان عوسمان’ ئەو مەرج و شایستەییانەی تێدایە. ئەوەی لای من پرسیارە، ئەوەیە كە ھەژمارێكی بەرچاو كورد لە زۆربەی وڵاتانەوە و ھەژمارێكی بەرچاوی بەشداربووش لەو یادەدا ھاودەنگن و ڕێز لە ھونەرەكەی ‘كاروان عوسمان’ دەگرن، كەچی تاكە كەسیك لەولاوە قوتدەبێتەوە و دەمارگیری ناوچەگەریی دەوروژێت و ئەو مافە بەخۆی دەدات، كە سووكایەتی بە مافی زۆرینەیەك لە ھۆگرانی دەنگ و ھونەری ‘كاروان عوسمان’ بۆ ھەستان بە یاداوەری ئەو ھونەرمەندە ھەست ناسك و شۆڕشگێڕە، دەكات!

نووسەری بابەت درێژە بە سووكایەتییەكانی بەرامبەر ‘كاروان عوسمان’ و ھۆگرانی دەنگ و ھونەرەكەی دەدات و دەنووسێت “بەڵام بە داخەوە بەهاتی حەسیب قەرەداغی چەند تێكستێكی پێشكەش بەو دڕندەیە كرد و بە نەوی نوێی وەك پەپولە ناساندی ….. “

ئەمە ئەوپەڕی نزمی ئێتیك و مۆراڵە كە كەسێك ڕێگە بەخۆی بدات و بوێری ئەوەی تێدابێت، سووكایەتی بە مردوویەك بكات. بۆ من ئەوە جێگەی پرسیارە، ئاخۆ چی لە ‘شوان داودی’ كردبێت، كە ھێندە كینەدۆزانە، كە بڕواناكەم تا ھەنووكەش بنەماڵەی قوربانییەكە سووكایەتییەكی ئاوایان بە ‘كاروان عوسمان’ كربێت! ئاخۆ ھاندەر و دروستگەری ئەو كینەیە لەلای ‘شوان داودی’ چیبێت؟ ھەڵبەتە من نازانم و نووسەری بابەتیش نەینووسیوە، كە ئایا خزم و ھاوەڵی قوربانییە یا نا؟ بەڵام ئەوە دەزانم، كە لە ھیچ بارێكدا ئەو مافەی نییە و پێویستە ئەو داوای لێبوردن لە بنەماڵەی ‘كاروان عوسمان’ و شەیدایانی ھونەرەكەی بكات، ئەگەر نا، ئەمە ملھوڕیكردنە لەسەر مێژوویەكی شێوێندراو!

نووسەری بابەت دڵی ئاو ناخواتەوە و واوەتر دەڕوات و دەنووسێت “داوا لە سپۆنسەرەكانی گەڕانەوەی كاروان بۆ سلێمانی، هەر یەك لە ئاسیاسێڵ و مەڵبەندی (1) رێكخستنی سلێمانی (ی ن ك) و تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان دەكەم، داوای لێبوردن لە كەركوكیەكان بە گشتی و بنەماڵەی حاجی خورشید بە تایبەتی بكەن..”

من نازانم، كێ مافی نوێنەرایەتی كەركووكییەكانی بە ‘شوان داودی’ داوە؟ ئەو چۆن بوێری ئەوەی تێدایە كە بەناوی ‘كەركووكی’یەكانەوە قسە بكات. ئایا بنەماڵەی ھێژا ‘ محمد خورشید حەمەڕەش ‘ مافی ئەم بڕیارە قەرەقوشیانەی بە ‘شوان داودی’ داوە یا ئەو خۆی لێگۊراوە و وەك پاشایەك، بڕیار دەردەكات؟ 

من بۆخۆم، لە ڕێی شەیدایی ھاوڕێ و ھاوەڵە ‘كەركووك’ییەكانمەوە ھونەرمەند ‘كاروان عوسمان’م ناسی و تا ئەوەندەی من بزانم و كەركووكییەكم نەدیتوە و نەناسیوە، كە ڕكی لە ‘كاروان عوسمان بێت و بەو شیوەی ‘شوان داودی’ سووكایەتی پێبكات، لەوەش دڵنیام كە لە من زیاتر بەو نووسینە دوور لە ئێتیك و مۆراڵەی ‘شوان داودی’ بریندار بوون!

 نووسەر بەوەشەوە ناوەستێت و سنووری كوێخایەتی ناوچەی كەركووك تێپەڕدەكات و بەناوی لاوانی سلێمانیشەوە قسە دەكات ” داوای لێبوردنیش لە گەنجانی سلێمانی بكەن، چونكە بەم سپۆنسەرەتان، برینی كەركوكیەكانتان كولانەوە و خوڵتان كردە چاوی گەنجانی سلێمانی …. “

ھەروەھا درێژە بە داوا بێچەندوچوونەكانی دەدات و دەنووسێت ” داواش لە میدیاكان دەكەم، بە تایبەت (NRT)ی چیتر خوڵ نەكەنە چاوی خەڵك و تاوانبارمان بە پەپولە پێی مەفرۆشنەوە…. بە بەهاتی حەسیب قەرەداغیش ئەڵێم، ئەو تێكستانەی پێشكەش بە روحی كاروانت كرد لەو ئێوارەیەدا، شەرمەزار بكە..”

ئاساییە، كە شەرمەزاریش وەك چەمكێك، بۆ دوو بەرەی دژ، دوو واتای جیاواز لە خۆبگرێت، ئەگینا، ئەگەر ئەمە نەبێت، ئایا دەبێت سووكایەتی بە مردوو جێگەی شەرمەزاری بێت، یا ڕیزنان لە مردوو؟ بەڵام ئەوە باش دەزانم لە كولتووری دڕندایەتیدا، سووكایەتی بە كوژراوان وەك ڕیتمێكی مەزھەبی ئاوایە، ھەروەك چۆن ڕژێمی بەعس ڕۆڵەی خەڵكی گولەباران دەكرد و داواشی لە بنەمالەكەیان دەكرد، كە پارەی فیشەكەكە بدەن و بە بێدەنگی تەرمەكەی بشارنەوە و شەرمەزار بن، كە ئەوە ڕۆڵەی ئەوان بووە! كەسانی كولتوور دڕندە، چێژ لە ئازاردانی خەڵكی وەردەگرن و سووكایەتی بە مردووان لەلایان شتێكی نۆرماڵە و بەھاكانی مرۆڤبوونیش لەو ڕوانگەوە دەبینن.

‘شوان داودی’ بەم دوادەستەواژە دانسقەیە ناوەڕۆكی مەعریفە و ڕۆشنبیریی و كولتوور و بیركردنەوەی وەك گوێزێكی پاككراو دەخاتە بەردەسمان “بە كامەران عوسمانی برای كاروانیش دەڵێم، ئەزیزم لەبەر ئەم هۆكارانە بوو ئەوهونەرمەندە بەڕێزانە بایكۆتیانكردن..بۆیە پێموایە بەعس، ئەگەر لە ماوەی دەسەڵاتەكەیدا كارێكی باشی كردبێت، ئەویش لە سێدارەدانی كاروان و سمەی هاوتاوانێتی”

لەلای من وەك خوێنەرێكی ئازادئەندێش، ئاساییە، كە كەسێك بەعسی بێت، ھەروەك چۆن ئاساییە، كە كەسیك یەكێتی و پارتی و ئیسلامی و ھیدیكەش بێت، بەڵام ئەوەی لەلام ئاسایی نییە، ئەو زەمینە لەبارەیە، كە پاش (٩) ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بۆرجوازی بەعس، ھێشتاكە كەسێك ھەیە بوێری ئەوە لە خۆی نیشانبدات، كە ڕەوایەتی لە دادگە قەرەقووشییەكانی بەعس بدات و لەسێدارەدانەكانی بەعس بەنرخ ھەژمار كات. بەڕاستی ئەمە جێگەی تێڕامانە و پێویستە تاكی ھوشیاری كۆمەڵگە لەسەر بوەستێت و ھەڵوێستەیەك بكات!

ئەگەر بە كورتی لە ئامانج و دنەدەری ‘شوان داودی’ بۆ ڕیزكردنی ئەو دەستەواژانە وردبینەوە، تەنیا ئەم چەند دەستەواژەیەمان وەك پەیامی نووسەری بابەت لەلا دەمێنەوە ” بۆ ستایشكردنی تاوانبارێك …، ئەم تاوانبارەیان لێكردین بە فریشتە …. ، وەك بڵێی خوێنی كەركوكیەكان ئاو بێت …. ، چەند تێكستێكی پێشكەش بەو دڕندەیە كرد و بە نەوی نوێی وەك پەپولە ناساندی …، داوای لێبوردن لە كەركوكیەكان بە گشتی و بنەماڵەی حاجی خورشید بە تایبەتی بكەن.. ، برینی كەركوكیەكانتان كولانەوە و خوڵتان كردە چاوی گەنجانی سلێمانی …، تاوانبارمان بە پەپولە پێی مەفرۆشنەوە …، شەرمەزار بكە … ، پێموایە بەعس، ئەگەر لە ماوەی دەسەڵاتەكەیدا كارێكی باشی كردبێت، ئەویش لە سێدارەدانی كاروان و سمەی هاوتاوانێتی …”

بەبۆچوونی من وەھا دڵنیاییەك لە تۆمەتێك، كە خرایە پاڵ وھونەرمەند ‘كاروان عوسمان’ تەنیا ئەو كەسە سێیەمە نەناسەی كە ‘شوان داودی’ پەنجەی بۆ ڕاكێش دەكات، دەتوانێت وەھا بەبێ سڵەمینەوە و پێداگری مۆری تاوانباری و بەشداریكردن لەو تاوانەدا لە ھونەمەند ‘كاروان عوسمان’ بدات، بێجگە لەوە ھەر قسەكردنێك لەو بارەوە دەچێتە خانەی كینەدۆزی و دەمارگیریی ناوچەگەری. ئایا ئێمەی خوێنەر مافی ئەوەمان نییە، بە نووسەری بابەت بلێین، لەسەر بنەمای پێداگری و دڵنیایی تۆ، تەنیا یەك كەس دەتوانێت، كەسی سێیەم بێت، ئەویش تۆ ‘شوان داودی’ت، بێجگە لەمە كەس ناتوانێت، ئاوا لە بكوژی ‘كاروان عوسمان’ دڵنیابێت!

دوا وشە بۆ ‘شوان داودی’ و بنەماڵەی ‘كاوران عوسمان’ و خوێنەران؛ ‘شوان داودی’ ڕێی بەخۆی داوە، كە پەرەوەندەیەكی كەسیی كە ھیچ پەیوەندییەكی بنەماڵەیی بەوەوە نییە، ھەڵبداتەوە و دوور لە ئیتیكی نووسین و مۆڕاڵی كۆمەڵگەی كوردستان، سووكایەتی بە مردووان، بكات و پاساویشی بۆ وەھا كارێك تەنیا دەمارگیری ناوچەگەریییە، ھەرچەندە ھاندەرێكی شاراوە بۆ نووسینی ئەو بابەتە لەپشت ڕستەكانەوە سەرەتاتكێمان لەتەكدا دەكات، لە ڕووی یاساییەوە بنەماڵەی ‘كاروان عوسمان’ مافی ئەوەیان ھەیە، كە سكاڵا لەسەر ‘شوان داودی’ تۆمار بكەن و لەسەر پەیوەندینەبوونی بەپرسەكەوە و ھاندانی دەمارگیری ناوچەگەریی و سووكایەتی بە ‘كاروان  عوسمان’ و دەستخۆشانە لە ڕژێمی بەعس و دادگە سیناریۆكانی، بیكێشننە دادگەوە.

لە كۆتاییشدا ئەم كۆپلەیە لە ھەڵبەستی یەكێك لە گۆرانییەكانی ھونەرمەند ‘كاروان عوسمان’ كە لەو كاتەدا بۆ كاروانی ئەنفالكراوانی چڕیوە و زۆریش ئاوەز پەسەندی دەكات، كە لەژێر كارایی خۆشەویستی ھاوەڵەكەی ھێژا ‘محمد خورشید حەمەڕەش ‘ی جوانەمەرگ ئەو گۆرانییەی چڕی بێت …

 

ئای له‌م شه‌وه‌ که‌ ته‌نیام و

که‌س نییه‌ به‌ هاوڕێی ڕێم

جاده‌کانی که‌رکووك چۆڵ و

گڵۆپه‌کان کز ئه‌سووتێن

هه‌ر ده‌ڕۆم و مه‌ستی ئه‌م شه‌و

بۆنی سووتانی خاکمه‌

بۆیه‌ گیان لە لاشه‌م بێزاره‌ و

ئاواتم مه‌رگی گیانمه‌

ئه‌ی که‌ گه‌مژه‌ن و نازانن

من به‌ مه‌ستی خاك چیم لێدێ

چۆن که‌ناریش بۆته‌ لانه‌ و

ئاواتێ له‌بۆ دڵی من

 


بۆ خوێندنەوەی نووسینەكەی ‘شوان داودی’، سەردانی ئەم بەستەرە بكەن

http://www.hewalnews.com

یا لەسەر تۆری فەیسبووك سەردانی ئەم لینكە بكەن:

https://www.facebook.com/photo.php?fbid=362546693828702&set=a.139573982792642.36036.102990326451008&type=1

 

Previous
Next
This site is registered on wpml.org as a development site.